ئێران تەشویش دەخاتە سەر كەناڵە كوردییەكان و هەنـــــــدێ مــــاڵپەڕی كوردیش فیــــــلـــــــتەر دەكــــــات  

 

 

سڤیل: تاران



ئەشرەف هەموو شەوێك چاوەڕێی ئەوەیە بۆ جارێك بتوانێت سەیرێكی كەناڵە كوردییەكان بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەناڵە كوردییەكان پارازێتی لەسەرە، ناچارە چاوەڕێی رۆژبوونەوە بكات، بۆ ئەوەی بڕوات لەڕێگەی ئینتەرنێتی كافی نێتەكەیەوە هەواڵی كوردستان بزانێت، بەڵام ئێران ئەو رێگەیەشی لێگرتووەو سایتە كوردییەكانی فیلتەر كردووە.
(ئـ، م)، خاوەنی كافی نێتێك لەئێران، ئاماژە بەوە دەكات، "سەرجەم ماڵپەرە كوردییەكان كە هەواڵ لەسەر رۆژهەڵات بڵاو دەكەنەوە، فیلتەر كراون، بۆیە ناچار فیلتەرشكێن بەكاردێنم، بەڵام ناتوانم بەو كەسانە بڵێم كە دێنە كافی نێتەكەوە، چونكە ئەگەری هەیە سەر بەدەزگا ئەمنییەكان بن".
گەڕانی ئەو خاوەن كافی نێتە بەدوای زانیاری و هەواڵی نوێ لەماڵپەڕە كوردییەكان تەنیا یەك نمونەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیانی ئێران كێشەی سەرەكی بەردەمیان حكومەتی ئێرانە، بەوەی رێگەیان نادات بتوانن زانیاری نوێ لەماڵپەڕەكان و كەناڵە فەزاییەكان دەربارەی دوایین بارودۆخی ئێران و وڵاتانی جیهان وەربگرن. حكومەتی ئێران رۆژ بەرۆژ سانسۆركردنی ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و كەناڵە فەزاییەكان زیاتر دەكات، لەو نێوەندەدا چەندین سایت و كەناڵی كوردی كەوتوونەتە بەردەم سانسۆركردن و فیلتەركردن و هاككردن، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ماڵپەڕ و سایتەكوردییەكان ئەم هەنگاوەی ئێران بەهەنگاوێكی مەترسیدار دەزانن و پێیانوایە ئێران بەوە كارەی دەیەوێت ناڕەزاییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی نەگاتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی بەدواداچوونێكی (سڤیل) لەئێستادا هەریەك لەم ماڵپەڕە كوردیانە فیلتەر كراون (ئاژانسی هەواڵی ئاكانیوز، سایتی رووداونێت، ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر، رەوانیوز، كوردستان میدیاو چەندین سایتی دیكە)، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەك لەكەناڵەكانی (تیشك، رۆژهەڵات، كوردستان تیڤی، كوردسات، زاگرۆس، سپێدە، كوردكەناڵ، رۆژ تیڤی، نەورۆز تیڤی) پارازێتی لەسەر دانراوە. لەكاتی ناڕەزاییەكانی ئێران كار گەیشتوەتە ئەوەی سایتی بەشێك لەكەسایەتیە ئاینیەكانی ئێران فیلتەر كران، بۆ نمونە سایتی یوسف سەنعانی، ئەسەدوڵڵا بەیات زنجانی، مونتەزری)، سایتەكانی یاهو و گۆگل و جیمەیل، هەروەها سایتەكانی (بی بی سی، روز ئونلاین، رادیۆ فەردا، رادیۆ زەمانە، گویا نیوز، رادیۆی ئەلمانیا، جرس، كلمە، باڵاترین، سحام نیوز، دەنگی ئەمریكا). كە باسی ئێران دەكەن و ناڕەزاییەكانی ئێرانیان بڵاو دەكردەوە، كە سەرەتا لەسایتە كومەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك، تویتەر و سەرجەم سایتە سیاسییەكان، سایتەكانی تایبەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ بوو، شەڕەكەیان ناو نا "شەڕی نەرم" تەنانەت كارگەیشتە ئەوەی ئێران بەفەیسبووك دەوت "دوژمنانی شاراوەی خەڵك".
شەیدا عەزیزی، كچێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، كە بەسەردان لەكوردستانە ئاماژە بەوە دەكات، "بۆیەكەم جار بەئازادی سەیری كەناڵە كوردییەكان دەكەم، چونكە لەئێران هەمیشە دەبێت بەدزیەوە لەكەناڵەكان بڕوانیت، ئەوەشی سەتەلایتی هەیە لەزەتی لێنابینی، چونكە هەموو كەناڵە كوردییەكان پارازێتی لەسەر دانراوە".
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاماژە بەوەدەكەن، كە ساڵی 2011 ساڵێكی ترسناك بووە بۆ كەناڵە فەزاییەكان و ماڵپەڕە ئەلیكترونییەكان، حكومەتی ئێران خێرایی هێڵەكانی ئینتەرنێتی تاوەكو ئاستێكی زۆر هێناوەتە خوارەوە، چونكە كۆمپانیاكانی گەیاندنی تایبەت بەئینتەرنێت لەوڵاـی ئێران سەر بەدامەزراوەی گەیاندنی ئێرانن، لەساڵی 2009وە تا ئێستا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێت. بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەم پلانە حكومەتی ئێران لەسەرەتای ساڵی 2010، وڵاتی ئێران دامەزراوەیەكی پۆلیسی راگەیاند، كە كاریان كونتڕۆڵكردنی سایتەكانی ئینتەرنێت و دەستگیركردنی ئەو كەسانەن كە دژ بەئێران قسە دەكەن و ناڕەزایی دەدەبڕن و كونترۆڵكردنی سەرجەم سایتەكان بوون. لەساڵی 2009 پەرلەمانی ئێران یاسایەكی تایبەتی بەڕاگەیاندنی بەناوی (رایانە) پەسەند كرد، كە لەیاساكەدا هاتووە "دژایەتیكردنی ئاینی ئیسلام و ئادابی گشتی بەهاندان و تاوان لەقەڵەم دراوە، چەندین ساڵ زیندانی بۆ ئەو كەسانە دانراوە، كە كاری لەو شێوە دەكەن"، لەچوارچێوەی ئەو یاسایەدا كۆمیتەیەك دروستكراوە، كە پێكدێت لەنوێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی رۆشنبیری، نوێنەری دەزگا ئەمنیەكانی دیكە). لەبەشێكی دیكەی پلانەكەیدا ئێران 10 هەزار بەسیجی داناوە بەمەبەستی كاركردن لەسەر كونترۆڵكردن و فیلتەركردنی ئەو سایتانەی لەسەر سیاسەتی ئێران و ڕووداوەكانی ئێران دەگەیەننە دەرەوەی وڵات.
نەجیبە محەمەد، سەرپەرشتیاری بەشی سۆرانی ماڵپەری رووداونێت، ئاماژە بەوە دەكات، كەفیلتەركردنی سایتەكەیان لەلایەن ئێرانەوە شتێكی سەیر نیە، چونكە ئێران دەیەوێت خەڵكی وڵاتەكەی ئاگاداری بارودۆخی كوردستان نەبن.
سەرپەرشتیارەكەی رووداونێت ئەوەشی بە (سڤیل) راگەیاند "سایتی رووداو هەواڵ لەسەر هەر چوار پارچەی كوردستان بڵاودەكاتەوە، بۆیە كاتێك هەواڵێك لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاودەكەینەوە، هەمان مامەڵەی رۆژنامەوانی لەگەڵ دەكەین، كە بۆ هەر هەواڵێكی دیكە دەیكەین".
یەكێتی ئەوروپا لەتازەترین راگەیەنراویدا، باس لەوە دەكات فشارخستنە سەر ئێران ناكرێت تەنیا لەچوارچێوەی مەسەلەی وزەی ئەتۆمی بێت، بەڵكو پێویستە باس لەپێشێلكردنی مافی مرۆڤ بكرێت، نوێنەری محافزكاری بەریتانی ئەستروان ئەستوانسن رایگەیاند "بۆ ئەوەی رەوشی مافی مرۆڤ باشتر بكرێت، پێویستە فشاری زیاتر بخەینە سەر مەلاكان"، هیلاری كلینتن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە "میللەتی ئازای ئێران رێگا نادەن دژ بەئازادیی بیروڕایان بیت".
سەبارەت بەفشارەكانی ئێران لەسەر ماڵپەڕە كوردییەكان، كە یەكێك لەو ئاژانسە هەواڵیانە كە ئێران فیلتەری لەسەر داناوە، ماڵپەڕی ئاكانیوزە، كە رۆژانە بەچەند زمانێكی جیاواز هەواڵ بڵاودەكاتەوە، بەدران ئەحمەد حەبیب، بەڕێوەبەری گشتی ئاكانیوز بە(سڤیل)ی راگەیاند "فیلتەركردنی سایتەكەمان لەلایەن ئێرانەوە شتێكی زۆر سەیر نییە، چونكە پێشتر هەوڵماندا پەیامنێرێكمان هەبێت، بەڵام مۆڵەتیان پێمان نەدا، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێران هەمان شێوەی سوریایە لەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ میدیا". بەدران ئەوەشی گوت "ئاژانسەكەمان بەهیچ شێوەیەك دژ بەئێران كارناكەین، بەڵام لەوانەیە كاتێك هەواڵێك بڵاو دەكەینەوە، ئێران پێی ناخۆش بێت، یان جاری واهەیە پێیخوش بێت، بۆیە ئێمە وەك هەواڵ مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان دەكەین و كاری لەسەر دەكەین بەشێوەیەكی بێلایەنانە".
سەرپەرشتیاری سایتەكەی رووداویش باس لەوەدەكات، "سایتەكەمان بەهیچ شێوەیەك دژایەتی هیچ لایەك ناكات، بەڵام ئەگەر هەر هەواڵێك بگاتە دەستمان و بزانین رەگەزی هەواڵی تێدایە كاری لەسەر دەكەین و بڵاوی دەكەینەوە، جا لەسەر هەر پارچەیەكی كوردستان بێت". نەجیبە، ئاماژەشی بەوە كرد "ئێران بەو كارەی دەیەوێت هاوڵاتیانی رۆژهەڵات ئاگاداری بارودۆخی كوردستان نەبن".
سەرپەرشتیاری گشتی كونسوڵخانەی ئێران لەهەولێر، بۆ چەندین جار ئاماژەی بەوە كردووە كە بەشێك لەدەزگا راگەیاندنەكانی كوردستان لەخزمەتی ئێران كاردەكەن و ڕەخنەی لەهەبوونی گوڤاری ئیسرائیل - كورد گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەمەبەستی ئاشناكردنی رۆژنامەنووسانی كوردستان سەرەتای مانگی 2ی ساڵی 2011 وەفدێكی رۆژنامەنووسانی بردە ناو ئێران.
بەدران ئەحمەد دەربارەی ئاگاداركردنەوەی كونسوڵخانەی ئێران لەوەی كە سایتەكەیان بۆچی فیلتەر كراوە لەئێران گوتی "تا ئێستا ئاگادارمان نەكردونەتەوە، چونكە پێمانوایە ئەوە سیاسەتێكی مەركەزی حكومەتی ئێرانە، پەیوەندی بەكونسوڵخانەوە نیە".
كۆمپانیای نۆكیا تۆمەتبارە بەوەی كە كومەڵێك دەزگای بۆ فیلتەر دروستكردن بۆ سەر دەزگا ڕاگەیاندنەكان فرۆشتوە بەئێران، بۆیە هەفتەی ڕابردوو كۆمپانیای نۆكیا رایگەیاند "كە رێكەوتننامەی تازە لەگەڵ ئێران مۆرناكات و رێكەوتننامەكانی پێشوتریشی دەكشێنێتەوە". پێشتریش سایتی ویكلیكس بڵاوی كردبووەوە، كە چەند كۆمپانیایەك لەبەریتانیا بەبڕی چەندین ملیارد دۆلار ئامێری كونتڕوڵكردنی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانیان بەئێران فرۆشتووتەوە، بەڵام دوای بڵابوونەوەی زانیاریەكان بەریتانیا رەتی نەكردووە، بەڵام وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە داوایان كرد، كە رێگە نەدرێت "هیچ ئامێرێكی كۆنترۆڵكردنی پەیوەندیەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت بە وڵاتی سوریا بفرۆشرێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com