|
سڤیل:
فەرماندەیەكی كورد: سوپای ئێستای عێراق سوپای
مالیكییەو بەهێزبوونی لەبەرژەوەندی كورددا
نییە
سوپای عێراق ئەمساڵ پێینایە (91) ساڵەی تەمەنی
خۆی، بەشێك لەو مێژووە بەدەر نیە
لەسەركوتكردنی گەلانی عێراق و بەتایبەت
كوردەكان، بەڵام تاڵەبانی ئەمساڵ داوای
بەهێزكردنی ئەو سوپایە دەكات، فەرماندەیەكی
كوردیش پێیوایە، بەهێزبوونی ئەو سوپایە
لەبەرژەوەندی كورددا نییە.
سوپای عێراق لە (6/1/1921) دامەرزاوە، بۆیە
ئەمساڵ ئەو سوپایە دەگاتە (91) ساڵ، سوپای
عێراق سەرەتا بەدامەزراندنی یەكەم فەوج بەناوی
موسا كازم، بنەمایەكی بۆ دانرا، كە دەگەڕێتەوە
بۆ سەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەم، كە هاوكاتە
لەگەڵ سەرەتاكانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق،
سوپا بەدرێژایی تەمەنی خۆی و بەتایبەت
لەسەردەمی كۆماریدا، دەستی نەپاراستووە
لەسەركوتكردنی گەلانی عێراق بەگشتی و كورد
بەتایبەتی، كە هەر سەردەمەو لەژێر ناوێك و
بەپاساوێك سەركوتكارییەكانی درێژە پێداوە،
بۆیە بەلای كوردەكانەوە، كە بەشێكی سەرەكی
عێراق پێكدەهێنن و زۆرترین سەركوتكارییان
دەرهەق كراوە لەلایەن ئەو سوپاوە، بەهێزبوونی
سوپای عێراق، واتە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەكان،
لەئێستاشدا سەرۆك كۆماری عێراق كە جەلال
تاڵەبانییەو یەكێكە لەو كوردە شۆڕشگێڕانەی
لەڕابردوودا دژی ئەو سوپایە جەنگاوە، داوای
بەهێزكردنەوەی سوپاكە دەكات، كە بەهۆی
داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكا و
هەڵوەشاندنەوەی سوپاكە لەساڵی (2003) لاواز
بووە، فەرماندە كوردەكان پێیانوایە سوپای
ئێستای عێراق، بەرەو بە سیاسیكردنی دەبرێت و
بەهێزبوونیشی لەبەرژەوەندی كوردا نیە.
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی
كوردستان و سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق،
لەبەیاننامەیەكدا كە بەهۆی ساڵیادی
دامەزراندنی سوپای عێراقییەوە بڵاوی كردۆتەوە،
دەڵێت "سەرباری هەوڵی دیكتاتۆرەكان بۆ لە
رێلادانی سوپاو بەكارهێنانی زۆربەی هێزەكانی
لەدەرەوەی ئامانجە نیشتمانییەكانی، بەڵام
گەلەكەمان لەسایەی سیستمە دموكراسییەكەیدا
ئێستا بەشانازیی و شكۆییەوە دەڕوانێتە هێزە
چەكدارەكانمان كە تایبەتمەندییە پیشەییەكەی بۆ
خۆی دەگەڕێنێتەوە، وەك سوپایەكی پارێزەری
سەلامەتیی گەل و دەوڵەتە دیموكراسیی و
فیدراڵیی و ئازادەكەی، شانبەشانی هێزە
ئەمنییەكانی دیكە كار دەكات بۆ كۆتاییهێنان
بەدۆخی ئەمنیی نائاسایی، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە
بگەڕێتەوە بۆ ئەركە سەرەكییەكەی خۆی وەك
هێزێكی سەربازیی پەیوەندیدار بە پاراستنی
ئاسایش و سەلامەتیی خاك و سنورەكانی ئاویی و
زەمینیی و ئاسمانیمان".
لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە "ئەمساڵ
یادی دامەزراندنەكە لەكاتێكدایە كە چەند
رۆژێكە دوایین سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكانی
ئەمریكا، بەپێی رێككەوتنێكی ئیمزاكراوی نێوان
هەردوو وڵات خاكی وڵاتەكەمانیان جێهێشت، ئەوەش
وادەكات كە بۆنەكە بایەخێكی جیاواز و تایبەتیی
هەبێت كە لەگەڵ یادكرنەوەی دامەزراندنی
سوپادا، چەند مانایەك دەبەخەشێت، هەروەك
لێپرسراوێتیی ئاڵوگۆڕ پێكراوی زۆر رووبەڕووی
سەركردایەتیی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و
حكومییەكانی گەلەكەمان دەكاتەوە، لە ریزی
پێشەوەیان كاركردنی جدییە بۆ گەشەپێدانی
توانای مەشق و پڕچەككردن و لایەنی تەكنیكیی
هێزەكانمان و پەرەپێدانی ئاستی پیشەییان كە
ئەوەش رۆڵی سوپا زیاتر بەهێز دەكات، بەوپێیەی
سوپای دەوڵەت و گەلە و دووربخرێتەوە لەهەموو
لایەنگیرییەك، تەنیا لایەنگری گەورەی نیشتمان
و كۆمەڵ بێت بە هەموو پێكهاتەو
رەنگەكانییەوە".
بەیاننامەكەی تاڵەبانی لەكاتێكدایە، كە
كوردەكان گلەیی لەپێكهاتەی ئێستای سوپای عێراق
دەكەن، چونكە هەرچەندە سەرۆكی هەیئەی ئەركانی
سوپای عێراق و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان و
بەرپرسی هەواڵگری سوپا كوردن، بەڵام وەك باس
دەكرێت، رێژەی كورد لەو سوپایەدا ناگاتە سەدا
دە، ئەمەش ناكاتە نیوەی رێژەی كورد لەعێراقی
ئێستادا.
فەرماندەیەكی كورد بەناوی عەمید خالید
باڵابەرز، كە جێگری فەرماندەی لیوای گەرمیانی
هاوبەشی سوپای هەرێمی كوردستانە، پێیوایە
سوپای ئێستای عێراق سوپای سەرجەم پێكهاتەكانی
عێراق نیە، ئەوەش دەخاتەڕوو، كە لەلایەن نوری
مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقەوە سوپا
كۆنترۆڵ كراوە، عەمید خالید دەڵێت "سوپای
عێراقی ئێستای سوپای مالیكییە، چونكە بەپێی
یاسا قائید فەیلەق و قائید فیرقە، دەبێت
لەئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر بدرێت و
بگۆڕدرێت، بەڵام مالیكی بە ئارەزووی خۆی
دەیانگۆڕێت"، خالید باڵابەرز ئەوەش دەخاتەڕوو،
كە سوپای ئێستای عێراق رێژەیەكی كەمی كوردی
تێدایە، دەشڵێت "بەم پێكهاتەیەی ئێستای
سوپاوە، ئەگەر فراوان و بەهێز بكرێت،
لەبەرژەوەندی كورددا نیە، چونكە ئێستا ئەو
سوپایە هیچ لەبەرژەوەندی كورددا نیە، ئەوان
چالاكی موژدەی خێریان دەستپێكرد لەناوچەكانی
دیالە، بەڵام موژدەی شەڕ بوو، چونكە ئەوان بۆ
داگیركردنی ناوچەی جەلەولا و سەعدییە هاتبوون
و ئەو كارەشیان كرد".
ژمارەی سوپای ئێستای سوپای عێراق دیار نیە كە
چەند سەربازە، بە بڕوای ئیبراهیم خەلو
راوێژكاری پێشووی هێزە فرە رەگەزەكان لەعێراق،
بەهێزكردن و بەهێزنەبوونی ئەو سوپایە،
پەیوەندی بە كوردەوە نیە، دەڵێت "داواكاری بۆ
بەهێزكردنی سوپای عێراق هیچ شتێك نییە كە بۆ
كورد ژیانی باس بێت، ئەو هێزە ئەگەر لاواز بێت
یان بەهێز هیچ پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بۆیە
لە بری ئەوە پێویستە باس لەبەهێزكردنی هێزی
پێشمەرگە بكرێت، لەكوردستان، كە ئەوان شورەی
پاراستنی كوردستان و عێراقن"، ئیبراهیم لە
درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی "ئێستا پێشمەرگە
داوای زیابوونی موچە دەكات و مووچەیان كەمە،
بۆیە من پێموایە مووچەی پێشمەرگە زیاتر بكرێت
باشترە نەوەك باسی بەهێزبوونی سوپای عێراقی
بكرێت، چونكە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان هەرێمێكی
سەربەخۆیە و پارستنیشی لەدەستی پێشمەرگە
دایە"، لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێت حزبی دەعوە
دەستی بەسەر سوپای عێراقی داگرتووە، ئیبراهیم
خەلۆ گوتی "من پێموایە بەسیاسەتكردنی سوپا
لەعێراق بوونی هەیە، بەڵام مەرج نییە، ئەوە
%100 بێت".
كوردەكان تا ئێستا هیوایان وایە، سوپای عێراق
سوپای سەرجەم پێكهاتەكان بێت، بەڵام بە روونی
هەست ناكرێت كە ئێستا ئەو سوپایە، سوپای
سەرجەم پێكهاتەكانە، چونكە لەلایەك
دەستبەسەرداگرتنی سوپا لەلایەن حیزبی دەعوەی
ئیسلامی كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و
لەلایەكی تریش گەڕاندنەوەی ئەفسەرە بەعسییەكان
و تەنگ پێهەڵچنینی فەرماندە و ئەفسەرە
كوردەكان، ئەو دەروازانە دەكاتەوە بە رووی
كوردا، كە بێئومێدی دەهێنن، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا كوردەكان هەر بە هیواوە دەڕوانن لەو
سوپایە.
لیوا جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی
كاروباری پێشمەرگە و وتەبێژی فەرمی هێزەكانی
پاسەوانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت "تا ئەوكاتەی
كورد لەناو سوپادا بێت، كە ئێستا لە دژی
بەرژەوەندی كورد نابێت، چونكە كورد بەشدارە
لەو سوپایە، پلە بەرزەكانی سوپا لەدەستی
كوردایە، ژمارەیەكی زۆر كورد وەك سەرباز لەو
سوپایەدا بوونیان هەیە، بۆیە تا ئەم لەحزەیە
سوپا، كورد بەشدارە تێیدا"، یاوەر ئەوەش
دەخاتەڕوو، كە رێژەی كورد لە سەدا هەشتی سوپای
عێراق پێكدەهێنێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، كە
كوردەكان هەندێك جار كێشەیان بۆ دروست دەكرێت،
دەڵێت "بەشێك لەكوردەكان پێیان باشە
لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان سەربازی بكەن،
هەروەها بەشێك لە ئەفسەرەكان لەبەر باری ئەمنی
نایانەوێت لەو سوپایە كار بكەن، چونكە رەنگە
لە رێگە ئەمنییەتیان نەبێت كاتێك لە باشوور و
ناوەڕاستی عێراق كار دەكەن، بۆیە رەنگە
لەئەمنییەتی خۆیان دڵنیا نەبن، لەلایەكی ترەوە
وەزارەتی بەرگریش رەنگە گرفتیان بۆ دروست
بكات، بەشێوەیەك كێشەی پلە بەرزكردنەوەیان
هەیە و ساڵانەی خزمەتی پێشمەرگەیان بۆ حساب
ناكرێت، هەروەها رەنگە فەرماندەكانییان
مامەڵەی وشكیان لەگەڵ بكەن، ئەمانەش هەموویان
هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی رێژەی كورد لەو
سوپایە". |