500 ملیۆن دۆلاری بازرگانانی سلێمانی دەفەوتێت  

 

 

سڤیل: سلیمانی
ژمارەیەك بازرگانی هەرێمی كوردستان بەهۆی پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دواییەو بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئێرانەوە زیاتر لەنیو ملیار دۆلاریان لەناو دەچێت، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش باس لەوەدەكات، رووداوەكە كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر كەرتی ئابوری كوردستان. ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات، كە لیژنەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە.
بازرگانانی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیان داوەتە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەهۆی نزیكی ئەو وڵاتە لەخاكی هەرێمی كوردستان، كە لەئێستادا لەڕێگەی هەریەك لەمەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخانەوە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن.
هەرچەند كەرتی بانك لەهەرێمی كوردستان لاوازە، بەڵام بازرگانەكانی كوردستان زۆرێكیان مامەڵەكردنیان لەگەڵ وڵاتی ئێران لەڕێگەی بانكەكانی ئەو وڵاتەوەیە، تەنانەت بەشێك لەبازرگانەكان پارەكانیان لەڕێگەی بانكەكانی ئێرانەوە رەوانەی وڵاتانی دیكە دەكرد، ئەم حاڵەتەش بووەتە هۆكاری زیاتركردنی مامەڵەی ئابووری نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندییە ئابوریەكانی هەردوولای پتەو كردووە.
ئازاد حەسەن، كە یەكێكە لەو بازرگانانەی لەئێستادا پارەكەی لەلایەن بانكێكی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە وردەكاریی چۆنیەتی مامەڵەكردنی بازرگانەكانی كوردستان و ئێران رووندەكاتەوەو دەڵێت "لەچەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 گەورە بازرگانی شاری سلێمانی و دەوروبەری سەدان ملیار دۆلاریان داوەتە چەند سەرافێكی ئێرانی و لەڕێگەیەوە ئەو سەرافانەوە دراوی دۆلاری ئەمریكی لەبانكی ناوەندی ئێرانی بەنرخێكی كەمتر لەبازاڕ كڕیوەتەوە. بەڵام لەئێران شێوازی حەواڵەكردن بەو شێوە بووە، كە پارەكە بخرێتە سەر بانكی ناوەندی ئێران بەسیستەمی (ic)بۆ ئەوەی رەوانەی دوبەی بكرێت، بەڵام پێش گەیشتنی پارەكە لەلایەن بانكی ناوەندی ئێرانەوە بەبێ هۆیەكی زانراو دەست بەسەر پارەكەدا گیراوە".
هەرچەند ئەو بازرگانانە زەرەرمەندبوون و پارەكانیان تائێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراوە، پارەكانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن دەزگا پەیوەندیدارەكانیان ئاگاداركردووەتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری حكۆمەتی هەرێمی كوردستان لەڕووداوەكە ئاگاداركراوەتەوە.
حەمید عەبدوڵڵا، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاری سلێمانی بە(سڤیل)ی راگەیاند "فەوتان و دەست بەسەراگرتنی پارەی ئەو بازرگانانە بەدوو شێوە بووە بەشێكیان پەیوەندی بەخودی چەند بارزگانێكەوە هەبووە لەشاری سلێمانی و سەردەشت، بەشێكی دیكەیان پەیوەندی بەچەند بازرگانێكەوە هەبووە كە پارەكانیان حەواڵەكردووە بۆ بانكەكانی ئەو وڵاتەوە".
ئەندامەكەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كە لەهەمانكاتدا ئەندامی ئەو لیژنەیە كە بۆ لێكوڵینەوە لەڕووداوەكە پێكهێنراوە گوتی "دوای فشارە سیاسییەكان بۆ ئێران و داشكانی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریكی، ئەو سەرافانە توشی ئیفلاسبوون هەڵاتوون بۆ دەرەوەی ئێران".
هەرچەندە تائێستا بڕی ئەو پارەیە بەشێوەیەكی فەرمی نەزانراوە، كە لەو نێوەندەدا فەوتاوە، بەڵام ئەندامەكەی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، بڕی پارە فەوتاوەكەی بازرگانانی سلێمانی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە". حەمید ئەوەشی گوت "ئەو بازرگانانە كە پارەكانیان لەكوردستانی ئێران و عێراقەوە تەحویل كردووە بەشێوەیەكی یاسایی بووە، هیچ گرفتێكی تێدا نەبووە، لەئێستاشدا لەلایەن خودی ئێرانەوە دەست بەسەر ئەو پارانەدا گیراوەو لەبانكی ناوەندی ئێراندا".
هەرێمی كوردستان یەكێك لەو وڵاتە دراوسێیانەی كە زۆرترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵیدا هەیە وڵاتی ئێرانە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێشتر لەچاوپێكەوتنێكی (سڤیل) ئاماژەی بەوە كردووە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران نزیك بە 5.5 دۆلار دەبێت و لەئێستادا ئێران دوو كونسوڵگەری لەهەرێمی كوردستان هەیە ئەویش كونسوڵگەری سلێمانی و هەولێر. ئەندامەكەی لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەداواچوون باس لەوەدەكات ئەو لیژنەیەكە دروستیان كردووە، ئەنجامی باشی دەستكەوتووە پێدەچێت بتوانین لەم هەفتەیەدا بڕێك لەو پارەیە وەربگرینەوە".
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان باس لەوەدەكات، لیژنەكەیان تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی لەڕووداوەكە ئاگادارنەكراوەتەوە. بەڵام دلێر مەحمود بڕیاردەری لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان بە (سڤیل)ی راگەیاند "ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت و پارەی ئەو بازرگانانە بفەوتێت، ئەوا بێگومان گورزێكی كوشندە دەبێت بۆ سەر ئابوری كوردستان و متانە لەنێوان بارزگانانی هەرێم و ئێراندا نامێنێت و ئەوكاتە مامەڵەی بارزگانی نێوانیان كێشە و گرفتی لێدەكەوێتەوە".
پەرلەمانتارەكەی كوردستان جەخت لەوەدەكاتەوە پێویستە هەرچی زووە لیژنەی داراییی پەرلەمان و ژووری بازرگانی و یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان نامەیەك ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بكەن، بۆئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە فشار بخرێتە سەر حكومەتی ناوەند بۆ ئەوەی فشار بخرێتە سەر ئێران بۆ گەڕانەوەی پارەی بازرگانە كوردەكان، چونكە رووداوەكە تەنیای پەیوەندی بەهەرێمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەڕووداوەكانی ناوخۆی ئێرانەوە هەیە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com