|
سڤیل:
شێروان مەلا ئیبراهیم
سەبارەت بە كۆنگرەی رەوەندی كوردانی رۆژئاوا
لەهەولێر پەیەدە و سەرۆكایەتی هەرێم لێدوان
لەدژی یەكتر دەدەن
دوای بەستنی كۆنگرەی رەوەندی كوردانی رۆژئاوا
لەهەولێر بەپشتیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، پەیەدە
رایگەیاند كە ئەوان داوەت نەكراون، بەڵام
سەرۆكایەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا سەرەڕای
تەئكیدكردنەوە لەوەی كە ئەو حیزبەیان داوەت
كردووە، هاوكات دەڵێ "قسە و بەیاننامەی
(پەیەدە) رێک لە قسە و لێدوانەکانی دەوڵەت
باخچەلی دەچن و دوو شێوازی ھاوشێوە و
ھاومەبەستن و لە یەک دید و عەقڵییەتەوە
سەرچاوەیان گرتووە بۆ دژایەتیکردنی کورد".
رۆژی 27 و 28/1/2012 و بەئامادەبوونی مەسعود
بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆنفراسی
رەوەندی كوردی سوریا لەهەولێر سازكراو مەبەست
لەسازدانی ئەم كۆنفراسە رێكخستنی كوردەكانی
سوریا بوو لەدەرەوەی وڵات. بەبڕوای چاودێرانی
سیاسیەوە، ئەو كۆنگرەیە دوو ئامانجی سەرەكی
هەبوو، یەكەمیان ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان
دەیەوێت رۆڵێكی گرنگی لەگۆڕانكارییەكانی سوریا
و ناوچەكەدا هەبێت، لەڕێی كوردەكانی سوریاوە،
بەتایبەتی هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە
گۆرانكارییەكی سیاسی و بنەڕەتی لەو وڵاتە
دروست دەبێت و ئامانجی دووەمیش ئەوەیە
كوردەكانی سوریا بەتایبەتی ئەو لایەنانەی سەر
بەئەنجومەنی نشتیمانی كوردی سوریان و
لەدەرەوەی وڵاتن، بتوانن بەشێوەیەكی رێكخراو
پشتگیری لەگەلەكەیان بكەن لەناو سوریادا و
هەروەها خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر
گۆڕانكارییەك لەسوریا ئامادەبكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدەستپێكی كۆنگرەكە
ئامادەبوو، لەوتارەكەیدا دوو داوای
لەئەندامانی كۆنگرە و سەرجەم كوردەكانی سوریا
هەبوو، ئەویش پاراستنی یەكڕیزی كوردەكان و
دووركەوتنەوە بوو لەتوندوتیژی، لەبارەی
پاڵپشتی كۆنگرەكە د.حەمید دەربەندی بەرپرسی
پەیوەندییە گشتییەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی
كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) گوتی
"ئێمە وەكو دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم هەستاین
بەسازدانی ئەم كۆنفراسە بۆ كوردەكانی سوریا
وەكو هاوكارییەك بۆ ئەوان بۆئەوەی ئامادەبن
بەرامبەر هەر گۆڕانكارییەك لەو وڵاتەدا،
هەروەها بۆ یەكڕیزی و یەكگرتنی وتاری
كوردەكانی سوریا، بۆیە سەرۆكی هەرێم
لەوتارەكەی خۆیدا لەم كۆنفراسەدا داوایكرد
لەبەشداربووان بەیەك وتاری نەتەوایەتی كاربكەن
و هەروەها واز لەناكۆكییە حیزبییەكانی نێوان
یەكتری بێنن لەم قۆناغە هەستیارەدا".
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە چەندین لایەنی
كوردی سوریا بەشداریان لەكۆنگرەكە نەكردووە،
دەربەندی ئەوە رەتدەكاتەوە، كە
بەشدارینەكردنێكی زۆر هەبێت، تاكەلایەنیش كە
بەشدار نەبووە رێكخراوی"pyd" كە سەر بەپارتی
كرێكارانی كوردستانە، ئەوان جگە
لەبەشدارینەكردنیان لەكۆنفراسەكە،
لەبەیاننامەیەكدا پێشنیارەكەی سەرۆكی هەرێمیان
بەوە زانیوە كە دووبەرەكی دەخاتە ناو
كوردەكانی سوریا، بەڵام حەمید دەربەندی دەڵێ
"داوەتنامە بەگشت لایەنەكانی كوردی سوریا
گەیشتبوو و بەپێچەوانەوە مەبەستمان لەپشتگیری
ئەم كۆنفراسە بەپلە یەك بۆ یەكڕیزی كوردەكانی
سوریا بوو و كاك مەسعودیش لەوتارەكەی خۆیدا
زیاتر جەختی لەسەر ئەم بابەتە كرد، راستە
ئێمەش مەسەلەی داوەتنامەكان رادەستی
كۆمیتەیەكی سەر بە ئەنجومەنی نشتمانی كردبوو،
بەڵام بەواتای ئەوە نییە كە دەستوەردانمان
كردبێت لەكاروباری تایبەتی كوردەكانی سوریا،
بەڵكو كاری ئێمە زیاتر راوێژ و هاوكاری مادی و
تەكنیكی بوو، پێمانوانییە ئەم كۆنفراسە ببێتە
هۆی دروستبوونی ناكۆكییەك لەنێوان هێزە
سیاسییەكانی كوردی سوریادا، چونكە زیاتر
پشتگیرییەكی سیاسی و مەعنەوی بوو".
هەر لەو بارەوە وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتی
هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكدا وەڵامی
پەیەدەی دایەوە و رایگەیاند "ئەوەی روون و
ئاشکرایە کە ھەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی
نەتەوایەتی و لە پێناو پتەوکردنی یەکڕیزیی
گەلی کورد لە کوردستانی سووریا، ھەموو
ئاسانکاریەکی پێشکەش کرد تاوەکو رەوەندی کوردی
ئەو بەشەی کوردستان بتوانن لە کەشێکی ئازاددا
تاوتوێی رەوشی خۆیان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش
بێجگە لە رەوەندی کوردی سووریا لە دەرەوە،
سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانیش بانگھێشت
کرابوون لە نێویانیشدا پارتی یەکێتی دیموکرات
(پەیەدە)، ئەوەبو لە کۆتاییدا خۆیان
پاشگەزبوونەوە، ئەگینا بەر لەوەی پەشیمان
ببنەوە باسی کۆنگرەیان لەگەڵدا کرابوو و
دەبوایە بەشداربوونایە، بەڵام لە ئەنجامدا
سەرجەم بانگھێشتکراوان ھاتن ئەوان نەبن،
ھۆکاری ئامادەنەبوونیشیان لای خۆیانە و بۆ
خۆیان دەگەڕێتەوە، بۆیە رایدەگەیەنین کە قسە و
لێدوانەکانی پارتی ناوبراو گوایە بانگھێشت
نەکراون، ھیچ راستییەکی بۆ نیە".
وتەبێژەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەكۆتاییدا دەڵێ
"قسە و بەیاننامەی (پەیەدە) رێک لە قسە و
لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی دەچن و دوو شێوازی
ھاوشێوە و ھاومەبەستن و لە یەک دید و
عەقڵییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە بۆ
دژایەتیکردنی کورد، ئەو قسانەیان ئەوەندە
ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا پەیامی دژ بە کوردن،
ھەر شیکردنەوەشیان پێویست نیە".
رەوتی دوارۆژی كوردی سوریا لایەنێكی تری
رۆژئاوا بوو كە لەكۆنگرەكە ئامادە نەبوو،
نوێنەری ئەو لایەنە لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)
رەخنە لەدیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دەگرێت،
لەوەی راپەراندنی كارەكانی داوەتە دەست
ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی، كە ئەوانیش
بەخواستی خۆیان خەڵكیان بانگهێشت كردووەو
هۆكاری ئامادەنەبوونی لایەنەكانن، غەربی حەسۆ
نوێنەری رەوتی دواڕۆژی كوردی سوریا لەهەرێمی
كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بە (سڤیل) گوتی
"كارێكی زۆر باشە و زۆر گرنگە بۆ پرسی
نەتەوایەتی كوردی بەتایبەتی كە لەپایتەختی
كوردستانی ئازاد سازكراوەو سەرۆكی هەرێم تێیدا
ئامادەبوو، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە دیوانی
سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكرنی ئەم كۆنفراسەی
رادەستی چەند كەسێك كردبوو كە هەموویان
ئەندامی ئەنجومەنی نشتیمانی كوردی بوون، بۆیە
ئەو كەسانەش لەلایەن خۆیانەوە تەنها داوایان
لەلایەنگرانی خۆیان كردبوو بۆ ئەوەی بەشداری
بكەن و هەر لایەنێك یاخود هەر كەسێك لەدەرەوەی
ئەنجومەنی كوردی بوو بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو و
بەئەنقەست فەرامۆشكرا بوو". دواتر غەربی حەسۆ
هۆكاری ئامادەنەبوونی خۆیانی روونكردەوە و
هۆكارەكەی بۆ ئەوە گێڕایەوە كە درەنگ
بانگهێشتی كۆنگرەكە كراون، ئەو گوتی "راستە
ئێمە داوەتكرابووین بۆ كۆنفراسەكە، بەڵام
بەداخەوە بەر لەكۆنفراسەكە بەچەند كاتژمێرێك
بوو، ئەوەی یەكجار ئێمەی دڵتەزێن كرد، ئەوەبوو
كە ئەم داوەتنامەیەش بۆ ئێمە تەنها وەكو میوان
بوو، نەك ئەندامی كۆنفراسەكە". غەربی حەسۆ
گوتی "كەی ئەم شتە دەبێت ئێمە وەكو میوان
بەشداری بكەین، كەچی بوونێكی بەرچاومان
لەجادەی كوردی و شۆرشی سوریادا هەیەو هەروەها
بەناوبانگترین شەهیدی كورد لەشۆرشی ئێستای
سوریادا مشعەل تەمۆ بوو كە سەركردەیەكی دیاری
رەوتی دواڕۆژی كورد بوو". حەسۆ پێیوایە
ئەنجومەنی نیشتمانی كورد ئیستغلالی كۆنگرەكەی
كردووە، كە لەبنەڕەتدا بۆ رەوەندی كوردی سوریا
بووە.
غەربی حەسۆ هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل)
ئەوەی روونكردەوە كە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم
هەستی بەوە كردووە، كە فەرامۆشكرنێكی
لایەنەكانی سوریا هەیە، بۆ ئەمەش حەسۆ بەڵگەی
ئەوە بوو كە ئەوان لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی
هەرێمەوە داوەتكرابوون، حەسۆ سوپاسی
سەرۆكایەتی هەرێم كرد لەبارەی پشتگیریكردنی بۆ
كوردەكانی سوریا و سازدانی ئەم كۆنفراسە،
بەڵام لەهەمانكاتیشدا داوای كرد دیوانی
سەرۆكایەتی هەرێم پێداچوونەوەیەك لەبارەی
كارەكانی كۆمیتەی ئامادەكاری بكات بۆ
راستكردنەوەی هەڵەكانیان.
بەپێچەوانەی غەربی حەسۆ، خەلیل ئیبراهیم كە
ئەندامی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی نشتمانی
كوردی – سوریا و سەركردەی پارتی دیموكراتی
كوردی سوریایە، كۆنفرانسەكە بە سەركەوتوو
دەزانێت و لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی
"كۆنفراسەكە زۆر سەركەوتوو بوو و توانیمان
رێكخستنێك بۆ كوردەكانی سوریاش دروست بكەین،
بۆ پشتگیری لەگەلەكەیان لەناو وڵاتداو راستە
چەندین كەموكوڕی لەراپەراندنی كارەكان دا
هەبوو، بەتایبەتی لەرووی تەكنیكییەوەو
بەشدارینەكردنی هەندێ لایەنی دیكەی كوردی،
بەڵام ئەمە نەبوو بەهۆكارێك بۆ شكستی
كۆنفراسەكە".
دواتر خەلیل ئیبراهیم قسەی لەسەر پەیامی
كۆنگرەكە كردو گوتی "پەیامی سەرەكیمان ئەوەبوو
گەیاندنی دەنگی گەلەكەمان بوو بە رای گشتی
جیهانی و عەرەبی و سوری و ناوچەكە كە كوردی
سوریا بێ خاوەن نییەو لەهەر ئەگەرێكی ترسناكدا
سەركرادیەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی
سەرۆك بارزانی ئامادەن بۆ هاوكاری و پشتگیری
براكانیان لەكوردستانی سوریا بۆ چەسپاندنی
مافە رەواكانی كورد لەهەر گۆڕانكارییەكی
بنەڕەتیدا لەسوریا". لەبارەی هۆكاری
ئامادەنەبوونی هەندێك لایەنیش خەلیل ئیبراهیم
دووپاتی كردەوە، كە داوەتنامە بۆ گشت
لایەنەكان رەوانەكراوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە
ئەگەر هاتوو هەر هەڵەیەك لەم بابەتەیەدا
هەبووبێت ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ سەر كۆمیتەی
ئامادەكاری نەك بۆ سەر سەركردایەتی ئەنجومەنی
كوردی، خەلیل ئیبراهیم گوتی "كەموكوڕی زۆر
هەبوون، بەڵام كۆنفراسەكە سەركەوتووبوو و ئەمە
دوا جار نییە و كۆتایی دونیا نییە، بەڵكو
ئێستا ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی گشتی نەتەوەی
كوردیش دەكرێت".
|