|
سڤیل:
سەرچاوەیەكی نزیك لە نوری مالكی سەرۆك
وەزیرانی عێراق پێنج شەممەی رابردوو، بە فرانس
پرێسی گووتوە، كە شاندێكی موخابەرات و سوپای
ئێران لە هەولێرە و مەبەست لە هاتنیان
بەشداریكردنە لەو كۆبوونەوانەی كە لەبارەی
كێشەی نێوان مالكی و هاشمی ئەنجامدەدرێت،
لەبارەی هاتنی ئەو شاندەش وتەبێژی پارتی بێ
ئاگایی خۆی نیشان دەدات و وتەبێژی یەكێتیشی
هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیكی مالكی بە ئاژانسی فرانس
پرێسی راگەیاندووە، كە شاندێكی ئێرانی كە لە
سوپا و موخابەرات پێكهاتوون گەیشتونەتە
هەولێر، دەیانەوێت لەو كۆبوونەوەیە بەشدار بن،
كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان هاشمی و مالكی
ئەنجامدەدرێت، هەر رۆژی پێنج شەممەی رابردوو
رۆژنامەی زەمانی لەندەنی هەمان هەواڵی
بڵاوكردۆتەوە، بەپێی زانیارییەكانی زەمان چەند
سەرچاوەیەكی كوردی ئاشكرانەكراویش بە فرانس
پرێسیان راگەیاندووە، كە شاندە ئیرانیەكە لە
چەند سەركردەیەكی موخابەراتی ئێرانی و سوپا
پێكهاتوون، سەرچاوەكان باسی ئەوەشیان كردووە،
كە ئەو شاندە چەندین دیداریان لەگەڵ سەرۆكی
هەرێم مەسعود بارزانی و سەرۆك كۆماری عێراق
جەلال تاڵەبانی و جێگرەكەی تاریق هاشمی
ئەنجامداوە.
هەر پێی ئەو سەرچاوەیەی نزیك مالیكی ئەو تیمە
بۆ دانیشتنەكان هەولێریان هەڵبژاردووە، بەڵام
دواتر مالكی رازی نەبووە، بچێتە هەولێر،
لەبەرامبەریشدا بارزانی ئامادە نییە بچێتە
بەغدا، بۆیە شاندەكەی ئێران پێشنیاریان
كردووە، كە كۆبوونەوەكان لە سلێمانی ئەنجام
بدرێت، بۆ ئەمەش چاوەڕێی وەڵامی لایەنە
سیاسییەكانی عێراقن.
جەعفەر ئیمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی
دیموكراتی كوردستان و گوتەبێژی رەسمی ئەو
حزبە، لەبارەی هاتنی ئەو شاندە ئێرانییە لە
لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) بێئاگایی خۆی راگەیاندو
گوتی "من هیچ زانیارییەكم لەسەر سەردانی ئەو
وەفدە ئێرانییە نییە، كە سەردانی پارتی و
سەرۆكایەتی هەرێمیان كردبێت".
هەر لەو بارەوە ئازاد جوندیانی گوتەبێژی رەسمی
سەركردایەتی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان لە
لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) هاتنی ئەو شاندەی
رەتكردەوەو گوتی "ئێمە ئەو قسانە رەت
دەكەینەوە، چونكە عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیە،
راستە وڵاتانی دەوروپشت زۆربەیان دۆستی
عێراقن، هەروەها دۆستی یەكێتی نیشتمانی
كوردستان و پارتی و كوردن، بەڵام بەهیچ
شێوەیەك بەشداریكردنی ئەم وڵات و ئەو وڵات
رێگەیەكی دەستوری نییە بۆ ئەو مەسەلەیە"،
گوتەبێژی رەمسی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی
"ئەو قسانە جگە لەپڕوپاگەندەی مەكتەب و
نوسینگەی نوری مالیكی، هیچ شتێكی تر نییە،
هیواداریشین قسەكانی بەرپرسی ئەو نوسینگەیەی
بەڕێز مالیكی بەوشێوەیە نەبێت، ئەگەر هەڵەی
كردبێ یان بەهەڵە نەقڵ كرابێت".
|