|
سڤیل:
نەجمەدین فەرەج، كە ناسراوە بە مەلا كرێكار،
لەساڵانی (2002-2003)، ئەمیری پێشووی گروپی
ئەنسارولئیسلام بووە، دواتر لەلایەن حكومەتی
نەرویجەوە بەتۆمەتی پەیوەندی بەڕێكخراوی
قاعیدەوە دەستگیركراو چەند جارێكیش دادگایی
كرا، بەڵام تا ئێستا دۆسیەكەی لەو وڵاتە
یەكلایینەكراوەتەوەو ئێستا لەوڵاتی نەرویج
نیشتەجێیەو ماوەیەكە دەنگۆی هێنانەوەی بۆ
هەرێمی كوردستان لەئارادایە. لەسەر هاتنەوە و
نەهاتنەوەی بۆچوون و لێكدانەوەی جیا جیا هەیە.
كێ هەوڵی گەڕاندنەوەی مەلا كرێكار دەدات؟
چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی باس لەوە دەكەن،
چەند هەوڵێكی نهێنی لەئارادان بۆ گەڕاندنەوەی
مەلا كرێكار، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بۆ
هەرێمی كوردستان، لەو هەوڵانەش: هەوڵی نوری
مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند
كەسایتییەكی سیاسی كوردستانی و بزووتنەوەی
ئیسلامی كوردستانیش وەك لایەنێكی كوردستانی،
بەڵام هیچكام لەم هەوڵانە پشتڕاست
نەكراونەتەوە. لەبارەی مالیكییەوە لەلایەن
راوێژكارێكی مالیكییەوە ئەو زانیارییە
رەتكرایەوەو مەلا كرێكار خۆیشی هەواڵەكەی
بەدرۆ خستەوە.
لای خۆیەوە وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، شوان
قەڵادزەیی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند "مامۆستا كرێكار ماوەیەكی باش لەناو
رێزەكانی بزوتنەوەدا بووە، چ لەسەردەمی شاخ، چ
لەدوای راپەڕین، بەڵام بەڕەسمی لەلایەن
سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامیەوە هیچ هەوڵێكی
فەرمی لەئارادا نییە بۆ هێنانەوەی مامۆستا
كرێكار بۆ ناو ریزەكانی".
لەلایەكیترەوە بەپێی هەواڵێكی سایتی دووربین
(سایتی فەرمی مەلا كرێكار) یەكێك لەو
كەسایەتیە سیاسیانەی كە لەهەوڵدایە مەلا
كرێكار لە نەرویجەوە بهێنێتەوە بۆ هەرێمی
كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك
وەزیرانی توركیایە.
سایتی دووربین لەهەواڵێكدا بڵاویكردەوە: پاش
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق چەند لایەن
و كەسایەتییەكی سیاسی لەكێبڕكێدان بۆ
هێنانەوەی مەلا كرێكار بۆ هەرێمیكوردستان،
ئەویش بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی
و ئەوانەی كە لەهەوڵدان مەلا كرێكار بهێننەوە
بریتین لە: رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك
وەزیرانی توركیا و ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی
كوتلەی هاوپەیمانی شیعەكان، لەگەڵ حكومەتی
تاران و چەند لایەنێكی كوردیش.
بۆچی لەم كاتەدا گەڕانەوەی كرێكار بووە بابەتی
ڕۆژ؟
پاش ئەوەی تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری
عێراق، تۆمەتی تیرۆریستی درایە پاڵ و بەغدای
بەجێهێشت و هەر یەك لەجەلال تاڵەبانی سەرۆك
كۆماری عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی
كوردستان رایانگەیاند: تاریق هاشمی
لەكوردستانە و میوانی ئێمەیە. چاودێرە
سیاسییەكان بابەتی گەڕاندنەوەی مەلا كرێكاریان
لەگەڵ بابەتەكەی تاریق هاشمی پێكەوە بەستەوەو
باس لەوە دەكرێت: مالیكی دەیەوێـت كرێكار وەك
كارتێك دژی سەركردایەتی سیاسی كورد
بەكاربێنێت. هەروەك باس لەوە دەكرێت بۆ
دژایەتیكردنی كورد ئەسیل نوجەیفی و مەلا
كرێكار بەكاردەهێنرێن، بەڵام بەرپرسانی
دەوڵەتی یاسا ئەو بۆچوونانە ناسەلمێنن، سەعد
مەتڵەبی یەكێك لەسەركردەكانی دەوڵەتی قانون و
كەسێكی نزیكی مالیكیە، بە رۆژنامەی الشرق
الاوسگی گوتووە، "هیچ كەسێكی عاقڵ تەسەوری
ئەوە ناكات، مالیكی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە
كەسێكی قاعیدەوە بكات، كە حوكمی ئیعدامی هەیەو
لەلایەن دەسەڵاتی عێراقەوە داواكراوە، داواشی
لێبكات بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دژایەتی دوو حزبە
كوردییەكە بكات". دواتریش مەتڵەبی دەڵێ
"بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە بۆ چەندین
مەبەستە كە ئێمە و برا كوردەكانمان دەزانین
ئەو مەبەستانە چین".
هەڵوێستی مەلا كرێكار بەرامبەر پێنج لایەنەكە
لەتازەترین هەڵوێستیدا، بەرامبەر پێنج لایەنە
سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان،
كۆمەڵ و یەكگرتوو) مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی
ئەنسارولئیسلام رایدەگەیەنێت "هەر پێنج حزبەكە
ئەگەر بیانەوێت بەتەنیا دەتوانن ئیدارەی
كوردستان ببەن بەڕێوە، خۆ ئەو خەڵكەی هەندێك
وڵات دەبەن بەڕێوە هەر بە قەدەر ئەمان
لەسیاسەت دەزانن، بەڵام ئەوان ویست و
ئیرادەیان هەیەو لەمانیش ئازادترن. پارتی و
یەكێتی یان كۆیلەی ئیحتیلالن، یان ئەوەندە
خۆیان و كوردستانیان بە پەیمانی ژێرزەمینیەوە
بەستۆتەوە، لەوە زیاتر ناتوانن تەقدیم بكەن و
بە هێزی داپڵۆسین خۆیان سەپاندووەو كێش ئازایە
بە هێزی رادان بیانهێنێتە خوارەوە".
دەربارەی سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆنیش مەلا
كرێكار دەڵێت "دەیەوێت سوود لە زەمەن بكات،
بەڵكو ئاغای تاڵەبانی بمرێت و یەكێتی
لێكترازانێكی تری تێدا دروست ببێت و یەكگرتوو
مەدرەسەیەكی ئیخوانیە و جەمعیەتێكی ئەخلاقیەو
هیچی تر و هەر بۆ ئەوە باشن بیانكەیت بە
مجێوری مزگەوت و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و
كۆمەڵی ئیسلامیش پڕۆژەیەكی ئێرانە و ناتوانێت
پرۆژەی كوردستانیانەی سووننی سەربەخۆی خۆی پێ
بێت، چونكە لەناو سوننی ئێراندا وەردەگیرێت،
ئەمەش شتێك نییە ئێران قبوڵی كات".
ئەگەر مەلا كرێكار گەیشتەوە كوردستان..؟
ئەگەر مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی
ئەنسارولئیسلام گەشتەوە هەرێمی كوردستان، چی
دەكات؟ دەمێكە چەند سەرچاوەیەك باس لەوەدەكەن،
كە كرێكار بە نیازی دامەزراندنی حزبێكی نوێی
ئیسلامییەو چاودێرێكی سیاسی ئیسلامیش ئاماژە
بەوە دەكات "ئەگەرێكی بەهێزە كرێكار بچێتە نێو
بزووتنەوەی ئیسلامی".
هەرمان ئەحمەد، رۆژنامەنوس و ئاگادار لەڕەوشی
ئیسلامی كوردستان بۆ (سڤیل) گوتی "ناكرێت پشت
بەو زانیارییانە ببەسترێت و ببنە بەڵگەی حەتمی
كە مەلا كرێكار دێتەوە كوردستان، چونكە كرێكار
بەهۆی كۆمەڵێك تۆمەتەوە نەیتوانیوە بێتەوە
كوردستان و لەئێستاشدا زۆر قورسە ئەو تۆمەتانە
لەسەری لا بچن، بەتایبەت دژایەتی بەردەوامی بۆ
پارتی و یەكێتی و مەسەلەی تیرۆر". هەرمان
گوتیشی "لەحاڵەتی گەشتنەوەی كرێكار بۆ
كوردستان، بەڕای من بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە
كرێكار بچێـتەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامیی،
چونكە هەردوولا پێویستیان بە یەكترە،
بزووتنەوەی ئیسلامیی كێشەی ناوخۆیی هەیەو
دەتوانیت بە بوونی كرێكار ئەندامە تۆراوەكانی
ئاشت كاتەوە، هاوكات كرێكاریش خاوەنی
قورساییەكی وا نیە لەكوردستاندا تا بتوانێت
حزب دابمەزرێنێت، لەبەر ئەوە ئەویش پێویستی بە
بزووتنەوەی ئیسلامییە".
هەندێ چاودێری سیاسی باس لەوە دەكەن، مەلا
كرێكار ماوەی چەند ساڵێكە لەكوردستان
ئامادەكاری بۆ هاتنەوەی خۆی دەكات، بەتایبەتیش
لەبواری راگەیاندن، كە جگە لەچەند سایتێكی
ئینتەرنێتی، گۆڤارێكی مانگانەی هەیەو تا ئێستا
چەند ژمارەیەكی لێدەرچووە لەگەڵ چەند
پاشكۆیەكدا. هەروەها لەڕێگەی چەند كەسێكەوە بە
نیازی دانانی رادیۆیەكی ئاسمانییە لەشاری
سلێمانی، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەك
پێویست هەنگاوەكانی بنرێت.
كرێكار خۆی لەبارەی گەڕانەوەی چی دەڵێ؟
مەلا كرێكار كاتێك پرسیاری گەڕانەوەی لێكراوە،
باسی گفتوگۆیەك دەكات، كە كاتی خۆی لەنێوان
خۆی و عەبدوڵڵا عەزامی رێبەری عەرەبەكانی
ئەفغان روویداوە، دواتر كرێكار باسی هۆكاری
نەگەڕانەوەی خۆی دەكات و دەڵێ "منداڵەكانم
چوارانن، سەید قوتب پزیشكە، ئیبن تەیمیە
قوتابیە، مەعالم دەرمانسازە، ئەویتریشیان
زەلالە، نامەوێت حكومەتەكان منداڵەكانم بخەنە
لیستی تیرۆرەوە".
لەساڵی 2006 مەلا كرێكار لەلایەن ئەمریكاوە
خرایە ئەو لیستەی كە گومان دەكرێت پەیوەندیان
لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە هەیە، مەلا كرێكار
پێیوایە نەیارە سیاسییەكانی وایانكردووە
رووبەڕووی ئەو تۆمەتە بببێتەوە، ئەگینا وەك
خۆی دەڵێ "پەیوەندیم بەئیرهابەوە نییە".
|