لە بادینان یەكگرتوو سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات  

 

 

سڤیل: شوان سدیق
لەسەرەتای رووداوەكانی دەڤەری بادینان، یەكگرتووی ئیسلامی تیمێكی بەناوی لێژنەی داكۆكیكار پێكهێنا وەك تیمێكی بەرگریكار لەو حزبە، دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامی لێژنەكەی سەرۆكی هەرێم، رۆژی چوارشەممەی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی دژی چەند كەسێك سكاڵای تۆماركرد كە دەستیان هەبووە لەسوتان و هێرشكردنە سەر بارەگاكانیان.
محەمەد هاودیانی،‌ سەرۆكی تیمی پارێزەرانی یەكگرتوو بە "سڤیل"ی راگەیاند "رۆژی چوارشەممە لەدهۆك و سیمێل و هەروەها زاخۆش سكاڵامان تۆماركردووە، بێگومان رۆژی پێنجشەمەیش لەدادگای قەسرۆك سكاڵا تۆمار دەكەین"، پارێزەرەكەی یەكگرتوو گوتیشی "ئەم سكاڵایانەش دژی ئەو كەسانەیە كەوا هەڵساون بەسوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها سكاڵاش دژی ئەو كەسانە تۆماركراوە، كە خەڵكیان هانداوە، لەگەڵ ئەو دەزگا حكومی و ئیداریانەی كە لەئاست رووداوەكاندا كەمتەرخەم بوون".
محەمەد هاودیانی‌، لەدرێژەی قسەكانیادا روونیكردەوە، رێژەی ئەو كەسانەی كە سكاڵا دژیان تۆمار كرراوە "رێژەكانیان زۆرە تەنیا لەپارێزگای دهۆك دەگاتە 20 كەس، هەروەها لەزاخۆ و ناوچەكانی تریش ژمارەیەكی تر لەسكاڵامان تۆمار كردووە و قابیلی زیاد بوونە".
لە"2/12/2011"‌ لەدەڤەری بادینان هێرشكرایە سەر چەند دوكان و یانەیەكی مەی خواردنەوە، لەگەڵ چەند سەنتەرێكی‌ مەساج، دواتریش چەند بارەگایەكی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان سوتێنران. لەكاتی رووداوەكاندا یەكگرتووی ئیسلامی، رەخنەی ئەوەی دەگرت، كە ئەجێندانی حزبی و سیاسی نایەڵێت دادگاكان رۆڵی خۆیان بگێڕن. لەو بارەوە (محەمەد هاودیانی‌) سەرۆكی تیمی پارێزەرانی یەكگرتوو گوتی "لەئێستا دادگاكان بەشێوەیەكی زۆرباش پێشوازیان لێكردین، هاوكاری خۆیشیان بۆ دەربڕین، لەبەرانبەر رێكارییە یاساییەكان، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین، كە تەنیا دادگا نییە چونكە دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ هەر كەسێك دەركرد، ئەوا دەكەوێتە ئەستۆی پۆلیس و ئاسایش"، ئەو پارێزەرەی یەكگرتووی ئیسلامی، گوتیشی "زۆر بانگەشە بۆ ئەوە دەكرێت، كە هەنگاوی زۆر نراوە، بۆ ئەوەی دادگاكان سەربەخۆبن، بۆیە ئێمە ئێستا دادگامان خستۆتە بەردەم تاقیكردنەوەیەك بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، كە سەربەخۆیە و لایەنگر نییە".
سەبارەت بەچۆنێتی ئەو سكاڵانەی كە یەكگرتوی ئیسلامی تۆماری كردوون، ئەوان داوای چ ئیجرائات و قەرەبوویەك دەكەن، پارێزەر (محەمەد هاودیانی) گوتی "بەپێی یاسا دەبێ سەرەتا ئەو كەسانە بەشە سزایەكەی یەكلای ببێتەوە لەدادگا، دواتر مافە مەدەنییەكان، بۆیە هەر لەسەرەتاوە‌ داوای رێكاری سزایمان كردووە، بەپێی یاسایی سزادانی عێراقی، قەرەبووكردنەوەكەش بۆ دوای ئەوە دەبێت". گوتیشی "بۆ ئێمە تادەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەرنەكەوێت، قسە لەسەر ئەوە ناكەین، كە دەبێ كێ قەرەبووی یەكگرتووی ئیسلامی بكاتەوە".
ئەوەی پەیوەندی بەهاندانی دینیەوە هەبێت، بەجۆرێك یەكگرتووی ئیسلامی تۆمەتبار كراوە، كە دەستی هەبووە لەوروژاندنی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر شوێنی مەی خواردنەوەو سەنتەرەكانی مەساج، لەراپۆرتی لێژنەكەی سەرۆكی هەرێمیش ئاماژە بەهاندانی ئەو حزبە كراوە، بەڵام (محەمەد هاودیانی) پارێزەری یەكگرتوو دەڵێ "هیچ هاندان و رەتكردنەوەیەكی دینی كە پەیوەندی بەیەكگرتوی ئیسلامیەوە هەبێ، وارد نییەو شتی واش نەبووە"، گوتیشی "لەبەر ئەوەی لێژنەكەی سەرۆكی هەرێم یاسایی نیە، بێگومان بڕیارەكانیش یاسایی نین، بۆیە بەدڵنیایەوە دادگاش بەهیچ جۆرێك نرخێكی یاسایی بۆ ئەو بڕیارانە دانانێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com