|
سڤیل:
مەولود ئافەند
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
لەماوەیەكی كەم لەتەمەنی خۆی لەمەیدانی سیاسی
رۆژهەڵاتی كوردستان (ئێران) توانی پێگەیەكی
بەهێز بۆ خۆی دروست بكات، بەو شێوەیەی كە
بەرپرسانی ئەو پارتە باسی دەكەن، ئەوەیش
لەبۆشایی خەباتی چەكداری پارتە كەمپنشینەكان
(دیموكراتەكان و كۆمەڵەكان) كە ساڵانێكی زۆر
لەبەر رێكەوتننامەی ئەمنی نێوان پارتەكانی
رۆژهەڵات و كۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی و
یەكێتی كۆتاییان بەخەباتی چەكداری هێناوەو
نابێ هیچ جموجۆڵی چەكدارییان هەبێ لەسەر
سنورەكانی ئێران و ناوخۆی رۆژهەڵات،
دروستبوونی ئەم بۆشاییە لەنێوان كۆمەڵگەی
رۆژهەڵاتی كوردستان و پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن،
توانی دەرفەتی زیاتر بۆ دروستبوونی پارتێكی
نوێ لەساحەی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستاندا
دروست بكات، بەدامەزراندنی پژاك و
دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری ئەم پارتە
لەدژی ئێران، لەو ماوەیەدا توانی پێگەی خۆی
بەهێزتر بكات لەناو جەماوەری رۆژهەڵاتی
كوردستاندا، لەسەر رەوشی دوایی خەباتی ئەو
پارتە و مەسەلەی ئاگربەستی نێوان پژاك و
كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆكی پارتی ژیانی
ئازادی كوردستان (پژاك) عەبدولڕەحمان حاجی
ئەحمەدی بۆ (سڤیل) دەدوێت.
سڤیل: دوای ماوەیەكی زۆر شەڕ و پێكدادان
لەنێوان گەریلاكانی پژاك و سوپای پاسداراندا
ئاگربەست راگەیانرا، ئەو ئاگربەستە چۆن و
لەسەر چ بنەمایەك بوو؟
حاجی ئەحمەدی: لەڕاستیدا ئەو هێرشەی كۆماری
ئیسلامی ئێران بۆسەر قەندیل، هێرشێك بوو لەسەر
گەلی كوردو دەسكەوتەكانی گەلی كورد، بەتایبەتی
لەسەر باشوری كوردستان، بەڵام بەهانەكەی پژاك
بوو. لەو هێرشەدا كۆماری ئیسلامی ئێران توشی
سێ هەڵەی گەورە بوو:
– هەم لەباری كەمیەت و هەم لەباری كەیفیەتەوە
زۆری متمانە بەهێزی نیزامی و چەكوچۆڵی مۆدێرنی
نیزامی خۆی هەبوو.
– هێز وتوانا و فیداكاری و قارەمانەتی
گەریلاكانی پژاكی لەبەرچاو نەگرتبوو یان بە
كەمی گرتبوو.
- حیسابی ئەوەی نەكردبوو كە گەلی كورد ئاوا
لەهەموو پارچەكانی كوردستان و لەدیاسپۆرا
بەوشێوە یەكگرتوو و یەكدەنگ، هەم لەباری مادی
و هەم لەباری مەعنەوییەوە دژی كۆماری ئیسلامی،
پشتی پژاك دەگرێ.
كاتێك شەڕەكەی دەستپێكرد لەمەیدانی شەڕدا هەم
هێزی خۆی ناسی و هەم بەرخۆدان و فیداكاری و
قارەمانەتی گەریلاكانی پژاكی ناسی، هەم
یەكگرتویی گەلی كورد بۆ پشتیوانی لەپژاك،
لەبواری مادی و مەعنەوییەوە، لێرەدا
بەپێویستی دەزانم كە سوپاس و پێزانینی خۆمان
ئاراستەی گەلی كورد، بەتایبەتی گەلەكەمان
لەباشوری كوردستان، لەپێشمەرگە دێرینەكان و كچ
و كوڕانی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر بكەم، كە
هەڵوێستی نەتەوەیی وان، وەحشەتی خستە ناو دڵی
هێزەكانی داگیركەری كۆماری ئیسلامی ئێران، كە
هەموو ئەوانە بوون بەهۆی دوو سەركەوتنی مەزنی
گەلی كورد: لەباری سیاسی و لەباری نیزامیەوە.
سەركەوتنی سیاسی: گەلی كورد لەهەموو پارچەكانی
كوردستان و دیاسپۆرا بۆ پشتیوانی پژاك لەدژی
داگیركەر راوەستان و هەنگاوێكی دیكە
لەپێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی نزیك بوونەوە.
لەبواری خۆپاراستنەوە، هێزی داگیركەری توشی
شكستێكی گەورەو چاوەڕواننەكراو كرد. هێزەكانی
كۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی بتوانن جەنازەی
كوژراوەكانیان لەمەیدانی شەر نەجات بدەن و
زیاتر ئابڕویان نەچێ، هاواریان برد بۆ چەند
لایەنی خێرخواز بۆ نێوبژیوانی كە هەوڵبدەن ئەو
شەڕە رابگرن. ئەو لایەنانە داوایان لەئێمەكرد،
كە شەڕەكە رابگرین و هەوڵبدەین كێشەكەمان
لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكەین. ئێمەش
داخوازی ئەو لایەنە خێرخوازانەمان قەبوڵكرد،
بەشەرتێك كە لەهیچ شوێنێك هێرش نەكەنە سەر
هەڤاڵانی ئێمە. ئەگەر هێرش بكرێتە سەر
هەڤاڵانی ئێمە، شەڕ دەست پێدەكاتەوە. ئەگەر
شەڕ دەست پێبكاتەوە ئیتر ئەوە ئەوانن، كە
شەڕیان دەست پێكردۆتەوە. دیارە تا ئێستا
بەئاگربەستەكەوە وەفادارن.
سڤیل: رۆڵی پارتی و یەكێتی لەراگەیاندنی
ئاگربەستی نێوان پژاك و كۆماری ئیسلامی چ بوو؟
حاجی ئەحمەدی: پارتی و یەكێتی بەتایبەتی بەڕێز
كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم و بەڕێز مام
جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بۆ راوەستانی شەر
نێوبژیوانیان كرد و رۆڵێكی ئەرێنی و
پۆزیتیڤیان هەبوو.
سڤیل: ئایا ئەو ئاگربەستە پەیوەندی هەبوو بە
هەڕەشەكانی یەكێتی بۆ سەر پژاك، كە ئەگەر شەڕ
رانەگرن لەدژی ئێران ئەوە ناچارین وەك یەكێتی
بەشداری بكەین لەگەڵ سوپای پاسداراندا لەدژی
پژاك؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە هەر شتێك لەبەرژەوەندی
گەلی كورد بێ دەیكەین، بەڵام نە ئەوان
هەڕەشەیان لەئێمە كردووەو نە ئێمەش هەڕەشە
لەكەس قەبوڵ دەكەین.
سڤیل: بەگشتی فۆرمۆلی چارەسەری پژاك لەو
قۆناغەدا چیە بۆ مەسەلەی كورد لەرۆژهەڵاتی
كوردستاندا؟
حاجی ئەحمەدی: ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە،
ئێمە بۆچارەسەری كێشەی نەتەوەكان و
دیموكراتیزەكردنی ئێران سیستەمی كۆنفیدرالیزمی
دیموكراتیك بەگونجاوترین سیستەم بۆ ئێران
دەزانین.
سڤیل: لەو شەڕی ئەمدوایەی پژاك لەگەڵ سوپای
پاسداراندا، كە پژاك زەربەیەكی قورسی لێدان،
باسی هاوكاری و چەك و لۆجستیكی ئەمریكا دەكرێ،
ئایا هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا هاوكاری
ئێوەیان كردووە؟
حاجی ئەحمەدی: كۆماری ئیسلامی ئێران ناخوازێ و
نایەوێ ئیعتراف بە هێز و توانای پژاك بكا،
هەوڵدەدا بە پروپاگەندەی دوور لەراستی، بڵێ كە
ئێمە شەڕی ئەمریكا دەكەین، ئەوە ئەمریكا و
ئیسرائیلن كە پشتی پژاك دەگرن، بەڵام هەركەس
دەزانێ كە پژاك لەلیستی رەشی وەزارەتی
خەزنەداری ئەمریكادایەو هەروەها ئەمریكاش
ناڕاستەوخۆ لەشەری دژی ئێمەدا بەشدارە،
بۆنمونە فرۆكەكانی سیخوری ئامریكا دایم لەسەر
سەری ئێمە دەخولێنەوەو ئینفۆرماسیۆنەكان دەدەن
بە توركیا و توركیاش دەیاندا بە ئێران.
سڤیل: گەشتێكی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان
لەگەڵ ئێران و توركیا لەماوەی رابردوو
ئەنجامدرا، ئێوە بەگشتی ئەم سەردانەی سەرۆكی
هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و توركیا چۆن
دەبینن؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە هیوادارین و چاوەڕوانی
ئەوە دەكەین، كە سەرۆكی هەرێم ئەركی نەتەوەیی
و كوردانەی خۆی لەپێناو چارەسەری كێشەی كورد
لەئێران و توركیا و سوریاش بەڕێگەی سیاسی و
دیالۆگەوە بەجێبگەیەنێ.
سڤیل: لەئێران مەسەلەی خەباتی چەكداری پژاك و
لەتوركیاش مەسەلەی پەكەكە بەگشتی رۆژەڤی
دانوستانەكان بوون، ئایا بەڕای ئێوە توركیا و
ئێران هەرێمی كوردستان ناچاری دووبارەبوونەوەی
شەڕی نێوان هێزە كوردیەكان دەكەنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: یەكێك لەدەسكەوتەكانی مەزنی
كورد لەسەدەی بیست ویەكدا ئەوەیە كە هەموو
لایەنەكانی كوردی لەهەموو پارچەكانی كوردستان
و بەتایبەتی گەلی كورد ئەو راستیە تێگەیشتون
كە شەڕی كورد دژی كورد بەزیانی كوردەو تەنیا
بەقازانجی داگیركەرانە، بۆیە نە چاوەڕوانی
ئەوە لەهیچ لایەنێك دەكرێ و نە گەلی كوردیش
ئیتر شتێكی ئاوا قبوڵ دەكا، بەڵام لەسیاسەتدا
هیچ شتێك غەیری مومكین نیەو ئێمە پێویستە بۆ
هەموو ئەگەرەكان ئامادەگیمان هەبێ.
سڤیل:لەم دواییەدا كۆمەڵە باڵێكی تریشی
لێجیابۆوە، ئایا ئەو باڵەی كۆمەڵە هیچ
پەیوەندییان بە ئێوە نەكردووە، كە جێگایان بۆ
بكەنەوە لەپاڵ خۆتان لەچیاكانی قەندیل؟
حاجی ئەحمەدی: تا ئێستا هیچ داخوازییەكی
ئەوتۆمان لێ نەكراوە. ئەگەر بەو شێوەیە
بەردەوام بێ خەباتی سیاسی و چەكداری ئەو پارت
و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تووشی
خەسارێكی گەورە دەبن و ناتوانن ئەو پڵاتفۆرمە
سیاسیەی كە بەساڵانە باسی دەكەن دروستی بكەن.
سڤیل:ئێستا مەسەلەی دروستبوونی بەرەی خەباتی
هێزەكانی رۆژهەڵاتی چی بەسەر هاتوە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەمڕۆ هەر لایەنێك یان هەركەسێك
باسی شتێك بەنێوی بەرە بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی
كوردستان بكا درۆكردن لەگەڵ خۆیی و بۆخەڵك
فریودانە. پێش 17 سال وەك سێ یا چوار حیزب
چوون بۆ باشوری كوردستان، ئەوكات نەیانتوانی
یەكێتیێك پێك بێنن. ئیستا پازدە، شازدە حیزبن
هیچیان هیچیان قەبوڵ ناكەن و زۆربەشیان لەگەڵ
یەكتری قسە ناكەن. چۆن دەتوانن پێكەوە بەرە
پێك بێنن؟ ئەوانەی باسی بەرە دەكەن، نە لەگەڵ
خۆیان راستن و نە لەگەڵ دەوروبەریان.
سڤیل:پژاك وەك یەكەم پارتی سیاسی بانگەشەی
دروستبوونی ئەو پڵاتفۆرمە سیاسیەی هێزەكانی
رۆژهەڵاتی دەكرد، هۆكاری چیە كە لایەنەكانی تر
ئامادە نین بەشداری ئەو پڵاتفۆرمە سیاسیە بكەن
لەگەڵ ئێوەدا؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە تا ئێستا چەندین جار
راستەوخۆ و ناراستەوخۆ داوامان لەگشت
حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، كە وەرن
با پێكەوە دانیشین، گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی
ناوین و قەیرانەكانی نێوخۆی ئێران مەجبورمان
دەكەن كە پێكەوە دانیشین، دانیشتن لەخزمەت
دیالۆگ، دیالۆگ لەپێناو یەكتر قبوڵكردن، كێشەی
حیزبەكانی رۆژهەڵات لەپلەی یەكدا، یەكتر
قبوڵنەكردنە، تا یەكتر قبوڵنەكەین، ناتوانین
باسی یەكێتی و بەرەیەك، چ بەرەیەكی سیاسی، چ
بەرەیەكی نیزامی بكەین. بەڵام كە یەكترمان
قبوڵكرد، ئەوكات خاڵی موشتەرەكمان دەبێ،
ئەمجار دەتوانین لەسەر ئەو خاڵانە، باسی
لێكنزیكبوونەوە یان بەرە بكەین. ئەو سێ -چوار
حیزبەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە چوونە باشوری
كوردستان، لەجیاتی یەكێتیێك پێكبێنن و بەرەیەك
دروست بكەن، لەت لەت بوون، بوونە چواردە پازدە
حیزب. دیارە بۆ خۆیان لەت لەت نەبوون، بەڵكو
لەت لەتیان كردوون، بۆئەوەش لەت لەت نەكراون،
كە بتوانن جارێكی تر دیسان یەك بگرنەوە، یان
بەرەیەك پێكبێنن، بەڵام بۆچی تا ئێستا بەو
بانگەوازەی ئێمەوە نەهاتوون، دەبێ ئەو پرسیارە
لەوان بكرێ. |