كەمال بورقای: دەبێ پەردە لەسەر كوشتاری ڕۆشــــــــــــــــنبیرانی كورد لەلایەن پەكەكەوە لابدرێ!  

 

 

سڤیل:

بەگوێرەی هەواڵی سایتی ڕۆژنامەی حوڕییەتی توركیایی نوسەر و ڕۆشنبیری كورد كەمال بورقای پەكەكەی پرۆتستۆ كردوە بەوەی بیروڕا جیاوازەكانی ناو كوردان لەناو دەبات، هەمانكات سیستمی فیدرالیی یان ئۆتۆنۆمییەكی بەرفراوانی بە باشترین چارەسەر داناوە بۆ كێشەی كورد.
بورقای هوشداری داوەتە دەوڵەتیش بەوەی "لەڕێگەی چەوساندنەوەوە لەم كێشەیە ڕزگاری نابێ". بورقای گوتویەتی زۆرینەی كورد لەگەڵ ئەوەدان لە چوارچێوەی توركیادا بمێننەوە، بەڵام بەشێوازێكی خۆڕێبەری جا فیدرالی بێ یان ئۆتۆنۆمییەكی بەرفراوان.
دەربارەی پەردە لادان لەسەر ئەو كوشتارەی رووبەڕووی كوردانی توركیا بووەتەوە، بورقای پێیوابوە بۆ ئەم كارە هەر ئاشكراكردنی كردەوەكانی دەوڵەت بەس نییە، بەڵكو دەبێت پەردە لەسەر "كوشتاری رۆشنبیرانی كورد لەلایەن پەكەكەوە"ش لابدرێ و روون بكرێتەوە. لەدرێژەی قسەكانیدا بورقای گوتویەتی "پەكەكە ڕێگە بە دیموكراسی نادات لەناو خۆیدا. بزوتنەوەی كوردی دەبێت ڕەنگاوڕەنگ بێت. كێشەی كورد هەر لەپەكەكە پێكنەهاتوە".
بورقای وتوشیەتی پەكەكە دەستكردی دەوڵەتی ئەوكاتی توركیایە كە خوازیار بوو جوڵانەوەی كورد لاواز بكات. بورقای وتویەتی دوای دەستگیر كرانی لە 1999دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتۆتە ژێر كاریگەری بەرپرسە سەربازییەكانی ناو ئەرگەنەكۆن.
شیاوی وتنە كەمال بورقای لە 1974 دا پارتی سۆسیالیستی كوردستانی توركیای دامەزراند و لە 1980 توركیای بەجێ هێشت و لەسوید بووە پەنابەری سیاسی و ساڵی پار لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەكی ئەردۆگاندا گەڕایەوە توركیا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com