دوای 5 ساڵ لە دامەزراندنی، ئەمریكا ناوی كەتیبەكانی كوردستان دەخاتە لیستی تیرۆر  

 

 

سڤیل: فەیسەڵ خەلیل

كوڕێكی مەلا عەلی عەبدولعەزیز پەیوەندی بە كەتیبەكانی كوردستانی سەر بە رێكخراوی قاعیدەوە هەبووە



دوای ئەوەی زیاتر لەپێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنی تێدەپەڕێت، ئەمریكا ناوی رێكخراوی كەتیبەكانی كوردستان- سەر بە رێكخراوی قاعیدە دەخاتە لیستی تیرۆرەوە، هەرچەندە ئەو رێكخراوە ناوبانگی نییەو بەرپرسانی ئەمنیش بێئاگایی خۆیان لەبوونی رێكخراوێكی وەها دەردەبڕن، كەچی ناوهێنانی ئەو رێكخراوە لەلایەن ئەمریكاوە كاریگەری ئەو رێكخراوە دەسەلمێنێت و رێكخراوەكەش لەسایتە نزیكەكانی رێكخراوی قاعیدە ناو و چالاكیەكانی خۆی بڵاو دەكاتەوە.
لە دوو دەیەی رابردوودا لەكوردستاندا چەند گروپێكی تیرۆریستی سەر بە (القاعیدە) و نزیك لە قاعیدە لەكوردستان بوونیان هەبووەو كاری تیرۆریستیان لەكوردستان ئەنجام داوە، لەوانە گروپی (التوحید) و (الجهاد) و گروپی (جندالاسلام) و گروپی ئەنسارولئیسلام و (انصار السنە) بوون، ئێستاش ناوی گروپێكی تر دێت كە گروپی كەتیبەكانی كوردستان سەر بە رێكخراوی (القاعیدە)یە، ئەوەی ئەو گروپە لەگروپەكانی تر جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە كەسانی ناودار و ناسراو رێبەرایەتیان ناكات، بۆنموونە لە جوند و ئەنسارولئیسلامدا هەر یەكێك لە مەلا كرێكار و ئەبو عەبدوڵلای شافعی و ئاسۆ هەولێری كاریان لەسەر پەروەردەكردنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیانە دەكرد، كە ئەوان هەریەكەیان پاشخانی سیاسی و كۆمەڵایەتیان ناسراوبوو، بەڵام گروپی كەتیبەكانی كوردستان لەكاتی راگەیاندنیەوە كە لەسەرەتای بەهاری 2007 بووە، ئەمیرەكەی خۆی ئاشكرا كردووە بەناوی حاجی عارف كوردستانی، وەك لەلایەن بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستانەوە دەردەكەوێت، كە ئەو ناوە ناوێكە لەوەهمی و خوزراو دەچێت، زۆرن ئەو كەسانەی كە ئاگادارن لەمێژووی رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان، هەندێك لەوان بۆ (سڤیل) جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە لەمێژووی رەوتە كوردستانیەكان كەسێك بەو ناو و نازناوە بوونی نەبووە، جیاوازییەكی تری ئەو گروپە لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەكانی تر ئەوەیە كە لەناوچەیەكی دیاریكراو بوونیان نییە، بەڵام پرسیاری ئەوە دەكرێت كە ئایا ئەو دوو جیاوازییە ئەوەیە كە نكۆڵی لە بوونی ئەو گروپە تیرۆریستیە بكەین؟ لەگەڵ ئەوەی لەبەدواداچوونێكی (سڤیل) چەندین بەرپرسی ئەمنی ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو گروپە بكەن و بێئاگایی خۆیان لەبوونی رێكخراوێكی وەها دەردەبرن، بەڵام دوو هۆكار وا دەكات كە بوونی ئەو رێكخراوە جێگای گرەو كردن نەبێت، یەكەم هۆكار ئەوەیە كە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەمریكاوە ناوی ئەو رێكخراوە خرایە لیستی رێكخراوەكانی تیرۆریستی، هەرچەندە ئەو كارەی ئەمریكا درەنگ دێت و دوای 5 ساڵ بەسەر دامەزراندنی رێكخراوەكە دێت، بەڵام بەلای چاودێرانەوە ئەمە هۆكارێكە كە بوونی ئەو رێكخراوە دەسەلمێنێت، دووەم هۆكاریش ئەوەیە كە ئەو رێكخراوە ئاشكرای كردووە كە سەر بە رێكخراوی قاعیدەیە و سایتەكانی نزیك لەقاعیدەش كارو وێنە و ڤیدیۆكانی ئەو رێكخراوە پەخش دەكەن.
لەنامەیەكدا حاجی عارف كوردستانی كە لەبەراوری 22\3\2007 لە چەند سایتێكی بڵاو كردۆتەوە، خۆی وەك بەرپرسی یەكەمی كەتیبەكانی كوردستان دەناسێنێت، لەنامەكەیدا پێكهاتەو ئامانجی رێكخراوەكەیان دەناسێنێت، لەسەرەتای نامەكەیدا بەوە پێناسەی رێكخراوی كەتیبەكانی كوردستانی سەر بە رێكخراوی (القاعیدە) دەكات كە "رێكخراوێكە پابەندە بە قورئان و سوننەت و تێگەیشتنی سەلەفی ساڵح". دواتر بە دوورودرێژی سەركردایەتی كورد بە خائین وەسف دەكات و داوا لەخەڵك دەكات كە بەدوای ئەو لایەنانە نەكەون، كە دەستی جولەكە و ئەمریكان، لەكۆتایی نامە درێژەكەشی نووسەری نامەكە بانگەوازی جیهاد دەكات و بەیعەتی خۆی و جەماعەتەكەی بۆ ئەبو عومەری بەغدادی رادەگەیەنێت.
هەرچەندە ئەو گروپە لەكوردستان ناوبانگێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسیەوە ناو هێنانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، كاریگەری ئەو گروپە دەسەلمێنرێت، سەرچاوەیەكی بەرپرس و شارەزا لە رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ "سڤیل" باسی لەوەكرد، كە ئەو گروپە كە ناوی كەتیبەكانی كوردستانی سەر بە رێكخراوی قاعیدەیە، وەك كەتیبەیەكی تەواو بوونیان نییە، بەڵام زۆرجار لەناوچە سنووریەكان ناوبانگیان دێت، زیاتر وەك گروپێكی یاخی دەردەكەون، ئەو سەرچاوەیە گوتی "كاتێك بەو شێوەیە ناوی دێت، زیاتر ناوهێنانیان پەیوەندی بە وڵاتانی ئیقلیمیەوە هەیە، دەیانەوێت وا نیشان بدەن كە رێكخراوی تیرۆریستی لە كوردستان هەیە". ئەو سەرچاوەیە باسی لەناوی حاجی عارف كوردستانی كردو گوتی "ئەو ناوە هیچ رابردوویەكی نەبووە لەناو بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان، زیاتر وەك ناوێكی وەهمی دەردەكەوێت".
ئەو سەرچاوەیە بە دووری نەزانی كە ئەو گروپە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری بكرێت و گوتی "زۆر جار باس لەوە دەكرێت، كە گروپێكی تیرۆریستی هەیە لەلایەن ئێرانەوە پشگیری دەكرێت، بەدوور نازانرێت هەر ئەو گروپە بن، ئەوانە سەرتاسەری نین، بەڵكو تەنها لەناوچەی پێنجوێن دێن چەند ئاژاوەیەكی بچووك دەكەن و دەگەڕێنەوە". بەڵام كاتێك ئەو ناوە داخلی لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكرێت مەسەلەكە لەوە دەردەچێت كە گرەو لەسەر بوون و نەبوونی رێكخراوێك بكرێت، ئەو سەرچاوەیە گوتی "رەنگە زیاتر بایەخدانی ئەمریكا بەم مەسەلەیە بۆ تۆمەتباركردنی ئێران بێت".
لەچەند سایتێكی سەر بە رێكخراوی قاعیدە وێنە و چەند ڤیدیۆیەك بڵاوكراوەتەوە، یەكێك لەو ڤیدیۆیانە بۆ ناساندنی گروپی كەتیبەكانی كوردستانە، ماوەی ڤیدیۆكە 34 دەقیقەیە، سەرەتا ڤیدیۆیەكە بە سورەتی 60 سورەتی ئەنفال دەستپێدەكات، دواتر چەند گەنجێك دەردەكەوێت كە خەریكی مەشقی سەربازیین، هەندێكیان بە رانكوچۆخەی سپی و هەندێكیان بەجلی سەربازیین، هەندێك دەمامك دراون و هەندێكیان دەموچاویان ئاشكرایە، لەسەرەتادا چەند چەكدارێك بە دەمامك دەردەكەون و كە هەموویان چەكدارن، یەكێكیان بەیاننامەی خۆناساندن دەخوێنێتەوە، وەك گروپی "كەتیبەكانی كوردستان سەر بە رێكخراوی قاعیدە" خۆیان دەناسێنێت و دواتر بەقسە هێرشدەكاتە سەر سەركردەكانی كورد و شیعە لەعێراقدا، هەر لەخوێندنەوەی بەیاننامەكە ئاماژە بە ئایەتێك دەكات و ناوەڕۆكی ئایەتەكە بەو شێوەیە وەردەگێڕێتە سەر كوردی و دەڵێ "هێز لێرەدا تیرئەندازییە". لەدوای ئەمە چەند مەشقێكی چەكدارەكان نیشاندەدات، ناوی مەشقەكانیش دیار دەكات، بۆ نموونە مەشقێك ناودەنێت ئیغتیالكردن، مەشقێكی تر ناودەنێت رزگاركردنی بریندار، لەو ڤیدیۆیەدا جگە لە سرودە حەماسیەكانی قاعیدە، دوو دەنگی ئەبو موسعەبی زەرقاوی و ئەبو عومەری بەغدادی وەرگیراوە، ئەبو موسعەب باس لەكردە تیرۆریستیەكانی كوردستان دەكات، لەویش نوسراوە میری شەهیدەكان و كاتێكیش دەنگی ئەبو عومەری بەغدادی دێت، ناوی ئەمیر دێت، واتە گرتەكە كە مێژووی لەسەر نییە دوای كوژرانی زەرقاوی و پێش كوشتنی ئەبو عومەری بەغدادیە كە پارساڵ كوژرا.
جیا لەمەشقكردن ڤیدیۆكەی كەتیبەكانی كوردستان چەند كردەیەكی تیرۆریستی خۆیان بڵاوكردۆتەوە، لەوانە كوشتنی دوو پۆلیسی پاسەوانی سنوورە، كە لەسەری نووسراوە لە ناوچەی سیاجۆز ئەنجام دراوە، جیا لەمەش چاندنی چەند بۆمبێكی چاندراوە لەناوچە سنورییەكان، لەسەر تەك، لەگەڵ ئەو گرتانە دەنگێك دۆبلاژكراوە كە گوایە دەنگی سەركردەی تیرۆریستی كوژراوی قاعیدە ئەبو حەمزەی موهاجیرە، لەكۆتاییشدا سەركردەی گروپەكە هۆشداری دەداتە سەركردەكانی كورد، كە بەزەییان لەبەرامبەر ئەو دوو حزبە نەبێت، وەك لەقسەكانی دەردەكەوێت باس لە تۆڵەكردنەوە دەكات لەهێزەكانی تاڵەبانی كە چۆن لە رابردوودا هێرشیان كردۆتە سەر چەكدارەكیان لەناوچەی هەورامان.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لەسلێمانی كە نەیوست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، لە لێدوانێكدا گوتی "بنكەی سەرەكی ئەو گروپە لەمەریوان و پاوەیە، گروپێكی بچووكن لەپاشماوەی ئەنسارولئیسلام، تەحسینی مەلا عەلیش پەیوەندی بەو گروپەوە هەبوو، ئەوانە كاریگەریەكی ئەوتۆیان بەسەر ئەمنیەتی كوردستانەوە نییە، تەنها چەند كردەیەكی بچووكیان لەناوچە سنوورییەكان ئەنجام داوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەئینتەرنێت بەناوی ئەو رێكخراوە بڵاوكراوەتەوە، هەرچەندە زیاتر لە 5 ساڵ دەبێت خۆیان راگەیاندووە، كەچی هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناوی رێكخراوی كەتیبەكانی كوردستان دەخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكانی دونیا، كەتیبەكانی كوردستانی سەر بە رێكخراوی قاعیدە، یەكێكە لەو رێكخراوەی كە تازە لەلایەن ئەمریكاوە ناوی دەخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، بەپێی هەواڵێك كە لەسایتی دەنگی ئەمریكا هاتووە، كە ئەو رێكخراوە لەمەودوا وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسرێت، لەهەواڵەكە دا هاتووە "ماوە نا ماوەیەك، ویلایەتە یەكگرتوەكان چەند گروپێكی تایبەت وەكو تیرۆریست دەناسێنێ. ئەمانە زۆربەی كات گروپی چالاكی چەكدارن كە سڵ ناكەنەوە لەبەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی ئەوانی دی، بەخەڵكی مەدەنیشەوە، یاخود تێوەگلاون لەپشتیوانیكردنی گروپە تیرۆریستییەكانی تر. لەهەموو حاڵەتێكدا ئەمانە كەسانێك یان گروپگەلێكن كە كاری تیرۆریستییان ئەنجامداوە، یان زۆر رێی تێدەچێ ئەنجامی بدەن".
هەربەپێی هەواڵەكە ئەمریكا كە رێكخراوەكە بخاتە ئەو لیستەوە ئەوا كۆمەڵێك رێوشوێنی لەبەرامبەر دەگرێتە بەر، بەپێی هەواڵەكە هاتووە "هەر گروپێك بەو ناوەوە ناونرا، ویلایەتە یەكگرتوەكان لەلیستێكی تایبەتی جیهانیدا ناوی جێگیر دەكات. خێرا هەموو موڵكەكانیان لەناو ویلایەتە یەكگرتوەكاندا سڕ دەكرێن و لەتۆڕی بازرگانیی جیهانیی دادەبڕدرێن. هیچ هاوڵاتی یان كۆمپانیایەكی ئەمریكی ناتوانێ مامەڵەیان لەگەڵ بكات. بەم رێگایە ویلایەتە یەكگرتوەكان تۆڕی هاریكارییە ئابورییەكان بۆ تیرۆریستان یان رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەپچڕێ".
دواتر هەواڵەكە باس لە كەتیبەكانی كوردستانی سەر بە رێكخراوی قاعیدە دەكات و بە بەتالیۆنە كوردەكانی قاعیدەی دەناسێنێ و دەڵێ "بەتالیۆنە كوردییەكانی قاعیدە (AQKB: Al Qaeda Kurdish Batalions) بەشێوەیەكی سەرەكی لەباكوری ناوچە سنورییەكانی عێراق- ئێران چالاكە. بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا،AQKB لەساڵی 2007 لەپاشماوەی رێكخراوە تیرۆریستییە كوردییەكانی تر دروست بووەو بەئاشكرا هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك ئەلقاعیدە و ئەلقیدەی عێراق دەربڕیوە. AQKb لەئەندامانی پێشوی ئەنسارولئیسلام و رێكخراوە توندڕەوە كوردییەكانی تری هاوسۆزی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و باڵی عێراقی ئەلقاعیدە پێكهاتوە، AQKB وەك خائین و ناپاك تەماشای سەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. بەرپرسێتی خۆیشی راگەیاندوە لەهەندێ هێرش كە لایەنە كوردییەكان تێیاندا كرابوونە ئامانج".
هەر بەپێی هەواڵەكە ئەو رێكخراوە كۆمەڵێك كاری تیرۆریستی ئەنجام داوە لەوانە "لەئەنجامی هێرشەكانی مانگی پێنجی 2007 لەهەولێر، كە تێیدا بارهەڵگرێكی پڕ لەتەقەمەنی خۆی كێشا بە وەزارەتە كوردییەكانی ناوخۆ و ئاسایش، 19 كەس كوژران. لەمانگی حەوتی 2007یش لەبۆسەیەكی AQKBدا بۆ هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەپێنجوێنی عێراق 7 كەس كوژران. لەمانگی نۆی 2010شدا لەهێرشێكی خۆكوژیی ناسەركەوتودا بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان لەسلێمانی 2 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون". دواتریش زانیارییەكانی سایتی دەنگی ئەمریكا ئەوەیە كە "گروپی توندڕەوی "بەتالیۆنە كوردییەكانی ئەلقاعیدە AQKB" پابەندبوونی خۆی بەكردەوەی توندوتیژییەوە پیشانداوە. بۆیە مەبەست لەوەی خراوەتە ریزی تیرۆریزمەوە تێكوپێكدانی تواناكانییەتی لەڕێگای بە ئەنجامگەیاندنی ئەجێندا كوشندەكانی، هەروەها پچڕاندنی پشتیوانیەكانی AQKB لەگروپە هاوكوفەكانی".
بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەو رێكخراوە (سڤیل) پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئەمنی كرد، جەلال كەریم بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئەوەی روونكردەوە كە مەسەلەی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستیەكان كاری وەزارەتی ناوخۆ نییە، هەروەها (سڤیل) پەیوەندی كرد بە هەر یەكە لەحاكم قادر حەمەجان بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلیمانی و عەمید حەسەن بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و دكتۆر تارق بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كەچی بەچەند بیانوی جیاواز هیچ كامێكیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن. جیا لەمانەش (سڤیل) پەیوەندی بە سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و سێ ئەندامی لێژنەكە لەپەرلەمان كرد، ئەوانیش ئاگاداری بابەتەكە نەبوون.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com