|
سڤیل:
هەولێر
لەژمارەی رابردووی (سڤیل)، حاجی كاروان باسی
لە راوەستانی بەرنامەكەی لە رادیۆ و
تەلەفزیۆنەكانی یەكگرتوو كرد، لەو بەشەدا
لەسەر هەندێ پرسی تر دەوەستێ.
سڤیل: دەزگای خێرخوازی بەختەوەری لەكەیەوە
دامەزراوە؟
حاجی كاروان: دەزگای بەختەوەری سەرەتا
بەرنامەیەكی پەروەردەیی و بانگخوازی بوو،
لەساڵی 2005ەوە دەستیپێكردووە، بەڵام دواتر
پرۆژەكەمان فراوان كرد، كە ببێتە پرۆژەیەكی
خێرخوازی بەوەی هاوكاری خەڵكی هەژار و نەخۆش و
منداڵی هەتیو بكەین، چونكە خوشەویستیەكی زۆرم
بۆكاری خێرخوازی هەبوو، پێشتریش لەساڵی 1995
لەڕادیۆی یەكگرتوو پرۆگرامی خێرخوازیمان
هەبوو، كە لەوكاتەدا تەنیا رادیۆ بووین، كە
بەكاری خێرخوازی هەستین، بۆیە لەگەڵ هاتنەوەم
لەئەڵمانیا ساڵی 2004 لەبواری بەرنامەی
پرۆگرامی پەروەردەیی و پرۆژەی خێرخوازی زیاتر
دەستبەكاربووم و چونكە هەستمان بەوە دەكرد
كوردستان بوژانەوەیەك بەخۆیەوە دەبینی و
كۆمەڵێك خەڵك هەیە پێویستیان بەوە دەبێ،
بەچینی هەژارو منداڵانی هەتیو بیانناسێنین،
بۆئەوەی ئێمە رۆڵی ئەو نێوەندە بگێڕین،
هەستاین بەدامەزراندنی دەزگای بەختەوەری، كە
كاری خێرخوازی و رۆشنبیریەو لەئێستادا سایت و
گۆڤارو پرۆگرامی بەختەوەریمان هەیەو لەگەڵ
ئەوەش لەبواری خێرخوازی خزمەت بەمنداڵانی
هەتیو دەكەین، چونكە نزیك بە500 منداڵ
بەبەردەوام كەفالەت كراون لەلای ئێمەو 300
منداڵی دیكەش چاوەڕێن كەفالەت بكرێن.
سڤیل: مۆڵەتی كاركردنتان وەرگرتووە لەحكومەتی
هەرێم وەك دەزگایەكی خێرخوازی؟
حاجی كاروان: لەگەڵ دامەزراندنی دەزگاكە
تائێستا بەبەردەوامی داوای موڵەتمان كردووە
لەڕێگەی پارێزەرەكەمانەوە، بەڵام موڵەت بەئێمە
نەدراوە، پێموایە تامۆڵەت لەدەست لایەنی ئەمنی
بێت لەكوردستان موڵەت بەئێمە نادرێت، لەگەڵ
ئەوەشدا ئێمە كاری ناشەرعی ناكەین، كاری ئێمە
گەیاندنی دەستی هەتیو و هەژارانە بەكەسانی
خێرخواز ئەمە موڵەتی بۆچیە؟ خۆ ئێمە كاری
حیزبی ناكەین و دەزگاكەمان دەزگایەكی خۆبەخشە.
سڤیل: سەرچاوەی ئەو كۆمەكەی دەگاتە دەزگاكەی
ئێوە، لەچ جێگایەكەوەیە دێت و بەكێ دەدرێت؟
حاجی كاروان: سەرجەم كۆمەكەكان لەلایەن كەسانی
خێرخوازی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بەشێك
لەهاوڵاتیە كوردەكانی دەرەوەیە، چونكە
ریكلاممان كردووە لەكەناڵی سپێدەو بەهۆی
سایتەكەمانەوە سایتی بەختەوەری، بەڵام هیچ
یارمەتیەكی حیزبی یان وڵاتانی دەرەوەمان نیە.
سەرجەمی خزمەتكردنی ئێمە لەسەرەتاوە خزمەتكردن
بوو بەخەڵكی هەژار و هەتیو و نەخۆش، بەڵام
ئێستا نەخۆش بەرنامەی هانا لەكەناڵی سپێدە
سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەشی هەتیو دەزگای
خێرخوازی بەختەوەری سەرپەشتی دەكات و سەرجەمی
ئەو كەسە خێرخوازیانەی پارەدێنن بۆ دەزگاكەمان
بەوەسل تۆماردەكرێت و تەنانەت ئەو بڕە پارە
بەرامبەر ناوی ئەو منداڵە دادەنرێت، بۆیە
دەتوانم بڵێم مانگانە 25 ملیۆن بەشێوەیەكی
گشتی دابەش دەكەین بەسەر منداڵانی هەتیو كە
ساڵانە دەكاتە 300 ملیۆن دینار، بەهەمان شێوەش
ئەگەر پارەی زەكات گەیشتبیێتە دەستمان لەگەڵ
خاوەن پارەكە بەیەكەوە گەڕاوین بۆ ئەوەی خانو
بكڕین، بۆ ئەو خاوەن هەتیوانەی كە خانویان
نیە.
سڤیل: پرۆژەی دەزگاكەتان لەبەرنامەیەكی
خێرخوازی رادیۆی یەكگرتووەوە دەستی پێكردووە،
ئێستا دەزگاكەتان چ خزمەتێك بەیەكگرتوو دەكات؟
حاجی كاروان: لەكوردستان هەركەسەوە
ئینتیمایەكی هەیە، بەڵام من هیچ كاتێك بیرم
لەوە نەكردوەتەوە، كە پرۆژەیەكی خێری بۆ شتێكی
دیكە بەكاربێنم، چونكە پێغەمبەری خوا
فەرمویەتی كاتێك خێرێكت كرد لەم دەستەوە با
دەستەكەی دیكە پێ نەزانێت، بۆیە من ئەگەر
لەكاری خێرخوازی نیەتم ئەوەبێت هەوادار بۆ
یەكگرتوو زیاتر بكەم، بەقەناعەتی خۆم هاوبەشم
بۆ خوا پەیدا كردووە، بەو ڕادەیە دەترسم،
لەگەڵ ئەوەش كاری خێرخوازی واجبە وەك زەكات
لەسەر هەموو كەس، بۆیە ئەگەر بۆ خزمەتی
یەكگرتوو كارێكی وابكەم كارێكی باشم نەكردووە،
بەڵام كاتێك دەزگای دیكە و شوێنی دیكە هاوكاری
من نین، من لەكەناڵێكی یەكگرتووە هاوكاری
دەكرێم و كارە خێرخوازیەكانم بڵاودەكرێتەوە،
ئەگەر ئەمە برژێتە ناو جامی یەكگرتووەوە ئەوە
كارێكی ئاساییە، بەڵام ئێستا بەڕای من وانیە،
چونكە بەرنامە و پرۆژەی لەو شێوەیە زۆربووە و
خەڵكی دیكە و كەناڵی دیكەش بەو كارە هەڵدەستن.
سڤیل: پرۆژە خێرخوازییەكانت تاچەند كاریگەری
هەبوو لەزیادبوونی دەنگەكانت لەهەڵبژاردنی
پەرلەمانی عیراق؟
حاجی كاروان: كاری خێرخوازی پەیوەندی بەدوو
شتەوە هەیە، یەكەم نیەت، چونكە من ئەگەر بۆ
زیاتركردنی هەوادارو ناو و دەنگ كاری
خێرخوازیم كردبی لەقیامەت خوای گەورە پێم دەڵی
ئەوەت بەدەستهێنا لەزەوی بڕۆ بۆ جەهەننەم.
دووەم ئەگەر كارێكی خێرخوازیەكانم منی بەخەڵك
ناساندبێت كارێكی ئاساییە، چونكە مرۆڤ
ئۆتۆماتیكی بەكارێكەوە دەناسرێت، بۆ نمونە
كەسێكی وەك ئارنولد بەئەكتەری بەرپرسیاریەتی
شارێكی ئەمریكای وەرگرت، بەڵام من بۆ ئەوە
نایكەم، كە شوهرەی پێ پەیدا بكەم.
سڤیل: بەنیازنیت خۆت بۆ پارێزگای هەولێر
هەڵبژیرێت یان كاندیدێك بیت لەكاندیدەكانی
یەكگرتوو بۆئەنجومەنی پارێزگای هەولێر؟
حاجی كاروان: تا ئەم ساتە ئەگەر لەسەر ئەم
عەقلیەتەبم نیازم نیە، لەسەر ئەو بارودۆخەی
كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت كە پەرلەمان
پەرلەمان نییە، چ جای ئەنجومەنی پارێزگا، بۆیە
ئێستا من لەتۆ وەك رۆژنامەنوسێك بپرسم سەرۆكی
ئەنجومەنی هەولێر كێیە؟ وەك رۆژنامەنووسێك
نازانیت، بۆیە دەتوانم بڵێم 90%ی خەڵكی هەولێر
نازانی سەرۆكی ئەنجومەنەكەی ناوی چیە، من
ئێستاش نازانم، من رێزم بۆی هەیە سەرۆكی
ئەنجومەن برا گەورەی منە، بەڵام ئەگەر ئەو
سەلاحیەتی نەبێت و رۆڵی نیە، من ببم بەئەندامی
ئەنجومەنێك دنیایەك بەڵێن بەخەڵك بدەم و دواتر
نەتوانم كونەزێرابێك پڕبكەمەوە، بۆ خۆم كاندید
بكەم، بۆیە بەتەما نیم و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ
پەرلەمانیش بەهەمان شێوە، بۆیە ئەو كارەی من
دەیكەم وەك كاری بانگخوازی زۆر باشترەو خزمەتی
چاكترم پێدەكرێت، ئێستاش كە بۆئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق دەرنەچووم زور دڵم خوشە،
چونكە لەو ماوەیە دنیایەك پرۆژەی خێرخوازێم
جێبەجێكردووە، زۆر دڵم پێخوشترە لەوەی كە
دەستم لەپەرلەمان بەرزبكەمەوە.
|