لەباری پرسی رێبەر كویك پارێزگاری سلێمانی گوێ بە فەرمانی وەزارەت نادات  

 

 

سڤیل، سلێمانی
بەهۆی بەردەوامی كێشەی نێوان رێبەركویك و پارێزگای سلێمانی، سكاڵای یاسایی لەسەر پارێزگار تۆمار دەكرێت و سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك وەزارەتی گواستنەوە داوای كردنەوەی هێڵەكەی كردووە، بەڵام تائێستاش چارەسەری كێشەكە نەكراوە.
بەهۆی گرفتی نێوان كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم و پارێزگای سلێمانیەوە، نزیكەی دوو هەفتەیەكە هێڵی ئینتەرنێتی رێبەركویك لەسلێمانی و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری لەكارخراوە، تائێستاش ئەوە رووننەكراوەتەوە كەی ئەو هێڵە دەست بەكاردەكاتەوە، لەكاتێكدا كۆمپانیاكە زیاتر لە 70 هەزار بەشداربووی هەیە.
ئەندازیار شەكەوت عیزەت، بەرێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم، بە (سڤیل)ی گوت "ئێمە وەك كۆمپانیا ماوەی دوو ساڵە مۆڵەتی فەرمیمان وەرگرتوە بۆ كاركردن و ئێستاش سەرمان سوڕماوە بۆ لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەبیانووی نەبوونی مۆڵەتەوە، دەیانەوێت هێڵەكەمان دابخەین".
ئەندازیار شەكەوت عیزەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەوان لەرێگەی خۆیانەوە، هەروەها لەرێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە پارێزگاریان تێگەیاندووە، كە ئەوان مۆڵەتی فەرمیان هەیە، بەڵام وەزارەت گوێی بە وتەی ئەوان نەگرتووەو سوربووە لەسەر داخستنەكە.
لای خۆشیانەوە وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەروونكردنەوەیەكدا پشتگیری‌ خۆی‌ بۆ یاساییبوونی‌ هێڵی‌ ئینتەرنێتی‌ رێبەركویك دەردەبڕێت و بۆ كردنەوەی‌ هێڵەكە لەسلێمانی‌ چاوەڕێی‌ بڕیاری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران دەكەن.
لەسەرەتای روونكردنەوەكەی وەزارەتدا هاتووە "راگرتنی خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیای (ئاڵای نەورۆز تیلیكۆم) لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئێمە وەك وەزارەت بە جەماوەری بەرێزی كوردستان رادەگەیەنین، كەوا كۆمپانیای ناوبراو مۆڵەتپێدراوی وەزارەتمانەو مافی خۆیەتی خزمەتگوزاری لە هەموو كوردستان پێشكەش بكات و بڕیاری راگرتنیشی لە پارێزگای سلێمانی دەرچووە بەبێ ئاگاداری وەزارەتمان، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام داوەو ئێستاش لە چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكە". لە بەشێكی تری روونكردنەوەكەی وەزارەتدا هاتووە "مۆڵەتی ژمارەیەك كۆمپانیامان بەپێی یاسا هەڵوەشاندەوە، چونكە پابەند نەبوون بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیان و خزمەتگوزارییان پێشكەش نەكردبوو".
دەربارەی ئەوەی كە وەزارەتی گواستنەوە خزمەتگوزاری هەندێك كۆمپانیای راگرتوەو ناهێڵێت لەسەرتاسەری هەرێم كار بكەن، راگەیەندراوەكە دەڵێت "ئەمە هیچ بنەمایەكی نییەو ئەم مافەمان لە هیچ كۆمپانیایەك زەوت نەكردووە و كەسیش لەم بوارە سكاڵای پێشكەشمان نەكردووە".
ئەندازیار شەكەوت عیزەت، بەرێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات سەرەرای روونكردنەوەو داواكارییەكانی وەزارەت، بەڵام كێشەكە وەك خۆی ماوەتەوەو چارەسەر نەكراوە، ئەو گوتیشی "ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكە پەیوەندیمان بەزۆر لایەنەوە كردووەو زۆر رێگامان تاقیكردووەتەوە، بەڵام پارێزگار سورە لەسەر وەستانی هێڵەكە، ئێمە ماوەی سێ رۆژە سكاڵای یاساییمان لەسەر پارێزگار وەك كەسێكی مەعنەوی تۆماركردووەو بەرپرسانی حكومیش لەسلێمانی دەڵێن بادادگا كێشەكە چارەسەر بكات".
سەبارەت بەقەرەبووكردنەوەی بەشدابوانیش ئەندازیاری ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان وەك كۆمپانیا داوای لێبوردنێكی زۆر لەبەشداربوانیان دەكەن و سوریشن لەسەر ئەوەی ئەگەر هاتوو هێڵەكانیان نەكەوتەوە كار، ئەوا هەموو قەرەبوویەكی بەشداربوانی خۆیان دەكەنەوە.
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com