|
سڤیل:
بەهمەن عومەر
كەسەكانی زەحمەتكێشان ئەوەندە لاواز نین پیاوی
پارتی و یەكێتی بن
هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ئێمە
بەس ئەرك بووە، نەك ماف
لەمیانەی ئەم دیمانەیەدا بەهمەن حوسێن ئەندامی
مەكتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
قسە لەسەر پەیوەندی نێوان خۆیان و حیزبە
كوردستانیەكان دەكات، پێشی باشە كە حیزبەكەیان
پەیوەندی ئاسایی هەبێت لەگەڵ حیزبەكەی قادر
عەزیز.
سڤیل: وەزعی سیاسی كوردستان و پەیوەندی نێوان
لایەنەكان چۆن دەبینی؟
بەهمەن حوسێن: ئێمە بەڕەشبینانە سەیری
بارودۆخی كورد ناكەین و پێمانوایە لەهەرێم و
لەپارچەكانی دیكەشدا وەزعێك هاتووەتە پێشەوە
لەبەرژەوەندی كورددایە، وەك دەبینین
یەكهەڵوێستیەكی باش هەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و
دەسەڵاتدا سەبارەت بەكێشەكانمان لەگەڵ بەغدا،
كە جێگای تەقدیرە، لەنێوان ئەوەی كە دەسەڵات
داوای دەكات و ئەوەش كە ئۆپۆزسیۆن داوای
دەكات، مەسافەیەك هەیە كە موشتەرەكاتێكی زۆری
تێدایە، من پێموایە دەتوانین هەموو لایەك
بگەین بەئەنجامێكی باش بۆ پێكەوەكاركردن، وەك
پێشینی دەكرێت لەچەند هەفتەكانی ئایندە
حكومەتێكی نوێ لەكوردستان پێكدەهێندرێت، ئومێد
دەكەم لەو هەلومەرجەی ئێستای عێراقدا لایەنە
كوردستانییەكان، بتوانن حكومەتێكی بنكەفراوان
پێكبهێندرێت، پێمان باشە حیوارێكی شەفاف و
كراوە هەبێت، لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن، بۆ
ئۆپۆزسیۆن بەو بەرنامەیەی كە هەیانە بەشداری
نەكەن؟، ئێمە پێمان وایە لەم ئەزمەیەی
لەعێراقدا هەیە، چەندە لایەنەكانی كوردستان
لێك نزیك بنەوە باشترە، هەروەها ئەو
گۆڕانكاریانەش لەناوچەكەدا دێتە پێشەوە زۆر
گرنگە ئێمە یەكڕیزبین.
سڤیل: ئێوە داواتان لێكراوە كە بەشداربن
لەحكومەتدا؟ ئەگەر داواتان لێ بكرێت
بەشداردەبن؟
بەهمەن حوسێن: نەخێر قسە لەسەر ئەوە نەكراوە،
بەڵام ئێمە ئێستا بەشدارین لەحكومەت، رێكخەری
نێوان پەرلەمان و حكومەت بەئێمە سپێردرا،
پێشموایە بەسەركەوتووانە نوێنەری زەحمەتكێشان
ئەو ئەركەی بەڕێوە بردووە. هەركاتێك ئەو
داوایە سەبارەت بەبەشداریكردنمان لەحكومەت
رووبەڕوو كرایەوە، ئەوكات وەڵامی خۆمان دەبێت،
بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین تا ئێستا هیچ
حیزبێك موفاتەحەی ئەوە نەكراوە، ئایا بەشداری
دەبێت لەحكومەت یان نا. دەبێت ئەوەی حكومەت
تەشكیل دەكات ئەو داوا لەلایەنەكان بكات بۆ
بەشداریكردن.
سڤیل: رایەك هەیە دەڵێت بۆ ئەوەی حكومەتێكی
چالاكت هەبێت دەبێت ئۆپۆزسیۆنێكی زیندووت
هەبێت، ئەوە تاچەندە راستە؟
بەهمەن حوسێن: ئێمە دەڵێن ئەوەی ئۆپۆزسیۆن
لەدەرەوەی حكومەت دەیڵێت دەتوانێت لەناو
حكومەتدا بەشداربێت و پیادەی بكات.
سڤیل: بۆهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چۆن
بەشداری دەكەن؟
بەهمەن حوسێن: جارێ نازانم وەزعی سیاسی عێراقی
چی بەسەر دێت، پێمان خۆشە هەموو كەسێك بەحیزب
و كەسی سەربەخۆیشەوە بەشداری بكات
لەهەڵبژاردنەكان، ئێستا ئەنجومەنی پارێزگاكان
رۆڵی حكومەتێكی بچوك دەبینن لەناو
پارێزگاكاندا، ئەوان پلانی پارێزگاكان
دادەنێن، بە گرنگی دەزانین هەڵبژاردنی ئەو
حكومەتە محەلییە لەرێگای هەڵبژاردنێكی پاك و
نەزیهەوە بكرێت، ئێمە وەك حزیی زەحمەتكێشان
پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر هەر ئاستێك بێت،
پشتگیری دەكەین و بەشداریش دەبین.
ئێمە هاوپەیمانیمان زۆر تاقیكردەوە، بەداخەوە
هاوپەیمانی بۆ ئێمە بەس ئەرك بووە نەك ماف، بۆ
عێراق ئێمە بەشداریمان كرد لەگەڵ پارتی و
یەكێتی بەئەركی خۆمانزانی، بەڵام من لێرەدا
پرسیارێك دەكەم ئایا زەحمەتكێشان واجبی ئەوەیە
دەنگ بۆ پارتی و یەكێتی كۆبكاتەوە؟! ئێمە
رووبەڕوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی
گلەییمان لێكرد، ئەو هەموو پۆستە بۆ لەبەغدا
تەنیا دەبێت پارتی و یەكێتی پڕی بكەنەوە؟ ئێمە
لەهەر چوار پارێزگای كوردستان نوێنەرمان
هەبوو، دەنگمان كۆكردەوە، باشە ماقوولە لەو
هەموو پۆستانە لەبەغدا هیچ پۆستێك بۆ ئێمە
نەبێت؟! ئەگەر حیسەی كوردە دەبوو بۆ ئێمەش
هەبووایە، ئەگەر حیسەی پارتی و یەكێتیشە ئەوە
نەدەبوو ئێمە دەنگمان بۆ كۆبكردنایەتەوە، بۆیە
تەحالوفات بەنیسبەت دەسەڵاتەوە بۆ ئێمە جێگای
هەڵوێستەیە. بۆیە ئێمە خۆمان بۆ لیستێكی
سەربەخۆ ئامادەكردووە لەگەڵ كەسانێكی
سەربەخۆدا، ئێمە سیقەشمان بەخۆمان هەیە كە
بتوانین ئەنجامێكی باشمان هەبێت.
سڤیل: رایەك هەیە دەڵێت زەحمەتكێشان بەردەوام
بەرەو بچوكبوونەوە دەچێت؟
بەهمەن حوسێن: نا، بەبڕوای من بچوكبوونەوە
لەژمارەدا نییە، بەڵام حیزبایەتی لەم وڵاتەی
ئێمە تووشی قەیرانێكی خراپ بووە، حیزبی گەورە
لەپێش حیزبی بچووكەوە تووشی قەیران بووە،
بەڵام حیزبە گەورەكان هەندێك مقەویاتی
لەبەردەستدایە، ئەگەرنا ئەویش حاڵیان حاڵی
حیزبە بچوكەكان دەبوو. پاشان ئێمە ئەو وەزعەی
ناوخۆی خۆمان كە ماوەیەك پەكی خستین ئێستا
تەجاوز كردووە، پێموایە ئەو وەزعە بۆ ئێمە
سەلیمە، حیزبێك بتوانێت كێشەكانی خۆی تەجاوز
بكات، ئایە ئەوە باشە بەهەموو كێشەكانتەوە
بەردەوام بێت یان هەوڵبدەیت تەجاوزی كێشەكانت
بكەیت؟ وای نابینم ئەگەر دەنگت نەهێنا حیزب
نیت، لە شاخ نە دەنگ هەبوو، نە هەڵبژاردن،
ئێمە ئەو كاتە حیزب بووین.
سڤیل: بەڵام بۆ بەشداریت لە هەڵبژاردن دەنگ
گرنگە؟
بەهمەن حوسێن: بەڵێ بێگومان دەنگ گرنگە، چەند
خولێكی هەڵبژاردن كراوە لەكوردستان ئێمە لە
1992 لەگەڵ یەكێتی لیستێكی هاوپەیمانیمان پێك
هێنا، چوینە پەرلەمان بەسێ كورسی لە 2005
زەحمەتكێشان بەتەنیا لەگەڵ چەند كەسایەتی
سەربەخۆ بەشداری كرد، دەنگی زیاتر لەكورسیەكی
بەدەستهێنا، زۆریش باشە، ئەوە پێش دروستبوونی
ئۆپۆزسیۆن، لەهەڵبژاردنی 2009 ئێمە
لەهاوپەیمانی چەپەكاندا توانیومان نوێنەرێك
بنێرینە پەرلەمان كە ئەوە نوێنەری ئێمەش و
شیوعیش و ئەوانی دیكەش بوو.
سڤیل: زۆر جار دەگوترێت ئەو حیزبانەی كە
ئینشقاقیان تێدەكەوێت دوای ئیشیقاقەكە لەبری
ئامانجە گەورەكان سیاسەتیان دەبێت
بەدژایەتیكردنی یەكدی، لەئێستاشدا ئاڵۆزی و
بەیاننامەدەركردن لەنێوان ئێوەو حیزبی ئایندە
هەیە، ئێوە بۆ تەجاوزی یەكدی ناكەن؟
بەهمەن حوسێن: نەخێر ئێمە سیاسەتی خۆمان لەسەر
دژایەتیكردنی ئەوان دروست ناكەین و خۆمان
بەوانەوە خەریك ناكەین، ئەگەر بێینە سەر ئەو
وەسایەقانەی بۆ دژایەتیكردنی یەكدی
بڵاوكراوەتەوە، دەبینی 70%ی ئەوانن، ئەو
30%یەش ئێمە وەڵامی ئەوانمان داوەتەوە، وەك
چۆن هەر لەهەفتەی رابردوودا جارێكی تر وەڵامی
جەنابی كاك قادرمان دایەوە، كە دیسان
تۆمەتباری كردینەوە، باشە كەتۆ ناوی حیزبەكەت
دەگۆڕیت بۆ ئەو هەموو تۆمەتە ئاراستەی
زەحمەتكێشان دەكەیت، پاشان ئەو دەڵێت
زەحمەتكێشان پیاوی پارتییە، من دەڵێم
كەسایەتییەكانی زەحمەتكێشان ئەوەندە زەعیف نین
پیاوی پارتی و یەكێتی بن، ئەوە تۆمەتێكی
سواوە، ئەوە لەشاخیشدا ئەو تۆمەتانە
هەڵدەبەسترا و دەخرایە پاڵ یەكدی، بەداخەوە
ئەوە هەمان عەقڵیەتی رابردووە، بەقانوون
بەشەرعیەت بەزۆرینە زەحمەتكێشان لای ئێمەیە،
لەكۆمیسۆنیش ئەوەمان ساخ كردەوە، كە ئێمە
زەحمەتكێشانین، كاك قادریش ئێستا حیزبی
ئایندەی دروستكردوە، پێویستە واز لەو هێرشانە
بهێنێت.
سڤیل: رایەك باوە دەڵێت لەكوردستان جەماوەر
زۆرجار لەبری بەرنامە لەدەوری كەسایەتییەكان
كۆدەبنەوە، بەردەوامیش زەحمەتكێشان بەقادر
عەزیزەوە دەناسراو، تاچەندە لەگەڵ ئەو
رایەدایت؟
بەهمەن حوسێن: واقعی زەحمەتكێشان جیاوازە،
زەحمەتكێشان بۆ ئەوە دروست نەبوو كە یەك شەخس
هەموو شتێك بێت، ئێستاش ئێمە سكرتێرمان هەیە،
مەكتەبی سیاسیمان هەیە، بەنیسبەت ئەحزابی
تەقلیدی دەكرێت ئەو قسەیە راستبێت، بەڵام بۆ
حیزبێك خۆی بەچەپ بزانێت و رەخنە لەعەرش و
قورش بگرێت، ئەوە راست نییە، من تەمەنا دەكەم
لەناو چەپدا ئەو كەسایەتییە بەهێزانەمان
هەبووایە، كە هەمیشە بەسەركردەی خۆتی بزانی.
بەڵام لەناو چەپەكاندا ئەوە زەحمەتە.
سڤیل: ئایندەی حیزبی ئایندە چۆن دەبینی؟
بەهمەن حوسێن: حاڵی هەر حاڵی ئەو حیزبانەی
دیكە دەبێت، بەڵام كە دەستیان پێكرد بەو قسانە
دەستیان پێنەكردایە، باش بوو كارنامەیەكیان
پێشكەش بكردایەو بیان گوتایە لەسەر ئەو
تەوەرانە ئیشدەكەم، جیاواز بوایە لەو
بەرنامانەی هەموو رۆژێك لەبەرمان كردوە،
بەهەرحاڵ من تەمەنای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
سڤیل: ئەوەی تۆ دەیڵێت رای خۆتە بەتەنیا یان
رای حیزبەكەشتانە؟
بەهمەن حوسێن: تەسەور ناكەم رای زەحمەتكێشانیش
جیاواز بێت لەوە، تەمەنا دەكەین چۆن
پەیوەندیمان لەگەڵ سۆسیالیست و شیوعی و ئەو
حیزبانە هەیە، هەمان پەیوەندیمان لەگەڵ
ئایندەو ئەو رەفیقانەی خۆشمان هەبێت باشە.
سڤیل: قادر عەزیز وەك كەسایەتی پێشتر زۆر
گرنگی پێدەدەرا، بەڵام لەئێستادا وا
دەردەكەوێت ئەستێری بەرەو لاواز بوون دەچێت
هۆكاری ئەوە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
بەهمەن حوسێن: پێمخۆش نییە باسی ئەو كێشانە
بكەین، ئەزموونی زۆرمان لەسیراعاتدا هەیەو
ئاخیرەن هەر دەبێت پێكەوە دابنیشین، بۆیە ئێمە
ئومێدمان دەكرد لەو راگەیاندنەی ئایندەدا شتی
نوێمان ببیستایە، نەك بێن دیسان كۆمەڵێك قسەی
سواو دووبارە بكرێتەوە. |