|
سڤیل: ئاسۆ گەڵاڵی
دوای راگرتنی خزمەتگوزاری رێبەر كویك لە
سلێمانی و دەوروبەری، رۆژی چوارشەممەی رابردوو
لە سەیدسادق بەشداربووانی خزمەتگوزاری ئەو
كۆمپانیایە گردبوونەوەیەكیان لە دژی راگرتنی
رێبەر كویك ئەنجام دا.
دوای راگرتنی هێڵی رێبەر كویك لە پارێزگای
سلێمانیی، ناڕەزایی زۆر لای بەشداربووان و
بەكارهێنەرانی هێڵەكە لە پارێزگاكەدا دروستبوو
و لەو نێوەندەشدا وەك یەكەم جێگاو قەزای
پارێزگای سلێمانی، ڕۆژی چوارشەممە 28/12/2011
بەكارهێنەرانی ڕێبەركویك لە قەزای سەیدسادق
گردبوونەوەیەكیان لەدژی ڕاگرتنی هێڵەكەیان
سازدا، لەو گردبوونەوەیەدا كە ژمارەیەك لە
رۆژنامەنوس و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیی
قەزاكە لەبەردەم بارەگای رێكخراوی یەكێتی گشتی
قوتابیان رێكیان خستبوو داوای خستنەوەكاری
هێڵی ڕێبەر كویكیان كرد.
بەشێك لە چالاكوانان و رۆژنامەنوسان و
قوتابیانی قەزای سەیدسادق كە هەموویان
بەشداربوو و بەكارهێنەری هێڵەكە بوون، یەكەمین
گردبوونەوەی ناڕەزاییان لەسەر ئاستی پارێزگای
سلێمانی دژی ڕاگرتنی هێڵەكەیان سازكردو
بەیاننامەیەكیشان بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتووە
"ئێمە وەكو بەكارهێنەرانی ڕێبەر كویك
نامانەوێت ببین بە بەشێك لە ململانێ
سیاسییەكان"، هەروەك لەبەیاننامەكەیاندا
داوایان كردووە هەرچی زووترە هێڵەكە بكەوێتەوە
كار یان جێگرەوەیەكی بۆ دابنێن.
|