پەرلەمانتارانی یەكێـتی لە بەرامبەر داوای گەڕانەوەی دەستوور نەرمی دەنوێنن  

 

 

سڤیل: هەولێر

پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن: گێرانەوەی دەستوور گرنگە، چونكە سیستمی حكومڕانی هاوشێوەی فەرەنسا بەرەو سەرۆكایەتی بردووە

سەرۆكی فراسیۆنی كوردستانی: زۆر ئاساییە دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام بە مەرج

پەرلەمانتارێكی پارتی: لەڕووی یاساییەوە بەدووری دەزانین دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان

كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ چەند ئەندامێكی یەكێتی داوای گێڕانەوەی دەستوور دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەندامێكی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە لەڕووی یاساییەوە ناكرێت دەستور بگەڕێتەوە.
60 پەرلەمانتار لەلیستە جیاجیاكانی ناو پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن، دەستووری هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە پەرلەمان، چونكە پێیانوایە دەستوورەكە لەچەند بڕگە و مادەیەكدا پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە، پەیمان عزەدین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) بەپێویستی زانی دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان و دواتر راپرسی لەسەر بكرێت، پەیمان گوتی "گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان پێش ئەوەی بخرێتە راپرسیەوە، یەكێكە لەئەركە گرنگەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە پێویستە بیكات لەبەر ئەوەی كە دەستوور جیا لەوەی كۆمەڵێك كەموكورتی هەیە لەمادەكانیان، بۆ خۆیشی ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵە هیچ راپرسییەكی لەسەر نەكراوە".
بەبڕوای (پەیمان عزەدین) داوای ئەو ژمارە زۆرەی ئەندام پەرلەمانەكان بەڵگەی ئەوەیە كە پەرلەمانتارانی كوردستان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەستوورەكە لەبەرژەوەندی یاخود لەئاست تموحی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان نەبێت.
پەیمان هەر لەلێدوانەكەیدا یەكێك لەو خاڵانەی دیاركرد، كە بەبڕوای ئەو كەموكوڕییەكە لەدەستوردا هەیە، گوتیشی "دەستوورەكە كۆمەڵێك خەلەلی گەورەی تێدایە، گرنگترینیان شێوازی حكومڕانییە، چونكە بەپێی ئەوەی لەدەستووردا ئاماژەی بۆ كراوە، بەتایبەتی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم زیاتر سیستمی حكومڕانی بەرەو سیستمی نیمچەسەرۆكایەتی دەبات، كە ئەمەش نموونەیەكە لەفەرەنساوە سەری هەڵداوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێمە هەرێمێكن لەناو عێراقی فیدڕاڵدا، بێگومان لەدەستووری عێراقیش زیاتر سیستمێكی پەرلەمانی دیاریكراوە، لەو سیستمەشدا سەرۆك كۆمار پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی كە خاوەنی پرۆژەی گێڕانەوەی دەستوورن بۆ پەرلەمانی كوردستان، روونیشكردەوە كە جگە لەكەموكوڕی هەڵەش لەناو دەستوورەكە هەیە، پەیمان گوتی "جگە لەو هەڵە یاسایەی لەنێوان پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە، هەروەها چەند هەڵەیەكی تریش لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆیە پێویستە ئەو هەڵانە بەشێوەیەكی هەمەلایەن، لەناو پەرلەمانی كوردستاندا دووبارە بەو دەستوورەدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بەر لەوەی بخرێتە راپرسیەوە".
شێروان حەیدەری لەلیستی كوردستانی لەگەڵ ئەو داوایە دانییە، كە داوای گێڕانەوەی دەستوور دەكات، بەدووریشی دەزانێت دەستووری هەرێم بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و پرۆژەی ئەو پەرلەمانتارانەش سەربگرێت، شێروان حەیدەری لێكدانەوەیەكی یاسایی بۆ داواكەی پەرلەمانتارەكان دەكات و لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) دەڵێ "من لەڕووی یاساییەوە بەدووری دەزانم جارێكی تر ئەو دەستوورە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، چونكە پێشتر بەزۆرینەی دەنگی هەموو حزب و لایەنەكان كۆدەنگیان دەربڕیوە لەبەڕێكردنی دەستور لەپەرلەمانی كوردستان، بۆیە لەرووی یاساشەوە خولی یەكەمی پەرلەمان موئەسەساتی دەستووری ئامادەكرد بۆ پەرلەمان و دەسەڵاتی چاودێری و جێبەجێكردن و سوڵتەی قەزایی لەبەر ئەوە زەحمەتە ئەو دەستورە جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان ".
لە مانگی 9ی ساڵی "2009" پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی هەمەلایەنە حزبەكان دەنگیان لەسەر دەستووری هەرێمی كوردستان دا، دوای سێ ساڵ ئەو دەستوورە هێشتا نەخراوەتەوە بواری راپرسییەوە، بەڵام حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمان چەندین جار پێداگیریان لەسەر ئەوە كردووە كە پێویستە دەستوور بەر لەوەی بخرێتە راپرسیەوە پێویستە بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەوافوقی پێداچوونەوە بۆ چەند بڕگەو مادەیەكی بكرێت.
لەپرۆژەی پەرلەمانتارەكانی كوردستان، كە داوای گێڕانەوەی دەستوور دەكەن، ئەوەی تێبینی دەكرێت لەئێستادا زۆربەی پەرلەمانتارانی یەكێتی لەلیستی كوردستانی بەپێچەوانەی پەرلەمانتارانی پارتی لە هەمان لیست، داوای گێڕانەوەی دەستووری هەرێم دەكەن بۆ پەرلەمان، لەو بارەیەوە شێروان حەیدەری پەرلەمانتاری پارتی لەسەر فراكسیۆنی كوردستانی گوتی "داواكردنی پەرلەمانتارانی یەكێتی بۆ گێڕانەوەی دەستوور ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە بەدووری دەزانین، جارێكی تر ئەو دەستوورە بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان".
لەلایەكی تر سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان سۆزان شەهاب بەپێچەوانەی شێروان حەیدەری، ئاماژە بەوە ناكات، كە ئەوان بەدووری بزانن دەستوور نەگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان، سۆزان شەهاب بە "سڤیل"ی راگەیاند "دەستوورەكە بەپێی یاسا هەموار كراوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببین بە خاوەنی دەستوورێكی نیشتیمانی دەبێت ئەو كۆدەنگییەی كە هەیە لەسەر گێڕانەوەی هەلێك بێت بۆ ئەوەی ئاشتەوایی نیشتیمانی دروست بكات لەهەرێمی كوردستان".
سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانی گوتیشی "زۆر ئاساییە دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام بەمەرجێك ئەو گێڕانەوەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوورەكە بەگشتی نەبێت، چونكە دەستوور زیاتر لەهەشت ساڵ كاری لەسەر كراوە، واتە لەساڵی 1992 لەدوای پەسەندكردنی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، لەوكاتەوە بنەمای دەستووری هەرێمی كوردستان دانراوە، لەناو پەرلەمانی كوردستان لەخولی یەكەمدا دەنگی لەسەر دراوەو لەخولی دووەمیشدا لیژنەی باڵای بۆ دروست كراوە، بۆیە دەكرێت ئەو خاڵانەی كە قسەی لەسەرە هەموار بكرێتەوە".
پێشتر هەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی دەنگیان بەدەستورەكە دا، سەرەتا نارازی بوون، بەڵام دواتر پارتی و یەكێتی لەگەڵیان دانیشتن و هەڵوێستیان گۆڕی، بەتایبەتی لەهەندێك پرسدا زیاتر رەچاوی ئاینی ئیسلام كرا، بەڵام لەم خولەدا كە بزووتنەوەی گۆڕان بە 25 كورسی چووە پەرلەمان و بەدەستورەكە رازی نییەو داوای گەڕاندنەوەی دەكات، ئیسلامییەكانیش هەڵوێستیان گۆڕی و دەستورەكە بەخراپ لە قەڵەم دەدەن، لەو بارەوە حەمەسەعید حەمەعەلی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، بە"سڤیل"ی راگەیاند "بێگومان دەستوری هەرێمی كوردستان كەموكوڕی زۆری تێدایە، ئەو هەلومەرجەی كە وای كرد لەڕابردوودا دەستور لەپەرلەمان بەڕێبكرێت، بەراورد بەسێ ساڵ لەمەوپێش جیاوازییەكی زۆری هەیە، لەگەڵ ئێستادا لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەوە ئێستاش گۆڕانكاری زۆر دروست بووە لەناوچەكەو هەرێمی كوردستان بەتایبەت، لەبەر ئەوە لەئەساسیشدا ئەو دەستورەی بۆ كوردستان دانراوە، كەموكوڕی زۆری تێدایە، لەبارەی مێژوو و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و هەروەها ئازادییەكان و پێكهاتەكانی تری كوردستان، بۆیە پێویستە دیباجەكەی دەستكاری بكرێت، لەئاست تموحی هەموو لایەك بێت".
حاجی بیلال ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەویش دەڵێت "كێشەمان لەسەر دەنگدان یاخود دەنگنەدان نییە، رەنگە لەزروفی ئەو كاتە ئەوەی خواستبێت، بەڵام لەئێستا دەركەوتووە كە كۆمەڵێك گرفتی تێدایە، كە نیگەرانی هاوڵاتیانی لەسەرە، هەروەها كۆمەڵێك گیروگرفتیی تری تێدایە، كە پێویست دەكات چارەسەر بكرێت، بۆیە دەكرێت بەر لەوەی بخرێتە راپرسیەوە، دووبارە پێداچوونەوە بە چەند بڕگەو مادەیەكیدا بكرێت، ئەوەش زۆرینە لەسەری كۆكن".
وەك هەریەكە لەو دوو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی رایانگەیاند سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان "ناتوانێت پرۆژەی ئەو 60 پەرلەمانتارەی كوردستان لەهەمبەر گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان رەت بكاتەوە، چونكە بەگوێرەی یاسا هەر 10 پەرلەمانتارێك دەتوانێت پرۆژەیەك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە بكات، بۆیە لەئێستا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە لەنیوەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پێكدێنن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com