|
سڤیل:
مەریوان عومەر
ئاماری راستەقینەی ژمارەی كــــوژراوانی
عێــــــراق چەندە؟
مشتومڕی زۆر لەبارەی ژمارەی كوژراوان
لەعێراقدا هەیە. "ئێمە سەرژمێری كوژراوان
ناكەین". ئەمە وتەی جەنەڕاڵ "تۆمی فرانكس"ـی
سەركردەی هێزەكانی هاوپەیمانان بوو، لەكاتی
داگیركردنی عێراق و رووخاندنی رژێمی سەدام
حوسێن لەساڵی 2003.
دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ و نیو، ئێستا ئەو
باسە گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت و بۆتە پێوەری
سەركەوتن یا شكستخواردنی حكومەتی عێراقییە.
حكومەتی عێراقی لەمانگی تشرینی دووەمی
رابردوودا ژمارەی كوژراوانی راگەیاند، كە
لەساڵی (2003)ـوە كەمترین ئاستی تۆماركردبوو،
وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو سەركەوتنەی حكومەتی
عێراقی لەبەدیهێنانی سەقامگیری و سنورداركردنی
توندوتیژی لەعێراقدا بەدەستی هێناوە. تەنیا
هەشت رۆژ دوای ئەوە، پێنج هێرشی تیرۆریستی
هاوكات لەشاری بەغدادا سەدان كوژراو و
برینداری لێكەوتەوە.
هێرشەكان تەنیا سیمبولە حكومییەكانی نەكردبووە
ئامانج، لەوەزارەت و دامەزراوە حكومییەكانی
تر، بەڵكو دامەزراوە فێركارییەكانی وەك زانكۆ
وپەیمانگاكانیشی كردە ئامانج، كە لەرووی رادەی
وێرانكاری و ژمارەی كوژراوانیشەوە جیاوازییان
لەگەڵ تەقینەوەكانی مانگی (ئاب) و (تشرینی
یەكەم)ـی رابردوودا نەبوو.
نوری مالیكی سەرۆك وەزیران، كە بەهۆی ئەو
سەركەوتنەی لەساڵی (2007)ـەوە لەبواری ئەمنیدا
بەدەستی هێنابوو، پێگە سیاسییەكەی خۆی
بەهێزكردبوو، ئێستا بەهۆی ئەو هێرشە
تیرۆریستیانەوە لەژێر فشارێكی تونددایە.
لەبەشێك لەو ئامارانەی لەبارەی كوژراوە
عێراقییەكانەوە تائێستا بڵاوكراونەتەوە،
هاتووە: لەمانگی (ئاداری 2004)ـدا (171) كەس
كوژراون، لەتشرینی دووەمی 2006 (202) كەس،
لەئاداری 2007ـدا (152)، لەنیسانی 2007 (191)،
ئابی 2007 زیاتر لە(500) كەس، ئابی 2009 (95)
كەس بەهۆی تەقینەوەی بارهەڵگرێك لەبەغدادا،
ئۆكتۆبەری 2009 (155) كوژراو.
پاش دواین ئەو تەقینەوانەی بەغدایان كردە
ئامانج و خەمی قوڵیان كردە دڵی خەڵكی
شارەكەوە، خەڵك گومان و پرسیاری لەبارەی
ژمارەی قوربانیانەوە لا دروست بوو. بەگوێرەی
ئاماری راگەیاندنە نێودەوڵەتی و عێراقییە
سەربەخۆكان، ژمارەی قوربانیان لەسەدان كەس
تێپەڕی كردووە، لەكاتێكدا سەرچاوە حكومییە
فەرمییەكان باس لەكوژرانی تەنیا 77 كەس دەكەن.
ئەم جیاوازییەش لەراگەیاندنی ژمارەی
كوژراواندا جاری یەكەمین نییە، بەڵكو چەندین
جاری تریش حاڵەتی لەم شێوەیە روویداوە.
چەند رۆژێكی كەم بەر لەو هێرشانەی بەغدایان
كردە ئامانج، تەقینەوەیەك لەیەكێك
لەقوتابخانەكانی شاری (سەدر)ـدا روویدا،
سەرچاوە پۆلیسییەكان كوژرانی 6 قوتابیان
راگەیاند، لەكاتێكدا بەگوێرەی راگەیاندراوی
حكومەت، تەنیا یەك قوتابی گیانی لەدەست داوە.
تەنانەت لەپەخشكردن و گواستنەوەی ئەو پەلامارە
خوێناویانەشدا، جۆرێك لەجیاوازی هەستی
پێدەكرێت. كەناڵە راگەیاندنە نێودەوڵەتییەكان
رووداوەكەیان كردە سەردێڕی هەواڵەكانیان،
لەكاتێكدا كەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی عێراقی
باسی لەسەركەوتنی كوتلە سیاسییە عێراقییەكان
لەگەیشتن بەرێكەوتن سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن
دەكرد، دواتریش لەدواین هەواڵدا لەماوەی كەمتر
لە40 چركەدا باسی لەتەقینەوەكان كرد.
خانمە رۆژنامەنووس "هیند بودیری" لەرۆژنامەی
"ئەلمەشریق" دەڵێت "حكومەتی عێراقی یاری
بەژمارەی كوژراوانەوە دەكات، سیاسییەكانیش درۆ
لەگەڵ خەڵك دەكەن، چونكە بەهەڵبژاردنەكان و
بەرژەوەندیە تایبەتییەكانیانەوە خەریكن. ئێمە
خۆمان دەچینە شوێنی تەقینەوەكان و ژمارەی
راستەقینەی قوربانیان دەزانین".
حكومەتی عێراقی داكۆكی لەئامار و ژمارەكانی
خۆی دەكات و پێی وایە هیچ بیانویەك نییە بۆ
یاریكردن بەژمارەی قوربانیانەوە. "سەعد
ئەلمەتڵەبی" راوێژكاری حكومەتی عێراقی بەشێك
لەدەزگاكانی راگەیاندنی بەگەورەكردنی ژمارەی
قوربانیان و شڵەژاندنی بارودۆخەكان تۆمەتبار
كرد و متمانەی خۆشی بەو ژمارانە دووپات
كردەوە، كە حكومەتی عێراقی رایاندەگەیەنێت،
چونكە لەوەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانەوە
دەرچوونە.
ماوەیەكی كەم پاش دواین تەقینەوەكانی شاری
بەغدا، پەیامنێری "بی بی سی" بەنەخۆشخانەكانی
بەغدادا گەڕا و دەركەوت، ژمارەی ئەو بریندار و
قوربانیانەی بەرپرسە ئیدارییەكانی وەزارەتی
تەندروستی رایدەگەیەنن، زۆر كەمترە لەئامار و
خەمڵاندنی ئەو پزیشكانەی لەنەخۆشخانەكان
پێشوازی لەبریندار و قوربانیان دەكەن.
"تارا بەركی" خانمە پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری
دەڵێت "حكومەتی عێراقی دەیەوێت ئاستی
توندوتیژیی لەعێراقدا بچووك بكاتەوە، رۆژنانە
چەندین تەقینەوەی بچووك لەشوێنی جۆراوجۆردا
روودەدەن و راگەیاندنەكانیش پێی نازانن و
حكومەت پەردەپۆشی دەكات".
بەڵام مەتڵەبی ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و
دەڵێت "حكومەت درۆ ناكات، من جەخت لەسەر ئەوە
دەكەمەوە، نوسینگەی سەرۆك وەزیران ژمارەی
ناڕاست راناگەیەنێت، هیچ بیانویەكیش بۆ
یاریكردن بەو ژمارانەوە نییە، چونكە شتێكە
شایانی قبوڵكردن نییە، بۆ ئێمە ژیانی هەموو
كەسێك گرنگە".
هەرچەندە دوای چەند مانگێك لەمشتومڕ و
دەستێوەردان و نێوانكاری، یاسای هەڵبژاردنەكان
بڕیاری لەسەر درا، بەڵام تائێستا وا
دەردەكەوێت، كە توندوتیژی رێساكانی ئەو یارییە
پڕبكاتەوە. وادەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و
كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراقدا و
توانای حكومەتی عێراقی لەكێشكردنی زیاتری
وەبەرهێنان، كە عێراق لەوپەڕی پێویستیدایە
بۆی، هەموویان دەوەستنە سەر سەقامگیری
بارودۆخی ئەمنیی وڵات.
گەر ئامارەكان زۆر وردبن، یاخود نا، هیچ
گرنگییەكی نییە بۆ ئەو دایكە عێراقییانەی
هێشتا رۆڵەكانیان لەدەست دەدەن، ئەوەی سیاسییە
عێراقییەكان لەكاتی ئێستادا ئەنجامی دەدەن،
لەشاردنەوەی ئاماری جەستەی كوژراوان، هەمان
نكوڵیكردنی بەر لەحەوت ساڵی "تۆمی فرانكس"ـە.
BBC
|