بودجەی سەنتەر و گروپەكانی وەزارەتی رۆشنبیری وەك خۆی دەمێنێتەوە، بودجەی رێكخراوەكانیش دەبێت بە پڕۆژە  

 

 

سڤیل: هەولێر

بەپێی ئەو لێدوانەی وەزیری رۆشنبیری بۆ (سڤیل)ی داوە، مینحەی سەنتەرەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری نابڕدرێت و سەنتەرەكانی تریش كە سە بە وەزارەتی رۆشنبیری نین، لەبری مینحە لەپرۆژە هاوكارییان دەكرێت.
165 سەنتەر و گروپ و تیپی جۆراوجۆری رۆشنبیری و هونەری مانگانە لەوەزارەتی رۆشنبیری بەرێژەی جیاواز مینحە وەردەگرن و بەپێی زانیاریەكانی (سڤیل) مانگانە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار بەو سەنتەر و گروپانە دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لەنێو ئەو رێكخراوانەدا دەنگۆی بڕینی مینحەی سەنتەر و رێكخراوەكان هەیە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، سەلیم قادر جێگری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر لەوەزارەتی رۆشنبیری سەرەڕای پشتڕاستكردنەوەی بوونی دەنگۆی بڕینی مینحە، ئەوەی رەتكردەوە كە لەئێستادا هیچ بڕیارێك لەلایەن وەزارەتی رۆژشنبیرییەوە درابێت، سەلیم گوتی "تا ئێستا ئێمە هیچ بڕیارێكمان بۆ نەهاتووە، ئەگەر رێنمایی نوێش نەهات، واتە ئیشەكان هەر وەك خۆی دەڕوات".
زۆر لەسەنتەر و گروپەكان بارەگای خۆیان هەیە و بەوپێیەش بڕێك لە بودجەكەیان لە كرێی بارەگا و خەرجی كارگێڕی سەرف دەكەن، كاتێك كە باس لە بڕینی مینحە و پەیڕەوكردنی سیستەمی پرۆپۆزەڵ دەكرێت، ئەوا سیستەمی پرۆپۆزەل پارەی كرێی خانوو و خەرجی كارگێری تێدا سەرف ناكرێت، بەڵام وەك جێگری بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەر گوتی "لەكاتێكدا كە ببێت بە پڕۆپۆزەڵ هیچ پارەیەك بۆ كرێی بارەگا و خەرجی كارگێڕی سەرف ناكرێت". سەلیم قادر نكۆڵی لەوە ناكات، كە هەندێك لەو سەنتەر و رێكخراوانە چالاكن، بۆیە دەڵێ "سەرەڕای بوونی زۆری و بۆری لەناو ئەو سەنتەر و گروپانە، بەڵام هەندێك لەو گروپ و سەنتەرانەی كە زۆر چالاكن پێویستیان بە بارەگا هەیە، بۆیە بەرای من ئەگەر لیژنەیەك هەبێت پێداچوونەوەیەكی باش بكات و ئیشەكان رێكبخرێت، زۆر باش دەبێت".
سەلیم قادر سەبارەت رای بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەسەر جێبەجێكردنی سیستەمی پڕۆپۆزەڵ گوتی "ئەگەر ئەوە بوو بەبڕیار لەو كاتەدا ئێمە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەنتەر و گروپەكان دادەنیشین، بزانین ئەوان رایان چیە و ئایا ئیجابیاتی زۆرە یان سلبیاتی، ئەگەر پێیان باش بوو، ئێمەش پشتگیری دەكەین، ئەگەر باش نەبوو، ئێمەش دەڵێین با نەكرێت".
د.كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری لە لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) رەتیكردەوە، كە بودجەی سەنتەر و گروپ و تیپەكانی سەر بە وەزارەتەكەیان ببڕدرێت و گوتی "ئەوەی كە پەیوەندی بەوەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەبێت، وەك جاران دەڕوات و هیچ گۆڕانكارییەكی تێداناكرێت". كاوە مەحمود گوتیشی "ئێمە بۆ ئەمساڵیش وەك پێشتر داوای بودجە و میزانییەمان بۆ ئەو سەنتەر و رێكخراوانە كردووە، دەمێنێتەوە لەپەرلەمان مسادەقەی لەسەر بكرێت، پەرلەمان هەر بڕیارێك بدات خۆی دەزانێ، بەڵام باوەڕناكەم پەرلەمانیش ئەو پارەیە ببڕێت، پێدەچێت ئیشەكان هەروەك جاران بڕوات". بەڵام سەبارەت بە كۆمەڵەو رێكخراوەكانی دەرەوەی وەزارەتی رۆشنبیری، وەزیری رۆشنبیری گوتی "ئەوەی لەدەرەوەی وەزارەتی رۆشنبیرییە وەك رێكخراو و كۆمەڵەكان، ئەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كارەكانیان رێكدەخرێت و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، وەك وەزارەتی رۆشنبیری".
فازیل عومەر راوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كۆمەڵگای مەدەنی لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "كە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2011 دەرچوو كە تایبەتە بەكاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەو یاسایەدا هاتووە، كە حكومەت هاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات، لەڕێگای دابینكردنی بەشێك لەبودجەی ساڵانە، دوای ئەوەی كە پەرلەمان پەسەندی دەكات، لەسەر ئەساسی پڕۆژە دەدرێت، ئەم یاسا تازەیە یاسایەكی گەشەسەندووەو مۆڵەتپێدانی گۆڕیوە بە تۆماركردنی ناو، هەروەها هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی گۆڕیوە بە پڕۆژە".
راوێژكارەكەی سەرۆكی حكومەت پێیوابوو كە سیستەمی پڕۆپۆزەڵ "هەلێكی یەكسان بۆ هەموو رێكخراوەكان دەرەخسێنێت، كە لەسەر بنەمای كاركردن پاڵپشتیی پڕۆژەكانیان بكرێت". ئەو گوتیشی "ئەو بەرنامەیە لەساڵی نوێوە دەست بەكارەكانی دەكات و رەنگە ئێستا زووبێت باسی بڕینی مینحەی رێكخراوەكان بكرێت، هەر كاتێك كە فەرمانگەكە كارەكانی دەستپێكرد، پێشوەخت رێكخراوەكان لەبڕینی منحەكەیان ئاگادار دەكرێنەوە".
یەكێك لەو بوارانەی كە زۆرترین قسەی لەسەرە لەبواری بە فیڕۆدانی سەرمایەی گشتیدا، زۆر رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و گروپ و سەنتەر و كۆمەڵەكانە، دەرچوونی یاسایەك بۆ ئەو رێكخراوانە لەپەرلەمان، هەوڵێكە بۆ رێكخستنی ئەو بوارە بە ئاراستەی كەمكردنەوەی بە هەردەردانی سەرمایەی گشتی، كە هەرچەندە یاساكە سەنتەر و گروپەكانی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری نەگرتوەتەوە كە ئەوانیش 165سەنتەر و گروپن و مانگانە زیاتر لە 200 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com