سڤیل هەندێ لەبەڵگەكان بڵاو دەكاتەوە... "سەرۆكی حكومەت لەپێناو دوو كۆمپانیا زیان بە سەروەری هەرێم دەگەیەنێت و كێشەیەك بۆ كوردستان دروست دەكات"  

 

 

سڤیل: هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم: گرێبەستی (IQ) لەگەڵ بەغدا زیانی بۆ سیادەی هەرێمی كوردستان هەیە

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمی، لەسەر كاركردنی دوو كۆمپانیا كێشە لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەتدا دروست بووەو سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی ناوبراو رایگەیاند كە سەرۆكی حكومەت دەیەوێ هێزی خۆی بەكاربێنێ بۆ دروستكردنی كێشەیەك كە كوردستان بەئاسانی تێیدا دەرباز نەبێت و زیان بە سەروەریشی بگەیەنێت.
چەند بەڵگەنامەیەك دەست (سڤیل) كەوتون، دەریدەخەن كێشە لەنێوان سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندا هەیە، لەسەر دوو كۆمپانیا كە یەكێكیان كۆمپانیای (IQ) و ئەویتریان گۆران نێتە، لەبواری تەكنەلۆژیای گەیاندن، وتەبێژی وەزارەتی ناوبراو بە (سڤیل)ی راگەیاند كە لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە دروست كراوە.
كێشەی (IQ) چییە؟
(IQ)، كۆمپانیایەكە لەبواری تەكنەلۆجیای گەیاندن كار دەكات، مۆڵەتی دەزگای وەبەرهێنانی هەیە لەسلێمانی، بەپێی زانیارییەكان پشكی زۆری كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسی رێكخراوی مناڵپارێزانی كوردستانە، (رێكخراوێكی نزیك لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانییە)، بەشێكی پشكی كۆمپانیاكە هی مارتنە كە بەرەگەز سویدییە.
چەند مانگی رابردوو ئەو كۆمپانیایە داوای كردووە، لەرێگای تەكنەلۆژیای فایبر ئۆپتیك ئینتەرنێتی عێراق بە توركیا ببەستێتەوە لەرێگای خاڵی سنوری دیربون لەپارێزگای دهۆك بەدرێژایی 11 كم، بۆ ئەمەش گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا كردووە، حكومەتی عێراقیش داوای لەحكومەتی هەرێم كردووە جێبەجێ بكرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش فەرمانی كردووە بۆ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم كە جێبەجێی بكەن، وەزارەتیش تێبینییەكانی خۆی بۆ سەرۆكی حكومەت نوسیوەو نەگونجانی ئەو بڕیارەی روون كردووەتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت هەر پێی داگرتووە، لەسەر جێبەجێكردنی و وەزارەتیش رەتیكردووەتەوە كە جێبەجێی بكات و چونكە "رەچاوی سیادەی هەرێم نەكراوە"و داوای كردووە، كە كۆمپانیاكە بچێت دانوستانیان لەگەڵ بكات.
تۆڕی فایبر ئۆپتیك
(ITPC) لەعێراق لەهەر یەك لەخاڵە سنورییەكانی فاو، سعودیە، كوێت، ئوردن و... گرێبەستیان لەگەڵ یەك كۆمپانیا هەیە كە ئینتەرنێت بێنێتە وڵات، لەرێگای پرۆژەی فایبر ئۆپتیك، لەسنوری هەرێمی كوردستان چەند كۆمپانیایەك گرێبەستیان لەگەڵ (ITPC) هەیە، لەسنوری باشماخ كۆمپانیای (السرد) هەیەتی، لەسنوری فیشخابور نەورۆز تیلیكۆم و لەسنوری پەروێزخان و مونزەرییە (IQ) هەیانە.
لەچەند مانگی رابردوودا (IQ) گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراقی مۆركردووە، كە تۆڕی فایبر ئۆپتیك لەخاڵی سنوری دیربون دابنێن، لێرەوە كێشە دروست دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی گەیاندنی بەغدا لەساڵی 2008 موزەكەرەیەكی لێكتێگەیشتنیان لەنێوان خۆیاندا مۆر كردووە، هەروەها لە 15/5/2011دا لەنێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم و وەزارەتی گەیاندنی عێراق و (CMC) موزەكەرەیەكی تر مۆر كراوە، كە هەر گرێبەستێك تا 15/5/2011 ئیمزا كرابێت، بەغدا ئیعترافی پێكردووەو لەموزەكەرەكەی ساڵی 2008یشدا هەر دوولا رێككەوتوون كە هیچ لایەك مۆڵەت بە هیچ كۆمپانیایەك نەدەن لەسنوری یەكتردا، واتە بەغدا مۆڵەت بە هیچ كۆمپانیایەك نەدات بۆ كاركردن لەسنوری هەرێمی كوردستان و هەرێمیش مۆڵەت بە هیچ كۆمپانیایەك نەدات، كارەكەی بۆ ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بێت، بەڵام كە بەغدا مۆڵەتی داوەتە (IQ) بۆ كاركردن لەسنوری هەرێم ئەوە پێچەوانەی رێكەوتنەكەی نێوان هەردوو وەزارەتە، هەر بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) كە لەسەرچاوەیەكی ناو وەزارەتەوە دەستی كەوتووە، دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم، لەبارەی ئەو مۆڵەتپێدانە لەوەزارەتی گەیاندنی بەغدا دەپرسێتەوە، ئەوان دەڵێن، كۆمپانیاكە گوتوویەتی ئێوە رازی بن، حكومەتی هەرێم هی خۆمانە.
دوای ئەوە بەغدا گرێبەستەكە ئیمزا دەكات و داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات جێبەجێی بكات، سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی ژمارە 41360، رێكەوتی 19/4/2011 بە واژۆی بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت، داوا لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەكات جێبەجێی بكات، لەبەشێكیدا هاتووە "كاری یاسایی پێویست ئەنجام بدەن، سەبارەت بە داواكاری كۆمپانیای IQ Networks بۆ بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بە توركیاوە لە رێگای خاڵی سنووری (دیربون) لە پارێزگای دهۆك بە درێژایی 11 كم، وە لەبەر رۆشنایی مۆڵەت و رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان". هەروەها بە نوسراوی ژمارە 7183 لە 10/7/2011 جارێكی تر فەرمان بە وەزارەت دەكات بۆ جێبەجێكردنی، دوای ئەوە وەزارەتی گواستنەوە بە نوسراوی ژمارە 89 لە رێكەوتی 4/8/2011 بە واژۆی وەزیر وەڵامی سەرۆكایەتی حكومەت دەداتەوەو دەنوسێت "ئاماژە بەنوسراوتان ژمارە 7183 لە 10/7/2011 بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست لە نوسراوی سەرەوەتان، بە باشمان زانی ئەم روونكردنەوانەی خوارەوە بخەینە بەردەم بەڕێزتان:
وەك بەڕێزتان ئاگادارن كۆمپانیای IQ گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی بەغدا (ITPC) ئەنجام داوە، وە بەڕێزتان ئاماژەتان بەوە كردوە، كە هاوپێچە، بەڵام تەنها یەك لاپەڕە لەگەڵ نووسراوی سەرەوەتان هاتووە، ئەویش بە پێی خاڵی دەیەم (10) لە مادەی چوارەم كە لەم لاپەڕەیەدا هاتووە دەڵێت "لایەنی دووەم پابەند دەبێت بە تەرخانكردنی چوار تاڵی فایبەر لە تۆڕی گەڕاوە بۆ مەبەستی بەكارهێنانی لایەنی نیشتیمانی یەكەم و بەكارهێنانی حكومی نێودەوڵەتی". هەروەها لە خاڵی یەكەمی ماددەی پێنجەم دەڵێت "موڵكداریەتی هەموو باڵەخانە و دامەزراوە و ئامێر و كەرەستەكان، هەروەها تۆڕی گورزە رووناكیەكان (فایبەر ئۆپتیك – Fiber Optic) كە لایەنی دووەم هەڵدەستێت بە ئامادەكردنی و راكێشان و دامەزراندنی، دەبێتە موڵكی لایەنی یەكەم، لەو رێكەوتەوەی، كە گرێبەستەكە دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لایەنی یەكەم ناتوانێت مامەڵەی پێوە بكات، تەنیا دوای كۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەكەو بەكۆتاهێنانی نەبێت".
كەواتە ئەم فایبەرە دەبێتە موڵكی حكومەتی بەغدا و حەقی تەسەروفی پێ دەبێت، بە رای شارەزایانانی بواری گەیاندن لە وەزارەتمان، هەروەها چوار دانە تاڵی فایبەر بەشی ئەوە دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەموو چالاكیەكانی گەیاندن و بەستنەوەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەرەوەی وڵات بێ ئەوەی حكومەتی هەرێم هیچ كۆنتڕۆڵێكی لەسەر هەبێت.
هەروەها لە هەردوو نوسراوی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ژمارە (143960) و (144331) كە هاوپێچی نوسراوی سەرەوەتانن، بە هیچ شێوەیەك ناوی حكومەتی كوردستان و خاكی كوردستان نەهاتووە، بەڵكو فەرامۆشی پارێزگای دهۆك كراوە، ئاماژە بەوەش كراوە، كە بۆ بەستنەوەی توركیا لەگەڵ عێراق لە رێگای دیربوون بۆ پارێزگای نەینەوا (موسڵ).
بەرای ئێمە كۆمپانیای IQ رەچاوی سیادەی كوردستان بكات لەو گرێبەستەی هەیانە لەگەڵ ITPC هەروەها تەحدیدی داواكارین بكەن، چونكە بابەتی رەبتی دەولی كە لە رێگای دیربوون دەیانەوێ بیكەن و ئیشكردن لە پارێزگای هەولێر و دهۆك دوو پڕۆژەی جیانە.
پێشنیار دەكەین كۆمپانیای IQ بێت سەردانمان بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو گرێبەستەی هەیانە لەگەڵ ITPC بۆ رەچاوكردنی ماف و سیادەی كوردستان، هەروەها بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی هەردوو ئەو پڕۆژانەی داوایان كردوە، چ كاركردن لە پارێزگای هەولێر و دهۆك یان بەستنەوەی عێراق بە توركیا.
تكایە فەرمانتان لەگەڵ رێزدا".(ئەوانەی ناو كەوانە بچوكەكان هاتوون، لەو وەڵامەی وەزارەتدا، لەئەسلدا بەعەرەبی نوسراون، سڤیل كردوویەتی بە كوردی).
ئەوەی لەنوسراوی وەزارەتدا زۆر بە زەقی جەختی لێكراوەتەوە مەسەلەی سەروەری هەرێمە، ئومێد محەمەد ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) لەبارەی ئەو خاڵەی باس لەسەروەری هەرێم دەكات، روونكردنەوەی زیاتر دەدات و گوتی "رای ئێمە بۆ كێشەی (IQ) ئەوەیە، ئێمە لەیەكێك لەفەقەراتەكان كە نوسیومانە دەڵێین، بەپێی ئەو گرێبەستەی كە لەگەڵ بەغدا واژۆی كردووە، ئەو كێبڵەی كە لەناو هەرێمی كوردستان رای دەكێشێت، لەكاتی كۆتایی هاتنی گرێبەستەكە یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە، موڵكییەتەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی بەغدا، سیاسەتی ئێمەش ئەوە نییە كە لەناو خاكی هەرێم، موڵكییەت بگێڕیتەوە بۆ حكومەتی عێراق، ئەوە یەكێكە لەئیعترازەكانی ئێمە لەسەر ئەو بابەتە". هەروەها گوتی "بوونی ئەو گرێبەستە زیانی بۆ سیادەی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە وەك گوتم لەكاتی كۆتایی هاتن بەو گرێبەستە، موڵكییەتی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی بەغدا، ئەمەش نابێت و پێچەوانەی سیادەی هەرێمە، بۆ نموونە سێ ساڵ بەر لەئێستا بەغدا لەسەر حسابی خۆی، وەك بەشی پارێزگاكان كێبڵێكی رادەكێشا لەنێوان زاخۆ و دهۆك، ئەو پرۆژەیە لەسەر حسابی بەغدا جێبەجێ دەكرا، بەڵام ئێمە رازی نەبووین، هەتا لەبەغدا نوسراوی رەسمی كرا بۆ ئەوەی كە ئیدارە و تەسەروفاتكردن و خاوەندارێتی كێبڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم".
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بەپێی ئەو گرێبەستەی (IQ) لەگەڵ بەغدا لەساڵی 2006دا هەیانە، هەموو كارەكانیان لەو كاتەوە تا ئێستا و دواتریش كە لەسلێمانی كردوویانە دەبێتە موڵكی بەغدا و "ئێستا وەزارەت داوای لە (IQ) كردووە، ئەوەی پێشتریش كردوویانە یەكلایی بكەنەوە، چونكە دژی سەروەری كوردستانە".
هەروەها ئومێد محەمەد ساڵح، وتەبێژی وەزارەت لەبارەی چارەسەری كێشەی (IQ)، گوتی "هاتنە وەزارەت و ستافی وەزارەت لەگەڵیشیان دانیشتن، دوای دانیشتنەكە ئینجا ئەو وەڵامە دراوەتەوە بەئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بۆ چارەسەركردنی وتوێژ دەستی پێكردووە، چارەسەرەكەشی چۆن دەبێت، هێشتا روون نیە".
سەبارەت بەوەی كە دەگوترێ رێگرتن لەو پرۆژەی (IQ) جۆرێكە لە قۆرخكاری و رێگە نەدانە بە كۆمپانیای تر كە لەسنوری هەولێر و دهۆك كار بكەن، چونكە پرۆژەی فایبر ئۆپتیك لەسنوری زاخۆ نەورۆز تیلیكۆم هەیەتی، قۆرخكاریش پێچەوانەی یاسای وەزارەتە، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەت روونیكردەوە "گرێبەستی وەزارەت لەگەڵ نەورۆز تیلیكۆم لە 7/4/2006 مۆر كراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵە، یاسای وەزارەت لە مانگی حوزەیرانی 2006 دەرچووە، كە دژی قۆرخكارییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەس فایبر ئۆپتیك حەسرییە نەك ئینتەرنێت، چەندین هێڵی ئینتەرنێت لەهەولێر و دهۆك هەیە، تەنانەت دوو كۆمپانیای سلێمانی داوای مۆڵەتی كاركردنیان كردووە لە هەولێر مۆڵەتیشیان پێدراوەو كاریشیان دەست پێكردووە، وەك كۆمپانیای فانۆس و تیشك نێت، لەبارەی فایبر ئۆپتیك وەزارەت فشاری كردووە كە دەبێ ئەو قۆرخكارییە نەمێنێ، نەورۆز تیلیكۆمیش گوتویانە رازین، بەڵام بەشێوەیەكی یاسایی ناكرێ، چونكە ئەوان گرێبەستەكەیان پێش یاساكەیە، بەڵام گوتیان دەكرێ دانوستان بكەین".
گۆران نێت
یەك لەو كۆمپانیانەی لەو ماوەیەدا باسی دەكرێ لەبواری گەیاندن، كۆمپانیای گۆران نێتە، كە ئێستا كێشەكەی ئەو گەرمترە لە هی (IQ)، گۆران نێت، وەك سەرچاوەكەی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت پشكی هەرەزۆری هی فاروقی مەلا مستەفای خاوەنی ئاسیاسێڵە و پشكێكیشی هی ئارام دارۆی شێخ نورییە، سەرچاوەكە دەڵێ گۆران نێت نوسراوێكیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران نوسیوەو داوای تەكنەلۆجیای (LTE)یان كردووە لە هەرێمی كوردستان دایبنێن، لەوەزارەت عەقدێك لەگەڵیان ئیمزا كراوە، بەپێچەوانەی هەموو عەقدەكانی تر ناوی تەكنەلۆجیاكە لەناو عەقدەكە نەنوسرا، كە تا ئێستا ئەوە لە كوردستان نەكراوە ناوی تەكنەلۆجیاكە لەگرێبەستەكەدا نەنوسرێ". سەرچاوەكە ئەو مەسەلەیە زیاتر روون دەكاتەوە "لەدنیادا دوو سیستەم هەیە بۆ مۆڵەتدانی كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە، یەكیان بەس لەرەلەریان پێدەدرێ، بەبێ دیاریكردنی جۆری تەكنەلۆژیا، پێیان دەگوترێ ئێوە ئازادن هەر جۆرە تەكنەلۆژیایەك بێنن كار بكەن، ئەوە سیستەمی ئەمریكی پێدەڵێن.. سیستەمێكی تر هەیە لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستانیش كاری پێدەكرێ، ئەوەیە دەبێت لەرەلەر لەگەڵ تەكنەلۆژیاكە دیاری بكەن".
ئەو گرێبەستە لەنێوان گۆران نێت و وەزارەت كراوە، كەواتە ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە ئەی كە ئەوە پێچەوانەی سیستەمی كاركردنی هەرێمە، بۆچی وەزیر واژۆی كردووە؟ بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەیەكی ئاگادار، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەپەرلەمانی كوردستاندا گوتوویەتی، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ گۆران نێت كراوە، بەبێ ئاگاداری ئەو، لەڕێگەی بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتەكەیەوە بووە، سەرچاوەكە گوتیشی "كاتێك ئەندامانی پەرلەمان لەوەزیریان پرسی ئەی ئیجرائاتت چی بووە بەرانبەر بەو مودیر عامە، وەزیر گوتی چەند نوسراوێكم كردووە لەسەری بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران وەڵامیان نەداوەتەوە".
بەڵام سەرچاوەكەی وەزارەت تەنها ئەوەندە دەڵێ كە "وەزیر نەیزانیبوو"، گوتیشی "كە لیژنەی راوێژكاری وەزارەت گرێبەستەكەی بینی، خەلەلەكەی بینی، بەڵام رێزی لە واژۆی وەزیر و داوای سەرۆكی حكومەت گرت، بۆیە داوای لەكۆمپانیا كرد، بێن دانیشن تا ئەو خەلەلە چارەسەر بكرێ و ناوی تەكنەلۆژیایەكە لەگرێبەستەكەدا بنوسرێ، ئەوان هاتن، پێیانگوترا با بەرێككەوتنی هەردوولا ئەو خەلەلە چاك بكەین، بەڵام گۆران نێت گوتویانە ئێمە لەو كارە پاشەكشە ناكەین، چونكە وەزیر تەوقیعی كردووەو رێككەوتووین، وەزارەتیش گوتی ئەو جۆرە عەقدە بەپێی سیستەمی ئێمە قبوڵ ناكرێت، بۆیە ئێوە دەتوانن كار بكەن، بەڵام ئێمە لەمەودوا لەمایكرۆ وێف و دانانی بورجەكان هاوكاریتان ناكەین". ئەو سەرچاوەیەی وەزارەت جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەو خەلەلەی نێو گرێبەستەكە نەبووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە، بەڵكو دوو خاڵی گرێبەستەكە دەبوایە لەماوەی 6 مانگدا جێبەجێ بكەن، جێبەجێیان نەكرد، بۆیە وەزیر ئیلغای كردووەتەوە. وتەبێژی وەزارەتیش هەمان شت دەڵێت، "ئێمە مۆڵەتی گۆران نێتمان هەڵوەشاندۆتەوە، چونكە لەیەكێك لەبڕگەكانی گرێبەستەكە نوسراوە، دەبێت بۆ ماوەی شەش مانگ بێت و دوای ئەوە دەبێت نوێ بكرێتەوە، بەڵام كە شەش مانگەكە كۆتایی هات، داوای نەكردەوە كە شەش مانگی تر نوێ بكرێتەوە، بۆیە وەزارەت گرێبەستەكەی هەڵوەشاندەوە". بەپێی بەڵگەیەكیش كە دەستی (سڤیل) كەوتووە، وەزیر فەرمانی دەركردووە بە ژمارە 128 لەرۆژی 15/11/2011 كە دەڵێ "بڕیارماندا بە: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی واژووكراو لەبەرواری (4/5/2011) لەنێوان وەزارەتمان و كۆمپانیای گۆران نێت وە گەڕاندنەوەی لەرەلەری دیاریكراوی ناو گرێبەستەكە بۆ وەزارەت لەبەر پابەند نەبوونی كۆمپانیای ناوبراو لە جێ بەجێ كردنی هەر یەك لە بڕگەكانی (5) و (21)ی ناو گرێبەستەكە. ئەم بڕیارە لە بەرواری دەرچوونی جێ بەجێ دەكرێت".
كە ئەو گرێبەستەیان هەڵوەشێنراوەتەوە، سەرچاوەكەی وەزارەت باس لەوە دەكات، گۆران نێت داوای لەوەزارەت كردووە، گرێبەستی (3G)ی بدەنێ، واتە مۆبایل بۆ ئینتەرنێتی خێرا، ئەوەش بە كێشە لە قەڵەم دەدات، سەرچاوەكە دەڵێت "CMC ئێستا هەوڵ دەدات گرێبەستی مۆبایل لەسەر لەرەلەرەكانی 3G بداتە وەزارەتی گەیاندنی بەغدا، حەزیش دەكات 5 میگاهێرتز بداتە هەر یەك لە ئاسیاسێل و كۆڕەك تیلیكۆم و زین تا خزمەتگوزاری 3G پێشكەش بە بەشداربوانیان لەهەموو عێراق بكەن. بۆیە ئێستا ئەگەر وەزارەتی گواستنەوە مۆڵەت بە كۆمپانیاكانی مۆبایل بدات، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت، كە شتێكی رەمزییان وەك رسومات لێ وەردەگرێ، ئەوا ئاستەنگ لەبەردەم ستراتیژیەتی CMC دروست دەكرێت، لەبەر ئەوە وەزارەتی گەیاندن ئەگەر بیكات، دەبێت بە هامەهەنگی لەگەڵ CMC بیكات. چونكە پێدانی هەر لەرەلەرێك بە كۆمپانیایەك كێشە لەگەڵ كۆمپانیاكانی تر دروست دەبێت، وەك چۆن سەردەمێك كێشەی ئاسیا و كۆڕەك هەبوو، تا چارەسەر كرا، ئێستاش ئەگەر ئەو داوایەی گۆران نێت جێبەجێ بكرێت كە سەرۆكی حكومەت جەختی لێدەكاتەوە، ئەوا كوردستان توشی كێشەیەكی تری لەو جۆرە دەبێ كە زۆری دەوێ تا لێی دەرباز دەبێت، بۆیەشە 3 كۆمپانیای تر داوای سیستەمی 3G كردووە، داواكاری هەموویان راگیراوە، چونكە وەزارەت دەیەوێ سیستەمێك دابنێت بە بەیەكسانی پێدانی لەرەلەر". دەشڵێ "سەرۆكی حكومەت دەیەوێ هەڵەیەك بە وەزیر بكات، كە دیسان كوردستان توشی كێشەیەكی دیكە بكاتەوەو دەرچوون لێی زۆر زەحمەت بێت".
لە مەسەلەی گۆران نێت دا چەند جارێك باس لە هەڕەشە بۆ سەر وەزیر و وەزارەت كراوە، لەلایەن نوسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە كە دەبێت داواكاری گۆران نێت لەبەر چاو بگیرێ، ئەگەر نا هەر كۆمپانیایەكی هەولێر لەسلێمانی كار بكات، رێگەی لێدەگیرێت، سڤیل بۆ بەدواداچوونی راستی ئەم باسە، پەیوەندی بە نوسینگەی وەزیر و د.ئامانج رەحیم لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرد، بەڵام هیچ یەكێكیان وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە. هەروەها پەیوەندی بە فاروقی مەلا مستەفاوە كرد، ئەو رەتیكردەوە كە خاوەنی ئەو كێشەیە بێت، لەبارەی بوونی پشكیش گوتی مەسەلەی بوونی پشك جیاوازە، بەڵام كێشەكە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن مۆڵەتی بە 23 كۆمپانیا داوە، لەو ژمارەیە 4 كۆمپانیا هی سلێمانین و مۆڵەتی كاركردنی هەموو هەرێمیان هەیە، تا ئێستا دوو كۆمپانیا لەهەولێریش كار دەكەن وەك فانۆس و تیشك نێت، 3 كۆمپانیاش هی هەولێرن و مۆڵەتی كاركردنی هەموو هەرێمیان هەیە، لەوانە بەس نەورۆز تیلیكۆم لە سلێمانی دەستی بەكار كردووە، ئەویش راگیرا.
ئەگەرچی نەورۆز تیلیكۆم لەدادگاشدا لە پارێزگاری سلێمانی بردەوە، بەڵام دەگوترێ پارێزگار گوتویەتی تا سەرۆكی حكومەت نەڵێت رێگای پێبدەن نایەڵێ نەورۆز كار بكات، ئەوەش ئەو بۆچوونانە دەسەلمێننەوە كە سەرۆكی حكومەت كە تەنیا چەند رۆژێكی ماوە پۆستەكەی لێ وەربگیرێتەوە، لەپشت ئەو كێشانەوەیە.
چاودێران پێیانوایە راگرتنی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە هەر پەیوەندی بەو مەسەلەیەوە هەیە، ئەگەرچی نەورۆز تیلیكۆم رەتیدەكاتەوە كە ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بەو مەسەلەیەوە هەبێت و ئەوە كاری وەزارەتە، هاوكات سەرچاوەكەی وەزارەتیش دەڵێ ئەوان 100 جاری تر رێبەر رابگرن، كار لە بڕیاری وەزارەت ناكات، "چونكە سیادەی هەرێم لەهەموو شت گرنگترە". دەشڵێ "سەرۆكی حكومەت لە پێناو دوو كۆمپانیا زیان بە سەروەریی هەرێم دەگەیەنێت و كێشەیەك بۆ كوردستان دروست دەكات".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com