|
سڤیل:
لەدیدارێكی (سڤیل)دا، ئارام قادر، سەرۆكی
لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی لەپەرلەمانی كوردستان
تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی ئێستای ئۆپۆزسیۆن و
پێشیوایە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ
وەرگرتنی كابینەی نوێی حكومەت ئەگەر بتوانێ
پشتگیری یەكێتی و پارتی بۆ پرۆسەی چاكسازی
راستەقینە وەدەستبخات، ئەوا سەركەتوو دەبێت.
سڤیل: پێتوایە بارودۆخی كوردستان بەرەو
چاكسازی بڕوات؟
ئارام قادر: تەنها سەرەتایەك دەستیپێكردووە،
چاكسازی ڕیشەیی دەبێت لەگۆڕانكاری و
هەمواركردنەوەی دەستور دەست پێبكات و دەبێت
دەستور ریفراندۆمی بۆ بكرێت، كاتێكیش باس
لەدەستور دەكرێت مەبەست لەدەستورێكی مەدەنی و
سەردەمیانەیە، نەك دەستورێك بێت بگونجێنرێت بۆ
حزبێك یان هێزێكی سیاسی، پاشان دەبێت
بەشێوەیەكی كرداری سامانی كوردستان
بەدادگەرانە دابەش بكرێت و رزگار بكرێت
لەكۆنترۆڵی حزبێك یان چەند حزبێك و هێزە
سەربازییەكانیش بەهەموو جۆرەكانەوە نابێت
لەبندەستی هیچ لایەنێكی سیاسیدا بێت، واتە
دەبێت سامان و هێز لەكوردستان رزگار بكرێن
لەحزبایەتی، ئەمە هەنگاوی گرنگن بۆ چاكسازی،
پاش ئەمانەش زەمینەسازی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات
لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگانەوە چڵەپۆپەی ئەو
چاكسازیانەیە.
سڤیل: لەكوردستان چەند هەڵبژاردنێك ئەنجام
دراون و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و
سەندیكاكان بەهەڵبژاردن ڕێكخراون، كەواتە
كوردستان گەیشتۆتە چڵەپۆپەی چاكسازی؟
ئارام قادر: بەداخەوە، مەبەستم ئەوەیە
هەڵبژاردنێكی راستەقینەیە، كە دوور
لەدەستێوەردان و ساختەكاری بێت و لەسایەی
یاسایەكدا بێت بوار و كەلێنی تێدا نەبێت بۆ
بەكارهێنانی فشاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەو
یاسایە بەجۆرێك بێت كە هەل دروست نەكات بۆ
هێزە سیاسییەكان كە بتوانن لەو كەلێنە
یاساییانەوە زۆرینە بەدەستبهێنن، بێ ئەوەی ئەو
زۆرینەیە ڕەنگدانەوەی واقیعی حزبەكە بێت، یان
واقیعی هاوڵاتیان، چونكە لەزۆر لەوڵاتە بەناو
دیموكراسیەكاندا هەڵبژاردنی شكلی ئەنجام
دراوەو زۆرینە بەدەستهێنراوە، ئەو شێوە
هەڵبژاردنانە واقیعی سیاسی ئەو میللەتانە نین،
بۆ نمونە چەندینجار هەڵبژاردن دەكرا لەتونس و
میسر و زۆرینەی ڕەها بۆ حزبە دسەڵاتدارەكان
بوو، بەڵام پاش بەهاری عەرەبی بینرا ئەو
حزبانەی یاساغ بوون لەڕابردوودا ئەوانە
زۆرینەیان بەدەست دەهێنا و دەنگ و ڕەنگی
سندوقەكان شتیكیتری خستەڕوو، جیا لەوەی كە
دەسەڵاتەكانی پێشوو بۆ خەڵكیان وێنا دەكرد.
سڤیل: وا بڕیارە لەمانگی ئەیلولی داهاتوودا
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام
بدرێت، یاساكەش لەپەرلەمان قسەی زۆری لەسەر
كرا، قسەی تۆ لەو بارەیەوە چیە؟
ئارام قادر: یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان
چەندین كەلێنی تێدایە، لەوانەش تا ئێستا
ئامارێكی تەواو و دروست نیە بۆ زانینی ئەوەی
هەڵبژاردنەكان كە لەسەر چ بنەمایەك ئەنجام
دەدرێت، تا ئێستا ژمارەی دەنگدەر ئاشكرا نیە،
هەروەك شێوەی دەنگدان لەڕووی هونەرییەوە كە
بواری زۆری تێدایە بۆ ساختەكاریو بنكەكانی
دەنگدان كێ چاودێرییان دەكات و كێ
سەرپەرشتیاری ئەو بنكانەیە و كێ پارێزگاری
سندوقەكانی دەنگدان دەكات، كە دیارە لەلایەن
دەسەڵاتەوە فەرمانبەر و پارێزەر و چاودێری بۆ
دەستنیشان دەكرێت و كراوە لەڕێگەی كۆمیسیۆنی
باڵاوە، ئەمانە هەموو كەلێن و بواری زۆرن بۆ
ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام
نەدرێت، بەڕای من هەرگیز بەم میتۆدەی ئێستا
هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕەنگدانەوەی تەواوەتی
واقیعی كوردستان دەرناخەن، چونكە سامانی
حكومەت و هێزەكان كە موڵكی گشتییە و نابێت بۆ
بەرژەوەندی حزب و لایەنێك بەكاربهێنرێت لەدەست
هەرحزبێكدا بێت، ئەو حزبە براوە دەبێت، هەروەك
هەڵبژاردنی سەندیكاكان لەكوردستان زۆربەی جار
بەرێككەوتنی پێشوەخت و بەرنامە بۆ دارێژراو
هەڵبژاردنەكان ئەنجام دراون، دەتوانین بڵێین
تەعینكردنە لەبەرگی هەڵبژاردندا، نابێت یاسا و
بنەماكانی هەڵبژاردن بەجۆریك دارێژرێت كە
بەردەوام چەند حزبێك لەدەسەڵات بن و هەمیشە
زۆرینە بهێنن و كۆمەڵێك حزبیش بەردەوام
لەئۆپۆزسیۆن بن و بەردەام كەمینە بهێنن.
سڤیل: ئۆپۆزسیۆن بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە
بارودۆخەكە بۆ مەرامی سیاسی بەكاردەهێنن،
ئەویش بۆ گەشتنە دەسەڵاتە؟
ئارام قادر: بەسەیركردنی دوو ساڵی ڕابردووی
تەمەنی، ئۆپۆزسیۆنی كوردستان ئۆپوزسیۆنێكی
مەدەنییە، هەرچەندە ئەزمونێكی تازە و بێ هەڵە
و كەموكورتی نیە، بەڵام لەڕاستیدا لەئاستێكی
بەرزی بەرپرسیاریەتی نیشتمانپەروەری و
نەتەوەییدا ململانێی سیاسی دەكات، بۆ نمونە،
ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بێ ئیتیفاق و بێ داواكردن
كاتێك لیستی شیعەكان لەبەغداد ویستیان
سوكایەتی بەسەرۆك كۆمار بكەن، بەڵام ئەندامانی
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لەكۆبونەوە
هاتنە دەرەوەو بایكۆتیان كرد، پێوستە هەر دوو
حزبی دسەڵات زۆر لەسەر ئەم هەڵوێستانە بوەستن،
ئۆپۆزسیۆنی كوردستان هەمیشە ڕێگا یاساییەكان
دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی رەخنەكانی بگرێت و
ململانێی سیاسی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەیە بگاتە
دەسەڵات، چونكە ئۆپۆزسیۆن رەخنە دەگرێت و
چاودێری دەكات و رووبەڕووی حكومەت دەبێتەوە،
بۆ ئەوەی یان حكومەت خۆی چاك بكات و چاكسازی
بكات یان ئۆپۆزسیۆن متمانەی هاوڵاتیان بەدەست
بهێنێت و ئۆپۆزسیۆن بگاتە دەسەڵات و مەرامی
هەیە ئەویش بریتیە لەململانێی سیاسی كە كێ
زۆرتر و چاكتر دەتوانێت خزمەت بەهاوڵاتیان
بكات و كێ دەیەوێت چاكسازی بنەڕەتی بكات،
بێگومان ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بگاتە دەسەڵات، خۆ
بریاری نەداوە هەتا هەتایە لەئۆپۆزسیۆن
بمێنێتەوە.
سڤیل: وەك پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن كە
چاودێربوون بەسەر كابینەی شەشەمەوە، كابینەی
شەشەمی حكومەتی هەرێم چۆن دەبینن؟
ئارام قادر: بەڕای من كێشەكانی حكومەتی هەرێم
پەیوەست نین بەكەسێكی دیاریكراو یان
كابینەیەكی دیاریكراوەوە ئەگەر پرۆسەی چاكسازی
بەئەنجام نەگەیەنرێت، جگە لەدكتۆر بەرهەمیش،
هەر كەسێكیتر بوایەو ئێستاش كە دەگۆڕێت و
دەبێتە كابینەی شەشەم و پاشان كابینەی حەوتەم
و هەشتەمیش پێك بێت وەزعەكە وەك خۆی
دەمێنێتەوە، ئەگەر چاكسازی نەكرێت، واتە تا
چەند پرۆسەی چاكسازی دوابكەوێت ئەوەندەیتر
كێشە و ئاڵۆزی سیاسی و ئیداری و ئابوری كەڵەكە
دەبێت لەكوردستان، لەو كێشانەش كە لەماوەی
ڕابردووەوە كەڵەكە بوون: نەبوونی شەفافیەت
لەداهاتەكانی نەوت و چۆنیەتی سەرفكردنی، كیشەی
داهاتەكانی تری كوردستان وەك گومرگی ئیبراهیم
خەلیل و داهاتی فرۆكەخانەكانی كوردستان،
رۆتینیاتی ئیداری لە دامودەزگاكانی حكومەتی
هەرێم، دواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگاكان، رێكنەخستنی بودجەی حزبەكان،
پێشێلكردنی مافی ڕۆژنامەنوسان و مافی مرۆڤ
لەكوردستان، بەرنەگرتن لەڕووداوەكانی بادینان
و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی پاش 17ی شوبات و
جێبەجێنەكردنی داخوازییەكانی خەڵك، نەبوونی
دەستور، مانەوەی مادەی 140ی تایبەت بەكەركوك،
ئەمانە كێشەی قوڵن و پێویستی بەئیرادەی سیاسی
هەیە، پێموایە هەركەسێك بێت لەكوردستان و
گۆڕانكاری بنەڕەتی لەسیستەمی سیاسی و ئیداریدا
ئەنجام نەدرێت جا سەرۆكی هەرێم یان ئەنجومەنی
وەزیران بێت، هیچ گۆڕانكارییەكی پێ ناكرێت.
سڤیل: پێتوایە ئۆپۆزسیۆن ئامادەبێ بەشداری
حكومەت بكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی؟
ئارام قادر: گەر ئۆپۆزسیۆنیش بەشدار بێت، حەق
وایە چەند حزبێكی تر ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونكە
بوونی ئۆپۆزسیۆن لەسیستەمی سیاسی كوردستاندا
یەكێكە لەهەنگاوەكانی چاكسازی و یەكێكە
لەهۆكارەكانی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لەهەر
وڵاتێك بوونی ئۆپۆزسیۆنە، گرنگ نیە چ لایەنێك
ببێتە ئۆپۆزسیۆن، گرنگ ئەوەیە بەردەوام
لەبەرانبەر هێزەكانی دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن هەبێت،
ئەوە هەڵەیەكی كوشندەیە بمانەوێت هەموو حزب و
لایەنەكان كۆبكەینەوە لەحكومەتدا، هەمیشە وا
پێشبینی دەكرێت گەر ئۆپۆزسیۆن بڕۆنە حكومەت
كێشەكان چارەسەر دەبێت، ئەگەر هەموو حزب و
لایەنە سیاسییەكانیش كۆببنەوە لەیەك حكومەتدا
گەر سیستەمی سیاسی چاكسازی تێدا نەكرێت و
گۆرانكاری نەبێت ئاستی گەندەڵی و پاوانخوازی
لەزیادبوندا دەبێت، كێشەی كۆنترۆڵی حزب بەسەر
حكومەت و دەستگرتن بەسەر هێز و سەروەت و
ساماندا كێشەیە نەك بەشداریپێكردنی ئۆپۆزسیۆن
لەحكومەت، چونكە هەرحكومەتێكی بێ ئۆپۆزسیۆن
دەبێتە حكومەتێكی رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی
ئیمتیازات و حكومەتێكی بێ چاودێر، هەروەك
كێشەكە لەوەدا نیە ئۆپۆزسیۆن بەشدار بێت یان
نەبێت، كێشەكە لەوەدایە تا چەند هەردوو حزبی
دەسەڵات ئامادەن دەست بەهەنگاوەكانی چاكسازی
بكەن و دەیانەوێت ئەو چاكسازییە كردارییە
جێبەجێ بكرێت، ئەو كاتە ئۆپۆزسیۆنیش ئامادەیە
بەشدار بێت لەهەنگاونان و هاوكاری و دەستكردن
بەپرۆسە چاكسازییەكە، چونكە ئۆپۆزسیۆن
دەتوانێت لەپرۆسەی چاكسازیدا بەشدار بێت و
هاوكاری و پشتگیری بكات بۆ هەنگاوەكانی
چاكسازی، ئەویش بەگفتوگۆیەكی كراوە و بەتەوافق
لەسەر هەنگاوەكانی چاكسازی لەنێوان دەسەڵات و
ئۆپۆزسیۆن بۆ نمونە مەرج نیە ئۆپۆزسیۆن
لەحكومەت بێت ئەوكاتە بگاتە ئیتیفاق لەسەر
دەستور، بەڵكو دەتوانرێت وەك ئۆپۆزسیۆن
بمینێتەوەو لەسەر دەستور گفتوگۆ بكرێت و بگەنە
كۆمەڵێك هێڵی گشتی بێ ئەوەی هیچ لایەكیان
بیانەویت دەستورەكە بۆ خۆیان بێت، بەڵكو
بكرێتە بنەمایەكی پتەو بۆ ژیانێكی مەدەنی
بەردەوام، هەروەها گفتوگۆ دەستپێبكرێت بۆ
گەیشتن بەهێڵی هاوبەش بۆ خاڵە ستراتیجیەكانی
چاكسازی و دەستبكرێت بەجێبەجێكردنی، بەڵام
گرنگ ئەوەیە گفتوگۆكان بۆ ئەوە نەبێت بگەنە
چارەسەری مام ناوەند یان دانوستان بكەن لەسەر
چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەركەوتنی حزبی
لەداهاتودا، بەڵكو هێڵە گشتییەكانی ژیانی
مەدەنی و حكومەتی مەدەنی دیار و ئاشكرایە و
پێویست بەتەفسیر و راڤەكردن ناكات، بەڵكو
گفتوگۆكە لەسەر چۆنیەتی و جێبەجێكردن و
دیاریكردنی میكانیزمەكان بێت.
سڤیل: بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی،
كاندیدی پارتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی
حكومەت وەردەگرێتەوە، پێتوایە نێچیرڤان
بارزانی بواری ئەم چاكسازییانەی هەبێت؟
ئارام قادر: بەڕای من ئەگەر نێچیرڤان بارزانی
كار نەكات لەسەر دوو تەوەرە هەوڵەكانی
سەركەوتوو نابێت، هەر چەندە پۆست و پێگەی
بەهێزیشی هەیە.
یەكەم: رازیبوون بەوەی پرۆسەی چاكسازی دەست
پێبكرێت و پشیگیری لەهەر دوو حزبی دەسەڵاتەوە
وەربگرێت، چونكە پرۆسەی چاكسازی پیوستی
بەئیرادەی ئەو هێزانە دەبێت كە لەدەسەڵاتدان و
ئەوان بەرپرسیاری یەكەمن.
دووەم: دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، چونكە زۆر ئاساییە كە
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بەردەوام بوون
لەكاری ئۆپۆزسیۆنبووندا بەردەوام بن
لەگفتوگۆكردن بۆ هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی
پرۆسەی چاكسازی، چونكە بەبێ ئۆپۆزسیۆن ئەو
چاكسازییە ناكرێت و پێویستە هەر دوو حزبی
دەسەڵات ئەو ئیرادەیە بەكاربهێنن كە دەستبكەن
بەسەرەتاكانی پرۆسەی چاكسازی، چونكە
چاكسازییەكان رزگاربونی هەموو لایەنە
سیاسییەكانە و زامنی ژیانێكی باشە بۆ
هاوڵاتیانی كوردستان بەگشتی.
|