|
سڤیل:
پارتی پەنا بۆ سەرمایە رەمزییەكەی نێچیرڤان
بارزانی دەبات و یەكێتیش بۆ ئەزموونی شەش
مانگی عیماد ئەحمەد
دواجار پارتی كەسایەتییە هەرە بەهێز و
دەستڕۆیشتووەكەی خۆی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت
كاندید كردەوە، پێدەچێت یەكێتیش عیماد ئەحمەد
كاندید بكاتەوە، كە شەشی مانگی كۆتایی كابینەی
پێنجەم جێگری سەرۆكی حكومەت بوو، چاودێران و
شرۆڤەكارانی سیاسیش بۆچونیان وایە، كەسایەتی
بەهێزی نێو حیزبەكان لەكاتی وەرگرتنی
بەرپرسیاریەتی لەنێو حكومەت، كاریگەری
گەورەیان دەبێت لەسەر ئەداو بەڕێوەبردنی
حكومەت و ئاسانتر بەسەر كێشەو گرفتەكانی
بەردەم كابینەكەیدا زاڵ دەبێت.
سێشەمەی رابردوو لەڕاگەیەنراوێكی
رۆژنامەنوسیدا وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی
دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، نێچیرڤان
بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رەزامەندی لەسەر
وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت دەربڕیوە.
ئەم لێدوانەی وتەبێژەكەی پارتی لەكاتێكدا بوو،
كە لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە چەندین جار ئەوە
بڵاوكرایەوە كە ئەگەری زۆرە پارتی كەسێكی تر
لەبری نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە كاندید
بكات، ئەگەر هاتوو ئۆپۆزسیۆن بەشداری حكومەتی
داهاتوی نەكرد. بەڵام زۆر لەچاودێرانیش
پێیانوابوو پارتی ئەگەر بیەوێ ئەزمونێكی باشتر
پێشكەش بكات لەكابینەی پێشوو، ئەوا دەبێت
نێچیرڤان بكاتەوە سەرۆكی حكومەت، بەو پێیەی
تەجروبەیەكی زۆر و سەركەوتووشی هەبووە لەبواری
حوكمڕانیدا. وەك سلێمان عەبدوڵڵا یونس،
ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی لەگۆشە
هەفتانەییەكەی خۆیدا لەڕۆژنامەی هاوڵاتی
دەنوسێت "هەر چەندە ترسی پارتی لەكاندیدكردنی
نێچیرڤان بارزانیدا ترسێكی رەوایە، بەڵام
دیسان تاكە كاندید كە بتوانێ شوێنەكەی دكتۆر
بەرهەمی پێ پڕ بكاتەوە، هەر نێچیرڤان
بارزانییە".
كابینەی شەشەم كە تا ئێستاش بەردەوامە،
كابینەیەكی پڕ كێشە بوو، كێشەكان هەندێكیان
پەیوەندییان بە بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك
هەبوو، بەشی زۆری كێشەكەش لەنێو هەناوی
كابینەكەدا بوو، چ لە ئەداكردن، چ لە واقیعی
دوو ئیدارەیی، چ لەپێكهێنەرەكەی، چ لەو
ململانێیانەی كە لەنێو حیزبی سەرۆك وەزیراندا
هەبوو، چ لە پێگەی كەسایەتی سەرۆك وەزیران
لەنێو حیزبەكەیدا، هەر چەندە ئەویش جێگری
دووەمی سكرتێری گشتییە، بەڵام لەرووی
تەنزیمییەوە ئەو پێگەیەی نییەو جەمسەرە
بەهێزەكانی ناو یەكێتیش نەك هاوكاری نەبوون،
زۆرجار كێشەشیان بۆ دروست كردووە، ئەوەش
لەنامەكەی خۆیدا بۆ تاڵەبانی سەرۆك وەزیران
ئاشكرای كردبوو.
ئێستا لە سەروبەندی گۆڕانكاری كابینەدا،
جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆك
وەزیران وەردەگرێتەوە، هەر چەندە حیزبە
ئۆپۆزسیۆنەكان رایانگەیاندووە، كە گۆڕینی
كەسەكان هێندەی گۆڕینی سیستەمەكە گرنگ نییە،
بەڵام هەندێ لەچاودێرانی سیاسی بەهێزی و پێگەی
نێچیرڤان بارزانی لەنێو حزبەكەی بە هۆكارێك
دەزانن، كە توانای زاڵبوون بەسەر كێشەكانی
بەردەم كابینەكەیدا زیاتر دەكات.
رۆژنامەنوس ڕێبوار كەریم وەلی بەپێچەوانەی
ئەوانەی كە پێیانوایە گۆڕینی كەسەكان رۆڵیان
نیە و دەبێت سیستم بگۆڕدرێت، ئەو بۆچونی وایە
ئەوە كەسەكانە سیستم دروست دەكەن و دەگۆڕن،
ئەو گوتی "سیستم شتێك نیە لەدەرەوەی توانا و
بەهێزی كەسەكان، ئەگەر مرۆڤگەلی بەهێز و
لێهاتوو هەبن، دەتوانن سیستمی بەهێز دروست
بكەن".
ئەو ڕۆژنامەنوسە جەخت لەسەر توانا و متمانە
بەخۆبوونی ئەو كەسانە دەكاتەوە، كە سیستم یان
حكومەت بەڕێوە دەبەن، پێشیوایە ئەوانەی
كەسایەتییەكی لاوازیان هەیە ناتوانرێت چاوەڕێی
بڕیاری بەهێز و جەریئیان لێ بكەیت، زیاتر گوتی
"ئەگەر تۆ كەسایەتیێكی بەتوانا و قودرەتمەند و
جەریئت هەبوو، چاوەڕێی ئەوەشیان لێ دەكەیت كە
بڕیاری سیاسی بدات، بڕیاری رادیكاڵ بدات،
بڕیارێك بدات كە ئەنجامەكەی قبوڵ بكات، خۆی
لەپشت هیچ دامەزراوەیەكەوە نەشارێتەوە و هیچ
بیانویەك بۆ كارەكانی نەهێنێتەوە".
رێبوار كەریم وەلی لەنمونە هێنانەوە بۆ
قسەكانی گەڕایەوە بۆ مێژوو، نمونەی شارل دیگۆل
سەرۆكی پێشوی فەرەنسای هێنایەوە كە چۆن وەك
كەسایەتیەكی بەهێز و قودرەتمەند، بەبڕیارە
جەریئەكانی فەرەنسای نوێی لەدوای شەستەكانی
سەدەی ڕابردوەوە دروست كردەوە، كە چۆن توانی
هەموو لایەنەكان بە ڕاست و چەپ و
ئۆپۆزسیۆنەوە، بەشدار بكات لەحكومەت و
حكومەتێكی بنكەفراوانی نیشتمانی پێكدەهێنێت.
بۆ هەرێمی كوردستانیش گوتی "بەداخەوە لەدوو
ساڵی ڕابردوو لەكوردستان حكومەتێكمان هەبوو كە
هەموو كەسایەتیەكانی لاواز بوون، ئیرادەی
سیاسی نەبوو، حكومەت لەكەسانێكی لاواز
پێكهێنرابوو كە بەجۆرێك بوو خەڵك هەستی بە
بوونی حكومەت نەدەكرد، خەڵك هەستی بەهەیبەت و
قورسایی حكومەت نەدەكرد، ئەوەش ئەنجامی
ئەوەبوو كەسایەتی لاواز لەحكومەتەكەدا بوو،
متمانەیان بەخۆیان نەبوو، بڕیاری سیاسیان پێ
نەبوو". رێبوار گوتیشی "ئەو گۆڕانكاریەی
بڕیارە لەحكومەتدا بكرێت، دەتوانێت ئەو
متمانەیە بگێڕێتەوە بۆ حكومەت، كە لەدوو ساڵی
رابردوودا لەدەستی دابوو".
هەرێمی كوردستان لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991
و ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی
1992، شەش كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی
دروست كردوە، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوو
حەوتەمین كابینەی حكومەت لەلایەن نێچیرڤان
بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی
كوردستانەوە پێكبهێنرێت.
دكتۆر سەردار قادر سەرۆكی بەشی زانستە
سیاسییەكان لەزانكۆی سلێمانی بڕوای وایە، ئەو
كەسەی لەنێو ئەو حزب و مەنزومەیەی كاری تێدا
دەكات كەسێكی بەهێز و خاوەن پێگەبوو،
لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات و حكومەتدا ڕەنگ
دەداتەوە.
دكتۆر سەردار قادر بەهێزی توانای
كەسایەتیەكانی نێو حزب بۆ كاری دەوڵەتداری و
بەڕێوەبردنی حكومەت بە گرنگ دەزانێت، بەڵام
پێشی وایە پانتاییەكی زۆر دەمێنێتەوە بۆ ئەو
زەمینەیەی كەسە بەتواناكان كاری تێدا دەكەن،
بۆ بەهێزكردنی بۆچونەكانیشی نمونەی نێچیرڤان
بارزانی هێنایەوە، بۆ ئەوەش گوتی "كابینەی
پێنجەم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد،
ئیجابیاتی زۆرتر بوو لەو كابینەیەی دوای ئەو
هات، ئەویش بۆ ئەو زەمینەسازیە دەگەڕێتەوە كە
لەبەردەم نێچرڤان بارزانیدا هەبوو".
بۆ زەمینەی داهاتوی كاركردنی نێچیرڤان
بارزانیش لەسەرۆكایەتی حكومەتدا، گوتی
"بارزانی یان دەبێت بەشێوازێكی تاكلایەنەو بە
پشت بەستن بەخۆی حكومەت بەرێت بەڕێوە، یان
دەبێت كارێك بكات لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەنێو
حكومەتدا جێ بكاتەوە، ئەوەش دەكەوێتەوە سەر
ئەوەی نێچیرڤان بارزانی چەند ڕازیە ئەجێندای
ئۆپۆزسیۆن جێبەجێبكات، كە ئەمە داوایەكی
سەرەكی ئەوانەو هەر لەسەرەتاشەوە داوایان
كردوە، ئەمە دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژانی داهاتوو و
كە تێیدا هەموو شتێك روون دەبێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی لەكابینەی چوارەم و پێنجەمی
حكومەتی هەرێمدا سەرۆك وەزیران بووە، ساڵی
2009 دوای چوار ساڵ سەرۆكایەتیكردنی كابینەی
پێنجەم، حكومەتی رادەستی دكتۆر بەرهەم ساڵح
كردەوە، كە بەپێی ڕێكەوتنامەی ستراتیژی
نێوانیان دوو ساڵ جارێك سەرۆكایەتی حكومەت و
پەرلەمان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئاڵوگۆڕ
دەكرێت.
دكتۆر ساڵح مەلا عومەر چاودێری سیاسی و
مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆی
سەڵاحەدین، هەمان بۆچونی دكتۆر سەرداری هەیە
لەمەڕ كاریگەری كەسایەتی بەهێزی نێو حزبەكان
بۆ بەڕێوەبردنی حكومەت.
ئەو بۆچونەشی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە جگە
لەوەی كەسایەتی بەهێزی نێو حزبەكان خاوەن
ئیرادەو بڕیاری خۆیانن، هاوكات پشتگیری و
پشتیوانی سەركردایەتی و ئەندامانی حزبەكەیان
بە پێویستیەكی گرنگی سەركەوتنی ئەو
كەسایەتیانە دەزانێت، گوتی "نێچیرڤان بارزانی
جگە لەوەی جێگری سەرۆكی پارتیە و كەسایەتیەكی
بەهێزی ئەو حزبەیە، هاوكات لەلایەن
سەركردایەتی و كادرانی خوارەوەی حزبەكەی
پشتگیریەكی تەواو بۆ كارەكانی هەیە، بەڵام
دكتۆر بەرهەم بەو شێوەیە نیە، راستە دكتۆر
بەرهەمیش جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیە، بەڵام
لەناو خودی حزبەكەی خۆیەوە دژایەتی دەكرا،
بۆیە شانسی سەركەوتنی بارزانی لەهی دكتۆر
بەرهەم زیاترە لەسەرۆكایەتیكردنی حكومەتدا".
بۆیە ئێستا بە پێویست دەزانرێ كە هەردوولا بۆ
ئەزموونی كابینەی پێنجەم بگەڕێنەوە، پارتی
هەنگاوی بەو ئاراستەیە نا، بەكاندیدكردنی
نێچیرڤان بارزانی، داواش دەكرێت یەكێتیش هەمان
هەنگاو بنێت، وەك سلێمان عەبدوڵڵا ئەندامی
مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی دەڵێ "یەكێتی و پارتی
دەبێت ئەو راستییە بزانن، كە ئیتر چیتر
دەرفەتی كات كوشتن و دۆش دامانیان، بەدیار
پرسی بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی
ئۆپۆزسیۆنەوە نییە. بۆیە ئیتر لەگەڵ
وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی حكوومەتدا،
بەپێچەوانەی بۆچوونەكانی میرانییەوە، پارتی
وێڕای ئەوەی دەزانێت كە حكومەت حكومەتێكی پڕ
كێشەو قەیرانی سیاسی دەبێت، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا ناچارە موجازەفە بە نێچیرڤان بارزانی
بكات و بەشێك لەو سەرمایە رەمزیەی ئەو بۆ
پارتی بەكار بهێنێت. هەرچی یەكێتیشە ئەوەی كە
لەبەردەمیدا نەماوە، بواری پڕۆڤەكردنی مەكتەب
سیاسییەكانێتی، بە پۆستە باڵاكانی حكومەتەوە.
هەروەكچۆن دیسان ئەو حزبە هەرگیز لە
هەلومەرجێكی ئاوا نۆرماڵیشدا نییە. هەتا بیر
لەڕاگرتنی باڵانسی شارگەرێتی و دەستا و دەستی
پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران، لەسەر بنەمای
جوگرافیا و سلێمانیبوون بكاتەوە. لەم رووەوەو
لۆژیك بە یەكێتـی دەڵێت، كە لەدوای دكتۆر
بەرهەم، ژیرانەترین كارێك ئەوەیە لەدەرەوەی
هەموو ئیعتوبارەكان و لەتێرمی دوو ساڵێ
داهاتوودا ئەویش، پەنا بۆ دووبارەكردنەوەی
ئەزمونە مەیدانییە شەش مانگییەكەی عیماد
ئەحمەد و پەنا بۆ هەمان تەكنیكی رێسیتبوونەوەی
حوكمڕانی بەرێت".
كابینەی داهاتوو ماوەكەی دوو ساڵەو كارنامەی
خۆیشی دەبێت، بەڵام پارتی خوازیارە لایەنە
ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەشداری تێدا بكەن، بەگوێرەی
ئەو زانیاریانەی دەست (سڤیل) كەوتوون،
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لایەنەكانی
ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر بەشداریش نەكەن، پاڵپشتی
كارنامەكەی بكەن، كە بەپێی لێدوانێكی فازل
میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی جێگەی
پاكێجەكانی چاكسازی ئۆپۆزسیۆنیشی تێدا
دەكرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش رای زۆربەی لایەنە
سیاسییەكانی وەرگرتووە، سەرچاوەیەكی نزیك
لەنێچیرڤان بارزانی بە (سڤیل)ی راگەیاند،
هەوڵەكان چڕكراونەتەوە و داواش لەزۆربەی
لایەنەكان كراوە كە بەشداری ئەو كابینەیە
بكەن، گوتی "داوا لەمامۆستا عەلی باپیر و
كۆمەڵی ئیسلامیش كراوە، كە بەشداری كابینەكە
بكەن، بەڵام ئەوان گوتیان دوایی وەڵامتان
دەدەینەوە، چونكە ئەوان وەك لایەنێكی
ئۆپۆزسیۆن سیاسەتی خۆیان هەیە و بەرنامەی
خۆیان هەیە". لەبارەی كابینەی نوێشەوە ئەو
سەرچاوەیە گوتی "كابینەی داهاتوو كابینەی
حەوتەم دەبێت و كارنامەشی دەبێت، لەكابینەی
داهاتوو گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت و بەشێك
لەوەزیرەكانی پارتیش دەگۆڕێن، بەلام جارێ زووە
ناوی ئەو كەسانە دەستنیشان بكرێت، كەبەر ئەو
گۆڕانكارییانە دەكەون".
كۆمەڵ لەوانی تر جیاوازە
بەهۆی سەردانیكردنی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی
ئیسلامی كوردستان، بۆ لای نێچیرڤان بارزانی
نیگەرانی لای لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن دروست
بووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (سڤیل)،
كاردانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی
ئیسلامی لەبەرانبەر ئەو سەردانەی ئەمیری
كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو حیزبە ئیسلامییە و
سەركردەكانی نیگەران كردووە، سەرچاوەیەكی
ئاگادار و بەرپرس لەكۆمەڵی ئیسلامی بە (سڤیل)ی
راگەیاند، ئەوان هیچ رێككەوتنێكییان نیە لەگەڵ
لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، كە كۆبوونەوە
ئەنجام نەدەن لەگەڵ لایەنەكانی دەسەڵات، ئەو
سەرچاوەیە گوتیشی "بەهیچ شێوەیەك لەو
كۆبوونەوە باسی بەشداریكردن و نەكردنی كابینەی
داهاتوو نەكراوە". هەروەها زانا رۆستایی
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵ لە وتارێكدا
ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوان جیاوازن لەدوو
لایەنەكەی تر و لەبەر ئەوەی حەساسیەتی حیزبی و
كێشەی حیزبیان لەگەڵ لایەنەكانی دەسەڵات نییە.
یەكگرتوو بەشداری ناكات
یەكگرتوو سەرەتاكانی باسوخواسی گۆڕانی حكومەت،
هەڵوێستی نەرم بوو، بەڵام رووداوەكانی بادینان
هەڵوێستی ئەو حیزبەی گۆڕی و وتەبێژەكەی
رایگەیاند كە بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكەن.
گۆڕان چی دەڵێ؟
پارتی دیموكراتی كوردستان بە باشی دەزانێت، كە
بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لەو كابینەیەدا
بكەن، بەڵام وتەبێژی بزووتنەوەكە ئاماژە بەوە
دەدات، كە ئەوان گۆڕانكاری لە روخسارەكاندا بە
گرنگ نازانن، گوتی "ئێمە پێمانوایە كێشەی
هەرێمی كوردستان، پەیوەندی بەبونیاتی سیستەمی
سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆیە
گۆڕانكاری لەكابینەكان و دەموچاوەكان كاریگەری
نابێت لەسەر گۆڕانكاری لەسیستەمی سیاسی، ئەگەر
ئێمە بە یەك دیدی هاوبەش سەیری هەموو كێشەكان
نەكەین و ئەگەر بە یەك پاكێج هەموو كێشەكان
پێكەوە چارەسەر نەكەین، چونكە دەسەڵات
لەهەرێمی كوردستان لە سێ سەرۆكایەتی و
سەرۆكایەتی دادوەری پێكدێت، بۆیە ئەگەر بە یەك
پاكێج چارەسەری گرفتەكان نەكرێت، هیچ ناكرێت،
هەروەها ئێمە كێشەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و
پۆلیسمان هەیە، كە تا ئێستا لەم هەرێمەدا
نەمانتوانیوە ئەم هێز و دامودەزگایانە بكەین،
بە هێز و دامودەزگای نیشتیمانی، ئینتیمایان بۆ
حیزب نەبێت و ئینتیمایان بۆ نیشتیمان هەبێت،
ئەمەش كێشەیەكی وای دروست كردووە، كە ئەگەر
ئەم هێزانە بێلایەن نەكەین، حكومەت ناتوانێت
گۆڕانكاری ریشەیی بكات، بۆیە پرسیار ئەوەیە،
ئایا ئەم حكومەتە بە نیازە تەنها گۆڕانكاری لە
دەموچاوەكاندا بكات، یان گۆڕانكاری لە كۆی
سیستەمی سیاسیدا بكات، بۆیە من پێموانیە بەبێ
هەبوونی نەخشە رێیەك بۆ چاكسازی گشتی، بتوانێت
چاكسازی بنەڕەتی بكات".
لەبارەی بڕیاردان لەسەر بەشداریكردن
لەكابینەكە، دكتۆر شاهۆ دەڵێت "تا ئێستا هیچ
پەیوەندییەكی فەرمیمان پێوە نەكراوە بۆ ئەو
مەبەستە، هەركاتێك هەركەسێك پەیوەندیمان پێوە
بكات، هەمان ئەو قسانەی پێدەڵێین كە ئێستا
وتم، تا ئێستا باسی ئەوەشمان نەكردووە، كە
ئایا بەشداری دەكەین یان بەشداری ناكەین".
سڤیل چەند جارێك بۆ وەرگرتنی سەرنجی فەرمیان،
پەیوەندی بە وتەبێژەكانی پارتی دیموكراتی
كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و
كۆمەڵی ئیسلامییەوە كرد، بەڵام وەڵامی
پەیوەندییەكان نەدرایەوە.
|