|
سڤیل:
كەمتر لەچوار ساڵە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك)
لەكوردستاندا خراوەتە بەكارهێنانەوە، لەماوەی
دوو ساڵی رابردووشدا هەزاران هاوڵاتی
دانیشتووی كوردستان ئەكاونتی خۆیان لەفەیسبووك
كردۆتەوەو ژیانی شەو و ڕۆژی زۆرینەی هاوڵاتیان
بەفەیسبووكەوە بەستراوە، لەئێستادا هەموو
حزبەكان جگە لەپەیجی رەسمی خۆیان و
سەركردەكانیان و دەزگاكانیان، چەندین پەیجی
سێبەریان هەیەو شەڕێكی سارد بەرامبەر یەكتری
دەكەن و توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش پێیوایە ئەوەی
بشێ و نەشێ بەشداربووانی فەیسبووك بەسەركردە
كوردستانییەكانی دەڵێن!
فەیسبووك، لەكۆمەڵایەتیەوە بۆ سیاسەت
ئەگەرچی لەبنەڕەتەوە وەك تۆڕێكی كۆمەڵایەتی
سایتی فەیسبووك خرایەكار، بەڵام ئێستا نەك
تەنها كوردستان، بەڵكو تێكڕای جیهان لەبری
هۆڵەكانی پەرلەمان و سەحنەكانی موناقەشە،
فەیسبووكیان كردۆتە مەیدانی ململانێ
سیاسییەكان، هەروەك لەشۆڕشەكانی وڵاتانی
عەرەبیدا كە بەبەهاری ئیسلامی نادەبرێت،
فەیسبووك گەورەترین رۆڵی گێڕا و گەنجانی
خۆپیشاندەر هەموو چالاكییەكانیان لەڕێگەی ئەم
تۆڕەوە دەگایاندە رای گشتی.
لەهەرێمی كوردستانیشدا لەخۆپیشاندانەكانی ساڵی
رابردووەوە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك زۆرترین
بەكارهێنەری هەیەو لەڕێگەیەشەوە ئاڵوگۆڕی
بۆچوونەكانیان دەكەن، لەفەیسبووك هەموو شتێ
دەوترێـت و هەموو شتێ بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ
ئەوەشدا زۆرترین بڵاوكراوەكان لەچوارچێوەی
سیاسەتدان و بابەتە سیاسییەكان زۆرترین
هەواداریان هەیە.
بەكارهێنەرێكی فەیسبووك بۆ (سڤیل) هێمای بۆ
ئەوە كرد، نەتوانراوە وەك پێویست سود
لەفەیسبووك وەربگیردرێت و بۆتە بار بەسەری
گەلی كوردەوە.
لەدرێژەی قسەكانیدا هیمداد جەلیل 24 ساڵ گوتی
"لەڕاستیدا بوونی فەیسبووك زۆر گرنگە بەتایبەت
لەپرسە سیاسییەكاندا، چونكە پێكهاتەی هەرێمی
كوردستان و بارودۆخی ناوچەكە دەخوازن زیاتر
ئاگارداری رەوشی سیاسی بین، لەبەر ئەوە
پێموایە ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست
بەكاربهێنرێت سودی زۆری لێوەردەگرین، بەڵام
مەخابن تا ئێستا نەتوانراوە وەك پێویست سود
لەفەیسبووك وەربگیردرێت".
سەركردە كوردستانییەكان لەفەیسبووك
ژمارەیەك رۆژنامەنوسی كورد وەك گرنگیپێدانێك
بەرامبەر بەكارهێنانی فەیسبووك و زیاتر
كرانەوەی سەركردەكان لەگەڵ جەماوەردا،
لەكەمپینێكدا داوای ئەوەیان لەسەركردەكان كرد
كە بێنە فەیسبووكەوە.
بەپێی كاتە جیاوازەكانیش سەركردە سیاسییەكانی
كوردستان پەیجی خۆیان لەفەیسبووك كردەوە،
لەئێستادا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی
كوردستان، نەوشیروان مستەفا رێكخەری
بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی
ئیسلامیی، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری
یەكگرتووی ئیسلامیی، نێچیرڤان بارزانی جێگری
سەرۆكی پارتی، بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ،
جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی، سدیق
عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی،
قادر عەزیز سكرتێری حیزبی ئایندەی كوردستان،
دەیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و
پەرلەمانتاری حزبەكان بوونەتە بەكارهێنەری
فەیسبووك و رۆژانە چالاكییەكانیان لەم
كەناڵەوە بڵاودەكەنەوە، هەروەك لەچەند
پێشهاتێكدا لەوانەش (كارەساتە كۆمەڵكوژییەكەی
شڕناخ، رووداوەكانی بادینان و كۆبوونەوەی 5
قۆڵی سەركردەكان) فەیسبووك بووە یەكەمین
كەناڵی بڵاوكردنەوەی پەیامی سەركردەكان.
بەبڕوای چالاكوانێكی فەیسبووكیش ئەمە یەكێكە
لەخاڵە بەهێزەكان كە سەركردەكان بەكراوەیی
لەگەڵ جەماوەردابن.
هێرش حەمەئەمین 29 ساڵ كە بەوتەی خۆی ماوەی 3
ساڵە بەبەردەوامی فەیسبووك بەكاردێنێت و
خاوەنی چالاكی رۆژانەیە بە(سڤیل)ی گوت
"دیاردەیەكی زۆر جوانە كە سەركردەكان
لەفەیسبووك بەشدارن و چالاكییەكانیان لەم تۆڕە
پەرەپێدەدەن، بەڵام گرنگە كە ئەم
بەشداریكردنەیان ڕەمزی نەبێت و فەیسبووك بكەنە
كەناڵێكی ئەكتیڤ بۆ گوێگرتن لەڕەخنە و
پێشنیارەكانی هاوڵاتیان".
شەڕی حزبەكان لەفەیسبووك
لەفەیسبووك هەر پێنج حزبە سەرەكییەكەو
حزبەكانیتریش بەئاگاداری مەكتەب سیاسی و
سەركردایەتییەكانیان یان بێ ئاگاداری ئەوان،
لەشەڕێكی ساردی بێزراودان. پەیجەكانی
(ڕاپەڕین، هەواڵی بەپەلە، جەزیرەی كوردی،
شەقام، ئەنجومەنی گۆڕان.. تاد) لەنمونەی ئەو
پەیجانەن كە ژمارەیەكی زۆری بەشداربوانی
فەیسبووك لەچالاكییەكانیان بەشدارن، هەروەك
بوونەتە سەكۆیەك بۆ شەڕی ئیعلامی حزبە
سیاسییەكان و توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش پێیوایە،
دیاردەكە گەیشتۆتە ئاستێك ئەوەی بشێ و نەشێ
بەشداربووانی فەیسبووك بە سەركردە
كوردستانییەكانی دەڵێن!
ڕایان عوسمان توێژەی كۆمەڵایەتی بە (سڤیل)ی
گوت "وەك چۆن دیاردەیەكی تەندروستە تۆڕی
كۆمەڵایەتی فەیسبووك بۆخزمەتگوزاری گشتی و
بەتایبەت لەبوارەكانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و
سیاسی بەكاربهێنرێت، ئاواش گرنگە بەكارهێنەری
فەیسبووك وریای نوسین و بەشدارییەكانی بێت".
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە روونیشكردەوە
"بەڕاستی دیاردەیەكی نەشیاوە، بێ ئاگاداری
خۆیان چەندین پەیج بەناوی سەركردەكانەوە دروست
دەكرێت و سوكایەتیان پێ دەكرێت، ئەوەش
لەئەنجامی نەبوونی هۆشیاری سیاسی و
كۆمەڵایەتیەوەیە".
لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی بەشداربوانی فەیسبووك
بڕوایان وایە كە فەیسبووك سودی زۆری هەیەو
نەوەیەكی هوشیار دروست دەكات، بەڵام رای گشتیش
لەگەڵ ئەوەدان پێویستە ڕێگری لەسوكایەتییەكان
بگیردرێـت و ململانێیەكی شەریفانە لەم تۆڕە
كۆمەڵایەتیەدا هەبێت.
|