ساڵانە زیاتر لە هەشت هەزار كەس لە رێگەی حیزبەكانەوە سەردانی ئێران دەكەن  

 

 

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران:  هەندێك لە حیزبەكان بازرگانی بەو پەیوەندییەوە دەكەن

زانیارییەكانی (سڤیل) ئاشكرای دەكەن، كە حكومەتی ئێران دەیەوێت لەرێگەی حیزبەكانەوە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت، تا ئێستاش لە رێگەی حیزبەكانەوە، ساڵانە زیاتر لەهەشت هەزار كەس بۆیان هەیە سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.
ئەگەرچی پەیوەندی نێوان حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئێران، مێژوویەكی دوورودێژی هەیە، بەڵام لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو پەیوەندییانە گەشەی زیاتریان بەخۆیانەوە بینی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕ و ململانێیانەی كە لەنێوان حكومەتی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە، بەڵام لەدوای راپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا كۆماری ئیسلامی ئێران پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حیزبەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، كە رەنگە ئەم جۆرە پەیوەندییانە، رێگە بگرێت لەدروستبوونی پەیوەندییەكی فەرمی، لەنێوان هەردوولادا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (سڤیل)، مانەوەی ئەو جۆرە پەیوەندییە، لەسەر داوای كۆماری ئیسلامی ئێرانەو ساڵانەش چەندین كەس بە نوسراوی حیزبەكان و بەبێ پاسەپۆرت و ڤیزە سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن.
لەڕۆژی سوێندخواردنی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەوتارەكەیدا هەموو حیزبەكانی ئاگادار كردەوە، كە نابێت پەیوەندی حیزبییانەیان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكدا هەبێت، سەرۆكی هەرێم وتی "داوا دەكەم، نوێنەرایەتی هەرێم لەدەرەوە رێك بخرێت و لەمەودواش نابێ حزبەكان پەیوەندییان بەحكومەتی وڵاتانی ترەوە هەبێ، من ئەم قسەیە ئاراستەی حزبەكانی تری هاوپەیمان دەكەم یەكەمجار مەبەستم پارتی و یەكێتییە، ئەمە نەك لەسەر حزبەكانی تر تەتبیق دەبێ و پارتی و یەكێتیش بەئارەزووی خۆیان مەكاتب بكەنەوەو عیلاقات دروست بكەن، عیلاقاتی رەسمی لەرێگەی هەرێمەوە دەبێ".
بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، تا ئێستا كوتلەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵیان نەداوە بابەتی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەیاسایەك رێكبخەن، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتوون، هەر یەكە لەپارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەجۆرێك هەر كەسێك بەنوسراوی ئەم حیزبانە سەردانی ئەو وڵاتە بكات، پێویستی بە پەساپۆرت و ڤیزە نابێت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش هەر یەك لەو حیزبانە، زیاتر لە یەك نوێنەرایەتییان لەو وڵاتە هەیە، بە گوێرەی زانیارییەكانی (سڤیل) نوێنەرایەتی حیزبەكان بەمشێوەیەیە، پارتی دوو نوێنەرایەتی هەیە لەئێران، كە لە نەغەدە و تارانن، پێشتریش لەكرماشان نوێنەرێكیان هەبووە، كۆمەڵی ئیسلامی لەمەریوان و تاران و نەغەدە نوێنەرایەتییان هەیە، یەكێتی لەتاران و مەریوان و كرماشان نوێنەرایەتییان هەیە، بزووتنەوەی ئیسلامی نوێنەرایەتی لەتاران هەیە، حیزبی سۆسیالیست نوێنەرایەتی لەتاران و مەریوان هەیە، یەكگرتوو نوێنەرایەتی لەتاران هەیە.
زانیارییەكان دەریشدەخەن، كە ئەو حیزبانە لەلایەن ئێرانەوە رێگە پێدراون، كە هەفتانە چەند كەسێك بەنوسراوی ئەوانەوە سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان (60) كەس، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (75) كەس، كۆمەڵی ئیسلامی (14) كەس، یەكگرتووی ئیسلامی (7) كەس، بزووتنەوەی ئیسلامی (7) كەس، حیزبی سۆسیالیست (7) كەس، بەو پێیەش بێت هەفتانە بە هەموو حیزبەكان بۆیان هەیە (170) كەس بنێرن بۆ ئێران، كە مانگانە دەگاتە (680) كەس و ساڵانە دەگاتە (8160) كەس.
سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەرەڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە، گوتیشی "كۆماری ئیسلامی خۆی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی حیزبەكان بێت، چونكە ئەگەر سەیری هەردوو كونسوڵگەرییەكەی ئێران بكەیت لەسلێمانی و لەهەولێر، دەریدەخات كە ئەوان تا ئێستا حسابی دوو ئیدارەیی هەرێم دەكەن".
لایەنە سیاسییەكان جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان، رەتی ناكەنەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا نەبێت، بەڵام ئەوەش دەخەنەڕوو، كە دەبێت بەر لەوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش واز لەو جۆرە پەیوەندییە بهێنن، ئەو داوایەش وەك مەرجێك دادەنێن، بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە حیزبیەكەیان، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، محەمەد حەكیم وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان گوتی "ئەوە ئەركی حكومەتە كە كۆبوونەوە بەو حیزبانە بكات و پێیان بڵێت با كۆتایی بەو پەیوەندییانە بهێنرێت، ئەمە شتێكی عەجیب نیە، چونكە ئەمە ئاسانكارییەكە كە حكومەتی ئێران دەیكات بۆ ئەو هاوڵاتییانەی كە پەساپۆرت و ڤیزەیان نیە، تا لە رێگەی ئەو حیزبانەوە بتوانن سەردانی ئێران بكەن"، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی وت، كە ئەوان پابەندن بەبڕیارەكانی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام وەك ئەو گوتی "ئەگەر هەردوو زلحیزبەكە پابەند بوون پێوەی، ئێمەش پابەند دەبین پێوەی، ئەگەر ئەوانیش پابەند نەبن پێوەی، ئەوكات بۆ ئەندامانی ئێمەی ناكەن كە پاساپۆرتییان نیە، ئەی ئەو خەڵكەی ئێمە بۆ مەحروم ببن، كاتێكیش كە ئێران بیكات، ئێمەش دەیكەین، بۆیە مەرجی ئێمە بۆ هەر بڕیارێكی حكومەت كە پەیوەست بێت بەپچڕاندنی ئەو پەیوەندییانەمان، ئەوەیە كە ئەو دوو حیزبە كە خۆیان پێكهێنەری حكومەتن، ئەوانیش پەیوەندییەكانیان بپچڕێنن، خۆیان كە سومعەی حكومەت نەپارێزن، بۆ گلەیی لەخەڵك دەكەن".
بەبڕوای شوان قەڵادزەیی وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، بوونی ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەرییەكانی دەوڵەتی ئێران و نزیكی لەهەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەموو سەردانێكیان بۆ ئێران، بە ئاگادری حكومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەكان بووە، دەشڵێت "رەنگە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران وابێت، كە پەیوەندی لەگەڵ هەموو چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێرانە، ئەو كەسانەی كە لێرەوە دەچن، لەوێ سەردانی هەندێك جێگەیان پێدەكەن، ئەمانیش كە گەڕانەوە، دەبێتە راگەیاندنێك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران"، لەبارەی نیازی ئێرانیش بۆ بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ حیزبەكان، قەڵادزەیی دەڵێت "كلیلی پەیوەندییەكان بەدەستی ئێرانەوەیە، ئەگەر ئێران بیەوێت، لەگەڵ نوێنەرەكانی حكومەتی هەرێمدا بیكات، ئەوە دەیكات، ئەمڕۆ لەكوردستاندا حكومەتێك هەیە، ناكرێت حیزبەكان ئەو پەیوەندییانەیان هەبێت، چونكە ئەگەر ئیجابیاتێكی هەبێت، رەنگە سلبیاتی زیاتر بێت".
وتەبێژەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان هیچ مەرجێكیان نیە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، گوتیشی "كۆماری ئیسلامی ئاسانكاری زۆری كردووە بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكانی هەرێم كە سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، ئەو پەیوەندییەشی رەنگە بۆ ئەوە بێت، كە ئاسانكاری بۆ خەڵك بكات بۆ سەردانكردنی ئەو وڵاتە، كە پێویستی بە سەرە و ناونوسین و ئەم شتانە نەبێت، كە لەوێشدا حیزبی دەسەڵاتدار تەنها لایەنگرانی خۆیان بنێرن، گرفت بۆ خەڵكانی تر دروست بكەن لەكاتی ئەو جۆرە سەردانكردنە".
ئەگەرچی كۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا درێژە بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ حیزبەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام لەتارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم هەیە، كە ئەو نوێنەرایەتییەش وەك باس دەكرێت، كاری رێكخستنی پەیوەندی و كاروبارە بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و ئەو وڵاتەیە، بە وتەی نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران، ئەو ئاسانكارییە بۆ خەڵكانی نەدارە و لەڕێگەی نوسینگەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسلێمانی و نوسینەگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر و حیزبەكانی تریشەوە ئەو كارانە دەكرێت، نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە هەندێك لەحیزبەكان بازرگانی بەو جۆرە پەیوەندییەوە دەكەن، چونكە وەك ئەو دەڵێت "ئەو وەرەقەیەی كە ئێمە دەیكەین بۆ حیزبەكان، بە بڕی (7500) تمەن تا (8000) تمەنە، بەڵام خەڵكانێك هاتوونەتە ئێرە و باسی ئەوەیان كردووە، كە هەندێك لەحیزبەكان بڕی (100) هەزار دینارییان لێسەندوون، ئەمەش دزی و فرتوفێڵە و دەچێتە خانەی بازرگانیكردنەوە".
لەلایەكی ترەوە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) رایگەیاند، دەبێت پەیوەندی هەرێم لەڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانی هەرێمەوە بێت، بەڵام وەك ئەو ئاماژەی پێدەدا، وڵاتی ئێران جیاوازی هەیەو ساڵانێكە پەیوەندی دوورودرێژیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەیە، بەڵام دەشڵێ ئەو پەیوەندییانە بەرەو كەمبوونەوە دەچن، وەك دەڵێت "هەندێك كەس هەیە پاسەپۆرتییان نیە، بۆیە لە رێگەی حیزبەكانەوە ئاسانكارییان بۆ دەكرێت، بەڵام ئەو جۆرە ئاسانكارییانەش لەكۆتاییدان".
كاروان جەمال، بوونی دوو كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لەهەرێمی كوردستان، دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی پەیوەندی بارزگانی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، گوتیشی "من نەمبیستووە ئێران خۆی بیەوێت پەیوەندی لەگەڵ حیزبەكان هەبێت، چونكە ئەوەتا ئێمە نوێنەرایەتیمان هەیە لەوێ و ئەوانیش كونسوڵگەرییان هەیە".
(سڤیل) بۆ وەرگرتنی سەرنجی یەكگرتووی ئیسلامی، چەند جارێك پەیوەندی بە وتەبێژی ئەو حیزبەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هاوكات پەیوەندی بە محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانەوە كرد، بەهەمان شێوە وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، بۆ وەرگرتنی سەرنجی یاسین سابیر بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندی ئێرانی یەكێتی، پەیوەندی بەناوبراوەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات.
هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەرجی لایەنە ئیسلامییەكان بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، بە "خۆڵكردنە چاوی خەڵك" ناو دەبات، هەروەها دەڵێت "لەو كاتەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم كراوەتەوە، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، مەكتەبی نوێنەرایەتی خۆمان نەهێشتووە لەتاران، ئەوەی كە هەیە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی ئێران هەیە، كە سەر بەفەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمە، بەڵام ئێمە وەك پارتی، نوێنەرایەتیمان لەئێران نەماوە، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەش كە من بەرپرسیم، تا ئێستا مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵ هیچ كام لەوڵاتان نەكردووە، بەڵكو مامەڵەمان لەگەڵ حیزبەكان كردووە، هەروەها كاری ئێمە دروستكردنی پەیوەندیی كوتلەی پەرلەمانی پارتییە لەپەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ كوتلەی پەرلەمانی حیزبی ئەو وڵاتانە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com