|
سڤیل:
رێبوار رەزا چوچانی
لەم
دیمانەیەدا خەسرەو گۆران بەرپرسی مەكتەبی
هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان،
پێشبینییەكانی حیزبەكەی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی
ئەنجومەنی پارێزگاكان دەخاتەڕوو، وەك ئەو باسی
دەكات، سەرەڕای ئەو كێشانەی بۆ حیزبەكەی دروست
كراون، بەڵام هەر دەنگی یەكەم دەهێنێت.
سڤیل: لەشێوازی داهاتووی هەڵبژاردندا، زیاتر
پشت بەچی دەبەستن؟
خەسرەو گۆران: هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بەندە
بەو یاسایەی كە لەپەرلەمانی كوردستان و
هەروەها ئەو رێنماییانەی كە لەكۆمسیۆنی باڵای
هەڵبژاردنەكانەوە بۆی دەردەچێت، ئێستا بەپێی
ئەو یاسا نوێیە شێوازی هەڵبژاردن لای ئێمە
گۆڕاوە، چونكە پێشتر لیستی داخراو بوو، ئێستا
لیستی كراوەیە، بۆیە ئەمە مەرجی دیكە لەسەر
ئێمە دادەنێت، تا لیستی داخراو بوو، حیزبەكان
فەرمانیان بەلایەنگرانی خۆیان دەكرد، كە دەنگ
بەلیستەكەیان بدەن، بەڵام ئێستا لیستی
كراوەیەو هەر كەس ئازادە دەنگ بەكێ دەدات،
بۆیە پارتی دەبێت باشترین خەڵك دەستنیشان بكات
و داخیلی هەڵبژاردنیان بكات، بۆ ئەنجومەنی
پارێزگاكان، بۆئەوەی زۆرترین دەنگی خەڵك
بەدەست بهێنێت. حەتمەن ناتوانرێت خەڵك بهێنرێت
و بكرێتە كاندیدی پارتی، كە شەعبیەتی نەبێت و
خۆشەویست نەبێت لای خەڵك، بەكورتی و كرمانجی
بزانین خەڵك دەنگی پێنادات، نەك ئەمە، دەبێت
كاندیدەكە خۆیشی جوڵەی هەبێت و چالاكی هەبێت،
بۆئەوەی دەنگ بۆ خۆی پەیدا بكات، پێشتر
كاندیدەكان پشتیان بەپارتی دەبەست و خۆیان
ماندوو نەدەكرد، بەڵام ئێستا دەبێت جگە
لەپارتی، پشت بە خۆیشی ببەستێت، بۆ نموونە
ئێستا بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (30)
كورسی دانراوە، بەگوێرەی یاسا بۆمان هەیە (60)
كەس كاندید بكەین، ئەو كەسانەش هەر كەسێكیان
بیانەوێت دەربچن، دەبێت بۆ خۆیان كار بكەن،
بەخوا ئەگەر خۆی كار نەكات، پارتیش كاری بۆ
بكات دەرناچێت. دەبێت دابەشكردنێكی جوگرافی
بكرێت، تەركیز تەنها لەسەر شارێك یان مەركەزی
پارێزگایەك نەكرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك
بتوانن دەنگ بدەن، بۆیە ئێمە بەپێی ئەو یاسا
نوێیە، رێنمایی نوێمان دەركردووە بۆ خوارەوە،
بۆ لایەنگران و ئۆرگانەكانی پارتیمان، كە ئەو
جۆرە كاندیدانە دەستنیشان بكەن، جگە لەمەرجە
یاساییەكان، هەندێك مەرج هەیە جێگیرە و
كۆمسیۆن دەریدەكات، وەك تەمەن و بڕوانامە و
ئەو شتانە، مەرجەكانی تری ئێمە.
یەكەم: دابەشبوونی جوگرافی فراوان، كە پشت
بەچڕی دانیشتوان ببەستێت، بۆ نموونە قەزای
شەقلاوە نسبەی چەندە لەپارێزگای هەولێر، بای
ئەوەندە كاندیدیان بۆ دیاری دەكرێت، هەروەها
قەزاكانی تریش، بۆ ئەوەی خەڵكی هیچ قەزا و
ناحیەیەك مەحروم نەبن لەدەنگدان و
نوێنەرایەتیكردنی خۆیان.
دووەم دەبێت دابەشبوونی ئیختیساسات هەبێت،
ناكرێت هەموو كاندیدەكان مامۆستا یان پارێزەر
یان ئەندازیار یان بازرگان بن، بەڵكو دەبێت
دابەشكردن هەبێت.
سێهەم: تەركیز لەسەر گەنج دەكەین و خەڵكێكی
گەنج دەهێنینە پێشەوە، ئەمە جگە لەڕێژەی
ئافرەتان كە مەرجێكی یاساییە.
چوارەم: پشت بە راپرسی دەبەستین، سەبارەت
بەهەر كاندیدێكی خۆمان، بۆ ئەوەی بزانین
شەعبیەتی چۆنە و خەڵك تاچەند رازییە بە
كاندیدكردنی، بۆیە ناوەندەكانی پارتیمان كەسێك
كاندید دەكەن، دەبێت ئەو مەرجانە رەچاو بكەن.
چونكە لەداهاتوودا، كێشە سیاسییەكان
لەئەنجومەنی پارێزگاكان یەكلایی دەكرێنەوە،
ئێمە بەرەو كۆمەڵگای مۆدێرن و چەسپاندنی
پرۆسەی دیموكراتی دەڕۆین، بۆیە دەبێت خەڵكێك
كاندید بكرێن، كە شایستەی ئەو ململانێیانە بن
و قابیلیەتیشیان هەبێت.
بۆ هەڵبژاردنیش ئێمە هەڵمەتمان هەیە، هێشتا
زووە بۆ ئەوە، بەڵام چەند نزیك بینەوە زووتر
ئەو هەڵمەتە دەست پێدەكەین و زیاتر خۆمان بەو
هەڵمەتەوە ماندوو دەكەین.
سڤیل: واتە بۆ هەر قەزا و ناحیەیەك كاندیدی
تایبەت بۆ خۆیان دەستنیشان دەكەن؟
خەسرەو گۆران: دەمانەوێت زۆرترین دابەشبوونی
جوگرافی هەبێت، ئەمە یەكێكە لەو رێنماییانەی
كە بە قاعیدەی پارتیمان داوە.
سڤیل: بەڵام بیرتان لەوە نەكردۆتەوە، كە
لەدەرەوەی پارتیش كاندیدتان هەبێت، واتە مەرج
نەبێت كاندیدەكانتان ئەندامی پارتی بن، چونكە
پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان ئەم پلانەی هەبوو؟
خەسرەو گۆران: قسەكردن شتێكە و واقیع شتێكی
ترە، مومكین نیە گۆڕان بچێت كەسێك كاندید بكات
كە لایەنگری گۆڕان نەبێت و سەر بە گۆڕان نەبێت
و بۆ گۆڕان كار نەكات، سبەی گۆڕان داوای
لێبكات كە لەئەنجومەن بكشێتەوە بڵێت
ناكشێمەوە، واتە پرسیار ئەوەیە كە ئەوان لەسەر
چ بنەمایەك كاندید دەستنیشان دەكەن، ئەگەر
كەسێك حیزبێك كاندیدی بكات و تەعبیر لەسیاسەتی
ئەو حیزبە بكات، ئەوە لایەنگری ئەو حیزبەیە،
ئەگەر ئەندامیش نەبێت، پێش هەموو شتێك گۆڕان
حیزبیش نیە، كوا سكرتێری؟ كوا سەرۆكی؟ كوا
سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییەكەی؟، ئێمە وەك
پارتی تا رادەیەكی زۆر لەحیزب فراوانترین،
لایەنگرانی پارتی هەر ئەندامانی پارتی نین،
پێش هەموو شتێك جەماوەری سەرۆك بارزانی
لەپارتیش زۆرترە، بە دەلیلیش لەهەڵبژاردنی
ئەمدواییە، سەرۆك بارزانی بە تەنها لە پارتی و
یەكێتیش دەنگی زیاتر هێنا، بۆیە پارتی حیزبێكی
گەورە و فراوانە و مێژوویەكی گەورەشی هەیە،
هەندێك شتی هەیە بۆتە سوقل لەناو خەڵكدا، بۆ
نموونە پارتی تەنازول لەسەر بابەتە
نەتەوەییەكان و بابەتە كوردستانییەكان ناكات،
پارتی رەنگە خەڵكێكیش كاندید بكات، كە ئەندامی
پارتیش نەبن.
سڤیل: پێگەی جەماوەری پارتی لە چ ئاستێكدایە،
وەك باس دەكرێت، لەداتابێسەكەی پارساڵدا،
سەركردایەتییەكەتان نیگەران بووە لەو رێژەیەی
كە بەدەست هاتووە، چونكە بەگوێرەی
زانیارییەكانی ئێمە، رێژەی جەماوەریتان زۆر
كەمی كردووە، هەندێك ناوی وەهمی و دووبارەش
هەبووە؟
خەسرەو گۆران: موتڵەقەن سەركردایەتی پارتیمان
نیگەران نیە لەكەمبوونی ئەندامەكان، لەمێژبوو
ئەو ناوانە كۆنترۆڵ نەكرابوون، زۆر ناو هەیە
رەنگە سەنگەری گۆڕی بێت، هەیە رووی لەهەندەران
كردووە، زۆركەس مردوون ناویان مابوو، بۆیە
بەناوەكاندا چووینەوە، بەشێوەیەكی زانستیانە
خواسترا ئەندامەكان ئامادەیی خۆیان ئیعلان
بكەن، بەڵام ناوی وەهمی نەبووە، بڕواشم نیە
پارتی خەڵكێكی هێنا بێت و ناوی نوسی بێت و
تەنها وەك ناو هەبێت و خۆی نەبێت، بۆ ئەوەی
بڵێین رێكخستنەكانمان زۆرە، جارێ كەس بۆی نیە
ببێت بە ئەندامی پارتی، ئەگەر خۆی فۆرمی
ئەندامێتی پڕ نەكاتەوە.
سڤیل: بە گوێرەی ئەو فۆرمانەی كە پڕتان
كردۆتەوە، ئەندامەكانتان چەندن وەك رێژە؟
خەسرەو گۆران: هێشتا فۆرمەكان تەواو نەبوون
تەنها هی پارێزگای هەولێر و دهۆك تەواو بوون،
ئەوەش نهێنی حیزبییە و نایدركێنین، بەڵام ئەو
ژمارەی كە پێشتر هەبووە، كەمێك كەمی كردووە،
واتە چەند سەد هەزارێك كەمی كردووە.
سڤیل: بەڵام ئەگەر وەك رێژەی سەدی دابنرێت،
چەند كەمی كردووە؟
خەسرەو گۆران: پارتی لە سەددا بیستی
ئەندامەكانی كەمی كردووە، دەركەوتنی ئەم
ژمارەیەش شتێكی باشە بۆ ئێمە، چونكە لەمەولا
هەر كەسێك ئەندامی پارتی بێت، دەبێت حزوری
هەبێت، كە ئێس ئێم ئێسێكمان بۆ نارد، دەبێت
حزوری هەبێت، بۆ ئەوەی بزانین چەند ئەندامی
ئەكتیڤمان هەیە و چەندیشیان مامناوەندین و
چەندیشیان چالاكییان نیە.
سڤیل: بەخوێندنەوەی خۆتان، تەسەور دەكەن
لەهەڵبژاردنی داهاتوو وەك رێژەی سەدی چەندی
دەنگەكان بهێنن؟
خەسرەو گۆران: لەهەولێر و دهۆك ئێمە حیزبی
یەكەمین، بەپێی ئەو راپرسیانەی كە خۆمان و
خەڵكی تریش كردوونی، بە تەسەوری خۆمان
لەهەولێر %50ی دەنگەكان بەدەست دەهێنین،
لەدهۆك %65 زیاتر دەهێنین، لەسلێمانی %10
دەهێنین، كە ئەو نسبەیەی سلێمانیش هۆكاری
مێژوویی و سیاسی خۆی هەیە، پێویستە لەمەولاش
وردە وردە پارتی بەرەو سلێمانی و گەرمیان
بڕوات، لەوێ مەجالی خۆی ببینێتەوە و خەڵك كەسب
بكات، ئەمەش هەر بە قسە نابێت.
سڤیل: ئەی لەسەر ئاستی كوردستان بەگشتی،
پێشبینی دەكەن، وەك رێژەی سەدی چەندی دەنگەكان
مسۆگەر بكەن؟
خەسرەو گۆران: ئێمە لەسەر ئاستی كوردستان
بەگشتی، دەوروبەری %40ی دەنگەكان مسۆگەر
دەكەین.
سڤیل: لەراپرسییەكاندا پشتتان بەچی بەستووە؟
خەسرەو گۆران: ئێمە پشتمان بەچەند شتێك
بەستووە.
یەكەم: ئاماری هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 و
2010، لەژێر دەستمانە و دەزانین ئەنجامەكان
چۆن بوون.
دووەم: چەند رێكخراوێكی بیانی وەك ئێن دی ئای
و ئاڕ ئای ئای راپرسییان كردووەو
ئەنجامەكانیشمان لەبەردەستدایە.
سێهەم: پەیمانگا و سەنتەرە ناوخۆییەكان كە
راپرسیان كردووە، وەك پەیمانگای كوردستان و
وەك سەنتەری ئاسودە و چەند ناوەندێكی تر كە
ناوە ناوە راپرسی بڵاو دەكەنەوە و
ئەنجامەكانمان لایە.
چوارەم: خۆیشمان وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی،
بەشێكی تایبەتمان هەیە بەناوی راپرسی و
توێژینەوەی راپرسییەكان، هەندێك مەعایری خۆمان
هەیە، بۆ ئەوەی بزانین لەناو خەڵكدا وەزعمان
چۆنە.
سڤیل: وەك دەزگاكەی خۆتان، كەی ئاخر راپرسیتان
كردووە؟
خەسرەو گۆران: پێش چەند مانگێك كردوومانە،
واتە نزیكەی سێ مانگ دەبێت.
سڤیل: ئایا نەوزاد هادی و تەمەر رەمەزان
دووبارە هەڵدەبژێرنەوە؟
خەسرەو گۆران: من ناتوانم وەڵامێكی دروستت
بدەمەوە، چونكە هێشتا زووە، بەڵام من دەزانم
هەوڵ دەدەین خەڵك بڕیار بدات، ئەگەر خەڵك
پارێزگاری هەولێریان پێباش بوو و شەعبیەتێكی
هەبوو و خەڵك خۆشیان ویست، قەیدی چییە كاندیدی
دەكەینەوە، یان پارێزگاری دهۆك، چونكە
مەسەلەكە ئەوە نیە شەخسێك ئەوەندە ساڵە
لەحكومەتە و دەبێت لابدرێت، هەروەك وتم
راپرسیەك لەخوارەوە دەكەین لەناو ئەندامانی
پارتیدا، ئەگەر هەر كەس شەعبییەتی هەبێت
مانعمان نیە.
|