|
سڤیل:
هەولێر
پەرلەمانتارێكی جیابووەوە لەفراكسیۆنی گۆڕان:
لەمەودوا بەشێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەین،
بەڵام بیروباوەڕی گۆڕان لەناو پەرلەمان جێبەجێ
دەكەین
جێگری فراكسیۆنی گۆڕان: جیابوونەوەی ئەو
پەرلەمانتارانە مەسەلەیەكی سیاسییە
چەند پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان
جیابوونەوەی خۆیان لەفراكسیۆنەكەیان
رادەگەیەنن، یەكێك لەو پەرلەمانتارانەش هۆكاری
جیابوونەوەی خۆیان بۆ "سڤیل" ئاشكرا دەكات و
ئاماژە بەپێكهێنانی لیستێكی سەربەخۆ دەكات،
بەمەش لیستەكانی ئۆپۆزسیۆن لەنێو پەرلەماندا
دەبن بە چوار لیست. رێكخەری بزووتنەوەی
گۆڕانیش هۆشداری دەداتە فراكسیۆنەكەیان و
رایدەگەیەنێت كە هەندێك لەپەرلەمانتارانی
فراكسیۆنی گۆڕان لەبەردەم فریوی شوقە و ڤێلا
و ئوتۆمبێلدا خۆڕاگر نەبوون.
رۆژی پێنجشەممە 26/1/ 2012، چوار ئەندام
پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی
كوردستان، بڕیاریاندا لەفراكسیۆنەكەیان
جیاببنەوە، بەڵام وەك لیستێكی سەربەخۆ كار
بكەن، دوابەدوای ئەوەش لەپەیامێكدا نەوشیروان
مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئاراستەی
فراكسیۆنی گۆڕانی كرد رایگەیاند "زۆرجار
دەستخۆشیمان لێكردوون، شانازیمان
بەهاوڕێیەتیتانەوە كردووە، ئێوەمان بەرەعیلی
یەكەمی خەباتی پەرلەمان زانیوە، بەڵام دوای
زیاتر لەدوو ساڵ كاتی ئەوە هاتووە چەند
وشەیەكتان بەڕاشكاوی پێبڵێم، چونكە من
لەژیانی پێشمەرگایەتیمەوە تا ئێستا،
شێرەژنەكان و پیاوە جوامێرەكانم بەوە تاقی
كردۆتەوە، كە لە بەردەم فریوی پارە و پۆستا
خۆڕاگر بن و چۆك دانەدەن".
عەبدولرەحمان حسێن، یەكێك لەپەرلەمانتارەكانی
گۆڕان كە لەفراكسیۆنەكەی جیابووەتەوە،
لەلێدوانێكی تایبەتدا بە "سڤیل"ی راگەیاند "لە
ئەمڕۆوە ئێمە جیابوونەوەی خۆمان وەك چەند
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لەناو پەرلەمانی
كوردستاندا راگەیاندووە، كە بەشێوەیەكی
سەربەخۆ كار بكەین، بەڵام هەر بیروباوەڕی
گۆڕان لەناو پەرلەمانیش جێبەجێ دەكەین، وەك
فراكسیۆنێكی سەربەخۆ".
دوا بەدوای ئەوەی لەمانگی رابردوو ئاشكرابوو
كە لەیاداشتێكدا چەند پەرلەمانتارێكی
فراكسیۆنە جیاجیاكانی ناو پەرلەمانی كوردستان،
واژویان لەسەر داواكارییەك كردبوو سەبارەت بە
تاپۆكردنی خانوو شوقە لەنێو ئەو
پەرلەمانتارانەشدا چوار پەرلەمانتاری سەر
بەفراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای
تاپۆكردنی خانوو شوقەكانی پەرلەمانیان لەسەر
پەرلەمانتاران لەسەرۆكی پەرلەمان داوا كردبوو
ئەوەش ناڕەزایەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی
لەناو فراكسیۆنی گۆڕان، بووە هۆی ئەوەی ئەو
پەرلەمانتارانەی گۆڕان جیابوونەوەی خۆیان
رابگەیەنن.
لەو بارەوە (عەبدولرەحمان حسێن ئەبابەكر
زاخۆیی) زانیارییەكانی پشتراستكردەوەو گوتی
"بەڵێ هۆكاری جیابوونەوەمان تەنیا بۆ ئەو
قەزییەی ئێستا دەگەڕێتەوە ئەگینا هیچ شتێكی تر
لەگۆڕێ نییە"، عەبدولڕەحمان لەدرێژەی
قسەكانیدا بۆ "سڤیل" گوتیشی "ئەگەر خەڵك
وابزانێت پەیوەندی بەكاری لەمێژینەوە هەیە،
نەخێر وانییە، ئەوەی وای كردووە ئێمە
جیاببینەوە، تەنیا لەم چەند رۆژە بووە، ئەگینا
هیچ بەرنامەیەكمان نەبووە بۆ جیابوونەوە لەو
فراكسیۆنە".
پەیامەكەی نەوشیروان مستەفا، كە بەپێی
راگەیاندنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە 23ی مانگ
دەركاوە، بەڵام دوای هەڵوێستی چوار
پەرلەمانتارەكە ئینجا گۆڕان ئەو پەیامەی
ئاشكرا كرد، ئەوە لێكدانەوەی جیاجیای بۆ كرا،
كە بۆچی زووتر رانەگەیەنرا و دوای هەڵوێستەكە
راگەیەنرا؟ لەپەیامەكەیدا نەوشیروان مستەفا
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی خستۆتەڕوو
"ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان كە داوای
كڕین و تاپۆكردنی شوقەو ڤێلاكانی
پەرلەمانیان كردووە، ئاگادارمان كردبوونەوە،
كە با بە روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی داوای
لێبووردن لەخەڵكی كوردستان و دەنگدەرەكانیان
بكەن، چونكە ئەوان بەڵێنیان داوە بەرگری
لەمافی گشتی خەڵك بكەن نەك لەئیمتیازاتی
خۆیان، بەڵام نەیانكرد، بۆیە دەبێ ئیستیقالە
لەپەرلەمان بكەن، ئەگەر هەر نا ئەوە خۆمان بۆ
رای گشتی بڵاو دەكەینەوە، كە ئەوان چیتر
ئەندام پەرلەمانی گۆڕان نین و پابەندنەبوون
بەبەڵێنەكانی هەڵبژاردنەوە".
لەبەرانبەر ئەو پەیامەی رێكخەری بزووتنەوەی
گۆڕان (عەبدولڕەحمان حسێن زاخۆیی) گوتی
"نازانین ئێمە بۆچی داوای لێبوردن لەخەڵكی
كوردستان بكەین، لەبەر چی و هۆكارەكەی چییە؟
چونكە ئێمە هەڵەمان نەكردووە، ئەوەی
پەیوەندیشی بە شوقە و ئیمتیازی مادییەوە هەیە،
خۆ ئێمە داوامان نەكردووە شوقەمان پێ بدەن،
یان شتێكی تر ئەوەی كە ڕوویداوە ئێمە پێمان
باش بووە كە بە قیست شوقە بدەنە پەرلەمانتار و
تاپۆی بكەن"، عەبدولڕەحمان حسێن گوتیشی
"چاوەڕێی هیچ شتێكی تر لەفراكسیۆنی گۆڕان
ناكەین، ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، بەر لەو
رووداوەش لەگەڵ سەركردایەتی گۆڕان گفتوگۆمان
نەكردووە، چونكە من لەتوركیا بووم كە هاتمەوە
ئەو مەسەلەیە روویدا، بەڵام هەر پشتگیری
لەبرادەرانی گۆڕانیش دەكەین، چونكە ئێمە
هەموومان براین".
لەلای خۆیەوە دكتۆر (رێباز فەتاح) بە "سڤیل"ی
راگەیاند "بەبڕوای من ئەمە مەسەلەیەكی
سیاسییەو بزووتنەوەی گۆڕانیش وەك هێزێكی سیاسی
خۆی دەتوانێت، ئەوە رابگەیەنێت، كە ئەو ئەندام
پەرلەمانانە سەر بەبزووتنەوەكەن یاخود نا،
بەڵام ئەمە لەدەسەڵاتی فراكسیۆنەكە خۆی نییە"،
سەبارەت بەهەوڵی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ گەڕانەوەی
ئەو ئەندام پەرلەمانانە دكتۆر رێباز گوتی "تا
ئێستا جگە لەوەی لەراگەیاندنەكان باس دەكرێت،
هەوڵەكانمان هیچ پێشوەچونێكی بەخۆوە نەدیوە".
بۆ كاری داهاتوویان عەبدولڕەحمان حسێن
ئەبابەكر زاخۆیی ئەو پەرلەمانتارەی كە یەكێكە
لەچوار ئەندامە جیابووەكەی فراكسیۆنی گۆڕان،
گوتی "دەتوانین بەپێی یاسا وەك فراكسیۆنێكی
سەربەخۆ كار بكەین لەناو پەرلەماندا"،
لەبەرانبەر قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە، لەو
بارەوە دكتۆر (رێباز فەتاح) جێگری سەرۆكی
فراكسیۆنی گۆڕان بە "سڤیل"ی راگەیاند "لەڕووی
یاساییەوە لەدەست ئەندام پەرلەمانەكە خۆیەتی
لەئەندام پەرلەمانێتی و لەئەندامێتی فراكسیۆن
دەمێننەوە یاخود نا، ئێمە وەك فراكسیۆن لەو
رووەوە هیچمان پێ ناكرێت، چونكە بەگوێرەی یاسا
پەرلەمانی كوردستان ئەو دەسەڵاتەی بە ئەندام
پەرلەمان داوە".
نیعمەت عەبدوڵلا سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی
كوردستان رایگەیاند "لەڕووی یاساییەوە
پەرلەمانتار دەتوانێت بمێنێتـەوە، بەڵام
لیستەكە هەوڵ دەدات بەهەر جۆرێك بێت
بیانگەڕێنێتەوە، یاخود ئیستقالەیان پێ بكات،
پێموانییە لەڕووی یاساییەوە ئەوان بتوانن
فراكسیۆنێكی جیا بۆخۆیان پێكبێنن، چونكە پێشتر
قەوارەیەك نەبوون، لەبەر ئەوە پێكهێنانی
فراكسیۆن دەبێت چەند كەسێك بن، بەڵام نازانم
دەبێت ژمارەیان چەند ئەندام بن، بۆ مانەوەی
ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەفراكسیۆنی گۆڕان
جیابوونەتەوە، ئەوە دەمێنێتەوە سەر فراكسیۆنی
گۆڕان خۆی".
تا ئێستا چەند جارێك دەست لەكاركیشانەوە لەو
فراكسیۆنە روویداوە، هەندێك ناو هەر نەهاتنە
ناو پەرلەمان، وەك نەوشیروان مستەفا و
حەمەتۆفیق رەحیم و.. هەندێكیش بەم دواییە
دەستیان لەكاركێشایەوە وەك شاهۆ سەعید و
پەریهان قوبلای و دوو ئەندامی تر. چەند
جارێكیش ناكۆكی و لێدوانی جیا جیای دژ بەیەك
لەنێو ئەندامانی ئەو لیستەدا روویداوە،
بەتایبەتی لەمەسەلەی وەرگرتنی ئیمتیازاتە
مادییەكانی پەرلەمانتاران.
|