|
سڤیل:
شوان سدیق
سەرۆكی دادگای ناوچەی یەكی هێزەكانی ناوخۆ
لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق، بۆ (سڤیل)
باسی لە كاری دادگای هێزەكانی ناوخۆ كرد و
ئەوەی ئاشكرا كرد كە دادگای ناوبراو تا ئێستا
56 كەیسی یەكلایی كردۆتەوە.
دادگای هێزەكانی ناوخۆی عێراق كە لە
"25/5/2010" دامەزراوە، لەئێستاش بنكەیەكی
لەكوردستان كراوەتەوە، لیوای پۆلیسی مافپەروەر
(محێدین محەمەد یونس) سەرۆكی دادگای یەك بۆ
(سڤیل) باسی لەكاری دادگاكە كردو گوتی
"دادگاكەمان لەچوارچێوەی چەند بەشێكی دادگاییە
لەهەموو عێراق، راستەوخۆش سەر بەوەزارەتی
ناوخۆی عێراقە لەبەغدا، ئەم دادگایەش چەند
بەشێكی لێ دابەشكراوە بەسەر ناوچەكانی عێراق،
یەكەم دادگا لەهەرێمی كوردستانەو پەیوەندی
بەئیشوكارەكانی هەرێمەوە هەیە، لەچوارچێوەی
ئەو هێزانەی كە سەر بەبەغدان".
لیوا محێدین باسی لەوەكرد كە ئەو دادگایە
چەندین لقی هەیە، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە،
كە هیچ جیاوازییەكیان لەنێواندا نییە، گوتی
"هیچ جیاوازییەكی نییە هەموو ئەم دادگایانە
دابەشكراون بەسەر ناوچەكانی عێراقدا، لەوانە
ناوچەی یەك لەهەولێرە، هەروەها ناوچەی دوو
دادگای دوو لە شاری موسڵە، پەیوەندی بە موسڵ و
كەركوك و تكریتەوە هەیە، دادگای سێش لەشاری
بەغدایە، دادگای چوار لەحلە و دیوانیە و
سەماوایە، دادگای پێنج لەبەسرایە، دادگای
شەشیش هەر لەبەغدایە، ئیشوكارەكانی ناوچەی
كەرخ دەكات".
ئیشوكاری ئەم دادگایەی كە لیوا محێدین
سەرۆكایەتی دەكات لەچوارچێوەی هێزەكانی ناوخۆی
عێراقە، بەڵام ئەگەر پاسەوانانی سنوریش
كێشەیان هەبێت، ئەوا ئاراستەی ئەو دادگایەی
دەكەن، لیوا محێدین لەوبارەیەوە گوتی
"هێزەكانی پاسەوانی سنور هەركێشەیەكی یاسایی
قەزائی هەبێت، دەتوانن ئاراستەی ئێمەی بكەن،
ئێمەش بەپێی رێنماییەكانمان بڕیاری خۆمانی
لەسەر دەدەین. بەڵام بۆ روونكردنەوەی زیاتر
پەیوەندیمان بەلایەنی ئیداریەوە نییە، ئەوەی
پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت راستەخۆ لایەنی
موخالەفە و تاوان و هەڵهاتنە لەناو هێزەكانی
ناوخۆ، ئێمەش بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا
دەكەین". دواتر ئەو لیوایە باسی لەدۆسیەكانی
دادگاكە كردو گوتی "لەبەر ئەوەی دادگای
هێزەكانی ناوخۆ لە "25/5/2010" دەست
بەكاربووە، تەنیا لەساڵی 2010، هەروەها 2011
نزیكەی (56) دۆسییەمان كۆتایی پێهێناوە".
ئەوەشی ئاشكراكرد زۆربەی كەیسەكان پەیوەندی بە
غیاب و دەوامنەكردن هەبووە.
لیوا محێدین باسی لەوەكرد كە دەسەڵاتی سیاسی
لەبەغدا دەیەوێت هێزەكانی ناوخۆ بخاتە ژێر
ركێفی خۆیەوە، گوتی "ئەو هێزانەی سەر
بەهێزەكانی ناوخۆ و بەرگری بن، دەسەڵاتیش هەوڵ
دەدات بیانخاتە ژێر هەیمەنە و كاریگەری خۆی،
بۆیە لەئێستاش ئەو هێزانە چوونە ژێر باری
بڕیاری ئەو سیاسەتەی كە دەسەڵاتدارە، بەڵام
سەبارەت بە ئێمە راستە سەر بەبەغداین، بەڵام
بەشێكین لەهێزەكانی ناوخۆی هەرێم".
سەرۆكی دادگای یەكی هێزەكانی ناوخۆ رەخنەی
لەهێزەكانی ناوخۆی عێراقی گرت كە بەبڕوای ئەو
بەكارەكانی خۆیان هەڵناستن، گوتی "لەئێستا
ژمارەی هێزەكانی ناوخۆ لەعێراق دەگاتە 500
هەزار، واتە نیوملیۆن زیاتریشن، بەڵام ئەم
هێزە زۆربەیان هەڵناسن بەئیشوكاری خۆیان،
لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی باش رێك نەخراون،
بێگومان ئەو ژمارەیەش تەنیا بۆ موچەن، بەڵام
ئەوانەی دەوامی رەسمی خۆیان دەكەن ژمارەیان
كەمترن".
دواتریش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە تا ئێستا
پۆلیسی عێراقی نەیتوانیوە بەسەر بارودۆخی
ئەمنیدا زاڵ بێت، لیوا محێدین گوتی "بەبۆچوونی
من هێزەكانی پۆلیس تا ئێستاش نەگەیشتونەتە ئەو
ئاستەی كە بتوانن كۆنتڕۆڵی بارودۆخی ئەمنی
عێراق بكەن، چونكە هەتا هێزەكانی ئەمریكاش
لەعێراق بوون، ئەوان نەیاندەتوانی سەیتەرە
بەسەر بارودۆخی ئەمنیدا بكەن".
لیوا محێدین باسی لەو یاسایانە كرد، كە بەپێی
دەقەكانیان گۆڕانكاری بەسەر هێزەكانی ناوخۆ
دەهێنن، ئەو گوتی "لەپەرلەمانی عێراق دوو یاسا
دەرچوو، یەكێك لەو یاسایانە یاسای سزادانی
هێزەكانی ناوخۆیە، ئەویتریان یاسای ئوسوڵی
دادگای جەزایی هێزەكانی ناوخۆیە، ئەم دوو
یاسایە لەساڵی 2008 جێبەجێكرا لەسەر دادگاكان،
بەڵام لەكوردستان پێموایە دوومانگە لەسەر
هێزەكانی ناوخۆ جێبەجێ كراوە".
لەبەشێكی تری قسەكانیشیدا بەراوردی لەنێوان
هێزەكانی ناوخۆی هەرێم و بەغدا كرد، بەبڕوای
ئەو هێزەكانی ناوخۆی كوردستان پێشكەوتووترن،
بەڵام پارە و لایەنی هێزەكانی بەغدا باشترە،
لیوا محێدین گوتی "بێگومان ئیشوكاری هێزەكانی
ناوخۆ لەكوردستان زۆر پێشكەوتووە، بەڵام
لەبەغدا هێزەكانی عێراق زیاتر پاڵپشتی مادی و
چەكیان هەیە. لەئێستا بەپێی یاسای تازە
بێگومان لەكوردستانیش جێبەجێ دەكرێت، بەپێی
ئەو یاسایە موچەی هێزەكانی ناوخۆ كەمترین
موچەیان دەگاتە ملیۆنێك دینار زیاتر".
|