یارسانییەكانی ئێران لەبەر نەتەوە و ئایین دەچەوسێـنرێـنەوە  

 

 

سڤیل: هاوار هاواری

لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئازادی ئایینی لەو وڵاتەدا بەر تەسك بۆتەوە، خاوەن مەزهەب و ئاینە غەیرە ئیسلامییەكان رەخنەیان لەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی هەیە، لەوەی رێگایان نادات، كە ئازادانە رێوڕەسمە ئایینەكانیان ئامادە بكەن، یارسانەكانیش یەكێك لەوانەن، كە ئەو رەخنەیەیان هەیە.
یارسانییەكان لەئێراندا لەشارەكانی كرماشان و تەورێز و ناوچەی خوڕەم ئاباد و كۆدەشت و نور ئاباد و كرند و سەحنە و سەرپێڵ زەهاو و قەسر شیرین و تاران و مەشهەد و شیراز و قەزوین هەن، لەبەر ئەوەی تائێستا سەرژمێریەكی دروست نەكراوە، نازانرێت ژمارەی دیاریكراویان چەندە، بەڵام بەپێی خەمڵاندن، لەتەواوی ئێراندا نزیكی ملیۆن و نیوێك دەبن.
كەسێك بەناوی شائیبراهیمی دانیشتوی شاری كرماشان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "نزیكەی 35 ساڵ پیش ئێستا، مەزهەبەكان و ئاینەكانی تر لەئێران بەتایبەتی لەناوچە كوردنشینەكان ئازادتر بوون و دەیانتوانی بەشێوەی تەواو و رێوڕەسمی ئاینی خۆیان بكەن، بەڵام دوای شۆرشی ئیسلامی كێشەكان سەریان هەڵدا". شائیبراهیمی رووداوێكی گێڕایەوەو گوتی "یەكەمین دەستدرێژی بۆ سەر یارسانییەكان لەلایەن خومەینی بوو، كە لەدەوروبەری ساڵی 1361ی هەتاویدا بانگی رێبەرانی یارسانی ئێرانی كردو پێی راگەیاندن دەبێت واز لەدینی خۆتان بهێنن و ببنە ئیسلام، بەڵام دوای ئەوەی رێبەرانی یارسانییەكان دەڵێن ئێمە یارسانین و هەرگیز نابین بە ئیسلام، بەڵام ئەگەر بەزۆریشە باشە دەبین بە ئیسلام، بەڵام دەبین بە سوننە، نابینە شیعە، دواتر ئیمام خومەینی دەڵێت باشتر وایە لەسەر دینی خۆتان بمێننەوە، نەك ئەوەی ببنە سوننە".
شا ئیبراهیمی چەندین نموونەی هێنایەوە، كە پێیوایە لەلایەن ئێرانەوە پێشێلكارییە لە مافی یارسانییەكان دەكرێت، ئەو دەیوت لەكاتی رێوڕەسمەكاندا ئیتلاعات و پیاوە ئاینیەكانی سەر بە دەوڵەت هەمیشە دەهاتن بۆشوێنی ناو رێوڕەسمەكان و لێكۆڵینەوەیان دەكرد، بێگومان ئەوەش مەبەستیان تێكدانی ڕێورەسمەكان بوو". پێشلیكارییەكانی تر ئەوانەبوون، كە شائیبراهیمی باسیكرد، پیاوانی یارسانی لەدەربڕینی بیروبۆچوونەكانیان ئازادن نین، مەزارگەی یارسانییەكان كەلتوری ئیسلامیان بەسەر فەرزكراوە، وێنەی ئیمامی عەلییان تێدا دانراوە، یارسانییەكان كاری فەرمی دەوڵەتیان پێنادرێت، لەبەر هەندێك دابونەریتی وەك سمێل تاشین لەزانكۆكان و سەربازگەكان رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، دوای ئەو قسانەشی ئیبراهیمی گوتی "لەڕووی كۆمەڵایەتی ئەگەر كورد دەرەجە دوو بێت لەئێران، ئەوا یارسانییەكان دەرەجە سێن. ئێمە لەئێران لەژێر فشارێكی قورس داین، رێبەرەكانیشمان لەلایەن دەوڵەتەوە گوشراون، بۆیە هەرگیز ناتوانین و رێگەشمان نادەن باس لەمافی ئاینی خۆمان بكەین".
نەسرین كە لەدایكبووی كرمانشانەو ئێستا لەستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید دەژی و كاری رۆژنامەنووسی دەكات، ئەو ئافرەتە یارسانیە باس لەوە دەكات كە لەژێر ئەو فشارە ئایینیە وڵاتی جێهێشتووە، نەسرین گوتی "ئەو كەسانەی لەدژی یارسانییەكان كار دەكەن، لەلایەن دەوڵەتەوە هان دەدرێن و پیاوی دەوڵەتن، چونكە دەوڵەت هەمیشە هەوڵی دووبەرەكی داوە لەنێو مەزهەب و ئاینەكاندا"، نەسرین پێشیوابوو كە "ئێستا یارسانیەكان زۆر لەشیعەو سوننەكان دۆستیانن و تەنانەت سەردانی مەزارگە پیرۆزەكانشیان دەكەن و رێز لەبیروبۆچونیان دەگرن". لەكۆتایی قسەكانیدا نەسرین داواكار بوو لەیارسانییەكانی ئێران و كاكەییەكانی عێراق هەوڵ بدەن رێكخراوێكی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، باوەڕیشی وابوو تاكو رێكخراویكی خۆیان نەبێت، كەس گوێ بۆ مافەكانیان ناگرێت.
هەر لەو بارەوە بەشیر ئەمیرخانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی راگەیاندنی جنبش دیموكراتی یارسان لەوڵاتی نەرویج گوتی "هۆكاری پێشێلكردنی مافی یارسانیەكان لەئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە یارسانیەكان خاوەن بیروباوەرێكی مرۆڤایەتی و كوردی رەسەن و خاوەن كلتورێكی رەسەنی كوردین، هەر بۆیە دەولەتی ئێرانیش ئەمە بە مەترسیەكی گەورە دادەنێت بۆ دواڕۆژی خۆی بۆیە نایەوێت گەشە بكات".
بەشیر ئەمیرخانی هەرچەند باوەڕی بەوە نەبوو، كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو داوایانە جێبەجێ بكات، بەڵام پێیوابوو كە دەبێت هەندێك داوا لەئێران بكرێت، ئەو گوتی "پێویستە دەوڵەتی ئێران بەر لەهەموو شتێك یارسانیەكان وەك كەمایەتییەكی ئاینی لەدەستوردا بناسێنێت و دەستەبەری تەواوی هەموو مافەكانیان بكات و هەوڵ بدات ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی یارسانیەكان باشتر بكات". گوتیشی "ئێمە وەك جنبش دیموكراتی یارسان لەدانیشتنەكانمان لەگەڵ زۆر لەدەوڵەتە ئەوروپییەكان باسی ئاینی و مافەكانی یارسانەكانمان كردووەو هەروەها هەر یارسانیەكیش هاتبێتە ئەوروپاوە لەلایەن جنبش یارسانیەوە پشتگیری لێ كراوە. دواتر بەشیر باسی لەحكومەتی هەرێم كردو گوتی داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە، كە هاوكاری تەواوی كاكەییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و مافەكانیان دەستەبەر بكەن، بەشیری ئەمیرخانی درێژەی پێداو گوتی "ئێمە باوەڕمان بە خەباتی چەكداری نییەو بەڵكو باوەڕمان بەخەباتی سیاسی و رۆشنبیری و مەدەنییە بۆ دەستەبەركردنی مافی یارسانییەكان".
جەلیلی عەباسی كە رووناكبیر و نوسەرێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، باسی لەوە كرد، كە تەنها یارسانییەكان نین لەئێران دەچەوسێنەوە، بەڵكو سەرجەم ئایینەكانی وەك زەردەشتییەكان، ئاینی بەهایی، تەنانەت مەسیحییەكانیش پێشێل كراوە. بەڵام یارسانییەكان مافەكانیان زیاتر پێشێل دەكرێت، چونكە ئەمان لایەنێكی نەتەوەیی كوردییان هەیە، لەبەرئەوە لەلۆژیكی دەوڵەتی ئیسلامیدا یارسانییەكان بەدوژمن و نەیاری خۆیان تەماشا دەكەن. دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانیش زۆر چاك دەزانن، ئەم ئاینە فەلسەفییە بنەمایەكی زۆر لەمێژینەی هەیە، تەنیا رێگەش بۆ سڕینەوەی یان كەمڕەنگكردنی لایەنە مەزهەبیەكەیە، بۆیە دەوڵەت دێت هەندی شتی نەخوازراوی خۆی و هزری ئیسلامی بەتایبەتی نزیككردنەوەی بە لای شیعەگەری پەیرەو دەكات".
جەلیلی عەباسی لەدرێژەی قسەكانیدا گوتیشی "ئامانجێكی تری دەوڵەتی ئێران چەكەرەكردن و گەشەپێدانی ئەو هزرەیە، كەوا یارسانییەكان دەگەڕێنەوە بۆ عەلی كوڕی ئەبو تالب و تێكەڵكردنیان لەگەڵ ناوی عەلی ئیلاهییەكان. كارێكی زۆر باشە كە جمبش دیموكراتی یارسان هەوڵی داوە بۆ ئەوەی ناوی "یارسان" ببرێت لەجیاتی ناوی "ئەهل حەق"، یان "عەلی ئیلاهیی" یان هەر ناوێكی تر". عەباسی پێیوابوو جگە لەیارسان هەر ناوێكی تر بۆ ئەو پەیامە گەورەیە هەڵەیە و بچوككردنەوەی پەیامەكەیە. باسی لەعەلی ئیلاهییەكان كرد، كە گروپێكی زۆر بچووكی جیاوازن لەفەلسەفە و ئاراستە و بیری یارسانییەكان". دواتر جەلیل عەباسی باسی لەیارسانەكانی باشووری كوردستان كردو گوتی "یارسانیەكانی باشوری كوردستان زۆر لاوازن لە دۆزینەوەی راستییە ئاینیەكان و دۆزینەوەی خۆیان بە بەراورد لەگەڵ یارسانییەكانی ئێران". بۆیە بەپێویستی زانی یارسانییەكان خۆیان هەوڵی ئەوە بدەن چاكتر رەسەنی خۆیان بناسێن، بۆ ئەوەی لەو هەوڵانەی رژێمی ئێران خۆیان بپارێزن، ئەو گوتی "هیوادارم ئێمە راچڵەكێین و بگەڕێین بەدوای بنەما ونبووەكانی خۆماندا وەك ئاینی زەردەشت، یان یارسانییەكان یان ئێزدییەكان، چونكە هەموومان ئەگەینەوە یەك سەرچاوەی زوڵاڵ".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com