ئامادەكاری دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی پێنج سەركردەكە  

 

 

سڤیل:
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی پێنج سەركردەكە، نوێنەری سەرۆكی هەرێم سەردانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردووە و بەم نزیكانەش سێ سەركردەكەی ئۆپۆزسیۆن كۆ دەبنەوە.
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، محەمەد حەكیم وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، رایگەیاند، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم سەردانی مامۆستا عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردووە، گوتی "ئەم سەردانە بۆ ئەو مەبەستە بووە، كە ئامادەكاری بكرێت بۆ كۆبوونەوەی پێنج سەركردەكە، وەك سەرۆكی هەرێم و سەرۆك كۆمار و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر گوتی با كێشەی یەكگرتوو چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەمەش وەك مەرجێكی سەرەكی نییە".
حەكیم ئاماژەی بەوەشدا، عەدنان موفتی بۆ هەمان مەبەست سەردانی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش دەكات، بەڵام وەك ئەو وتی "نوێنەر دەنێرن بۆ لای كاك نەوشیروان مستەفاش، بەڵام من نازانم كێیە".
لەبارەی وەڵامی ئۆپۆزسیۆن و ئامادەكاریشییان بۆ ئەو كۆبونەوەیە، گوتی "بەم نزیكانە (رۆژی شەممە) هەرسێ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن، مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا سەلاحەدین و كاك نەوشیروان مستەفا پێكەوە كۆ دەبنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com