كێشە ناوخۆییەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی دەتەقنەوە  

 

 

سڤیل:

ئێستا مەلەفی زیاتر لە 20 كێشەی گەورە لە مەكتەبی سیاسین و توانای چارەسەركردنیانیان نیە



كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە 31-5-2001 وەك بەهێزترین باڵ لەبزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی جیابووەوەو عەلی باپیر بە ئەمیری هەڵبژێردرا و تا ئێستا 2 كۆنگرەی بەستووەو وا بڕیارە لەمانگی 7 ی ئەمساڵدا كۆنفرانسی ئاسایی ببەستێت و بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) لەئێستادا مەكتەبی سیاسی ئەم حزبە ئالودەی چەندین كێشەی ناوخۆیی بووەو توانای چارەسەركردنیانی نیە، بەپێچەوانەوە وتەبێژی فەرمی ئەو حزبە ئاماژە بەوە دەكات، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری دەكەن، ئەوەش پاش بەدواداچوونی وردیان بۆ تەواوی ئۆرگانەكان دێت.
پەیڕەو و پڕۆگرام، سەرچاوەی كێشەكانە
ئەگەرچی لەمانگی تەمموزی ساڵی 2010 لەشاری هەولێر و بۆ ماوەی سێ رۆژ كۆمەڵی ئیسلامیی كۆنگرەی دووەمی خۆی گرێدا و بەقسەی بەرپرسەكانی كۆمەڵ كۆنگرەیەكی "سەركەوتوو" بوو، بەڵام هەر بە تەنها پاش چەند هەفتەیەك شكستەكانی كۆنگرە دەركەوتن و یەكسەر ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی رایانگەیاند "كۆنگرەی دووەم پێویستی بە كۆنگرەیەكی تر هەیە".
بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) كێشەكانی كۆمەڵ كاتێك زۆر بوون، كە كۆنگرەی دووەمی كۆمەڵ 31 ئەندامی سەركردایەتی و 3 ئەندامی یەدەگی هەڵبژارد و دواتر پەیڕەو و پرۆگرامێكی دانا، كە پێویستی تەنها بە 21 ئەندامی سەركردایەتی بوو، لەبەر ئەوە هەر ئەو كاتە 10 ئەندامی سەركردایەتی دەبوو بێ پۆست بمێننەوەو تا ئێستا ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی پۆستیان نیە و بەردەوام گازەندە لەحزبەكەیان دەكەن.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە (سڤیل)ی راگەیاند، "لەئێستادا 10 ئەندامی سەركردایەتی كە بریتین لە (موحەمەد بامۆكی، موحەممەد سینەمۆكی، موحسین حسێن، سەلیم كۆیی، یاسین حەسەن، رێبوار حەمەد، ئاڤان مستەفا، دڵشاد كەلاری، دلێر گەرمیانی) پۆستیان نیە یان بە پۆستێكی لاوەكیەوە سەرقاڵكراون و چەند كەسێكیش لەوانە لەبەر بێ پۆستی چوونەتە دەرەوەی هەرێم و خەریكی خوێندنن، جگە لە 3 ئەندامە یەدەكەكەی سەركردایەتی كە هەر سێ كەسەكەیان بێ پۆستن.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) لەگەڵ ئەوەدا كە ئەوەندە ئەندامی سەركردایەتی بێ پۆستن، كەچی بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی ئۆرگانێكی گرنگ و 2 مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی لەدەرەوەی سەركردایەتییەوە بەرپرسیان بۆ دانراوە، ئەوانیش بریتین لە ناوەندی هەڵبژاردن كە (زانا ڕۆستایی) ئەندامی سەركردایەتی نییەو دانراوە بەبەرپرسی، هەروەها مەڵبەندی سلێمانی كە ( عەبدولحەمید جەلال) لەكۆنگرە دەرنەچووەوەو مەڵبەندی گەرمیانیش كە (بورهان عەباس) ئەندامی مەڵبەندەكە كراوەتە بەرپرسی.
سڤیل ئەوەشی زانیوە كە یەكێكیتر لەو كێشانەی هەر بەهۆی "سەقەت"ی پەیڕەو و پڕۆگرامەوە سەریهەڵدا، كێشەی نێوان دامەزراوەكان بوو لەنێوان (نازم عەبدوڵڵا) كە بە جێگری عەلی باپیر دەزانرێت و (عەبدولستار مەجید)ی زاوای عەلی باپیر، پاش ئەوەش چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ باسیان لەئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی (نازم عەبدوڵڵا) لەكۆمەڵی ئیسلامیی كرد، لەڕوونكردنەوەیەكیشدا نازم عەبدوڵڵا ئەگەرچی نەیتوانی نكۆڵی لەبوونی كێشە بكات، بەڵام ڕایگەیاند كە دەست لەكار ناكێشێتەوە.
لەڕوونكردنەوەكەیدا نازم عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ و بەرپرسی دامەزراوەی مەكتەب و دەزگاكان رایگەیاند "سەبارەت بەدەنگۆی ئەوەی كەوا من وازم لەكۆمەڵیئیسلامی هێنابێت، بە هیچ شێوەیەك وازم لەكۆمەڵیئیسلامینەهێناوەو كێشەی شەخسیم لەگەڵ هیچ برایەكدا نیە، هەندێك تێبینی مەنهەجیم هەبووە، ئەویش مەسەلەیەكی ناوخۆییەو لەوێ چارەسەر دەكرێت".
مەلەفی بەعسیبوون، كێشەیەكی هەڵپەسێردراو
ئەگەرچی تا ئێستا عەلی باپیر و كۆمەڵی ئیسلامیی بەچەند شێوەیەك بێمنەتی خۆیان لەبوونی "مەلەفی بەعسی" دەربڕیوە و هەموو بەڵگەنامەكانی ئەو بابەتەشیان بە درۆ خستۆتەوە، بەڵام بڕیارێكی دەستەی نەزاهەی عێراق ئەم بابەتەی لای كۆمەڵی ئیسلامی گەرم كردەوە، ئەویش كاتێك (موشیر گەڵاڵی) بەرپرسی مەڵبەندی هەندەرانی كۆمەڵ لەلیستی پاڵێوراوانی كۆمەڵ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق 2009 ناوی لادرا، بەدوای ئەوەش لەكۆنگرەی دووەمی كۆمەڵدا ناوی (موشیر گەڵاڵی) لەلیستی پاڵێوراوانی سەركردایەتی كۆمەڵ لادرا و ئەویش ڕایگەیاند كە هەر یەك لە (عەلی باپیر) ئەمیری كۆمەڵ و (ئارام قادر) بەهێزترین كەسایەتی كۆمەڵ دوای عەلی باپیر دەداتە دادگا و بە وتەی خۆشی لەدادگای ناوخۆیی كۆمەڵ داوای یاسایی تۆماركردووە، بەڵام تا ئێستا مەكتەبی سیاسی ئامادە نیە وادەی دادگاییەكە دیاری بكات.
لەوبارەیەوە موشیر گەڵاڵی بە (سڤیل)ی گوت: چاوەڕێی رۆژی دادگاییكردنەكەم دەكرد، بەڵام دواتر بەرپرسانی كۆمەڵ تەگەرەیان خستۆتە بەردەم، من داوامكردبوو كە لەكاتی دادگاییكردنەكە دەزگاكانی راگەیاندن و چەند كەسایەتیەكی بێلایەن ئامادەبن و مافی ئەوەشم هەبێت پارێزەرێك بۆخۆم بگرم، ئەوان ئەو مەرجەیان قبوڵ نیەو، دەیانەوێ لەژوورێكیداخراودا ئەو دادگاییكردنە ئەنجامبدرێت. موشیر گەڵاڵی گوتیشی "داوام لێكراوە كە داواكەم بكشێنمەوە، لەگەڵ عەلیباپیر و ئارام قادر ئاشتببمەوە، بەڵام من باوەڕم بە ئاشتبوونەوەك نیەو بە ئەندامانی كۆمەڵیش دەڵێم گلەیینەكەن لەخستنەڕووی راستییەكان و پەنا بردن بۆ دادگاكانی هەرێمی كوردستان.
هەولێر، ئۆرگانگەلێكی پڕ كێشە بۆ كۆمەڵ!
ئەگەرچی بە وتەی ئەندامێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامیی چەندین ساڵە ئۆرگانەكانی كۆمەڵ لەهەولێر (مەڵبەند، قوتابیان، خوشكان، لاوان، تەندروستكاران، ئەندازیاران، وەرزشكاران، زانایان) بێ كێشە نەبوون، بەڵام تازەترین كێشە لەمەڵبەندی 3 ی هەولێرەوە سەریهەڵداوە.
ئەو ئەندامە باڵایەی كۆمەڵ لەهەولێر كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات، بە (سڤیل)ی گوت "پاش ئەوەی دوو مانگ لەمەوپێش مامۆستا عەلی باپیر سەردانێكی مەیدانی بۆ ناوچەكان دەستپێكرد، وەك باسدەكرا ئەو سەردانانە كۆمەڵایەتی بوون، بەڵام لەڕاستیدا بەدواداچوون بوون و پاش ئەو سەردانانەشی ئەمیری كۆمەڵ زانیاری تەواوی لەسەر ئۆرگانەكان دەستكەوتووەو دەستیكردووە بەگۆڕانكاری و چارەسەركردنی كێشەكان و یەكەمین ئۆرگانیش لەهەولێرەوە دەستی پێكرد، بەو پێیەی پایتەختەو كۆمەڵ خاوەنی دەنگە و پێش ئیسلامییەكان دەكەوێت لەم شارەدا".
ئەو ئەندامە باڵایەی كۆمەڵ لەهەولێر گوتیشی "لەئێستاشدا بەبڕیاری ژمارە (5)ی سەركردایەتی و لەدواكۆبوونەوەی سەركردایەتی رۆژی 1-1-2012 دا (سەلیم كۆیی) بەرپرس و كارگێڕانی مەڵبەندی 3ی هەولێری كۆمەڵ لادران و (مەلا مەڕوان ئیسماعیل) ئەندامی مەكتەبی سیاسی كرایە بەرپرسی مەڵبەند و ستافێكی نوێش دیاریكرا، بەڵام دڵنیام ئەو كێشەیە چارەسەر نابێت".
لای خۆیەوە سەلیم كۆیی بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) رەتی كردەوە، كە لەپۆستەكەی دوورخرابێتەوە، وەك خۆی گوتی "دوورنەخراومەتەوە، بەڵكو دەستم لەكاركێشاوەتەوە". رەتیشی كردەوە هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی ئاشكرا بكات و گوتی "لەئێستادا نامەوێت هیچ لەسەر دەست لەكاركێشانەوەم بڵێم، بەڵام بۆ خۆم وام پێباش بوو، كە دەستیشم كێشاوەتەوە لەكۆمەڵی ئیسلامی دەستم نەكێشاوەتەوە، تەنیا لەپۆستی بەرپرسی مەڵبەند دەستم لەكاركێشاوەتەوە، ئێستاش هەر ئەندامی كۆمەڵی ئیسلامیم".
ئەو باسی ئەوەشی كرد كە لەمەڵبەندەكەی ئەوان هەر خۆی دەستی لەكاركێشاوەتەوە هیچ كارگێڕ مەڵبەندیان بەرپرسێكی دیكەی مەڵبەندەكەیان دەستی لەكارنەكێشاوەتەوە.
لەو بارەیەوەش محەمەد حەكیم گوتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامیی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە بەبۆنەی هاتنە پێشی هەڵبژاردنەوە و پاش چاودێریكردنی سەرجەم ئۆرگانەكان گۆڕانكاری دەكەین".
ئایا كۆنفرانس، چارەسەری كێشەكان دەكات؟
بەپێی بڕیاری كۆمەڵی ئیسلامیی وا بڕیارە لەنێوان هەردوو كۆنگرەیەكدا كۆنفرانسی ئاسایی ببەسترێت، كۆنفرانسی ئەمجارەش لەمانگی تەمووزی 2012 دا دەبەسترێت، ئەگەر دوانەخرێت، ئەگەرچی تا ئێستا باس لە دواخستنی نەكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم مانگی ئەیلول هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت، پێدەچێت كاتی كۆنفرانسەكەی كۆمەڵ بگۆڕێت.
بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی شورای كۆمەڵی ئیسلامیی كە نەیویست ناوی بهێنرێت "هەوڵی تەواو دەدەین لەكۆنفرانسدا زۆر لەو كێشانە چارەسەر بكەین، كە مەكتەبی سیاسی نەیتوانی لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا چارەسەریان بكات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شورای كۆمەڵی ئیسلامیی (كە بە وتەی خۆی ئەنجومەنەكەی بەرزترین دەزگای چاودێریكردنی حزبەو لەكۆنگرەی دووەمدا بڕیاری لەسەر دراوە و زیاتر لە 50 ئەندامی هەیە و تا ئێستا 3 ڕاپۆرتی تێروتەسەلیان داوەتە مەكتەبی سیاسی دەربارەی چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی كۆمەڵ و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان) ئەوەشی بە (سڤیل) گوت "گەورەترین كێشەی كۆمەڵ بێ توانایی مەكتەبی سیاسییەو مونافەسەی ناو برایانی مەكتەبی سیاسییە لەسەر شتی لاوەكی، چونكە ئێستا مەلەفی زیاتر لە 20 كێشەی گەورە لەمەكتەبی سیاسین و توانای چارەسەركردنیانیان نیە، بەڵام ئومێد دەكەین بتوانین لەكۆنفرانسدا بەشێكی كێشەكان كۆمەڵ چارەسەر بكەن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com