لەهەڵەبجە بۆمبێكی كیمیایی نەتەقێنراو لەنێو بیری ماڵێكدا ماوەتەوە، مەترسی دەكرێ 7 ساڵی دیكە بتەقێتەوە  

 

 

سڤیل: عومەر عەزیز ــ هەڵەبجە

رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە: قایمقامییەت و شارەوانی هەڵەبجە كەمتەرخەمن لەدەرهێنانی ئەو بۆمبە

رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە مەترسیەكی تری بۆمبە نەتەقیوەكانی رژێمی پێشوی عێراق دەخاتەڕوو و ئاشكرای دەكات، كە تا ئێستا چەندین بۆمبی نەتەقێنراو ماوەتەوە، یەكێك لەوانەش لەناو بیری ماڵێكدایە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت كە كار لەسەر دەرهێنانی ئەو بۆمبە بكرێت.
رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە چەند ساڵێكە دامەزراوە، بەگوتەی بەرپرسەكەی زیاتر رێكخراوێكی مەدەنین و چەند گەنجێك بەشێوەیەكی خۆبەخشانە كاری تێدا دەكەن، ئامانج لەدامەزراندنیان وەك عومەر ساڵح بەرپرسی رێكخراوەكە روونیكردەوە دەرخستنی مەترسیەكانی پیسبوونی ژینگەیە تا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی ژینگەی هەڵەبجە كە تا ئێستاش ئاسەواری كیمیابارانەكەی 16/3/1988ی كە هەزاران كەس شەهید و بریندار بوون، پێوە دیارە، (عومەر ساڵح) لەبارەی كاركردنیان بۆ ئەم ئامانجە گوتی "یەكەم ئیشی ئێمە پڕۆژەیەكە بەلای خۆمانەوە زۆر گرنگە، ئەویش كەشفی ئەو شوێنانەیە كە ئەگەری بوونی بۆمبی كیمیایی لێ دەكرێت، هەر بۆ ئەوەش پسپۆڕێكمان هێنا، كە ئەندازیاری بواری مین و بۆمب بوو، لە ئەڵمانیا كۆرسی تەواو كردبوو و خۆبەخشانەش هات لەگەڵماندا و لیژنەیەكمان بۆ دروستكرد و كەشفی چەند شوێنێكمان كرد".
وەك ئەو بەرپرسەی رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە باسی دەكات، لەو پشكنینەدا گەیشتوونەتە ئەنجامی ترسناك و گوتی "بەپێی لێدوانی ئەو پسپۆڕەی كە لەگەڵمان ئیشیكردووە، هەر بۆمبێك كاتی ناوچوون و تەقینی دەگەڕێنێتەوە بۆ (30) سی ساڵ، بەڵام تا ئێستاش ئەوە بۆ 23 ساڵ دەڕوات هەڵەبجە كیمیابارانكراوە، بەڵام هێشتا بۆمب هەرماوە، بۆنموونە یەكێك لەو بۆمبانە لەناو بیری ماڵێكدایە، كەشفمانكردووە (15) مەتر لەسنووری ئاودایە و ئەگەر بێتو ئەو بۆمبە ئیش بۆ دەرهێنانەوەی نەكرێت، ئیحتیمالی تەقینی لێ دەكرێت".
عومەر ساڵح بەرپرسی رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە بەوەكالەت لەو لێدوانەیدا، ئاماژەی بەكەمتەرخەمی بەرپرسەئیدارییەكانی هەڵەبجە لەدەرهێنانی ئەو بۆمبە كە ئێستا لەناو بیری ماڵێكدایە كرد و گوتی "قایمقامییەت و هەم شارەوانیش تا ئێستا كەمتەرخەمن لەو بارەوە، بەڵام نازانین هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە، رەنگە ترسیان هەبێت لەوەی كە كارەساتێك دروست بكات، لەكاتی دەرهێنانی یاخوود تەقاندنەوەی ئەو بۆمبە، بەڵام بەبڕوای ئێمە پێویستە كار لەسەر دەرهێنانی ئەو بۆمبە بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پسپۆرەی كەپێشتر لەگەڵمان كاری كردووە، ئێستاش بەڵێنی داوە كە ئەو هاوكارمان بێت، بۆ ئەوەی ئەو بۆمبە نەتەقیوە دەربهێنین لە بیری ئاوی ئەو ماڵە، بۆ ئەوەی رووداوێك روونەدات، چونكە بەپێی لێكۆڵینەوەكان هەر بۆمبێكی كیمیایی ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت تا 30 ساڵ ماوەی تەقینەوەی بەسەر نەچێت".
عومەر ساڵح بەرپرسی رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە بەوەكالەت لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گوتی "كیمیایی مەوادێكی ژینگە وێرانكەرەو ژیان لەناو دەبات، ژینگەی هەڵەبجەش بەبڕوای من لەگەڵ مرۆڤەكاندا لەناو چووە، بۆیە پێویستە بەهەموو لایەك كار لەسەر ئەم مەترسیە بكەین، كە ساڵانێكە بەهۆی ئەو چەك و مەوادە مەترسیە رووی لەناوچەكەمان كردووە".
رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە چەند ساڵێكە دامەزراوە، (عومەر ساڵح) بەرپرسی ئەو رێكخراوە بەوەكالەت لەهەڵەبجە گوتی "ئێمە ڕێكخراوێكی مەدەنین، كۆمەڵێ گەنجی ئەم شارەین، خۆبەخشانە هاتین، لە (1/1/2009) رێكخراوی ژینگەپارێزیمان دامەزراند، ئەمەش زیاتر لەباوەڕبوونمانەوە بووە بەپاراستن و بەهای پاراستنی ژینگەی شارەكە، بۆیە لەسەر ئەو ئەساسە كارەكانی خۆمان دەكەین، هیچ حزبێكیش دەعممان ناكات".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com