|
بەپێی
هەواڵی سایتی هێسپرێسی ئەمازیغی، هەفتەی
رابردوو لەخۆپیشاندانی ئەمازیغەكانی مەغریبدا
لەشاری ریبات ئاڵای كوردستان بەرزكرایەوە و
هاوسۆزی بۆ كوردان دەربڕدرا.
سایتەكە دەڵێ ئەم كارەی ئەمازیغیەكان
كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر كوردان هەبوو،
بەتایبەت ئەوانەی لەسوریا و توركیا و ئێران
دەژین. ئەوەبوو لەخۆپیشاندانەكانی كوردەكانی
سوریادا لەبەرامبەردا و دوای ئەوە، ئاڵای
نەتەوەیی ئەمازیغەكان هاوشان لەگەڵ ئاڵای
كوردستان بەرزكرایەوە و شەكێنرایەوە. سایتەكە
وێنەی هەردوو خۆپیشاندانەكەی بڵاوكردۆتەوە.
دەبێ بڵێین ئەمازیغەكان گەلی ڕەسەنی وڵاتانی
مەغریب و جەزائیر و تونس و لیبیا و ڕۆژاوای
میسرن و بەهۆی شاڵاوی تەعریبەوە خاكەكەیان
بووەتە موڵكی عەرەب و ئێستا ئەوان وەك
كەمینەیەك دەژین كە لەسادەترین مافی مرۆڤ
بێبەشن. لەمێژوو و ئێستاشدا گەلێ كەسایەتی
ناسراویان تێدا هەڵكەوتوە، وەكو تاریقی كوڕی
زیاد و عەباسی كوڕی فیرناسی خاوەن یەكەم
بیرۆكەی فڕینی مرۆڤ و لەئێستاشدا یاریزانی
بەناوبانگی فەرەنسایی زەینەدین زەیدان.
|