سیناریۆی توركیا بۆ دروستكردنی هەرێمێـــكی كــــوردی - ســـــــوننی  

 

 

سڤیل:

سایتی رۆژنامەی سەفیری لوبنانی لە بابەتێكدا ئاماژە دەكات بە ڕەهەندەكانی رووداوی هەڵاتنی تاریق هاشمی بەرەو كوردستان. تێیدا دەڵێ یەكێ لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ هاشمی بریتییە لەوەی تاقمەكەی لەلایەن توركیاوە مەشقیان پێكراوە و ئەمەش ناڕاستەوخۆ تۆمەتباركردنی توركیایە، هەروەها خودی هاشمیش بەوە ناسراوە پیاوی توركیایە لەناو عێراقدا و خودی هاشمیش لە بۆنەی جیاوازدا ئێرانی بەوە تاوانباركردووە كە دەیەوێت هەركەسێك وەلا بنێت، كە پەیوەندی باشی لەگەڵ توركیا هەبێت. هەڵاتنی هاشمیش بەرەو كوردستان هەروا لە خۆوە نەبوە، بەڵكو نیشانەی ئەوەیە كورد دەیانەوێت ببنە جەمسەری دژە ئێران و مالیكی، یان لێیان خوازراوە بەو جۆرە بن.
پەنابردنی هاشمی بەرەو توركیا لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نییە، چونكە ئەمە دەیخاتە ململانێیەكی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ بەغدا، واتە دەبێتە ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان دوو دەوڵەت. بەڵام بە مانەوەی هاشمی لە كوردستان، توركیا لایەنی كوردی دەكاتە بەشێك لە گەمەكە و دەیكاتە فشارێك لەسەر مالیكی، دیارە مالیكیش هاوتەریبی ئێرانە، واتە بەمە توركیا فشار دەخاتە سەر هەژمونی ئێرانی لەناو عێراقدا. بەمجۆرە عێراق دەبێتە جێگای بەكارهێنانی كارتی توركی لەسەر ئێران و بەشێك لە ململانێی ئێران و توركیا لە دۆخی سوریادا.
هەروەكو چۆن ئێران سود لە كارتی ئەرمەن دژی توركیا وەردەگرێت، ئەوەبوو هەر دوای ئەوەی فەرەنسا لە بەرژەوەندی ئەرمەن و لە دژی توركیا پرۆژە بڕیارێكی دەركرد، ئەحمەدی نەجاد سەردانی ئەرمینیای كرد.
توركیا هەستی بەوە كردووە ئێران دەیەوێ سەرجەمی عێراق بخاتە ژێر هەژمونی شیعەكانەوە. لەم كاتەشدا ئەگەری دابەشبونی عێراق هەیە بۆ سێ دەوڵەتی شیعی، سوننی، كوردی. بەڵام توركیا دەیەوێت لە بەرامبەر دروستبونی دەوڵەتێكی شیعەدا، دەوڵەتێكی فیدرالی لە كورد و سوننە پێكبێت كە ببێتە هاوپەیمانی توركیا. تەنانەت توركیا بیر لە زیندوكردنەوەی بیرۆكەكانی پێشوو دەكاتەوە، وەك ئەوەی 1920 كە تێیدا موسڵ و كەركوك و سێ پارێزگاكەی هەرێم وەك بەشێك لە توركیا دانرا، هەروەها پرۆژەكەی تورگوت ئۆزال كە دەیویست كوردەكانی عێراق بخرێنە سەر توركیا، بەڵام ئەمجارەیان توركیا دەیەوێت كوردەكان و عەرەبە سوننەكانیش بخاتە سەر توركیا، چونكە بەمجۆرەی ئێستا مەترسی دابەشبوونی توركیا لەسەر بنەمای ئیتنیكی كەمدەبێتەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com