سەرۆكی دەزگــــــای وەبەرهێنـــــانی كوردستان دەست لەكار دەكێشێتەوە  

 

 

سڤیل: شوان سدیق
سەرۆكی دەزگای وەبەرهێنانی كوردستان، دەست لەكاركێشانەوەی لەپۆستەكەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، لەلێدوانێكدا هەواڵەكە پشتڕاست دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، دورونزیك پەیوەندی بەگۆڕانكارییە ئیداریەكانی حكومەتەوە نییە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "سڤیل" كەوتووون، ماوەی چەند رۆژێكە هێرش موحەرەم ئەمین سەرۆكی دەزگای وەبەرهێنانی هەرێم نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ناردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، سەرچاوەیەك لەدەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، بە "سڤیل"ی راگەیاند "تا ئێستا نازانین هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی هێرش موحەرەم بۆچی دەگەڕێتەوە، بەڵام لەئێستادا دوو ئەگەر لەئارادایە، یەكەم هێرش موحەرەم ماوەی پێنج ساڵە بەرپرسی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئێستا رەنگە بیەوێت خۆی خانەنشین بكات، بەر لەوەی لەسەر كارەكەی لای ببرێت، بەهەر هۆكارێك بێت". هەمان سەرچاوە لەدرێژە قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەگەری دووەمیش كرد، "لەناو دەستەی وەبەرهێناندا خوێندنەوەیەكی تریش بۆ دەستلەكاركێشانەوەی هێرش موحەرەم دەكرێت، ئەوەش رەنگە پەیوەندی بەو گۆڕانكاریە ئیداریانەوە هەبێت، كە وا چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئەنجام بدرێت، چونكە هێرش موحەرەم لەسەر سلكی یەكێتی نیشتیمانی وەك سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دانراوە".
هێرش موحەرەم، سەرۆكی دەزگای وەبەرهێنان زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوەو بە "سڤیل"ی راگەیاند "بەڵێ بۆ ماوەی مانگێك دەبێت، من نووسراوم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆئەوەی خانەنشین بكرێم، بەڵام هێشتا وەڵامەكەم بەدەست نەگەیشتۆتەوە".
هێرش موحەرەم لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "سڤیل" گوتیشی "خانەنشینكردنم سەد لەسەد بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەوەیە، كە پەیوەندی بەئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدارییەكانی حكومەتی هەرێمەوە هەبێت، لەبەر ئەوەی كابینەی پێنج و شەش و حەوتی حكومەتی هەرێمیش بۆمن یەك شتن، چونكە خۆم لەكابینەی پێنجدا كۆمەڵێك دەستكەوتی باشم هەبووە، ئەو دەرفەتەشم هەبووە كە بتوانم بەردەوام كار بكەم، بەڵام ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، كە رێگا بۆ ئەو گەنجانە چۆڵ بكەین كە تازە پێدەگەن، چونكە مەرج نییە هەموومان دەبێت بەردەوام بین لەهەموو ئیشەكاندا".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com