|
سڤیل:
شێروان ئیبراهیم
ئەندامێكی شاندی ئەنجوومەنی سوری وردەكاری
كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی باس دەكات
ئەندامێكی ئەو شاندەی ئەنجومەنی سوری كە
سەردانی سەرۆكی هەرێمی كردبوو، باسی وردەكاری
كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی دەكات و ئەوەش
ئاشكرا دەكات، كە یەكێك لەئامانجەكانیان
ئەوەبووە، كە بارزانی هەوڵبدات ئەنجومەنی سوری
و ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لەیەكتر نزیك
بكاتەوە.
رۆژی 11/1/2012 شاندێكی ئەنجومەنی نیشتمانی
سوری بەسەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەن د.بورهان
غلیوون سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو
چاویان بەسەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی كەوت،
لەسەرەتادا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەبارەی ئەم
سەردانە و ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی
بڵاونەكرایەوە، تاكو شاندی ناوبراو گەیشتە
توركیا و راگەیێندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا
بەشێك لەناوەڕۆكی سەردانەكەیان ئاشكراكرد،
.د.عەبدولباست سەیدا ئەندامی دەستەی
جێبەجێكاریی ئەنجومەنی نیشتمانی سوری كە
سیاسەتمەدارێكی كوردە و یەكێك بوو لەئەندامانی
شاندەكە، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (سڤیل)
گوتی "ئێمە لەسەر داواكاری سەرۆكایەتی هەرێمی
كوردستان سەردانی هەولێرمان كردو پێشتریش
هەوڵمان داوە سەردانی سەرۆك بارزانی بكەین،
چونكە پێمانوایە مەرجەعییەتێكی كوردییەو
لەهەمان كاتیشدا كورد پێكهاتەیەكی سەرەكیی
سوریایە، هەروەها دیارە سەركردایەتی هەرێمی
كوردستانیش كارێكی سیاسیی زیرەكانە دەكەن و
نایانەوێت لەگۆڕانكارییەكانی ئێستای ناوچەكە
دووربن، بەتایبەتی سوریا كە وڵاتێكی دراوسێیەو
خاڵی دووەمیش ئێمە پێمان خۆش بوو لەنزیكەوە
ئاگاداری هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی
كوردستان بین لەبارەی شۆڕشی سوریا، نەك وەكو
مالكی یاخود هەندێ لایەنی دیكەی عێراقی كە
تائێستا پاڵپشتی رژێمی سووری دەكەن". سەیدا
لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) باسی لەوەكرد كە
سەرۆكی هەرێم لەكۆبوونەوەكەدا پشتگیری خۆی بۆ
شۆڕشی گەلی سوریا راگەیاندووە و هیواشی خواست
سوریا ببێتە وڵاتێكی دیموكراسی و هەمەلایەن و
تێیدا مافی هەموو پێكهاتەكان بە كوردەوە
پارێزراوبێت و بەتوندی هەڵمەتی كوشتنی خەڵكی
سڤیلی لەسوریا شەرمەزاركرد، بە گوتەی سەیدا،
سەرۆكی هەرێم دووپاتی لەوە كردۆتەوە كە لەچەند
هەفتەیەكی داهاتوودا پەیوەندیی نێوان هەرێمی
كوردستان و ئەنجومەنی نیشتمانی سوری بەهێزتر
بكرێت.
عەبدولباست سەیدا ئامانجێكی گرنگی سەردانەكەی
ئەنجومەنی سووری ئاشكراكرد، كە ئەوەیە
ئەنجومەنی سووری لەڕێی سەرۆك بارزانییەوە
دەیەوێت هەوڵ بدات ئەنجومەنی نیشتمانی
كوردەكانی سوریا (كە بریتیە لە 11 حیزب و
چەندین رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی) بیهێنتە
ناو كوتلەی كوردیی سەر بە ئەنجومەی سوری،
سەیدا گوتی "ئێمە بەهیواین ئەنجومەنی كوردیش
بێتە ناو ئەنجومەنی سوری و پێشتریش كۆبوونەوەی
دووقۆڵیمان سازكردووە و هەروەها پرۆژەیەكی
هاوبەش لەنێوان هەردوو ئەنجومەندا پێشنیاز
كراوەو لەوانەیە بەم نزیكانە شتێكی بەرچاو بۆ
كاری هاوبەش هەبێت و ئەنجومەنی كوردی ببێتە
بەشێك لەئەنجومەنی سوری".
سەیدا باسی لەوەكرد كە ئەوان وەك شاندەكە
داوایان لەبارزانی كردووە كە كۆنفرانسێكی گشتی
بۆ كوردەكان لەهەولێر بكرێت، چونكە سەیدا
پێیوابوو، ئەنجومەنی نیشتمانی كورد نوێنەری
سەرجەم كوردی سوریا نییە، لەبارەی ئەوەی
دانیشتنەكەی شاندی ئەنجومەنی سوری لەگەڵ
بارزانی نیمچە نهێنی بووە، سەیدا گوتی "زیاتر
دانیشتنەكە بۆ رێكخستنی كارەكان بوو، دواتر
ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم
رامگەیاند، لەوانەشە لەداهاتوویەكی نزیكدا
بەفەرمی سەردانی سەرۆكی هەرێم بكەینەوە".
لەلایەكی دیكەوە ئەوەی دیاریشبوو تا ئێستا
ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی هەڵوێستێكی فەرمی
لەبارەی سەردانەكەی ئەنجومەنی سوری
بڵاونەكردووە، بەڵام لەلێدوانێكی تایبەتدا
ئەندامی سەركردایەتی ئەنجومەنی كوردی (كۆمیتەی
هەرێمی كوردستان) د.كاوا ئازیزی بۆ (سڤیل)
باسی لەوە كرد كە ئەوان نایانەوێت ئەنجومەنی
كوردی لەناو ئەنجومەنی سوریدا بتاوێتەوەو
ئامادە نین بەشێك بن لەئەنجومەنی سوری، بەڵام
لەهەمان كاتیشدا ئامادەن هەماهەنگی و هاوكاری
لەگەڵ یەكتری بكەن بۆ داڕشتنی خشتەی داهاتووی
سوریا، د.كاوا ئازیزی كە ئەندامی سەركردایەتی
پارتی ئازادی كوردیی سوریایە، ئەوەشی خستە
ڕوو، ئەنجومەنی كوردی بڕیاری داوە، هەر حیزبێك
یاخود هەر كەسایەتییەكی ناو ئەنجومەنی كوردی
ئەگەر هاتوو ئەندام بێت لەهەر لایەنێكی
ئوپۆزسیۆنی سوری (واتە ئەنجومەنی نیشتمانی
سوری یاخود دەستەی هەماهەنگی نشتیمانی
سوری...هتد) ئەوا دەبێت ئەندامیەتی خۆیان
رابگڕن و تەنها لەناو ئەنجومەنی كوردیدا كار
بكەن، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی كوردیش لەلایەن
خۆیەوە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتووی كوردی كار و
هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئوپۆزسیۆنی
سوریدا بكات، د.ئازیزی گوتی "ئێمە بەپێی
بڕیاری سەركردایەتی ئەنجومەنی كوردی ئامادەین
كار لەگەڵ هەر لایەنێكی سوریدا بكەین،
بەمەرجێك دان بە مافە ڕەواكانی كورد لەسوریا
بدات و مامەڵەمان لەگەڵدا بكات وەكو كوتلەیەكی
كوردی نەك پاشكۆ، وا دیارە ئەنجومەنی سوری
هەوڵی چڕوپر دەدات هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی
كوردی بكات".
زۆربەی چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەكەن، كە
هەوڵەكانی بارزانی بۆ ئەوەیە كە ناوبژیوانی
بكات لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانی سوری و
ئەنجومەنی كوردی، كاوا ئازیزی لەو بارەیەوە
گوتی "ئەوە مافێكی سروشتییە بۆ كوردی سوریا و
هەر سێ پارچەی دیكەی كوردستان كە مامەڵە لەگەڵ
سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان و كاك
مەسعود بكەن وەكو مەرجەعییەتێك بۆ گەلی كورد،
چونكە عەرەبی سوریاش پێیان وایە مەرجەعییەتیان
لەمیسر یاخود لەعەرەبستانی سعوودیە....هتد
هەیە و هەروەها ئومێدەواریشین كە هەرێمی
كوردستان پشتگیر دەبێت بۆ كوردی سوریا
بەرامبەر هەر ئەگەرێكی مەترسیدار كە
لەداهاتوودا دژایەتی بۆ پرسی كورد لەكوردستانی
سوریا بكات". لەبارەی سازدانی كۆنفراسی
هەولێریش بۆ (كوردەكانی سوریا لەدەرەوەی وڵات)
كە وەك پێشنیارێك لەلای بارزانی باسكراوە،
كاوە ئازیزی گوتی "پێش دامەزراندنی ئەنجومەنی
نیشتیمانی كوردی لەسوریا كارێك دەكرا بۆ
سازدانی ئەم كۆنفراسە لەهەولێر و بە پاڵپشتی
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی
كوردەكانی سوریا لەدەرەوەی وڵات بتوانن
پشتگیری لەگەلەكەیان بكەن لەناو كوردستانی
سوریادا بەتایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا،
بەڵام تایبەت بەلایەنەكانی ئەنجومەنی
نیشتیمانی كوردی نییە و بۆ هەموو لایەنە
كوردییەكانی سوریا دەبێت لەدەرەوەی وڵات".
ئیبراهیم موراد چالاكوان لەكۆمەڵەی گەنجانی
كورد–سوریا بۆ (سڤیل) گوتی "تا ئێستا
ئەنجومەنی كوردی بەشێوەیەكی جیددی داوای
روخانی رژێمی بەشار ئەسەدی نەكردووەو
لەهەمانكاتیشدا ئەنجومەنی سوری زیاتر گوزارشت
لەداوكاری و ئاواتەكانی شۆرشگێرانی سوریا
دەكات". ئیبراهیم موراد لەبارەی سەردانەكەی
شاندی ئەنجومەنی نیشتمانی سوری بۆ هەرێمی
كوردستان گوتی "بەڕاستی هەنگاوێكی زۆر
ئەرێنییەو دیارە كە هەرێمی كوردستان هەوڵ
دەدات رۆڵێكی سیاسیی هەبێت لەگۆڕانكارییەكانی
ناوچەكەدا، بەتایبەتی ناوچەیەكی دراوسێیە
لەگەڵ سوریا و پەیوەندییەكی نەتەوەیشی هەیە
لەگەڵ كوردەكانی سوریا". موراد هیواشی خواست
سەرۆكی هەرێمی كوردستانی فشارێك بخاتە سەر
ئەنجومەنی كوردی بۆ ئەوەی كار لەگەڵ ئەنجومەنی
سوری بكات، چونكە پێیوایە ئەنجومەنی سوری
چوارچێوەیەكی گشتییە بۆ گەلی سوریا و نابێت
كورد تێیدا بێ بەش بێت، گوتی "لەحاڵیحازردا
چەندین حیزب و كەسایەتی و رێكخراوەكانی لاوانی
كوردی لەناو ئەنجومەنی سوریدا هەن و پێیان
دەگوترێت كوتلەی كوردی لەئەنجومەنی سوری، بۆیە
ئەگەر ئەنجومەنی كوردیش لەگەڵیان كار بكات زۆر
باش دەبێت".
|