|
سڤیل:
عەتا قەرەداخی
ئەو
نامەیەی كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، رێكخەری
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چوار لەئەندام پەرلەمانی
لیستەكەی لەپەرلەمانی كوردستان نووسی، زەنگێكی
سەختی وریاكردنەوە بوو بۆ سەرجەمی ئەندام
پەرلەمانانی گۆڕان و تەنانەت زەنگێكیشە كە
زۆرینەی ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانی تری
حیزبی و حكومی لەكوردستاندا حەزیان لەوە نییە
كە گوێبیستی زەنگێكی لەو جۆرە بن. لەكاتێكدا
زۆرینەی هاووڵاتیان نەك هەر بەبیستنی ئەو
نامەیە دڵخۆش و ئاسوودەن، بەڵكو هیواو ئومێدی
ئەوەش دەخوازن، كە ئەوە ببێتە سەرەتایەك بۆ
لێپرسینەوە لەكوردستاندا. بێگومان ئەوەی
ئاشكرایە ئەوەیە كە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان
لەكاتێكدا لەلوتكەی دەسەڵاتی یەكێتی
نیشتیمانیدا بوو، پلەوپایەی خۆی لەناو ئەو
حیزبەدا بەجێهێشت بەو بیانووەی كە هەموو
هەوڵەكانی بۆ چاكسازی و پاكسازی لەریزەكانی
ئەو حیزبەدا بێئەنجام بووە، هەر بۆیە دوای
ئەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕانی پێكهێنا خەڵكی
ئومێدی ئەوەی پێی هەبوو ئەوەی لەناو
حیزبەكەیدا پێی نەكرا لەدەرەوەی حیزبەكەی
هەوڵی جیدی بۆ جێبەجێكردنی بدات.
بەهەرحاڵ دوای هاتنەدەرەوەی لەڕیزی یەكێتی و
پێكهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەیەكی كورتدا
جەماوەرێكی زۆری لێكۆبووەوە، هۆكەشی ئەوە بوو
كە زۆر لەخەڵكی بۆ ئەو كاتەو تاكو ئێستاش
لەكوردستاندا ئومێدی ئەوەیان بەو پیاوە هەیە،
كە دژی دزی و گەندەڵی و یاریكردن بەسامانی
گشتییەو لەهەمووشی زیاتر دژی فەسادی
ئەخلاقییە. بێگومان ئەم قسانەش لەخۆوە دروست
نەبوون و جەماوەریش هەروا بەسادەیی متمانە
بەكەس نادات، واتە ئەو متمانەی لەو رووانەوە
لای خەڵك بەو پیاوە دروستبووە پەیوەندی
بەڕەفتارو هەڵسوكەوتی ئەوەوە هەیە لەمێژووی
سیاسی خۆیدا و سەرباری توندی و وشكی
بێمروونەتی ئەو هەڵوێستانەی وایكردووە لای
بەشێك لەجەماوەر وەكو رزگاركەر سەیر بكرێت و
ئەو ژمارە زۆرەی دەنگیش كە لەهەڵبژاردنی
هەرێمی كوردستان و لەهەڵبژاردنی عێراقدا لیستی
گۆڕان بەدەستی هێنا راستەوخۆ پەیوەندی بەو
متمانەیەوە هەیە، كە جەماوەر بەڕێكخەری
بزووتنەوەی گۆڕان هەیەتی. لەڕاستیدا ئەو رایەش
لای خەڵك دروست بوو بوو كە بزووتنەوەی گۆڕانیش
خەڵكانێكی زۆری گەندەڵی تێدایەو خەڵكانێكیش
لەپێناوی بەرژەوەندییەكانیاندا چوونەتە ریزی
ئەو بزووتنەوەیەوەو لەوەش ترسناكتر ئەوە بوو
كە ئەو بۆچوونە لای خەڵك درووست بوو بوو كە
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان شێوەی
سەركردەكانی تر چاوی خۆی لەئاستی گەندەڵی و
گەندەڵكاراندا نوقاندووەو تەنانەت لەنێو
بزووتنەوەكەی ئەویشدا سەنگەری گەندەڵكاران
بەهێزەو لێیشیان ناپرسێتەوە، كە ئەم بۆچوونە
تاكو ئێستاش بەردەوامە. بێگومان ئەمەش زیانی
ئاشكرای لەبزووتنەوەی گۆڕان داوەو جۆرێك
لەبۆچوونی لەلای خەڵكی دروستكردووە، كە
بزووتنەوەی گۆڕانیش ناتوانێت بەكردەوە جیاوازی
خۆی لەحیزب و رێكخراوەكانی تری كوردستان
بسەلمێنێت، كە خۆرەی گەندەڵی و فەساد خەریكە
جەستەیان دادەڕزێنێت.
نامەكەی ئەم دواییەی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان
بەجۆرێك ئەو بێئومێدبوونەی خەڵكی
لەهەڵوێستەكانی خۆی رەواندنەوەو ئومێدی ئەوەی
بەزۆر لەخەڵك بەخشی، كە ناشێت بۆ هەمیشە
لەبەرامبەر گەندەڵی و گەڕان بەدوای
بەرژەوەندییە تایبەتیەكاندا بێدەنگ بێت.
بەتایبەتی كاتێك دەڵێت ئەوانە لەیەكەم
تاقیكردنەوەدا دەرنەچوون. لەڕاستیدا ئەم
نامەیە لەچەند روویەكەوە گرنگە. یەكەم سەرباری
سەركۆنەكردنی ئەو ئەندام پەرلەمانانەو
رەخنەلێگرتنیان بەوەی كە درۆیان لەگەڵ
جەماوەری دەنگدەرانی گۆڕان و بەرنامەی ئەو
بزووتنەوەیەدا كردووە، دیسان گومان دەخاتە سەر
ئاستی خۆڕاگرییان لەبەرامبەر سەروەت و
ساماندا، كە ئەوەش راستیەكی رەتنەكراوەیە ئەو
كەسەی لەبەردەم سەروەت و سامان و حەزو
ئارەزووەكانیدا لاواز بێت، هەرگیز ناتوانێت
دەستپاك و دڵسۆزو راستگۆ بێت و كەسی لەو جۆرەش
ناتوانێت بەشداری بكات لەپرۆژەی گۆڕانكاری
كۆمەڵایەتی و گۆڕینی سیستێمی سیاسی و
ئیداریدا.
دووەم لەنامەكەدا داوا دەكرێت ئەندام
پەرلەمانان هەوڵبدەن رێگا لەوە بگرن كە
ئەندامی پەرلەمان پێش تەمەنی خانەنشینبوون
لەخزمەتی مەدەنیدا خانەنشین نەكرێن و موچەی
ئەندام پەرلەمان كەم بكرێتەوە. بێگومان
ئەمانەش خاڵی گرنگن و بەگشتی لەداوا
سەرەكیەكانی جەماوەری خەڵكن. من پێموایە
پەرلەمانی كوردستان هەرگیز نابێت
بەپەرلەمانێكی چالاك، هەتا ئەو ستراتیژەی كە
كەسانێك تاكو ئێستا لەپێناویدا بوونەتە ئەندام
پەرلەمان نەگۆڕێت، كە ئەویش وەكو ئاشكرایە
ستراتیژی بەخشینەوەی مەنسەب بووە لەپێناوی
مەكسەبدا. ئەگەر ئەم ستراتیژە گۆڕا و ئەندام
پەرلەمان لەپێناوی خزمەتكردندا بوو بەئەندام
پەرلەمان، نەك لەپێناوی مەكسەبدا، ئەوا
دەتوانێت نوێنەری راستقینەی دەنگدەرەكانی بێت،
بەڵام ئەوەی تاكو ئێستا ئاشكرایە بە زۆری
لەكوردستان و لەعێراقیش ئەندام پەرلەمان
لەپێناوی مەكسەبدا ئەندام پەرلەمانەو حیزب و
لایەنەكانیش ئەو پلەیە وەكو پاداشت دەدەن
بەكادیرو كەسانی سەربەخۆیان.
دیارە سەرباری گرنگی نامەكەی رێكخەری
بزووتنەوەی گۆڕان، جێگای خۆیەتی ئەوەشمان
لەبیر نەچێت، كە پێویستە رووبەری ئەو
لێپرسینەوەیە زیاتر فراوان بكرێت و رێكخەری
بزووتنەوەی گۆڕان لێپرسینەوە لەڕیزی
بزووتنەوەكەشیدا بكات و ئەو كادیرانەی كە
ئێستا لەبزووتنەوەی گۆڕاندان و پێشتر بەگەندەڵ
ناسراون، ئەوانەش بخرێنە بەردەم لێپرسنەوەوە،
هەتا رێگا بۆ لێپرسینەوە لەكەسانی نێو
دەسەڵاتیش خۆش بكرێت. دڵنیام لەهەنگاوێكی لەو
جۆرەدا بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر زەرەر ناكات،
بەڵكو قازانجێكی گەورەی جەماوەرییش دەكات،
كەواتە لەئاستی یەكەمدا بۆئەوەی خەڵك ئومێدی
پەیدا ببێتەوە بەوەی كە سەرەتایەك هەیە بۆ
لێپرسینەوە لەكوردستاندا، پێویستە رووبەری ئەو
لێپرسینەوەیە هەنگاو بەهەنگاو فراوان بكرێت.
ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بیەوێت لەو رووەوە
پێشەنگ بێت، دەبێ بەشێوەیەكی جیدی لەریزەكانی
خۆیەوە دەستپێبكات و لەو روانگەیەشەوە دەبێ
عەدالەت هەبێت لەلێپرسینەوەداو میزاجی
تاكەكەسی و پەیوەندی تاكەكەسی بەپۆزەتیف یان
نێگەتیف لەو رووەوە هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكی
نەبێت. دیارە ئەگەر كارێكی لەم جۆرە
لەچوارچێوەی بزووتنەوەی گۆڕاندا جێبەجێ بكرێت،
ئەوسا رێگا فراوانترو كراوەتر دەبێت بۆئەوەی
بەجیدی داوا لەدەسەڵات و حیزبەكانی دەسەڵاتیش
بكرێت، كە بەجیدی بكەونە لێپرسینەوە، هەرچەندە
ئەمەیان كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەوانەی
لەپێش هەمووانەوە دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا
بكرێت ئەو بەرپرسانەن كە لەئاستی بەرزدان، یان
ئەو كەسانەن كە بەرپرسانی بەرز لەپشتیانەوەن،
بەڵام دەبێ دڵنیابین ئیرادەی لێپرسینەوەو
ئیرادەی چاكسازی و پاكسازی دەبێ بەسەر كەسێتی
لاوازی گەندەڵكاران و دزو كەمڕەوشت و
بەرژەوەندی تایبەتپەرستدا سەربكەوێت.
هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر لەهەر
گۆشەیەكی ئەم وڵاتەوە لێپرسینەوە بەجیدی دەست
پێبكات، ئەوە دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ
فراوانبوونی رووبەری ئەو پرۆسەیە، بەتایبەتی
لەكوردستاندا دەسەڵاتیش دەخاتە بەردەم
بەرپرسیارێتیەكی گەورەوەو راكردن لەو
بەرپرسیارێتیەش هەروا كارێكی ئاسان نابێت
بەتایبەتیش سەرباری ئەوەی كە سوپای گەندەڵی و
دزی و یاریكەر بەبەرژەوەندیەكانی كۆمەڵ بەگشتی
سوپایەكی لەرزۆك و رووزەردە، ئەگەر بەجیدی
لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی
بیانەوێت لەكورتترین ماوەدا ئەو سوپایە هەرەس
پێدەهێنرێت، چونكە ئەوەی ئاشكرایە
لەكوردستاندا ژمارەیەك بەرپرس و كەسوكارو
پیاوەكانیان دەستیان خستۆتە بینەقاقای حكومەت
و كۆمەڵگەو دەسەڵاتیش لەبەر خاتری ئەوانە كە
رەنگە لەهەموو كوردستاندا چەند هەزار كەسێك
بن، هەموو كۆمەڵگەی پشتگوێ خستووە. زۆرجاریش
گوێمان لێدەبێت بەرپرسانی هەرە سەرەوەی
كوردستان باسی ئەوە دەكەن كە بەڵگە نییە لەسەر
گەندەڵی و دزی و ئەوانە، بەڵام بەراستی ئەوە
پاساوێكی لاوازە، چونكە وەكو رۆژی رووناك
دیارە كە دەوڵەمەندبوونی لەڕادەبەدەری بەشێك
لەبەرپرسان و كەسوكاریان و دەستگرتنیان بەسەر
كارو پرۆژەكانی حكومەت و بازاڕ و جومگەكانی
تری ئابووری وڵاتداو لەڕێگای كۆمپانیاو
كەسەكانیانەوە، كۆنترۆڵكردنی هەموو رووبەری
چالاكی ئابووری بازرگانی و ئاوەدانكردنەوەو
نەوت و سامانەكانی تر شتێكی روون و ئاشكرایە.
دیارە هەموو چاوەكان شتەكان دەیبنن، بێجگە
لەچاوی بەرپرسانی سەرەوەی ئەم وڵاتە. بەڵام
دەبێ بەرپرسانی سەرەوەش لەوە دڵنیابن، ئەوەی
كە بەهاری عەرەبی دروست كرد تەنیا بریتی نییە
لەنەبوونی ئازادی لەسایەی ئەو سیستێمە
تۆتالیتارانەدا، بەڵكو یەكێك لەهۆكارە
سەرەكیەكانی بەهاری عەرەبی بریتیە لەگەندەڵی و
نەبوونی شەفافیەت و نەبوونی لێپرسینەوە لەكارو
رەفتارو گەندەڵیەكانی بازنەی دەسەڵات و
بەرپرسانی سەرەوەی دەسەڵات. كەواتە لەم
روانگەیەوە یەكێك لەهۆیە هەرە سەرەكیەكانی
بەدەنگهاتنی جەماوەریش لەكوردستاندا ئامادەیە
ئەویش ئەو گەندەڵیە لەڕادەبەدەرەیە كە جەستەی
دەسەڵاتی كوردی داڕزاندووەو وای لێهاتووە
متمانەی بەشێكی زۆری جەماوەری دۆڕاندووە. خۆ
ئەگەر بەجیدی لێپرسینەوە لەكوردستاندا نەكرێت،
ئەوە ئەگەری تەقینەوەی چاوەڕوانكراو لەڕێدایە.
لەلایەكی ترەوە ئێمە دەزانین ئەوەی لەكوردستان
لەبارەی چاكسازیەوە باسی لێوە دەكرێت، هەنگاوی
یەكەمی بەلێپرسینەوە دەستپێدەكات، واتە هەتا
لێپرسینەوەی جیدی لەكۆی بەرپرسانی ئیداری و
سیاسی كوردستان نەكرێت، ناتوانرێت زەمینە بۆ
چاكسازی ئامادە بكرێت. هەر بۆیە باسكردنی
چاكسازی بەبێ لێپرسینەوەی جیدی لەسەرجەمی ئەو
بەرپرسانەی كە دەستیان هەبووەو هەیە لەمەسەلەی
گەندەڵی و دزی و بیناكردنی ئیدارەی كوردی
لەسەر بنەمای مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و
دەستبەسەردا گرتنی هەموو ئەوەی كە بەنامەشروع
كۆیان كردۆتەوەو دانانی سزای پێویستیش بەپێی
ئاستی ئەو تاوانانەی لەو بوارانەدا كراون،
ئەوە مەسەلەی چاكسازی جگە لەقسەیەكی بێ
ناوەڕۆك هیچی تر نییە. بۆیە لەم رووانەوە
نامەكەی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان بایەخێكی
زۆری دەبێت، ئەگەر رووبەرەكەی فراوان بكرێت و
هەموو رووبەری ئیداری و حیزبی كوردستان
بگرێتەوە.
بەڵام خاڵێكی لاوازیش كە لەنامەكەدا دەبینرێت
ئەوەیە كە ئەو نامەیە لەبری ئەوەی بەناوی
بزووتنەوەی گۆڕانەوە بنووسرێت، بەناوی شەخسیی
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانەوە نووسراوە، واتە
دیسان هەمان شێوەی حیزب و رێكخراوەكانی تری
كوردستان و رۆژهەڵاتیش بەگشتی نامەكە
دەریدەخات كە بزووتنەوەی گۆڕانیش لەبری ئەوەی
بزووتنەوەیەك بێت بڕیاری دەستەجەمعی تێیدا
بدرێت و بەلایەنی كەمەوە لەئاستی سەرەوەدا
پەیوەندییەكان ئاسۆیی بن، كەچی ئەویش وەكو ئەو
حیزب و رێكخراوانەی كە تاكە سەركردەو تاكە
سكرتێر تێیاندا خاوەنی هەموو قسەو بڕیارێكە،
رێكخەری گۆڕانیش بەناوی خۆیەوە نامە دەنووسێت
و بڕیار دەدات كە ئەمەش سیماو سروشتی حیزب و
رێكخراوە داخراو و تاكڕەهەندەكانەو ئەم شێوازە
كاركردنەش بەرهەمی كەلتووری خێڵ و عەقڵی خێلە
كە تێیاندا سەرۆك یان سكرتێر پێگەی سەرخێڵ و
شێخی عەشیرەتی هەیەو ئەو لەبری هەمووان
بیردەكاتەوەو بڕیاردەدات.
|