|
سڤیل:
حكوومەتی ئەردۆغان هەوڵ دەدات بەبێ موخاتەب
كێشەی كورد چارەسەر بكات
دوای ئەوەی لە 4ی ئەم مانگە نورسەل ئایدۆغان
پەرلەمانتاری BDP لەشاری ئامەد جەختی لەوە
كردەوە، كە PKK رێكخراوێكی تیرۆریستی نییەو
شەڕی ئازادی و بەدەستهێنانی ناسنامە دەكات،
ناوبراو لەدیمانەیەكی لەگەڵ (سڤیل) پێیوایە
بەهاری كوردی لەباكووری كوردستان
دەستیپێكردووەو، ئەگەر حكومەت هەنگاو نەنێ،
هەموو توركیا دەگرێتەوە.
لەچوارچێوەی كەمپینی "ئازادی بۆ ئۆجەلان و
كۆتایی بۆ كۆمەڵكوژی" بەسەرپەرشتی بزوتنەوەی
ژنانی ئازاد و دیموكرات لەشاری ئامەد
لەچوارشەممەی رابردوو بەبەشداری سەدان ژن
رێپێوانێكی هێمنانە سازكرا. بەبیانووی ئەوەی
پۆستەری ئۆجەلان بەرزكراوەتەوە، پۆلیس رێگای
بە رێپێوانەكە نەدا، دوای گفتوگۆی نێوان پۆلیس
و نورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتاری BDP
بەلێدوانێك كۆتایی بە رێپێوانەكە هات.
نورسەل ئایدۆغان كە لێدوانەكەی خوێندنەوە،
ئاماژەی بەوە كرد كە PKK بزوتنەوەی تیرۆریستی
نیە و بەڵكو شەڕ بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و
ناسنامە دەكات. ئەم قسەیەی ئایدۆغان
كاردانەوەی بەرفراوانی لێكەوتەوەو لەچەند
مانشێتێكی رۆژنامەكانی توركیا وەكو مانشێت
بڵاوكرایەوە. نورسەل لەوبارەیەوە بۆ (سڤیل)
قسەكانی دووپات دەكاتەوەو جەخت لەوە دەكاتەوە
كە زووبێ یان درەنگ دەوڵەت ناچارە PKK و
سەرۆكەكەی وەكو موخاتەب قەبوڵ بكات، "سەرۆك
وەزیر ناتوانێ كێشەی كورد بەبێ موخاتەبی كورد
چارەسەر بكات، زوو بێ یان درەنگ ناچارە ئەم
راستیە پەسەند بكات. بەڵام چەند زوو بیكات
ئەوەندە باشترە، ژمارەی قوربانیەكان كەم
دەبێتەوە". ئەو پەرلەمانتارە بە رەگەز توركە
لەدرێژەی قسەكانیدا نموونەی بزوتنەوەی حەماس
دێنێتەوەو دەڵێت "حەماس رێكخراوێكە لەلایەن
ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا و چەند وڵاتی جیهان
بەتیرۆریست ناسراوە. بەڵام سەرۆك وەزیری
توركیا حەماس وەكو رێكخراوێكی رزگاریخوازی
فەڵەستینی بەناو دەكات. ئێمەش بەهەمان شێوە
پێمانوایە حەماس رێكخراوێكی ئازادیخوازەو
نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین دەكات. بەڵام چۆن
دەبێت سەرۆك وەزیر حەماس بە ئازادیخواز وەسف
بكات و PKKش كە بۆ ئازادی كورد تێدەكۆشێت
بەتیرۆریست بەناو بكات".
دەربارەی پرسیاری ئایا تاكەی لایەنەكان
دەربارەی كێشەی كورد لەمێزی گفتوگۆ رادەكەن؟
پەرلەمانتاری BDP دەڵێت "لەمبارەیەوە ناتوانین
پێشبینی بكەین، بەڵام لەهەموو جیهان كێشەی لەم
جۆرە لەنێوان لەیەنەكان چارەسەر كراوە، تاكە
لایەنێك ناتوانێ بەتەنیا ئەو كێشەیە چارەسەر
بكات. موخاتەبی كێشەكە دوو لایەنن، دەبێت
هەردووكیان بەیەكەوە، نەوەكو بە رەتكردنەوەی
یەكتر لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن. سەرەڕای
ئەوەی ئەمڕۆ ناتوانین ئاماژە بەنەرمبوون و
هەوڵی جدی بۆ چارەسەری بكەین، بەڵام پێموایە
دوای خۆ تاقیكردنەوە حكوومەتی توركیا لەنێوان
3- 4 ساڵی داهاتوو ناچار دەبێت ئۆجەلان بە
موخاتەب ببینێ".
لەگەڵ گیان لەدەستدانی 35 گەریلای PKK لەگەلی
تەیارە لەناوچەی چەلێ لە 24/11/2011 هەروەها
بەچەندین هەڵمەتی دەستگیركردنی سیاسەتمەدار و
رۆژنامەنووسانی كورد لە چەند مانگی رابردوو،
بێدەنگیەك و بێ جوڵەیەك بە شەقامی كوردی
لەباكووری كوردستان دیارەو بەدەنگمەن نەبێ
خۆپیشاندان و كاردانەوەی جەماوەری نابیندرێت.
لەمبارەیەشەوە ئدریس ناعیم شاهین وەزیری
ناوخۆی توركیا، رایگەیاند كە ئۆپاراسیۆنەكانی
KCK ئامانجەكانی خۆی پێكاوەو توانیوویەتی ئەو
كەسانە بخاتە كونجی زیندانەوە كە چاویان لە
خەڵك سوور دەكردەوە ناچاریان دەكردن بێنەسەر
شەقام تا لەدژی حكوومەت خۆپیشاندان بكەن و
ئاڵۆزی پەشێوی بخەنە ناو كۆمەڵگا. بەڵام لەگەڵ
كوشتنی 35 هاوڵاتی كورد لەناوچەی قلابان
لەئەنجامی بۆمبارانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی
سوپای توركیا، ماوەی چەند رۆژە زۆر بەسەختی
خۆپیشاندان و كۆبوونەوەی جەماوەری باكووری
كوردستان و توركیا تەنیوەتەوە. زۆر
لەئاماژەكان پێیانوایە هەڵمەتی نوێی
خۆپیشاندەرانی كورد لەچەند مانگی داهاتوو زۆر
بەرفراوانتر دەبێت و بۆی هەیە ببێتە
دیاریدەیەكی گشتگیر و بەردەوام. لەمبارەیەوە
نورسەل ئایدۆغان، پێیوایە بۆ ساتێكیش شەقامی
كوردی لەجوڵە نەكەوتووە، "بزوتنەوەی سیاسی
كورد بزوتنەوەیەكی جەماوەریە، هەرچەند فشار
زیاتر بێ، شەقامی كوردی زیاتر پەیوەست دەبێت
بە كردەوە دیموكراتیەكان. ئەمڕۆ بەهاری كوردی
لەباكووری كوردستان دەستیپێكردووە، بەڵام
راگەیاندنی AKP ناهێلێت رای گشتی ئەوە ببینێت.
بەڵام بەهاری كوردی دیاریدەیەكی بەردەوامە و
ئەگەر حكوومەت هەنگاو نەنێ، ئەو بەهارە هەموو
توركیا دەتەنێتەوە". دەربارەی نكۆڵیكردنی
بەرپرسانی حكوومەت لەم راستیە ئایدۆغان دەڵێت
"حكوومەت دەڵێت ئێمە كێشەمان نیە و بۆیە
بەهاری عەرەبی ناگاتە توركیا، بەڵام نەوەكو
بەهاری عەرەبی بەڵكو بەهاری كوردی لەناو
توركیا هەڵگیرساوە".
|