.یاری كورسی عێراقی و رۆڵیتی ئێرانی... پەتی یاریە سیاسییەكانی عێراق

بە دەست )سلێمانی) یەوە

 

مەریوان عومەر

كاتێك كەسێك لە یاری كورسیدا دەدۆڕێنێت، دەبێ گۆڕەپانەكە جێبهێڵێت، یاریەكەش بەردەوام دەبێت و ئەوانی تریش جار دوای جار دەدۆڕێنن، تا دواجار تەنها كورسیەك بۆ یەك تاكەكەس دەمێنێتەوە، بەڵام لە عێراقدا لە سایەی بارودۆخی سیاسی ئێستادا، ئەو گەمەیە دەبێتە یارییەكی ترسناك و تێیدا یاریزانان ناودەنگ یا ژیانیان، یا هەردوكیان پێكەوە لە دەست دەدەن.

گەر لە عێراقدا ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وەك گەورەترین رێكخستنی شیعی سیاسی لە عێراقدا یاریەكەی بۆ بەرژەوەندی "عەممار ئەلحەكیم"ی كوڕەكەی "عەبدولعەزیز ئەلحەكیم" یەكلایی كردبێتەوە، كە لەو دواییانەدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاراندا گیانی سپارد، ئەوا ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو، كە بەر لە پێنج ساڵ دامەزراوە بۆ یەكخستنی شیعەكانی عێراق و ئێستاش گوتار و ناوەكەشی گۆڕاوە بۆ ئیئتیلافی نیشتیمانی، هێشتا سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا بە تەواوەتی مسۆگەر نەكردوە. لە یاری كورسیدا دەبێ تەنیا یەك براوە هەبێت، نەوەك زیاتر، ئەوكاتیش عەبدولعەزیز حەكیم، كە بەر لە چوار ساڵ سەرۆكایەتی ئیئتیلافەكەی دەكرد، تاكە براوەی یاریەكە بوو بەڵام سەركەوتنی ئەم جارە هێندە گرەنتیكراو نییە، بە هۆی پێشهاتە كتوپڕەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە لایەك و هەستكردن بە بەهێزبوونی پێگەی نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوە، كە پێشتر بەشدارێكی بەهێز بوو لەگەڵ ئەنجومەنی باڵادا لە پێكهێنانی ئیئتیلافدا و ئەم جارەیان هێشتا لەگەڵ ئیئتیلافە تازەكەدا نییە.

لە یاری كورسیدا دەبێ هێزێك، یا چەند هێزێك هەبن، كە لایەنگیری لایەك بكەن، لە سیاسەتیشدا ئەو هێزانە هەرگیز تەنیا تەماشاكەر و بێلایەن نابن، بەڵكو پەت و سەرەداوەكانی كۆنتڕۆڵكردن و جوڵاندنی یاریەكەیان بە دەستەوەیە، لە یاریەكەی عێراقیشدا هیچ لایەنێك هێندەی ئێرانییەكان لە رستن و چنینی ئەو تاڵ و داوانەدا كارامە و لێزان نییە.

بەرپرسێكی باڵای ئەمنی عێراقی وتی "پەتەكانی ئەو یارییە سیاسیە لە عێراقدا بە دەست ئێرانەوەیە، بە تایبەت بە دەست سەركردەی فەیلەقی بەرد (سلێمانی)یەوەیە، كە بەرپرسی دۆسیەی عێراقیشە. هیچ كەسێك هێندەی ئێمە دەسەڵات و توانای سلێمانی نازانێت، من تەنانەت لەسەر جێگاكەی خۆشمدا لە خۆم دڵنیا نیم و دەزانم گەر ئەو بیەوێت دەتوانێ لەو شوێنەشدا دەستی بە من بگات".

ئەو بەرپرسە ئەمنیە زیاتر دەڵێت "هیچ بەرە و حیزب و لایەنێكی سیاسی شیعی نیە لە عێراقدا، كە ئێران پاڵپشتی نەكات، ئەو تەنانەت كۆمەكی كوتلەكاریی سونییەكانیش دەكات، تاوەكو هەموو كارتەكانی یاریەكە بە دەستەوە بگرێت". پاشان سەبارەت بە ئیئتیلافی تازە و مالیكی دەڵێت "ئێران پشتگیری لە مالیكی دەكات، هەروەك پشتیگری لە حەكیم دەكرد، گەر بشیەوێت مالیكی بچێتە نێو ئیئتیلافەكەوە، ئەوا هەر دەبێ وا بكات، بەڵام ئێران دەیەوێ بە باشی چاودێری یاریەكە بكات و بزانێت كێ بەهێزترینیانە، تاوەكو پاڵپشتی بكات و تا كۆتایی یاریەكە لەگەڵیدا بێت، بێ ئەوەی لایەنەكانی تریش بدۆڕێنن، هەمان ئەو شێوازەی لەگەڵ موقتەدا پێڕەوی دەكرد، كاتێك هاوكاری تەواوی سوپای مەهدی كرد، كاتێكیش بارودۆخەكە لە دەست سەدر دەرچوو، ئێران بەڕەكەی لە ژێر پێی یەكێك لە پیاوەكانی كە (سەدر) بوو دەرنەهێنا، بەڵكو رایكێشایەوە لای خۆی و لە قومدا خستیە ژێر مانەوەی زۆرەملێ و جگە لە چەند مامۆستایەكی ئاینی بۆ پێدانی وانە حەوزەییەكان، هیچ كەسی تر بۆی نیە سەردانی بكات".

لە كاتێكدا عەبدولعەزیز حەكیم لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران چارەسەر دەكرا، بەشێك لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا لە نێوانیان خۆیان لە مشتومڕدابوون، سەبارەت بە جێگرەوەی ئەلحەكیم بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵا، زۆر كەس پێیان وابوو عەمماری كوری جێگای دەگرێتەوە، چونكە لە چالاكی و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەكردە سیاسەكانی عێراقدا وەك سەرۆكی حیزبەكە خۆی هەڵدەخست، بەڵام بەشێكی تر رای جیاوازیان هەبوو، بە تایبەت كاتێك عەبدولعەزیز ئەلحەكیم داوای لە "هەمام حەمودی" كرد سەرۆكایەتی دانوستانەكان بكات بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافێكی تازە، ئەمەش وایكرد، كە حەمودی وەك پاڵێوراوی هەرە بەهێز بۆ جێگرتنەوەی حەكیم دەربكەوێت. هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی خۆی سەرۆكایەتیكردنی رێكخستنێكی شیعی رەتكردبۆوە، بەڵام نەشدەكرا تموحی "جەلال ئەلسەغیر" و "سەدرەدین قەبانچی" بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەن پشتگوێ بخەین.

دوای زانینی هەواڵی گیانسپاردنی عەبدولعەزیز ئەلحەكیم، بەرلەوەی سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا بتوانن مەسەلەی جێگرەوەكەی ئەلحەكیم یەكلایی بكەنەوە، ئێران لە تارانەوە لە رێگای لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانی ئەو باسەی یەكلایی كردەوە، كاتێك لە وتەیەكیدا لە میانەی مەراسیمی بەخاكسپاردنی حەكیمدا وتی "ئەو جێگای تیبێنی و سەرسامی ئایەتوڵڵا خامەنائی بوو"، پشتگیری خۆشیانی بۆ كوڕەكەی "عەممار" ئاشكرا كرد، كاتێك گوتی "هیوادارین رێگاكەی ئەو بە هێز و توانایەكی گەورەوە تەواو بكرێت، ئومێدیشمان وایە برامان (عەممار ئەلحەكیم) رۆڵێكی كاریگەرتر لە گۆڕەپانی عێراقیدا بگێڕێت"،

پەیـــــامی لاریجانی بۆ سەركردەكانی ئەنجومەن و شیعەكانی عێراق ئەوە بوو، كە ئەو رێكخستنە شیعیە لە رووی مەزهـــــەبی و سیاسیەوە بە ئێـــــرانەوە پەیوەستە، ئــەوانیش پشتگیری لە عەممار حەكیم دەكەن بۆ بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن. سەركردەكانی ئەنجومەنیش دەزانن كە بودجە گەورەكەی حیزبەكەیان لە ئێرانەوە دێت و جگە لە عەممار، نادرێتە دەست هیچ كەسێكی تر. سەركردەكانی ئەنجومەن لەو پەیامە گەیشتن و لەسەر جێگرتنەوەی عەممار بۆ باوكی وەك سەرۆكی ئەنجومەن رێككەوتن.

لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانی خۆی ئەندازیاری ئەو ئیئتیلافە تازەیەی شیعەكانە، كاتێك لەو ماوانەی دواییدا لە سەردانێكی نافەرمیدا، سەردانی شاری نەجەفی كرد و گفتوگۆی لە بارەی ئەو كوتلەیەوە كرد، پاشانیش چاوی بە گەورە مەرجەعی شیعەكان "سیستانی" كەوت، ئەمە دوای ئەوەی لە ناوەندە سیاسیەكانی عێراقدا باس لە كۆتایی ئیئتیلافی شیعەكان دەكرا، بە هۆی پێداگیریی باڵی سەدر و حیزبی فەزیڵە لەسەر كارنەكردنیان لە سایەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیدا.

ئەوەی كە بە لای سەكردەكــــــانی ئەنجـــــــومەنەوە سەیر بوو، هوتافكێشان و هەڵگرتنی وێنەی عەممار حەكیم بوو لە لایەن هەوادارانی عەممـــــــارەوە، لـــــە میــــــانەی مەراسیمی بەخاكسپاردنی حەكیمی باوكدا. ئەمەش لە پڕۆگرامی مەراسیمەكەدا نـــــــــەبووە و واشی لە سەركردەیەكی ئەنجومەن كرد، كە بڵێت ئەوان ئاگاداری چاپكران و بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی عەممار بەو خێراییە نین.

ئێستا ئەركێكی زۆر چاوەڕێی سەرۆكی لاوی ئەنجومەن "عەممار ئەلحەكیم" دەكات، بە تایبەت كە هەموو حیزب و كوتلە سیاسیەكانی عێراق سەرقاڵی بابەتی هەڵبژاردنی ئایندەن. عێراقیەكانیش لە گەمەی كورسیەكەدا چیتر وەك چوار ساڵ لەمەوبەر نین و شێوەی یاریكردن و گەمەكەیان ئاشكرا كردوە. لە ماوەی دوو حكومەتە شیعەكەی رابردوودا خەڵكانی مەزهەبی شیعە خۆیان زیانمەندی راستەوخۆی ئەو ماوەیە بوون، كاتێك لە سەردەمی جەعفەری و رووداوەكەی پردی "ئەئیمە"دا زیاتر لە 1500 كەس بوونە قوربانی. دواتریش دوو ملیۆن شیعەی دانیشتووی شاری "سەدر" بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی و خزمەتگوزارییان بەردەوام خراپ بووە، لە رووداوەكانی رفاندن و كوشتنی بەردەوامی رۆڵەكانیان. لە سەردەمی مالیكیشدا لە باشترین بارودۆخدا گەندەڵی گەیشتە ئاستێكی بەرز و مالیكی خۆشی لەبەر هۆكاری بەرتەسكی تایەفی بەرگری لە گەندەڵی وەزیری بازرگانی كرد.

بە نەچوونی مالیكی و حیزبەكەی بۆ ریزی ئەو ئیئتیلافە تازەیەی شیعەكان، دەبێتە كێبڕكێكارێكی بەهێزی ئەو ئیئتیلافە، بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی لیستەكەی "دەوڵەتی یاسا" لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بەدەستی هێنا. هەرچەندە هێشتا مالیكی بابەتی چوون بۆ ریزی ئیئتیلاف، پا پێكهێنانی لیستێكی نوێی یەكلایی نەكردۆتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنیە باڵایەی عێراق لەو بارەوە دەڵێت "مالیكی چاوەڕێی دوو شت دەكات، یەكەم ئیئتیلافی تازە مل بۆ داواكانی كەچ بكات، كە بریتین لەوەی حیزبی دەعوە 51%ی ئەو كورسیانەی پێ بدرێت، كە ئیئتیلاف بە دەستی دەهێنێت، یا مالیكی خۆی سەرۆكی ئایندەی حكومەت بێت و رۆڵی ئیبراهیم جەعفەری و باڵی سەدریش لە ئیئتیلافدا پشتگوێ بخرێت، دووەمیش بەدەستهێنانی پشتگیریی و گرەنتیە لە لایەن ئێرانەوە".

***

شەرقلئەوسەت

 
 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com