عەبدولغەنی عەلی یەحیا، كارگێڕی پێشووی لقی 14 پارتی: كۆنگرەی 13 فاشیلترین كۆنگرەی پارتی بوو  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

لە دوای كۆنگرەی 13 ئەوەی پێی دەڵێن گۆڕانكاری لەناو پارتیدا رووی نەداوە و رووش نادات

لەناو پارتیدا هاوشێوەی شیعەو سونەكەی عێراقی ئەمڕۆ پۆست دابەش دەكرێت

پارتی بە تەنها رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بۆتەوە، لەكاتێكدا یەكێتیش شەریكییەتی

بۆ پارتی هەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیر زۆر لە هەڵوێستی هەندێك لایەنی نزیكی باشتر بوو

عەبدولغەنی عەلی یەحیا، ماوەی چەند ساڵێك لەناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كارگێڕی لقی 14ی موسڵی ئەو حزبە بووە، بەڵام لە ئێستادا خانەنشینكراوە، زیاتر وەك نووسەر و چاودێرێكی سیاسی لە رۆژنامەو راگەیاندنەكان بەتایبەتی لەرۆژنامەی شەرقولئەوسەت بۆچوونەكانی خۆی دەخاتەڕوو، لەو دیمانەیەدا باس لە پارتی و گۆڕانكاری لە نێو پارتیدا دەكات.

سڤیل: لەدوای كۆنگرەی 13ی پارتی، وەك هەندێك لەكادرانی ئەو حزبە و چاودێرانیش پێیانوایە هێشتا دەرئەنجامەكانی كۆنگرە بەشێوەیەكی پراكتیكی لەناو ئۆرگانەكانی حزبدا هەستی پێ ناكرێت، بۆچوونی تۆ چییە لەسەر ئەمە؟
عبدولغەنی یەحیا: ئەوەی پێی دەڵێن گۆڕانكاری لەناو پارتیدا رووینەداوە، لەڕووی ناوەڕۆك و هەم لەڕووی زاراوەشەوە، هەتا ئێستاش گواستنەوەی كەسێك لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، وەك دیاردە شتێكی زۆر تەسكە لەناو پارتی، بۆیە پێشبینیش دەكەم هیچ گۆڕانكارییەك روو نادات.
سڤیل: بۆچی؟
عبدولغەنی یەحیا: هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێستا سەیری قیادەی پارتی بكەیت، زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە، هەر ئەوانەبوون لەكۆنگرەكانی 10 و 11 و 12 مەركەزی بڕیاربوون لەناو حزب، ئەوانەشی لەدوای كۆنگرەی 13 هاتنە سەركردایەتی زیاتر هەڵبژاردەی قیادەكانی رابردوو بوون، بێگومان ئەم قسانەم دەبەستمەوە بەوەی كە ئێستا باس لەدیاردەی گەندەڵی دەكەن لەناو حكومەت و دامودەزگاكان، بەبۆچوونی من پێویستە لەناو حزبەوە دەست بەچارەسەری بكرێت، چونكە لەناو حزب گەندەڵیەكی زۆر هەیە، ئەو گەندەڵیەش رەنگی داوەتەوە بۆ ناو حكومەت.
سڤیل: بەڵام لەدوای كۆنگرەی 13، پارتی هەوڵی نەداوە، ئەو دیاردەیەی كە باستكرد چارەسەری بكات؟
عبدولغەنی یەحیا: وای بۆ دەچم لەو كاتەوەی باس لەموحاسەسە دەكەین، لەبەغدا كە زیاتر باس لەدابەشكردنی پۆست و پلە دەكەن لەنێوان سونەو شیعە و كورد، كە كەسیشیان لەیەك مورتاح نین، بێگومان لەدوای كۆنگرەی 13ی پارتیش ئەو جۆرە موحاسەسەیە دەستیپێكردووە، بەجۆرێك دەبێ یەكێك ئێزدی بێت، دەبێ نوێنەری ئێزدیش بێت، یان كەسێك مەسیحی بێت، بۆ كوردی فەیلی و سۆرانی و بادینی بەهەمان شێوە، واتە ئەوەی دەكرێت ئەمڕۆ لەناو پارتیدا هاوشێوەی شیعەو سونەكەی عێراقە كە چۆن پۆستەكان دابەش دەكرێت.
رەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت، كە پێشتر ماوەی 12 ساڵ ئەو حزبە كۆنگرەی نەبەستبوو، بەڵام بەلای منەوە كۆنگرەی 13 فاشیلترین كۆنگرەی پارتی بووە، لەبەر ئەو هۆكارانەی كە باسمكرد، چونكە هیچ كات گۆڕینی بەرپرسێكی لق یان ناوچەیەك گۆڕانكاری پێ ناگوترێ، بەڵكو گۆڕانكاری دەبێ لەئاستی سەركردایەتی و سیاسەت و ئەجێندای حزبەكەشدا بكرێت.
سڤیل: لەدوای رووداوەكانی 17ی شوبات و كێشەكانی ناوچەی بادینان بەبۆچوونی تۆ حزبێكی وەك پارتی، چۆن توانیویەتی لەگەڵ ئەم رەوشە هەڵ بكات؟ لەكاتێكدا زۆربەی فشار و ناڕەزاییەكان رووبەڕووی ئەو حزبە بوونەتەوە؟
عبدولغەنی یەحیا: پارتی نەیتوانیوە لەرێگەی قیادە و حیوارەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكات، كێشەكانیش چارەسەر نەكراون، بەلای منەوە رووداوەكانی زاخۆ ئەوەندەی ئەوە گرنگ نییە كە پارتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ئاشت ببێتەوە، دەكرێ بڵێین یەكێتی نیشتیمانیش، چونكە هەر دوو حزبەكە بەیەكەوە وڵات بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئەوەی سەیری مەشهەدەكان دەكات، پارتی بە تەنها رووبەڕووی ئەو شتانە بۆتەوەو یەكێتیش خۆی دوورەپەرێز دەگرێت، دەبوایە لایەنەكەی تریش ئەگەر پارتی كەموكورتی هەبێ لەكوردستان پێویستە حزبە هاوپەیمانەكەی بیری لێ بكاتەوەو نیوەی بۆ ئەو بگەڕێتەوە.
سڤیل: پێتوایە پارتی بیری لەوە نەكردبێتەوە، كە ئەو بە تەنیایە لە ئێستادا وەك تۆ دەڵێیت؟
عبدولغەنی یەحیا: دەبێ ئەو پرسیارە ئاراستەی سەركردایەتی پارتی بكەیت، بەڵام وای بۆدەچم تا ئێستا پارتی بە تەنیا رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بۆتەوە، هەرچەندە یەكێتی لەگەڵی جیانەبۆتەوەو لەحكومەت بەشدارن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی دەسەڵات بوونەتەوە، بە تەنیا پارتی لێی بەرپرس نییە، بەڵكو هەموو ئەو حزب و لایەنانەی كە لەناو حكومەتدان بەرپرسن، دەبوایە ئەوانیش هەڵوێستیان هەبوایە.
سڤیل: بەبۆچوونی تۆ پارتی خۆی مەبەستییەتی رووبەڕووی ئەو حزب و لایەنانە ببێـتەوە، یاخود حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان تەنیا پارتیان كردۆتە ئامانج؟
عبدولغەنی یەحیا: من هەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیر بۆ پارتی بەپۆزەتیڤ دەبینم، چونكە دەستپێشخەری و پرۆژەیەكی ئاشتەوایی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم دواییانە، بەڵام حزبەكانی تر بەو جۆرە نەبوون، هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن، بەرنامەی خۆی هەیە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی عەلی باپیر زۆر لەهەڵوێستی هەندێك لایەنی نزیكی پارتیش باشتر بوو، كەچی لایەنەكانی تر پرۆژەیەكی وایان نەخستەڕوو. بەڵام بەگشتی ئەو رەوشە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، هەموو لایەك زەرەر دەكەن.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com