|
گەر
"مائیر داجان" نەبایە بەرنامە
ئەتۆمییـــــــەكەی ئێران چەند ساڵێك بوو
سەریگرتبوو
مەریوان عومەر
بە دڵنیاییەوە ئێرانییەكان دەزانن كێ لەدواوەی
تیرۆركردنی "مەسعود عەلی محەمەدی"ی زانای
ئەتۆمیی ئێرانەوەیە، كە بەر لەدوو هەفتە
لەتاران تیرۆر كرا. هەموو بەرپرسە ئێرانییەكان
وشەی نهێنی رووداوەكە دەزانن، كە "داجان"ە.
گەر "مائیر داجان" نەبایە بەرنامە ئەتۆمییەكەی
ئێران ئێستا چەند ساڵێك بوو سەریگرتبوو، بەڵام
بەڕێوەبەری مۆسادی ئیسرائیلی، كە زۆر كەس ناوی
نازانێت، چونكە بەبێدەنگی و دوور لەچاوی
راگەیاندنەكان حەوت ساڵە كار دەكات، گورزی
گورچكبڕی لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران وەشاند
و لەهەمان ئاست و سنووردا هێشتویەتیەوە،
هەرچەندە هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە و
"داجان"یشی كردووە بە سوپەرمانی دەوڵەتی
عیبری.
ئەوەی چاودێری رووداوەكانی ناوخۆی ئیسرائیل
بكات، دەزانێت كە بەڕێوەبەری ئێستای دەزگای
مۆسادی ئیسرائیلی، كەساڵی 2002 ئەو پۆستەی
وەرگرتووە، دەسكەوتی گەورەی بەدەست هێناوە، كە
بە خەیاڵی هیچ كەسێكدا نایەت، چ لەبارەی
بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بێت، یا لەئاستی
سنوورداركردنی توانا سەربازییەكانی سوریا و
رووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی و هەردوو
بزووتنەوەی حەماس و جیهادی فەڵەستینی.
كاتێك ساڵی پار "بنیامین ناتانیاهۆ"ی سەرۆك
وەزیرانی ئیسرائیل ماوەی كاركردنی داجانی درێژ
كردەوە، رۆژنامە ئیسرائیلیەكان رایانگەیاند،
بەهۆی ناسكی بارودۆخی ئیسرائیل، حكومەت بیر
لەگۆڕینی بەڕێوەبەری مۆساد، جەنەڕاڵ (مائیر
داجان)ی تەمەن 65 ساڵ ناكاتەوە، كە ئارێل
شارۆن دایمەزراندووە و دوو جاریش لەلایەن
"یەهود ئۆڵمەرت"ەوە ماوەی كاركردنی
درێژكراوەتەوە، بەهۆی ئەو سەركەوتنە
بەرچاوانەی مۆسادی ئیسرائیلی لەجەنگی كراوەی
لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا بەدەستی
هێناوە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی بیانی، مۆسادی
ئیسرائیلی لەسەردەمی داجاندا زۆر كردەی ئازا و
جەربەزەییانەی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئەنجام داوە. رۆژنامەی "مەعاریف" نووسیویەتی
"مۆسادی ئیسرائیلی لەشوباتی 2008 كردەی
تیرۆركردنی سەركردەی سەربازی حیزبوڵڵای
لوبنانی "عیماد موغنیە – حاجی رەزوان"ی
لەپایتەختی سوریادا ئەنجام داوە. ساڵی 2007یش
كورە ئەتۆمییە نهێنییەكانی سوریای لەناوچەی
(دیرلزور) لەناوبرد. ساڵی 2001 كاروانی ئەو
بارهەڵگرە سودانیانەی بۆردومان كرد، كە چەكی
ئێرانیان هەڵگرتبوو و بەرەو غەززە بەڕێوە
بوون، تا بیگەیەننە دەستی بزووتنەوەی حەماس".
سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن، ئەو كردە
سەربازییەی ئیسرائیل كە لەدووری 1400 كیلۆمەتر
لەخاكی خۆیەوە ئەنجامی دا، پەیامێك بوو بۆ
ئێران، كە چەكی ئاسمانی ئیسرائیلی دەتوانێت
دەست لەكورە ئەتۆمییەكانی ئێرانیش بوەشێنێت.
ساڵی 2008یش كارخانەیەكی چەكی كیمیاوی سوریا
لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقێندرایەوە و دەیان
تەكنیكاری سوری و ئێرانی كوژران. هەروەها
كاروانێكی پاسەوانی شۆڕشی ئێران لەنزیك
تاراندا تەقێندرایەوە، كە چەكی بۆ حیزبوڵڵا
دەگواستەوە، هەرچەندە هیچ كەسێك بەرپرسیاریەتی
خۆی لەو كردەوەیە دەرنەبڕی.
ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوە داوە،
كە داجان لەهەرە نزیكترین كەسەكانی ئاریێل
شارۆنی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بووە.
لەساڵانی حەفتاكاندا شارۆن بەرپرسی داجان بووە
و لەماوەی كاركردنی لەریزی سوپای ئیسرائیلدا
شارۆن فەرمانی پێداوە، یەكەی "ریمۆن"
پێكبهێنێت، كە بەرپرس بوو لەكردەی تیرۆركردنی
زۆر لەسەركردە و رەمزەكانی هێزە بەرگریكارە
فەڵەستینییەكان لەكەرتی غەززە.
داجان لەسوپای ئیسرائیلدا بەرزترین مەدالیای
رێزلێنانی وەرگرتووە. دوای وازهێنانیشی لەسوپا
ساڵی 2000 چووە ریزەكانی حیزبی "لیكۆد"ی
ئیسرائیلی بە سەرۆكایەتی ئاریێل شارۆن و
لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 2001دا سەرۆكی
تیمی هەڵبژاردنی شارۆن بوو و توانی
بەجیاوازییەكی زۆر بەسەر "یەهود باراك"ی
سەرۆكی حیزبی "كار" و كێبڕكێكاری شارۆندا
سەربكەوێت.
بەڵام داجان بۆ ناتانیاهۆش كەسێكی نامۆ نییە،
لەساڵانی 1996- 1999 راوێژكاری ناتانیاهۆ بۆ
نەهێشتنی تیرۆر بوو.
لەگەڵ ئەو جەنگەی ئیسرائیل لەرێگای
راگەیاندنەوە لەدژی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات،
بەڵام ئیسرائیلییەكان باوەڕیان وایە داجان
لەرێگای چالاكیە نهێنیەكانییەوە توانیویەتی
چەند ساڵێك پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران
دوابخات، لەكاتێكدا كە سەرچاوە فەرمییە
ئیسرائیلییەكان دەڵێن ئێران لەماوەی ساڵ كەمتر
لەپێنج ساڵدا دەتوانێـت چەكی ئەتۆمی دروست
بكات.
هەر لەسەردەمی شارۆندا دامەزراوە بەرگرییە
ئیسرائیلییەكان دووچاری زەحمەتی هاتن
لەدابنیكردنی كەرەسە و ئامرازی گرانبەها و
پێكهاتەی ئاڵۆزی خۆپارێزی دژ بە هەڕەشەكانی
ئێران، لەوكاتەدا داجان بە یەكێك لەهاوڕێكانی
دەڵێت "ئەوە لەبیركەن، تەنیا وازم لێبێنن بە
شێوازی خۆم مامەڵە لەگەڵ ئێران بكەم، بەڵێنتان
پێ دەدەم لەكاتی دیاریكراودا ئامێر و ئامرازی
بەرگری و خۆپارێزی دابین بكەم". ئەمەش رێك
هاتەدی كاتێك ساڵی 2007 دەنگوباسی خراپی
بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران
بڵاو بووەوە و یەكێك لەو جەنەڕاڵانەی بەرپرسی
پەیوەندی نێوان وڵاتەكەی و حیزبوڵڵا بوو "عەلی
رەزا ئەسغەری" رایكرد و بە سیخوڕیكردن بۆ
ئیسرائیل تۆمەتبار كرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ
دەركرا. كوڕەكەشی كە ئەندازیاری بواری
دروستكردنی كورە ئەتۆمییەكان بوو، بە
سیخوڕیكردن بۆ CIA تۆمەتبار كرا.
ئەو بەربەستانەی داجان دەیخستنە بەردەم
پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، جەنگی دەروونی
بوون، زانیارییەكان لەبارەی كورە ئەتۆمییەكان
دزەیان پێدەكرا بۆ نێو دەزگاكانی راگەیاندن،
هەوڵە دیپلۆماسییەكانی ئیسرائیلیش زیاتر
ئێرانییەكانی دەخستە هەڵوێستی ناخۆشەوە و
وڵاتی زیاتری رۆژئاوایی لەدژی پڕۆگرامە
ناوەكییەكەی ئێران دەوەستاندەوە. لەیەكێك
لەحاڵەتەكاندا، ئێرانییەكان دامەزراوەیەكی
ئەتۆمییان لەنزیك تاران تێكدا و یاریگایەكیان
لەشوێنیدا دروست كرد، دوای ئەوەی زانیاری
لەبارەی دامەزراوەكەوە دزەی كرد و گەیشتە دەست
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی. هەروەك بە
دووریش نازانرێت مۆسادی ئیسرائیلی لەژێر
سەركردایەتی داجاندا دەستی هەبووبێت
لەتیرۆركردنی "مەسعود محەمەدی"ی زانای ئەتۆمیی
ئێرانی و خۆشكردنی ئاگری پشێوی و خۆنیشاندانی
ئۆپۆزسیۆنەكانی حكومەتی ئێرانی، بەئامانجی
رووخاندنی ئێران لەناوەوەی خۆیدا.
ئەلئەهرام
|