جەعفەر ئێمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی رێكخستنی پارتی: تا ئێستاش هەر نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

پرسی راگەیاندنی ئەنجامەكانی لێژنەی سەرۆكایەتی هەرێم و بارودۆخی ئێستای كوردستان بەتایبەتی گۆڕانكاری لەپۆستە حكومییەكان و هەڵبژاردنی رێكخستنە ناوخۆییەكانی پارتی، هەروەها رەوشی ناسەقامگیری عێراق. تەوەری سەرەكی گفتوگۆیەك دەبێت، لەگەڵ (جەعفەر ئیمینكی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان.



سڤیل: دوای دەرچوونی ئەنجامی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی ناوچەی بادینان پارتی بەكەمتەرخەم لە قەڵەم درا، ئیجرائاتی ئێوە چی دەبێت بۆ بەرپرسانی پارتی لەو ناوچەیە؟
جەعفەر ئیمینكی: بێگومان دیارە لێژنەكە دەرئەنجام و كاری خۆی راگەیاندووە، سەبارەت بە رووداوەكانی مانگی 12ی ناوچەی بادینان، لەڕاستیدا زۆر رووداوی دڵتەزێن و ناخۆشبوون كاری تێكدەرانە ئەو ناوچەیەی گرتەوە. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڕاستی دەرئەنجامی لێژنەكە قەبوڵ دەكەین، هەروەها پشتگیریشی لێ دەكەین، بۆیە ئەوەی كە پەیوەندی بەپارتییەوە هەبێت، لەسەر هەندێك لەڕێكخستنەكانی ئێمە ئەوەش قەبوڵ دەكەین و قەبوڵیشمانە. واتە هەرچی لەسەرمانە وەك ئیجرائات ئێمە كاری خۆمان دەكەین و پەیوەستیشین پێیەوە.
سڤیل: لەڕاپۆرتەكەی لێژنەی لێكۆڵینەوەدا ئەم مەسەلەیە بەدادگا دەسپێردرێت، ئایا ئێوە بەرپرسانی خۆتان رادەستی دادگا دەكەن؟
جەعفەر ئیمینكی: خۆی مەسەلەكە دوولایەنی هەیە، لایەنی یەكەم ئێمە وەك پارتی ئیجرائاتی خۆمانمان هەیە، دووەم ئەوەی پەیوەستە بە سەروەت و موڵك و سامانەوە چ خەڵكی تربێت یاخود حزب و لایەنەكان، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ملكەچی بڕیارەكانی دادگاین، بێگومان دادگاش چ بڕیارێك یاخود چ ئەمرێك دەربكات، ئێمە ملكەچی تەواوی دادگاین.
سڤیل: تۆ باسی ئیجرائاتی خۆتانتان كرد، ئیجرائاتی حزب چی دەبێت، لەبەرامبەر ئەندامانتان لەو سنوورە؟
جەعفەر ئیمینكی: لەئێستا سەرقاڵی ئەوەین، كە زانیاری كۆبكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین كەمتەرخەمیەكە لەئاستی ئەنداماندا بووە، یاخود بەرپرسان، ئەگەر هەر ئەندام و كادرێكی پارتی هەر لەخۆیەوە پەلاماری خەڵكی دابێ و چووبێتە سەر بارەگای هەر حزبێك، بێگومان ئەوكاتە ئەوەی لەسەر پارتییە ئەو كادیرە دوور دەخاتەوە، لەناو رێكخستنەكانی خۆی واتە فەسڵی بكەین، چونكە هیچ شتێكی ترمان لەسەر نییە. بەڵام ئەوە بۆ كاتێك دەبێ ئیجرائاتی دیسپلینی خۆمان بكەین، تەبیعی دادگاش هەرچی داواكاری هەبوو، بەلای ئێمەوە شتێكی ئاساییە، دواتریش ئەوكاتەش ئیجرائاتی حزب دەست پێدەكات.
سڤیل: لەدوای رووداوەكانی بادینان هیچ كەسێكتان دەستنیشان كردووە، وەك نوێنەری حزب لەو ناوچەیە بەدواداچوون بكات؟
جەعفەر ئیمینكی: بەڵێ خۆم وەك بەرپرسی رێكخستنی حزب سەردانی دهۆك و زاخۆ و ناوچەكەمان كردووە، دواتریش بەڕاستی ئێمە لێكۆڵینەوەمان كردووە، لەسەر ئەوەی بزانین رێكخستنەكانی ئێمە لەو ناوچەیە لەسەر چ ئاستێكدا بوون، لەبەرامبەر رووداوەكانی بادیناندا. بێگومان ئێمەش وەك رێكخستن لەئاستی لێكۆڵینەوە و زانیاری كۆكردنەوەین، بۆ ئەوەش راپۆرتی خۆمان ئامادە دەكەین.
سڤیل: باس لەوە دەكرێت، لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بادینان سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەندامان و كادیرانی پارتی كۆبۆتەوە و لەبەرپرسان و ئەندامانی حزبیش توڕەبووە؟
جەعفەر ئیمینكی: لەڕاستیدا من لەسەردانەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەودا نەبووم، بەڵام جەنابی سەرۆك هەم بۆ ئەوەی دڵنیاییەك بەخەڵكی ناوچەكە بدات، بەتایبەتی برایانی مەسیحی و ئێزدی كە ئەوان دڵگرانییەكی زۆریان لەلایەن دروست بوو، هەمیشە بۆ ئاراستەكردن و رێنماییكردن بەدڵنیاییەوە هەمیشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەوڵ دەدات. بێگومان مەسەلە توڕەبوون نییە، بەڵام داكۆكیكردن و جەختكردنەوەیە لەسەر دڵنیایی هەموو لایەك، چونكە ئەو رووداوانە وایكرد كاریگەری خراپی هەبێ و بارگرژیەكی خراپی لێ دروست بێت، بەتایبەتی تەحریزی دینی كە بینمان بۆ یەكەم جارە لەكوردستان سەرهەڵبدات، وەك شتێكی ئاسایش هەرجارێك جەنابی سەرۆك چوبێـتە ئەو ناوچەیە قسەی خۆی هەبووە، لەگەڵ كادر و لایەنگرانی حزبیشدا.
سڤیل: تۆ باسی تەحریزی دینیت كرد لەناوچەكانی بادینان، بەڵام لەئەنجامی لێكۆڵینەوەی لێژنەكەدا باسی ئەوە نەكراوە؟
جەعفەر ئیمینكی: ئێمەش دەپرسین بۆچی لەراپۆرتەكەدا باسی تەحریزی دینی نەكراوە؟ بەداخەوە تێبینیەكی گرنگمان لەسەر راپۆرتی لێژنەكەی بادینان هەیە، لەبەر ئەوەی دەبوایە بەخاڵێكی گرنگ ئاماژەیان بەتەحریزی دینی بكردبایە. هەرچەندە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی زۆر بەوە ناڕەحەت بوون، كە باسی ئێزدی و مەسیحیمان دەكرد، بەڵام ئێمە بەچاوی وردبینانەوە سەیری مەسەلەكەمان كردووەو بەڕاستیش مەسیحی كرابوونە ئامانج، ئێزدیش لەم رووداوانە بەناڕاستەوخۆ ویستیان بكرێنە ئامانج، كە زۆر لەو كۆمپانیانە هی ئێزدییەكانن، بەڵام لەڕاپۆرتەكەی سەرۆكی هەرێمدا، كە ئاماژەی بەوە نەكردووە، ئێمەش ئەوە بەتێبینی لەقەڵەم دەدەین.
سڤیل: كێ قەرەبووی یەكگرتوی ئیسلامی دەكاتەوە، بەو پێیەی زیانی ماددیان بەركەوتووەو پەنجەی تۆمەتیش بۆ پارتی را دەكێشرێت؟
جەعفەر ئیمینكی: لەڕاستیدا دادگا هەر بڕیارێك بدات، هەڵبەت حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرەبوو دەداتەوە، دادگاش دیاری دەكات، كام لایەن بەرپرسەو كێ قەرەبووی یەكگرتووی ئیسلامی بكاتەوە، بەڵام ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ملكەچی دادگایین. بەدووریشی دەزانین هیچ دادگایەك پارتی دیموكراتی كوردستان بەكەمتەرخەم بزانێت، لەسوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی و قەرەبووكردنەوەیان.
سڤیل: ئێوە و یەكگرتوو وەڵامی دژ بە یەك دەدەن، بەجۆرێك دەبێت یەكگرتوو داوای لێبوردن لەپارتی بكات، هەروەها پارتیش داوای لێبوردن لەیەكگرتوو بكات؟ ئێوە وەك پارتی داوای لێبوردن لەیەكگرتووی ئیسلامی دەكەن؟
جەعفەر ئیمینكی: بەنسبەت ئێمە ئەوە بڕگەیەك بوو كە پێمان باشبوو یەكگرتووی ئیسلامی داوای لێبوردنمان لێ بكەن، چونكە لەبەیاننامەی یەكەمیاندا، پارتی دیموكراتی كوردستانیان تۆمەتبار كرد، ئەوكاتەش داوامان لەیەكگرتوو كرد، كە یان داوای لێبوردنمان لێ بكەن، یاخود ئەو تۆمەتە بسڕنەوە.
لەبەیاننامەی كۆتاییاندا ئەوان داوایانكرد كە دەبێت پارتی داوای لێبوردنیان لێ بكات، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، پێمانوایە ئەو داوایەی یەكگرتووی ئیسلامی داوایەكی نابەجێیەو جێگەی بایەخیش نییە بەلای ئێمەوە. چونكە خەڵكی كوردستان زەرەرمەندبوون لەرووداوەكانی بادینان، دیارە لایەنگرانی یەكگرتووش لەناو هاندەراندا بوون، ئەوەش لیژنەی لێكۆڵینەوە تەئكیدی كردۆتەوە، بۆیە بەگشتی ئەوەی پەیوەندی بەداوای لێبوردنەوە هەیە، ئێمە رەتی دەكەینەوە.
سڤیل: دوای سەرنەگرتنی هەوڵەكانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، هیچ هەوڵێكی تر لەئارادانیە بۆ چاككردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكگرتوو؟
جەعفەر ئیمینكی: من ئاگادارنیم كە هیچ هەوڵێكی لەو شێوەیە لەئارادابێت.
سڤیل: وەك پارتی لەبەرنامەتاندا نییە دەستپێشخەری بكەن بۆ گفتوگۆ؟
جەعفەر ئیمینكی: نەخێر هیچمان لەبەرنامەدا نییە.
سڤیل: دوای چاوپێكەوتنەكەی فازل میرانی لە (سڤیل) وەڵام و بۆچوونی زۆری بەدواداهات و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا، ئێوە چۆن ئەمە دەخوێننەوە؟
جەعفەر ئیمینكی: ئێمە وەك پارتی بەڕاستی هەستمان بەوە كردووە، كە لێدوانەكانی كاك فازڵ بوونەتە هۆی ئەوەی كە هەندێ لایەن پەلاماری پارتیمان و كاك فازڵ بدەن، ئەوەی دەیبینین قسەی جۆربەجۆر و نابەجێ دەكرێت بەرامبەر بەپارتی. ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەوەی كە هەموو لایەك دەزانێت، كاك فازڵ مەنتقێكی بەهێزە و كەسێكە بەڕاشكاوی قسە دەكا و بەڕاشكاویش باسی رووداوەكان دەكات. هەرچەندە ناچمە ناوەڕۆكی ئەو مەسەلەیە، دیفاعیش لەوە ناكەم ئەو چی باسكردووە، بەڵام لەوبارەوە هەر كەسێك وەك خۆی ئازادە، لەوەی كە چۆن گوزارشت لەڕووداوەكان و قسەی خۆی بكات، پێیشموایە كاك فازڵ لەچوارچێوەی بۆچوون و ئادابی گشتیدا دەرنەچووە، ئەوەی كە ئەو گوتویەتی رەنگە لەلایەن ئەو خەڵكانەوە پەسەند نەبێت، بەڵام بەگشتی ئەویش بۆچوونی خۆی هەیە.
سڤیل: بڕیار بوو لەدوای سەری ساڵ پارتی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەیەكێتی وەربگرێتەوە، تا ئێستا چ ئامادەكاریەك كراوە بۆ ئەو گۆڕانكاریە؟
جەعفەر ئیمینكی: گۆڕانكاری لەپۆستی سەرۆكی حكومەتدا دەكرێ و بەڕێوەیە.
سڤیل: پارتی تا ئێستاش سورە لەسەر ئەوەی كە نێچیرڤان بارزانی، بكاتەوە بە سەرۆكی حكومەت؟
جەعفەر ئیمینكی: بەڵێ تا ئێستاش هەر بڕیارمانداوە، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە.
سڤیل: ئەی سەبارەت بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان؟
جەعفەر ئیمینكی: تا ئێستا ئەو بابەتانە هەمووی وەك خۆیان ماون، بێگومان هەركات كە دەستمان پێكرد، هەموویان بە یەك پاكێج دێنە خوارەوە.
سڤیل: لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردرا كە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حزب ئەنجام بدرێت، لە دۆخێكی وەهادا كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بەڕێوەیە، ئەمە كێشە بۆ پارتی دروست ناكات؟
جەعفەر ئیمینكی: نەخێر چونكە ئێمە داوا دەكەین، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم چەند زووبكرێت، شتێكی باشە، چونكە وەك پارتی هەست بەوە دەكەین، زۆر درەنگ دواكەوتووە، بۆیە پێمان باشە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تازوو بكرێت باشە.
سڤیل: ئێوە وەك پارتی پێتان باشە بە تەنیا بەشداری لەهەڵبژاردن بكەن؟
جەعفەر ئیمینكی: بێگومان وەك مەبدەئێك لەگەڵ برادەرانی یەكێتیش گفتوگۆی سەرەتایمان كردووە، پێمانوایە ئەو سیستمە نیمچە كراوەیە، لەقازانجی هەم پارتی هەم یەكێتیشە كە بەجیا بەشداری لەهەڵبژاردندا بكەین، بۆیە تەسەوردەكرێت هەردووكمان لەسەر ئەوە هاوڕاین.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com