|
 .jpg)
سڤیل: مەریوان عومەر
دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ژێر رۆشنایی
ئەنجامەكاندا چاودێران بیروبۆچوونی جیاوازیان
سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق
هەیە. چەند لایەنێك رایانگەیاندوە، كە حكومەتی
تازە حكومەتێكی ئیئتیلافی دەبێت، بەشێكی
تریشیان پێیانوایە بە شێوەی تەوافوق لە نێوان
لایەنە براوەكاندا پێك دەهێنرێت. بۆچوونێكی
تریش بە دووری نازانێت ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا
بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، بە هاوپەیمانیەتی
لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقی بە
سەرۆكایەتی "عەمار ئەلحەكیم" و هاوپەیمانی
كوردستان و بەشێك لە لیستی ئەلعێراقیەدا
حكومەت پێك بهێنێت.
دكتۆر مەحمود عوسمان پێیوایە "حكومەتی داهاتوو
بە شێوەی ئیئتیلافی دەبێت لە نێوان ژمارەیەك
كوتلەی سیاسیدا، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیش
سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرێت. چونكە
هیچ لایەنێك زۆرینەی دەنگەكان ناهێنێت".
بە بۆچوونی حەسەن شەممەری پاڵێوراوی حیزبی
فەزیلە حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای تەوافوق
لە نێوان كوتلە براوەكاندا دەبێت بە مەرجێك
"سوود لە ئەزموونی پێشتر وەربگیرێت بۆ
دەستنیشانكردنی كەسێكی گونجاو و لێهاتوو و
نیشتیمانپەروەر. پێویستە ئەمجارە هەموو
دەسەڵاتێك بە سەرۆك وەزیران بدرێـت، لە رووی
هەڵبژاردنی كەسی گونجاو بۆ كابینەكەی، یا لە
حاڵەتی دەستپێلەكاركێشانەوەیان، كاتێك كێشەیەك
لە وەزارەتێكدا دەبێت".
ئەمجارە بە گوێرەی دەستووری عێراقی سەرۆكایەتی
كۆماری عێراق لە ئەنجومەنێكی سێ كەسی پێك
نایەت، سەرۆكی حكومەتیش لە یەك جێگر زیاتری
نابێت. لە ماوەكانی رابردوودا ئەو پۆستانە
لەسەر بنەمای تایەفی دابەش كرابوون، سەرۆك
كۆمار بۆ كورد بوو، لەگەڵ دوو جێگری سوونە و
شیعە، هەروەها سەرۆك حكومەت بۆ شیعە بوو،
لەگەڵ دوو جێگر، یەكێكیان بۆ عەرەبی سوننە و
ئەوی تریان بۆ كورد بوو. لەگەڵ سەرۆك
پەرلەمانێك لە عەرەبی سوننە، بە دوو جێگری
كورد و شیعەوە.
رەشید ئەلعزاوی پەرلەمانتاری بەرەی تەوافوقی
عێراقی ئاماژەی بەوە دا، كە هەرچەندە هیچ
كوتلەیەك زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بەدەست
ناهێنێت، بەڵام "پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە
نێوان كوتلە پەرلەمانیەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی
یاسا و ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقی و
هاوپەیمانی كوردستانی و بەشێك لە لیستی
ئەلعێراقیەدا دەبێت". ئەلعەزاوی پێیوایە لیستی
ئەلعێراقیە لە كۆمەڵێك كوتلەی جۆراوجۆر پێك
هاتووە و ناتوانرێت وەك تاكە لیستێك
هاوپەیمانیەتی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە ئەلعێراقیە
بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێـت، بەشێكیان دێتە
ناو حكومەت و ئەوەی تریان دەچێتە بەرەی
ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەمەش چونكە ئەلعێراقیە نایەوێت
تەنیا لە حكومەتدا هاوبەش بێت، بەڵكو دەیەوێت
خۆی پێكی بهێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا مەیسون دملوجی وتەبێژی لیستی
ئەلعێراقیە بە سەرۆكایەتی "ئەیاد عەللاوی"
هاوپەیمانیەتی لیستەكەیانی لەگەڵ هەر
كوتلەیەكی پەرلەمانی بە دوور نەزانی و وتیشی
"پێشتریش لیستی ئەلعێراقیە لەبەر بەرژەوەندی
عێراق هیچ هێڵێكی سووری بۆ هاوپەیمانیەتیكردن
لەگەڵ هەر لایەنێكدا دیاری نەكردوە".
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا، بە پێچەوانەی ساڵی
2005 عەرەبە سوننەكانی عێراق بە شێوەیەكی
بەرفرەوان بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد و بە
توندی پشتگیری لیستە عەلمانیەكانیان كرد. لەوە
دەچێت خەڵكی پارێزگا سوننیەكان لە حكومەتی
ئێستا نازاڕی بن و ئومێدیان بەو هەڵبژاردنە
بێت قەرەبووی ساڵانی رابردوویان بۆ بكاتەوە.
كەمال فەرحان عەرەبێكی سوننەی تەمەن 66 ساڵانە
و بە بێئومێدیەوە دەڵێت "خزمەتگوزاری نیە و
بێكارین، هەژاری كوشتمانی، سوێند بەخوا گەر
گۆڕانكاری روونەدات جارێكی تر كوشتار و
خوێنڕشتن دەستپێدەكاتەوە".
لە ناوچە سوننەنشینەكاندا دەنگدەران مەیلێكی
زۆریان بۆ لیستە عەلمانیەكان و لە سەروشیانەوە
لیستی ئەلعێراقیەی ئەیاد عەللاوی نیشان داوە.
تركی حەماد خاوەن كۆمپانیایەكی گواستنەوەیە،
ئەو لە نێوان كۆمەڵێك لە هاوڕێكانی دانیشتبوو،
كە پشتگیریان لە قسەكانی دەكرد و دەیگوت
"عەللاوی باشترین كەسە، ئەو سەدام حوسێنێكی
ترە، بەڵام بێ سمێڵە".
بە پێی مادەی 54 لە دەستوری عێراقی سەرۆك
كۆمار ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرێت، كە لە
ماوەی 15 رۆژ لە وادەی پەسەندكردنی
ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە دانیشتنێك بە
سەرۆكایەتی بە تەمەنترین ئەندام ساز بكات، بۆ
هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی و ماوەكە لەوە
زیاتر درێژ ناكرێتەوە. بە پێی مادە 67یش
ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی
دەنگەكان سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، گەر هیچ
پاڵێوراوێك ئەم رێژەیەی بەدەست نەهێنا، ئەوا
كێبڕكێ لە نێوان ئەو پاڵێوراوانە دەكرێت، كە
زۆرترینی دەنگەكانیان بەدەست هێناوە و ئەوەی
لە دووەم جاردا زۆرینە بەدەست بێنێت دەبێتە
سەرۆك كۆمار.
لە مادەی 73شدا هاتووە سەرۆك كۆمار لە ماوەی
15 رۆژ دوای هەڵبژاردنیدا پەرلەمانتارانی
گەورەترین كوتلەی پەرلەمان بە پێكهێنانی
حكومەت رادەسپێرێت و دەبێ لە ماوەی 30 رۆژدا
كابینەكە رابگەیەندرێت. گەر نەتوانرا ئەو كارە
بكرێت، ئەوا لە ماوەی 15 رۆژی دوای ئەو
وادەیەدا سەرۆك كۆمار پاڵێوراوێكی تر بۆ
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە پێكهێنانی
كابینەی تازە رادەسپێرێت.
هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران بە زۆرینەی ئەنجامە
ئامادەبووەكانی پەرلەمان دەبێت، نەوەك زۆرینەی
دوو لە سێی ئەندامان. هەڵبژاردنی سەرۆكی
پەرلەمانیش بە زۆرینەی رەها دەبێت، واتە 50%
+1. |