|
سڤیل:
رانیە
پارتی هۆكاری دەستگیركردنی ئەرسەلان مەحمودی
ئاشكرا كرد، كە "پەیوەندی بەدەزگایەكی
جاسوسییەوە هەبووە"، كەسوكاریشی دەڵێن تا
لەدادگایەكی سەربەخۆدا ئەو تۆمەتە ئیسپات
نەكرێ، ناتوانن باوەڕ بەوە بكەن، هاوكات خاوەن
ئیمتیازی رۆژنامەی رووماڵ نیوز رایدەگەیەنێ،
كە ئەوان بڕیاریان داوە ئەرسەلان لەسەرنووسەری
رۆژنامەكە لابدەن.
ماوەی مانگێك زیاترە ئەرسەلان مەحمودی ئەندامی
مەكتەبی پیشەییەكانی لقی11ـی (پ.د.ك)
بێسەروشوێن بوو، بەڵام دوای چەند رۆژێك بەسەر
هەواڵی ونبوونیدا، لەلایەن بەرپرسی هەمان
لقەوە راگەیەنرا كە ناوبراو بە مەبەستی
لێكۆڵینەوەیەكی حیزبی بۆ لێكۆڵینەوە لەلایەن
مەكتەبی سیاسییەوە بانگهێشتكراوە. بەو پێیەی
ئەرسەلان لەرانیە سەرنووسەری رۆژنامەیەك بووە
بەناوی (روماڵ نیوز) و هەروەها لەرۆژنامەی
هەولێر پەیامنێربوو، ونبوونی هەر زوو بووە
هەواڵی زۆربەی رۆژنامەكانی كوردستان. سەرەنجام
دوای زیاتر لەمانگێك تێپەڕین بەسەر
دەستگیركردنیدا لقی11ـی پارتی رایدەگەیەنێت،
كە ناوبراو لەسەر گواستنەوەی زانیارییەكانی
حیزب بۆ لایەنێكی دیكە دەستگیر كراوە و خودی
خۆی دانی بەهەموو ئەم كارانەدا ناوە، بەڵام
ئاماژەی بەوە نەكرد، كە زانیارییەكانی بۆ چ
لایەنێك گواستۆتەوە.
نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی
لقی11ـی پارتی لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی
"ئێمە كاتی خۆی رامانگەیاند، كە ئەرسەلان
مەحمود بەو پێیەی ئەندامی مەكتەبی لقەكەمانە،
لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە بۆ ماوەیەك و
سەبارەت هەندێ لێكۆڵینەوە بانگكراوە. بەڵام
دواتر جوابمان لەمەكتەبی سیاسییەوە بۆ هاتەوە،
كە ناوبراو لەكاتی لێكۆڵینەوەدا بێ هیچ فشارێك
دانی ناوە بەوەی، كە ناپاكی حیزبی كردووە و
زانیاری حیزبی گواستۆتەوە بۆ لایەنێكی دیكە و
تائێستاش هەر لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و پێ دەچێ
شتی دیكەشی بەدوادابێت". هەروەها میقداد
مەحمودی برای ئەرسەلانیش لەبارەی ئەم بابەتەوە
دەڵێت "پێشتر لقی11 پێمانی راگەیاندبوو، كە
ئەرسەلانی برام وەكو كادیرێكی ئەو حیزبە بۆ
لێكۆڵینەوە لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە
بانگكراوە، بەڵام ئەو لێدوانەی تازەیان ئەگەر
راستە، باپێمانی بڵێن كە ئەو لە چ دادگایەكی
سەربەخۆدا ئەو ئیعترافەی كردووە، تا باوەڕ
بكەین، هەروەها ئێمە تائێستا نەمانتوانیووە
سەردانی بكەین و هیچ بەڵگەیەكیان بۆ راستی ئەم
قسانەیان نەخستۆتەڕوو، بەڵام لقی11 نامەیەكیان
پێداوین تاسەردانی مەكتەبی سیاسی بكەین، ئێمەش
بەنیازین رۆژی پێنجشەممە سەردانیان بكەین،
تابزانین راستی ئەم مەسەلەیە چۆنە".
نیازی حەمە عەزیز ئەوەشی گوت "ئەو بانگكردنەی
ئەرسەلان لەلایەن راگەیاندنەكانەوە وا
لێكدرایەوە كە پەیوەندی بەكاری
رۆژنامەوانییەوە هەیە، بەڵام بەڕاستی ئەوەی بە
ئێمە گوتراوە، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەكاری
رۆژنامەنووسییەوە نییە و كەسێكیش سیخوڕی بەسەر
حیزبەكەی خۆیەوە بكات، حیزبەكەی ناچارە
ئیجرائاتی بەرامبەر بكات، ئەویش ئێستا دانی
ناوە بەو كارانە و لەسەر ئەو ئەساسەش
ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكرێت".
لەلایەكی دیكە عەبدوڵڵا ئەندێكی، خاوەن
ئیمتیازی هەفتەنامەی رووماڵ نیوز رایدەگەیەنێت
لە ژمارە(9)ـوە ناوی ئەرسەلان بەهۆی لادانی
لەبنەما پیشەییەكانی رۆژنامەوانی لەسەر
رۆژنامەكە لادەدەن و دەڵێت "دیارە كاك
ئەرسەلان لەلای ئێمە وەكو سەرنووسەری روماڵ
لەژمارە سفرەوە تا ژمارە (6) دەستبەكار بووە،
بەڵام بەداخەوە لەدوای ئەو ژمارەیەوە بەهۆی
رووداوێك لێمان دابڕا. بەڵام دیارە ئەو پێش
ئەوەی سەرنووسەربوو بێت لەرۆژنامەكەی ئێمە
كادیری (پ.د.ك) بووە، دواتر ئەو بەهۆی كارێكی
دژ بە پەیڕەو و بنەماكانی ئەو پارتە ئیجرائاتی
لەگەڵدا كراوە، دیارە ئەو كارەی ئەویش كە
بەرامبەر حیزبەكەی خۆی كردوویەتی، بۆ ئێمە
جێگەی نیگەرانییە، چونكە ئێمە باوەڕمان وایە،
كەسێك رۆژنامەنووس بێت، دەبێت پەیڕەوكارێكی
باشی ئەو بنەمایانە بێت، كە پەیمانی
رۆژنامەنووسی لێی دەخوازێت، ئێستاش بەهۆی
ئەوەی كارەكانی ئەو ئەوەی لەسەری ئیسپات بووە
دژە لەگەڵ پێوەر و ئیتیكیەكانی میدیادا، بۆیە
بڕیارمان داوە لەم ژمارەیەوە ناوی ئەو لەسەر
رۆژنامەكە بسڕینەوە".
|