|
سڤیل:
رێــــبـــوار سـیــــــوەیــــــلـی
ئەو
مرۆڤێكە ناتوانیت بەلایدا تێپەڕیت: بڕواناكەم
كوردێك لەهەرێمەكەی ئەودا هەبێت و هاتبێتە ناو
جیهانی رووناكبیرییەوەو پێویستیی بەوە نەبیت
مەسعود محەمەدی مامۆستا و بیركەرەوە بناسێت.
ئەو كەسایەتییەكە، نە دەتوانیت لە دوورەوە
خۆشتبوێ و نە لە نزیكەوە دوژمنایەتی بكەیت. نە
بە ئاسانی دەبێتە دۆست و نە ساكارانەش بۆت
هەیە دوژمنایەتی بكەی. لە هەردوو حاڵەتدا
پێویستە بیناسیت و هۆشی خۆت بخەیتەكار..
هەرگیز لە نزیكەوە نەمبینیوە، بەڵام لە مێژە
ئاشنایەتییەكی سادەم لەگەڵ نووسینەكانیدا
پەیداكردووە، بگرە من لە خوێندنەوەی
وتارەكانییەوە بە زمانی عەرەبی، كە زۆریشم
لێنەدەزانی، دەستم پێكرد. وتارەكانی ئەو درێژ
و بە عەرەبییەكیش كە قورس بوو، دەینووسی. ئەمە
دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی
ڕابردوو. بەڵام ئەوەتەی هەم، هەر ئەوەندەم چاك
كردووە، كە بەوجۆرە لەگەڵ مامۆستا مەسعود
محەمەددا ئاشنا بووم و پەیامیشم بۆ ئەو
كەسانەی دەیانەوێ ئەم مرۆڤە بناسن، هەر ئەوەیە
كە لەخۆیەوە دەستپێبكەن و بەرهەمەكانی بگرن و
بیانخوێننەوە.
ساڵەكان و تەمەن فێریان كردم دوو مەسعود
محەمەد لەیەكتر جیا بكەمەوە: یەكەمیان ئەو
پیاوەی بیری دەكردەوە و بیركردنەوەكانی بەو
ستایل و زمانە دەنووسینەوە، كە
لەبەرهەمەكانیدا دیارن و پێموایە رۆژگارێك دێت
پێویستیی رۆشنبیریی ئێمە بە گەڕانەوە بۆ ئەم
پیاوە، زیاتر بێت. دووەمیشیان مەسعود محەمەدێك
بوو لەناو قسە و باسی شوێنكەوتوو و
بڕوادارانیدا. من ئەمەی دواییان باش ناناسم و
زۆرجاریش گەلێك بیروڕای ئەو مامۆستایەم
بەجۆرێكی دی لە زمان ئەوانەوە گوێ لێبووە كە
شەیدای بوون، لە نووسینەكانی خۆیدا نەمبینیون.
ئاساییە مرۆڤ تا سنووری شێتیی و شەیدایی ئاشقی
نووسەرێك بێت، بەڵام مەترسیدارە بۆ ئەو
نووسەرە كە ئەوانیتر بیانەوێ بیروڕا و
بۆچوونەكانی خۆیان بەوجۆرە بخەنە ڕوو، كە هی
نووسەرەكەن، نەك خۆیان. نووسەرێك، هەر تەنیا
لە بیروبۆچوونەكانی خۆی بەرپرسیارە و پێویستە
لەچوارچێوەی ئەو شێوازەدا كە پێی دەنووسێ و
ئەو سیستەمە زاراوەییەدا كە بیری تێدا
كردۆتەوە، هەڵسەنگێنرێ. هەڵسەنگاندنی لەبەر
ڕۆشنایی ئەو بیروڕایانەی خەڵكانیتر بەو جۆرە
خستوویاننەتەڕوو، وەك ئەوەی هی نووسەرەكە بن،
كارێكی دادەوەرانە نیە، بەتایبەتی كاتێ ئەو
ئیتر بۆخۆی لە ژیاندا نەمابێت.
بۆیە من بەردەوام دەگەڕێمەوە سەر ئەزموونی خۆم
و ئەوەی لە ئەنجامی خوێندنەوەوە، لەو مرۆڤە
تێگەیشتم. لەم میانەیەشدا بەردەوام پرسیارێكم
لەخۆم كردووە، كە دەمەوێ لێرەدا ئەو وەڵامە
نیوەناچڵییەش بخەمە ڕوو، كە تا هەنووكە پێی
گەیشتووم:
چی لە مەسعود محەمەد دا هەیە بۆ ئەمێستاكە
گرنگە و چۆن نەوەی داهاتوو بۆی بگەڕێتەوە؟
مەسعود محەمەد بە ستایلێكی قورس دەینووسی،
لەبواری هزر و بۆچوونی فەلسەفیی و پرسیاری
گرنگدا دەینووسی و سەرچاوەكانیشی بە دەگمەن
ناو دەبردن. بەڵام ئەو بەردەوام لەقوڵاییدا
مایەوە. داڕشتن و ستایل و زمانەكەشی بەجارێك
لەمەدا هاوكاری بوون و ئەو دەیتوانی هەمیشە
وێنەی بیركەرەوەیەكی جیدی و مرۆڤێك كە ژیان بە
ئاسانیی ناگرێت، لەسەر خۆی بەرهەم بهێنێت.
بۆیە لە خۆتەرخانكردن بۆ شێوازی ئەو، ئەركی
خوێنەر گران و كەم نییە. رێكردن لەگەڵ
بەرهەمەكانی مامۆستایەكی وا گەورە و پەیبردن
بە ناوەڕۆكیی كارەكانی و هۆكاری ئەو تەرزە
بیركردنەوەیە، ئەركێكە پێویستە خوێنەر بیگرێتە
ئەستۆی.
مامۆستا مەسعود محەمەد، مرۆڤێكە لەسەردەمێكدا
ژیا و بیریكردەوە و نووسی، كە هیچ شتێك وەك
ئەوەی پێویست بوو، نەدەنووسراو ئەوەی بیریی
لێدەكرایەوە، ئەوە نەبوو كە دەنووسرا. بۆیە لە
نێوان بەرهەمەكانی ئەم مرۆڤە و خوێنەردا،
هەمیشە كەلێنێكی بەدحاڵیبوون و بەهەڵە
تێگەیشتن ئامادەیە، كە زەمانە لەناو تێكستدا
بەرهەمی هێناوە. گوشاری كات و سەردەمەكە،
سانسۆر زۆرێك لە بیرۆكەكانی مامۆستاكەمانی لە
پێچ و دەورانی نووسینەوە، ئاڵاندووە و ئەوەی
دەكرا زۆر بە ئاسانی و ڕوونتر دەربڕدرابا،
ئاڵۆز بووە و ڕێگای كورتی بۆ درێژكردوینەتەوە.
هاندەر و ئەنگیزەی ئەمەش باڵادەستییە بەسەر
سانسۆردا و تامەزرۆییە بۆ بەردەوامبوون.
وێڕای ئەوە، مامۆستا مەسعود محەمەد بەردەوام
شتێكی پێیە لە خۆماڵیبوون و رەسەنایەتی و
ئۆرگیناڵییەت. بەردەوام ئاماژەیەكی هەیە بەوەی
كە بەڕاستیی كوردستانی و كوردییە. چ لە زماندا
و چ لە بابەت و ناوەڕۆكی زماندا. ئەمە جگە
لەوەی زۆرجار زمان بۆخۆی دەبێتەوە ناوەڕۆكی
خۆی و سەرنج و وردبینی مامۆستاكەمانی لەسەر چڕ
دەبێتەوە، بەجۆرێ كە قسەكردن لەسەر زمان، وەك
سەفەرێكی كولتووری لێدێت بەناو مێژوو و
شارستانیەتی كوردا. زمان یەكێكە لە كێشە و
بابەتە هەرە گرنگ و چارەنووسسازەكانی نەوەی
مەسعود محەمەد، كە ئەو بەخشین و زیادەی زۆری
خستە سەر.
مەسعود محەمەد، كورتكەرەوە نەبوو، بیروڕای
كتێبی كەسانیتری بەناوی خۆیەوە كورت
نەدەكردەوە، وەك ئەوەی هەندێك كەسانی دی لە
نەوەی پاش ئەو دەیكەن و كردوویانە. ئەو
بیروڕای كەسیتریشی كۆپینەدەكردو دەرخواردی
خوێنەری بدات. ئەوەی كە هەیەتی، مۆركی
بیركردنەوەی خۆی، زمان و داڕشتن و زاراوەسازیی
خۆی پێوەیە. ئەو یەكدەستە و نوسینەكانی لە
ڕەهەندی باش و خراپدا هاوبەشن. ئەمە نیشانەی
ئەو مۆركیی كەسایەتی و شێوازە تایبەتەی ئەوە.
من بەڵگەیەكی ئەوتۆم دەستنەكەوتووە، كە
بەشێوەیەكی سیستەماتیك بەرهەمی بیر و هزری
فەیلەسووفە خۆرئاواییەكانی خوێندبێتەوە، بەڵام
ئاگاداری بەشێكیان بووە و بەبێ سەرنج و ڕەخنەش
بەلایاندا تێپەڕ نەبووە. نە بتی زەینی
لێداتاشیون و نە پێویستییەكیشی بەوە هەبووە
بەهۆی ناوهێنانی بەردەوامیانەوە، پێگە و
دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی خۆی بەسەر هاوتەمەن و
هاوكاتەكانیدا بسەپێنێ. ئەو لەگەڵ مۆدێلی
فیكری و مۆدەی فیكریدا نەبووە و نەبۆتە
شوێنكەوتەی هیچ بیرمەند و فەیلەسووفێك،
ئەگەرچی جاروبار بەڕێزەوە ناویان دەهێنێ.
ئەو، بابەندبوو بە كۆمەڵگای كوردییەوە، چ لە
رەهەندە مێژوویی و چ لە رەهەندە
رۆشنبیرییەكەیدا. بەرهەمەكانی، هەم
سەرنجدانێكی فراوانیان تێدایە لەئاست گوزەرانی
كولتووری و رۆشنبیریی كوردەكاندا و هەم
چوارچێوە مێژووییەكەی ئەوەی پەیوەندیی بە
وڵاتی خۆیەوە هەیە، لەبیر ناكات. نازانم بە
تەواوی مانا مۆدیرنیستبووە، یان نا، چونكە
رەگەزی جۆربەجۆر لەبۆچوونەكانیدا هەن و
ستایشكەرانیشی وێنەیەكی تایبەتیان لەسەر
دروستكردووە، كە زیاتر بۆنی پیرۆزكردن و بەدەر
لەڕەخنەی تێدا باڵادەستە، بەڵام ئەو هەروەكچۆن
مەیلێكی جەوهەریانەی تێدایە بۆ تێگەیشتن و
حاڵیبوون لەو دیاردە و بابەتانەی بیریان
لێدەكاتەوە و لەبارەیەوە نووسیون، ئاواش بڕوای
بە جۆرێ لەكرانەوە و سیستەمێكی لیبراڵیانە
هەیە. ئەو یاخیگەرێكی پارێزخوازە، زیاتر لەوەی
شۆڕشگێڕ بێت. شكۆی بنەماڵەكەی و بوونی رۆحێكی
نەبیلانە لەكەسایەتیدا، رێگەی نەدەدا
یاخیگەرانە بنووسێ، بەڵام یاخیگەرانە بیری لە
سەردەمەكەی خۆی دەكردەوە.
ئەو ئەنتی زانستیی نەبوو، بەڵام دژی خستنەڕووی
سیستەماتیكیانە و بۆچوونی ئەكادیمیكیانە بوو،
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شتێكیی لەزانستدا
كورتنەدەكردەوە. زانست بۆ ئەو تەنیا دەریچەیەك
بوو، كەلێن و دەلاقەیەك و بۆچوونگەلێكی لەسەر
دنیای ماتەریاڵی بەدەست دەهێنا، بەڵام ژیان و
بوون بەلای ئەوەوە هەر تەنیا كورتنەدەكرانەوە
لەماتەریاڵیەتدا. بڕوای ئەو فراوانتر بوو
لەئەنجامگەلێكی زانستیانە و ئەكادیمیكیانە.
ئەو بەمكارەی جیاكارەیەكی دیاری لەنێوان خۆی و
نەوەی پێشخۆی، دروستكردبوو.
زۆر زۆرم پێخۆشە كە لەسەردەمی ئێستادا نەژیا و
دوور لەكەشوهەوای رۆژانەی كوردی عێراقەوە ژیا.
ئەم كەشوهەوایە بۆ رۆشنبیریی راستەقینە و
بیركەرەوەی شێلگیر، ژەهراویە و كەم كەس
دەتوانێت بە حورمەتی خۆیەوە، لە هرووژمی
ناكەسان و لاساییكەرەوە و دەروێشانی هزر،
رزگاری ببێت. ئەگەر وانەیابە و ئەو لێرە و
لەكەشوهەوای شێوە ئازادانە و بەناو
دیموكراتیانەی هەرێمدا ژیا با، ئێستا مەسعود
محەمەدێكمان نەدەبوو، كە لەكەناڵ و میدیا و
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، سوكایەتی
پێنەكرابێت..
|