والی وان، ماڵی منداڵانی كورد دادەخات  

 

 

سڤیل: ئافەند
دوای ئەوەی لە 4/11/2011 بەسەرپەرشتی شارەوانی وان ماڵی منداڵان كرایەوە، دوای تێپەڕبوونی 2 مانگ و 15 رۆژ لەگەڵ ماڵی (سامی دینچ) بۆ هاوكاری قوتابیانی ئامادەیی بەبڕیاری والی وان بەبیانووی جیاواز داخران. بەرپرسانی ئەو دەزگایە جەخت لەوە دەكەنەوە كە بڕیارەكە هیچ سەرچاوەیەكی یاسایی نیە، بۆ تەمیزكردنەوەشی رێگای دادگا دەگرنەبەر.
لەدوای دوو بومەلەرزەكەی 23ی ئەیلول و 9ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011 لەشاری وان و دەوروبەری، لەهەموویان زیاتر منداڵانی ئەو شارە تووشی مەینەتی بوون، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بەفر. لەژێر ناوی كەمكردنەوەی مەینەتی منداڵان و گەڕانەوەی خەندە بۆ سەر لێویان سەرۆكایەتی شارەوانی وان بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای ماڵی گەل، كە رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنی چالاكە لەشاری وان، لە 4/11/2011 ماڵی منداڵانیان لەناو چەند چادرێك دامەزراند، بەڵام والی ئەم شارە دوای تێپەڕبوونی تەنیا 2 مانگ و 15 رۆژ بەسەر كردنەوەی لە 19ی ئەم مانگە بڕیاری داخستنی دا. والی وان بە گەڕانەوە بۆ ماددەی 42مینی دەستووری توركیا كە دەڵێت "پەروەردە و خوێندن بەچاودێری و سەرپەرشتی دەوڵەت دەكرێت، رێگا بەهیچ دەزگایەكی تری پەروەردە نادرێت ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بكات، جگە لەزمانی توركی، پەروەردە بەهیچ زمانێكی تر نابێ، لەدەزگاكانی خوێندن و پەروەردە هاوڵاتیانی تورك تەنیا بەزمانی دایك دەخوێنن".
زۆزان ئۆزگۆكچە كە كچە پارێزەرێكی خەڵكی ئەم شارەیە، رەخنە لەو بڕیارەی والی دەگرێت و بۆ (سڤیل) دەڵێت "لەبڕیاری داخستنی ماڵی منداڵان، والی ئەو ماڵە وەكو دەزگایەكی پەروەردە هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام ئەمە ماڵی منداڵانەو دەزگای (پەروەردەی سەرەتایی)نیە، لەو ماڵە كە لەناو چەند چادرێك دایە منداڵان كات بە فێربوونی شانۆ، فۆلكلۆر، وێنە بەسەر دەبەن، بەم شێوەیە هاوكاری دەروونی ئەو منداڵانە دەكرێ، تا مەینەتی كارەساتی بۆمەلەرزە لەبیر بكەن. لەو ماڵە خەندە گەڕایەوە سەر لێوی ژمارەیەك منداڵی بێنازی ئەو شارە. لەهەمان كات ئەو دەزگایە كاردەكات بۆ ئەوەی لەتوركیا و جیهان هاوكاری مرۆڤایەتی بگەینێتە منداڵانی لێقەوماو".
هەرچەندە وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی توركیا لەرێگای چاودێرانیەوە راپۆرتێكیان داوەتە والی بەڵام والی لەو بڕیارەیدا پشت بە راپۆرتی چاودێرانی وەزارەتی پەروەردە نابەستێت. لەمبارەیەوە سامود قەرەبڵوت، سەرۆكی گشتی ماڵی گەل لەوان جەخت لەوە دەكاتەوە، كە لەو رۆژەی ماڵی منداڵان كراوەتەوە، چەندین لایەن و دەزگا چاودێریان كردووە، بۆ (سڤیل) دەڵێت "پۆلیس بەردەوام بە كامێرا چاودێری چادری ماڵی منداڵانی دەكرد. دواتر چاودێرانی وەزارەتی پەروەردە بەشێوازێكی تەعجیزیانە هاتن و لێكۆڵینەوەیان كرد، لەڕاپۆرتەكانیاندا ئاماژەیان بەوە كرد، كە منداڵان لەناو ئەو چادرانە یاری دەكەن و دڵشاد دەبن. بەڵام والی وان بە پشت بەستن بە راپۆرتی ئاسایشی وان بڕیاری داخستنی دا".
ماڵی منداڵان تاكە شوێن نیە كە والی وان بڕیاری داخستنی دەركرد. بەڵكو لەگەڵ داخستنی ماڵی منداڵان والی وان بڕیاری داخستنی ماڵی (سامی دینچ)ی دا، كە بۆ هاوكاری پەروەردەیی قوتابیانی ئامادەیی بەر لە 3 ساڵ دامەزراوە دەركرد. والی وان ئەو بڕیارەی بەبیانووی ئەوەی ناوی وانەكان بەكوردی لەخشتە نووسراوەو مۆڵەت لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی وان وەرنەگیراوە، دەركرد. هەرچەندە ئەو ماڵە ماوەی 3 ساڵ دامەزراوەو دوای بوومەلەرزەكە كە سامی دینچ مامۆستایەكی ئەم شارەبوو گیانی لەدەستدا، بەرپرسانی ئەو دەزگایە ناوی (سامی دینچ)یان لەدەزگاكە نا، بەگوێرەی ئامارەكان ئەو ماڵە كە بۆ هاوكاریكردنی ئەو قوتابیانە دامەزراوە، كە لەقۆناغی ئامادەیی و چوونە زانكۆ دانە، لەساڵی یەكەمی دامەزراندنی لە 2009 هاوكاری 90 قوتابی، ساڵی دووەم 200 قوتابی و ساڵی سێیەمیش هاوكاری 400 قوتابی كردووە.
سامود قەرەبڵوت دەڵێت "لەو رۆژەی بوومەلەرزە هاتووە، حكومەت هەوڵدەدات شكست بەشارەوانی وان بێنێ، كە BDP سەرۆكایەتی دەكات. هەموو كردەوەیەكی حكومەت لەم شارە بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت". لەمبارەیەوە ئەو بەرپرسەی دەزگای ماڵی گەل كە رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنیە دەڵێت "ئەم بڕیارە یاسایی نیە، ئێمە پەروەردەی سەرەتایی بەو منداڵانە نادەین، بەتایبەتی لەو كاتەی دەرگای قوتابخانەكان داخراوە، بەسەدان منداڵ دێتە ماڵی منداڵان، خێزانەكانیان ستایشی ئەو ماڵە دەكەن، چونكە لەوەرزی بەفر منداڵ لەناو چادرەكەی زیندانی دەكرێت و شوێنێك نیە یاری لێبكەن. بۆ ئەوەی بەهرەكانیان بتەقنەوە، ئەو منداڵانە فێری كاری زۆر گرنگ دەكرێن. فێری ژیانی هاوبەش و هەرەوەزی دەبن. دوای راوێژ لەگەڵ خێزانەكانیان پێداویستیەكانمان بۆ دابینكردن. لەناو ئەو بەفر و سەرمایە ژن هەیە بەسۆلێكی لاستیكی دەسوڕێتەوە، بۆ هەندێكیان پێڵاوی زستانەمان دابین كرد. سەرەڕای هەموو ئەمانە 5 چادرەكەیان داخستین، بەڵام لەلایەكەی تر جەماعەتی گولەن كەس قسەیان لەگەڵ ناكات و نەوەكو تەنیا دەزگایان هەیە، بەڵكو سیستەمێكی پەروەردەی سەربەخۆیان هەیە".
ماڵی منداڵان لە 4/11/2011 كرایەوە. ئەو ماڵەی بۆ حەوانەوەو لەباوەشكردنی ئەو منداڵانە كرایەوە، كە خوێندنیان بەنیوەچڵی بەجێهێشتووە لەلایەن چەند مامۆستایەك بەشێوەیەكی خۆبەخشانە كاریان دەكرد. لەهەمان كات هەوڵی دەدا لەچوار لای توركیا دەستی هاوكاری بگەیەنێتە ئەو منداڵانە.
لەلایەن چەندین دەزگا لەسەر فەرمانی والی وان چاودێری ئەو ماڵە كراوە. بەفەرمانی والی ئاسایشی وان و هۆبە جیاوازەكانی بەچڕوپڕ لەچەندین گۆشەنیگای جیاوازە چاودێری ئەو دەزگایەیان دەكرد، دوای چاودێری پۆلیس ئەمجارەیان چاودێرانی وەزارەتی پەروەردە بەبیانووی چی دەكەن؟ لێرە چی دەقەومێ چەندین جار ئەو ماڵەیان پشكنی و راپۆرتیان بەرز كردەوە. دواجار كە لە 7/1/2012 وەزارەتی ناوبراو پرسیاری ئەوەی لێكردن: ئایا مۆڵەتتان هەیە؟ لەوەڵامی پرسیاری ئەواندا بەرپرسانی ئەو هۆبەیە دەڵێن "لەگەڵ منداڵەكان بەیەكەوە دەژین، بەهرەكانیان دەردەخەین، مەینەتەكانیان كەم دەكەینەوە، ئایا ئەمەش مۆڵەتی پێویستە". سەرەڕای ئەوەی چاودێرانی وەزارەتی پەروەردە ئەو وەڵامەیان بەدڵ نەبوو، بەڵام لەڕاپۆرتەكەیان بۆ والی وان جەخت لەوە دەكەنەوە كە "منداڵەكان فێری وێنەكێشان، سەیركردنی فلیم دەبن، ئەو چادرە بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوە، ئەو چادرە لەلایەك بۆتە پاركی یاری، لەلایەكەی تر بۆتە مەڵبەندی تەقینەوەی بەهرەی منداڵان".
بەڵام راپۆرتی ئاسایشی ئەم شارە بەبڕیاری والی لە 19ی ئەم مانگە گەیشتە شارەوانی وان و تێیدا بەرپرسانی شارەوانی ئاگادار دەكاتەوە تا ئەو چادرانە دابخەن.
بەرپرسانی شارەوانی و رێكخراوی ماڵی گەل جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ئەوان بێدەنگ نابن و هەموو هەوڵێك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سەر لەنوێ دەرگای چادرەكان بەرووی منداڵان بكرێتەوە. سامود قارابڵوت دەڵێت "ئەم بڕیارە دەبەینە دادگا". لەدرێژەی قسەكانی بۆ (سڤیل) دەڵێت "لەیەكەم رۆژی بوومەلەرزە هەموو دەزگاكانی AKP كەوتنە جوڵە، بەڵام بۆ هاوكاری نەبوو، بەڵكو بۆ ئاستەنگكردنی گەیاندنی هاوكاری بوو بەخەڵك، چونكە شارەوانی وان سەر بە BDPیە، حكومەت ویستی شكستی پێبێنێ و بڵێت نەیتوانی لەو قەیرانە ئەركەكانی جێبەجێ بكات، هێشتا چادرەكان لەقۆناغی كرانەوە دابوون، ئاسایش زۆر بەوردی چاودێری دەكرد".
لەبارەی بڕیارەكە ئەو بەرپرسە دەڵێت "دیارە ئەو بڕیارە هیچ سەرچاوەیەكی یاسایی نیە، لەراپۆرتی چاودێر و موفەتیشەكانی وەزارەتی پەروەردە هاتووە كە شوێنی حەوانەوەو یاری منداڵانە، بەڵام والی سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەو دەزگایە دەزگای پەروەردەیە". قەرەبڵوت سوورە لەسەر ئەوەی ئەوان رێگای دادگا لەدژی بڕیاری دادوەر دەگرنەبەر "لەدادگا دەبەینەوە، چونكە بڕیارەكە پشت بەبەڵگە و سەرچاوەی یاسایی نابەستێت، با حكومەتی AKP و والی وان باش بزانن، كە ماڵی گەل و ماڵی منداڵان بەپاڵپشتی خەڵكی وان درێژە بەكارو چالاكیەكانی دەدات".
ئەگەر تەمیزكردنی بڕیاری والی سەرنەگرێت، ئەوا ماڵی منداڵان لەوان كە 5 چادر لەخۆ دەگرێت و بەلانی كەم 250 منداڵ بەم زستانە تێیدا دەحەوێتەوە، دەرگاكانی دادەخات.
زەفەر ئاڵگول، راوێژكاری دەروونی، لەگەڵ بورجۆ یوكسەك كە خوێندكاری بەشی دەروونناسی زانكۆی بۆغازچی و لەگەڵ باڕوك ئەرسەلان كە ئەویش خوێندكاری بەشی ژینگەی ئەندازیاری زانكۆی چورقورئۆڤایە دوای بوومەلەزرەكەی وان بۆ پشتیوانیكردنی منداڵان لەو شارە گیرساونەتەوە، نایانەوێ زۆر قسە لەبارەی بڕیاری والی بكەن، بەڵام بۆ (سڤیل) بڕیارەكە بە "ناڕەوایە و دادپەروەری پێوە دیارنیە" وەسف دەكەن.
شاهین كۆركونچ كە منداڵێكی ئەو دەزگایەیەو تەمەنی 13 ساڵە بۆ (سڤیل) دەربارەی پرسیاری چی فێربوویت دەڵێت "لەگەڵ كاك گۆكمەن فێری بەكارهێنانی كامێرا و وێنەگرتن بووین، لەگەڵ مامۆستا ئەلیف فێری وێنەكێشان بووین، لێرەدا فێری رێز لەیەكترگرتن بووین، حەز ناكەم دابخرێت". تورگای زونگور كە ئەویش تەمەنی 12 ساڵە دەڵێت "سەیری فلیممان دەكرد، وێنەمان دەكێشا، بەهاوكاری مامۆستاكانم لەدەرەوە بە بەفر وێنەی كچێكی جوانمان دروست كرد، ئەگەر رۆژێك نێمە ئێرە گیانم دەردەچێت".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com