|
سڤیل:
هەولێر
قادر عەزیز سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشان باس
لەوە دەكات كە زانیاری هەڕەشەلێكردنی هەیە،
دەشڵێ "باوەڕم بە زانیارییەكان نەكردووە و
زانیاری وەهاش فەرامۆش ناكەم"، بەڕێوەبەری
ئاسایشی گشتی هەولێریش پێیوایە ئاستی ئەمنی
هەولێر بەو جۆرە نییە، تێیدا هەڕەشە لەسكرتێری
حیزبێك بكرێت.
قادر عەزیز سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشانی
كوردستان باسی لەوە كردووە كە هەڕەشەی لەسەرە،
لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل)یش باسی ئەوەیكرد
كە ئەو بڕوای بەزانیارییەكان نەكردووەو
فەرامۆشیشی نەكردووە، گوتی "من بەر لەدوو
هەفتە، زانیارییەكم پێگەیشت كە مەترسییەك
لەسەر من هەیە لەهەولێر، سەرچاوەی زانیارییەكە
دیارە، بۆیە بە باشمازانی كە ئەو هەواڵە
بەنهێنی نەمێنێتەوە، كە هیچ نەبێت برایانی
پارتی لێئاگادار بكەمەوە، دواتر نامەیەكم
نووسی بۆ جەنابی كاك مەسعود وەك سەرۆكی پارتی
و بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەوان وەڵامی
نامەكەیان داوەتەوە، من لەنامەكەدا نوسیومە كە
زانیارییەكی وەهام بەدەست گەیشتووە، هەرچەندە
بڕوا ناكەم شتێكی وەها لەئارادا بێت، بەڵام
ناشكرێت زانیارییەكی وەها هەبێت، ئێمە ئێوەی
لێئاگادار نەكەینەوە، داواشم لێكردبوون كە
هەڵوێستی خۆیان لەو بارەوە دیاری بكەن".
هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) قادر عەزیز باسی
لەوەڵامی پارتی كرد و گوتی "لەلایەن مەكتەبی
سیاسی پارتیشەوە بە فەرمی وەڵامێكی زۆر
دۆستانەی منیان داوەتەوە، دەڵێن ئەو
زانیارییانە دوورن لەراستی و دڵنیات دەكەینەوە
كە تۆ دۆستی ئێمەیت و كەسێكی تێكۆشەریت، نیازی
خراپی لەو شێوەیەش لای ئێمە زۆر تا كەم بوونی
نیە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە لێكۆڵینەوە لەسەرچاوەی
ئەو زانیارییە دەكەین، دواتر جەنابی كاك
مەسعود نامەكەی ناردبوو بۆ كاك دكتۆر فوئاد كە
لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكات، ئەوەندی منیش
ئاگادار بم، داوا لەوەزیری ناوخۆش كراوە، كە
لێكۆڵینەوە لەو بابەتەدا بكات".
قادر عەزیز بڵاوبوونەوەی زانیاری وەها
لێكدەداتەوە كە بە مەبەستی تێكدانی پەیوەندی
ئەوان بێت لەگەڵ پارتی، ئەو گوتی "زانیارییەكە
لەشوێنێكەوەیە كە خۆم سەركردایەتی پارتیم
لێئاگادار كردۆتەوە، كە پێیانوتووم پارتی
نیازی خراپە لەبەرانبەر تۆ، بەڵام من خۆم
باوەڕ بەو قسانە ناكەم، چونكە لەوانەیە هەر بۆ
ئەوە بێت كە نێوانی ئێمە و پارتی ئاڵۆز بكرێت،
یان رێگە لەئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانمان
بگرن و گومان و دڕدۆنگی زیاتر لەنێوانماندا
دروست بێت، كە بە هۆی ئەو كێشەیەی لەناوخۆی
حیزبمان دروست بوو بێگومان كێشە لەنێوان ئێمە
و پارتیش دروست بوو، من خۆیشم باوەڕم بەو
زانیارییە نیە، بەڵام پروپاگەندەش نیە وەك
هەندێ كەس كە باسی دەكەن، چونكە ئەوە
زانیارییەكە پێمگەیشتووە و خۆم سەركردایەتی
پارتیشم لەسەرچاوەی ئەو زانیارییە ئاگادار
كردۆتەوە".
عیسمەت ئەرگوشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی
هەولێر بێ ئاگایی خۆیانی لەو قسانە نیشان دا
كە لەلایەن قادر عەزیزەوە دەكرێت باسی هەڕەشە
دەكرێت، بەرێوەبەری ئاسایشی گشتی گوتی "ئێمە
تا ئێستا ئاگاداری ئەوە نین هیچ مەترسییەك
لەسەر ژیانی قادر عەزیز بێت، چونكە تا ئێستا
لەلایەن ئەوەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە، چونكە
دەبێت ئەو ئاگادارمان بكاتەوە، هەتا
ئاگادارمان نەكاتەوە ئێمە لەكوێ بزانین
هەڕەشەی لێكراوە، دەبێت شێوەی هەڕەشەكەمان
پێبڵێت، ئایا تەلەفۆنی بۆ كراوە یان ئاگادار
كراوەتەوە، یان رەنگە خۆی شوبهەی كردبێت
بەدوایەوەن، ئەگەر ئەو ئێمە ئاگادار بكاتەوە،
ئێمە هاوكاری دەكەین". عیسمەت ئەرگوشی گوتیشی
"بارودۆخی ئەمنی هەولێر لەو ئاستەدا نیە كە
هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو بێت، دواتر هەر یەك
لەسكرتێری حیزبەكان بەشی خۆیان پاسەوانیان
هەیە، بۆیە تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی ئێمە
ئاگادار نەكراوینەتەوە لەو بابەتە"
|