|
سڤیل:
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی تارق
هاشمی بۆ توركیا، نوسینگەی هاشمی هەواڵەكە
رەتدەكاتەوە و جەخت لەسەر سووربوونی مانەوەی
هاشمی دەكات لەكوردستان.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەواڵێك لەبارەی
هاشمی بڵاوكرایەوە، بەپێی هەواڵەكە گوایە تارق
هاشمی كوردستانی بەجێهێشتووە و رووی كردۆتە
توركیا، بەڵام هەر زوو ئەو هەواڵە لەلایەن
كەسە نزیكەكانی هاشمی بەناوی نووسینگەی جێگری
سەرۆك كۆمار رەتكرایەوە، سەرچاوەیەكی نزیك
لەهاشمی كە نەیویست ناوی بهێنرێت بۆ (سڤیل)
گوتی "هەروەك توركیا ئامادەیی تەواوی بۆ
لەخۆگرتنی تاریق هاشمی دەربڕیوەو هەفتەی
رابردوو بەئاگاداری سەرۆكی هەرێم قونسوڵی
توركیا لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ تاریق هاشمی
كۆبۆتەوەو پەیامی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك
وەزیرانی توركیای بۆ پێشوازیكردنی پێ
ڕاگەیاندووە، بەڵام تاریق هاشمی سوپاسی
توركیای كردووەو گوتوویەتی ئامادە نیم لەم
كاتەدا بەسەردانیش عێراق جێبهێڵم".
هەر بەپێی زانیارییەكان بەمەبەستی بەرگریكردن
لەخۆی، تاریق هاشمی تیمێكمی پارێزەرانی
پێكهێناوەو ئەو تیمە لە 4 كەس پێكدێـت و
كەسێكیان كوردەو لەهەرێمی كوردستانە، هەروەك
سەرچاوە هەواڵییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە
ئێستا ئەو تیمە سەرقاڵی وەرگرتنی رەزامەندی
یاسایین، لەبەر پاراستنی ژیانیشیان ئەو
پارێزەرانە ئامادەنین ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن.
لەتازەترین دەركەوتنی رۆژنامەوانیشیدا تاریق
هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە ئێستا
لەشاری سلێمانییە لەبەیاننامەیەكیدا
ڕایگەیاندووە، "ئەگەر نوری مالیكی هەر سوورە
لەسەر ئەوەی من لەبەغدا داگایی بكرێم، ئەوا
ئامادەم بڕۆمە دادگای بەغداد بەمەرجێك نوری
مالیكی لەدەستوەردان لەكاروباری دادگاكانی
بەغداد بكشێتەوەو لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی
عێراقیش دەست لەكاربكێشێتەوە". تاریق هاشمی
گوتویەتی "من هیچ لەدادگا ناترسم و دڵنیام كە
دۆسیەكەم سیاسیە نەك یاسایی، هەموو لایەنە
عێراقییەكانیش بەهەندێ بەرپرسی بە ویژدانی
ئیئتیلافەكەی مالیكیشەوە ئەو راستیە دەزانن".
|