بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی: چاوەڕوان دەكرێت لە 10% بۆ 11%ی دەنگەكان بە دەست بێنین  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

"27/9/2012" وەك وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، لەئێستادا حزب و لایەنەكان لەڕێگەی نوسینگە و ناوەندەكانی خۆیان، سەرقاڵن بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لەگفتوگۆیەكی "سڤیل"دا زانا رووستایی بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئامادەكاری حزبەكەیان بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەش دەكات، كۆمەڵی ئیسلامی زۆرترین دەنگەكانیان لەسنوری پارێزگای سلێمانییە.



سڤیل: چ ئامادەكارییەكتان كردووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم؟
زانا رووستایی: وەك ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی، هەر هەڵبژاردنێك بێتە پێشەوە، چ لەئاستی عێراقی بێ، یاخود لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، یان ئاستی ناوخۆی حزب، ئامادەكاری بۆ دەكەین. بێگومان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم كە لەپێشماندایە بەو هیوایەن هیچ گرفتێك روونەدات، ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی چوار مانگ بەر لەهەڵبژاردنەكان، دەست دەكەین بە ئیشوكاری خۆمان، لەئێستادا ئیشوكاری رۆتینی رۆژانەی خۆمان دەكەین، كە بریتیە لەكردنەوەی خولی رۆشنبیری بۆ كادرەكانمان، هەروەها كار بۆ ئەوەش دەكەین، كە لەڕێگەی مەڵبەندەكانەوە ئەو ناوانە دەستنیشان بكەین، كە هەڵیان دەبژێرین وەك پاڵێوراوی خۆمان، بڕیاریش وایە تاكۆتایی ئەم مانگە لیستی ناوی پاڵێوراوەكانی حزب تەواو بكەین. دواتریش لەمانگەكانی داهاتوودا دەستدەكەین، بەئامادەكاری بۆ چۆنێتی پلانی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها سەركردایەتیش كار لەسەر ئەوە دەكات، ئایا چۆن بەشداری لەهەڵبژاردن دەكات، بەلیستێكی سەربەخۆ یان بەلیستێكی هاوپەیمانی؟
سڤیل: ئەو كەسانە كێن كە كۆمەڵی ئیسلامی دەستنیشانیان دەكات وەك پاڵێوراو؟
زانا رووستایی: لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكان دەبێت، وەك چۆن هاتووە پێویستە پاڵێوراو تەمەنی لە 25 ساڵ كەمتر نەبێت، بڕوانامەی كەمتر نەبێت لەئامادەیی، هەروەها خەڵكی ناوچەكە بێت، ئافرەتانیش لە %33یان بۆ دیاری كراوە. ئەمانە مەرجە یاساییەكان بوون، بێگومان ئێمەش پابەند دەبین پێیەوە، مەرجی حزبیش هەیە كەسانێك كاندید دەكەین، كە بتوانن زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان رابكێشن، ئیتر كەسایەتی جەماوەری بن، یان كەسایەتی ئاینی، لەگەڵ ئەوەش گرنگی بەكەسی ئەكادیمی دەدەین، بۆ ئەوەی بتوانن لەئەنجومەنی پارێزگاكاندا زیاتر شارەزابن.
سڤیل: وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەبەرنامەتاندا هەیە كاندیدتان هەبێت بۆ پۆستی پارێزگار؟
زانا رووستایی: تا ئێستا كەسمان دەستنیشان نەكردووە، بەڵام بەدووری نازانین كەسێكی بەهێز لەهەولێر و سلێمانی دەستنیشان بكەین، وەك پاڵێوراوی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پارێزگار لەپارێزگاكاندا.
سڤیل: لەسەر ئەو بنەمایانەی كە كار دەكەن، تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەكتان كردووە، لەبارەی زانینی دەنگ و پێگەی حزبەكەتان لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان؟
زانا رووستایی: بە گەڕانەوە بۆ دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆمەڵی ئیسلامی لەپارێزگای هەولێر 62 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، هەروەها لەپارێزگاكانی تریش بەهەمان شێوە، ئەمە بنەمایەكی باشە وێڕای ئەوەش رێكخراوە بیانییەكان ناوە ناوە راپرسی بڵاو دەكەنەوە، بەتایبەتی رێكخراوی "ئێن دی ئای" ئەمریكی، كە سێ مانگ جارێك راپرسیەك لەعێراق و كوردستان ئامادە دەكەن. وەك كۆمەڵی ئیسلامی سود لەو راپرسیانە وەردەگرین و لە پێگەی خۆمان دەگەین.
سڤیل: بەپێی ئەو راپرسیانە و هەروەها زیاتر زانیارییەكانی خۆیان، ئەنجامەكانتان چۆن دەبێت؟
زانا رووستایی: بەپێی دوا راپرسی رێكخراوی "ئێن دی ئای" ئەمریكی، كۆمەڵی ئیسلامی ئاستی گەشەكردنی لە زیادبووندایە، بەڵام زیادبوونێكی هێواش و لەسەرخۆ. واتە لەدابەزیندا نییە.
سڤیل: پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ لە 40% دەنگەكان مسۆگەر دەكەین، هەروەها یەكگرتووی ئیسلامیش ئاماژە بە لە 12% دەنگەكانی كوردستان دەكات. دەكرێت پێشبینی كۆمەڵی ئیسلامیمان لا ئاشكرا بێت؟
زانا رووستایی: هەموو ئەو لێكدانەوانە تەخمینن، بەڵام ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی بنەمای سەرەكیمان پشت بەدەنگەكانی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبەستین، كە لەدەوری (10% و 11%) بوون، چاوەڕێش دەكەین ئەو دەنگانە بەدەست بێنینەوە، مومكینە زیاتریش بێت، بەڵام رووداوەكانی مانگی كۆتایی هەڵبژاردنەكان كاریگەری دەبێت لەسەر بۆچوونی دەنگدەر.
سڤیل: كۆمەڵی ئیسلامی چ شوێنێك بە ناوەندی سەرەكی خۆی دەزانێت، كە زۆرترین دەنگی تیدا مسۆگەر بكات؟
زانا رووستایی: كۆمەڵی ئیسلامی لەپارێزگای سلێمانی و لەپارێزگای هەولێر بەڕێژەیەكی باش بەقەدەر خۆمان هەین، بوونمان لەپارێزگای دهۆك لەئاستی داواكراو نییە، ئەوەش پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە، كە دهۆك و بادینان تێیدا دەژیت.
سڤیل: مەبەستم ئەوەیە زیاتر چاوەڕوان دەكەن، زۆرترین دەنگەكانتان لە چ پارێزگایەك بێت؟
زانا رووستایی: زۆرترین دەنگەكانمان لەسلێمانیە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە زیاترە لەدانیشتوانی هەولێر، هەروەها زۆربەی زۆری بارەگاو ئۆرگانەكانیشمان لەو سنوورە بوونە، بەڵام بەگشتی ئەگەر هەولێر 62 هەزار دەنگمان هەبووبێت، ئەوا لەسلێمانی نزیكەی 78 تا 80 هەزار دەنگمان هەبووە.
سڤیل: بەبۆچوونی ئێوە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بەگشتی رێژەی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن و حزبە دەسەڵاتدارەكان چۆن دەبێت؟
زانا رووستایی: بە بەراورد لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رابردوو رەنگە هەر لایەن و بەلیستی خۆی بەشداری لەهەڵبژاردن بكات، لەم رووەوە هیچ لیستێك نابێتە خاوەنی زۆرینەی دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام چەند لیستێك كۆبكەیتەوە وەك لیستێكی ئۆپۆزسیۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت، كە زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەست بێنن. هەروەها لەپارێزگای هەولێریش واچاوەڕوان دەكرێت زۆرینەی كورسییەكان بەلای لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بڕوات. بێگومان لیستەكانی تریش بە یەكەوە دەتوانن رێژەیەكی گەورە بەدەست بێنن.
سڤیل: پێتانوایە هەموو حزبەكان بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن؟
زانا رووستایی: بەڵێ، واچاوەڕوان دەكەم هەموو حزبەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەجیا بەشداری لەهەڵبژاردندا بكەن، بەڵام لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست دەبێت.
سڤیل: ئەی سەبارەت بەلیستێكی ئیسلامی پێشتر وا بڵاوكرایەوە، كە كۆمەڵی ئیسلامی سەرقاڵی تاوتوێكردنی پێكهێنانی لیستێكی ئیسلامییە؟
زانا رووستایی: بەڵێ، كۆمەڵی ئیسلامی ئامادەیی پیشانداوەو هیچ دوودڵیەكیشی نییە لەدروستكردنی لیستێكی ئیسلامی، ئەگەر هاتو بارودۆخ لەبار بوو، لەگەڵ ئەوەی كە لایەنەكانی تریش پێیان باشبێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com