|
هەریەك
لەمالیكی و عەللاوی پێشنیاری پــــۆسـتی سەرۆك
كۆمـــار بۆ یەكتر دەكەن
ئەندامێكی ئیئتیلافی نیشتیمانی: ئەم هەنگاوەی
مالیكی پەلەقاژەیە
سڤیل: مەریوان عومەر
لەگەڵ دەسپێكی دانیشتنەكانی نوری مالیكی
سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا و ئەیاد عەللاوی
سەرۆكی لیستی ئەلعێراقیە، لایەنە سیاسیە
عیراقیەكانی تر ترس و نیگەرانیان سەبارەت بە
لەیەكترنزیكبوونەوەی ئەو دوو لیستە لا دروست
بووە، لەسەرووشیانەوە لیستی هاوپەیمانی
نیشتمانی شیعەكان بە سەرۆكایەتی عەممار
ئەلحەكیمی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی،
بەتایبەت دوای ئەوەی كۆبوونەوەكانی مالیكی
لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتیمانی گرێی تێكەوت و
روویكردە لیستی ئەلعێراقیە و ئەیاد عەللاوی
سەرۆكی لیستەكە.
لەكاتێكدا كە سەركردەكانی هەردوو لیستی
ئەلعێراقیە و دەوڵەتی یاسا رایانگەیاندوە، كە
تائێستا عەللاوی و مالیكی پێداگیری لەسەر
پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن و هیچ كامێكیان بۆ
ئەوی تریان دەسبەرداری ئەو پۆستە و مافی
پێكهێنانی حكومەت نەبوونە، ئەم هەڵوێستەی
مالیكی بۆتە جێگای سەرسوڕمانی سەركردەكانی
ئیئتیلافی نیشتیمانی و نەمانی باوەڕیان بەهەر
سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا، كە سەرۆكایەتی
حكومەت بگرێتە دەست.
"ئیمان ئەسەدی" پەرلەمانتاری سەر لە ئیئتیلافی
نیشتیمانی دەڵێ "ئەوەی هەموو لایەك پێی سەیرە،
بوونی كۆمەڵێك شتە، كە رەنگە دەوڵەتی یاسا
كتوپڕ بیهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو لایەك
توشی سەرسوڕمان بكات، ئەمە جێگای سەرسوڕمانە و
هەمیش هەڕەشەیە لەسەرە ئەو وادە و بەڵێنانەی
دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتیمانیدا
بڕاندبوویەوە. ئەمە جاری یەكەم نیە كە
سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا بە هەڵوێستەكانیان
توشی سەرسوڕمانمان دەكەن".
دوای یەكەم دانیشتنی نێوان مالیكی و عەللاوی،
سەرچاوەیەكی نزیك لەلیستی ئەلعێراقیە ئاشكرای
كرد، كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ماوە
بەكۆتاهاتوو، پۆستی سەرۆك كۆماری پێشكەش بە
عەللاوی كردوە، تاوەكو لەبەرامبەریدا
دەسبەرداری سەرۆكی حكومەت بێت، بەلام عەللاوی
ئەو خستنەڕووەی مالیكی رەتكردۆتەوە و پێداگیری
لەسەر مافی كوتلەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت و
وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كردوە. هەندێك
لەچاودێرانیش پێیان وایە، ئەم كرانەوەیەی
مالیكی بە رووی ئەلعێراقیەدا، لەپێناو
فشارخستنە سەر ئیئتیلافی نیشتیمانیە، كە بە
پاڵاوتنەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران
رازی بن.
"كرۆستۆڤەر هێڵ"ی باڵوێزی ئەمریكا لەعێراق،
گەشبینی خۆی بەرامبەر بە دانیشتنەكانی نێوان
مالیكی و عەللاوی نیشاندا و گوتیشی "ئەو
دانیشتنانە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدان،
هەنگاوێكیشە هاوشێوەی یاری چوار رەهەندی
شەتڕەنجە، بەڵام ئەمە لەتێڕوانینی ئەمریكادا
هەنگاوێكی گرنگە". هەروەك پێشبینی كرد، كە ئەم
دیدارەیان چەند دانیشتن و دانوستانێكی تری
بەدوادابێت، سەبارەت بە وەزارەتەكان و پۆستە
سیادیەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان و
وەزیران.
سەركردەیەكی دیاری ئیئتیلافی نیشتیمانی، كە
نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لەبارەی ئەم
هەنگاوەی مالیكیەوە وتی "ئەم هەڵوێستە
پەلاقاژەی دەوڵەتی یاسایە، ئەمەش وا
لەئیئتیلافی نیشتیمانی دەكات، كە چاو بە
رێكەوتنەكانی لەگەڵ دەوڵەتی یاسادا بخشێنێتەوە
و كەناڵی تازەی پەیوەندیكردن لەگەڵ
ئەلعێراقیەدا بكەینەوە".
رەنگە مالیكی دەستی كردبێت بە جێبەجێكردنی ئەو
سیناریۆیانەی لەلێدوانێكی پێشووتریدا باسی
لێوەكردبوو، لەپێناو مانەوەی لەپۆستی سەرۆكی
حكومەتدا، لەحاڵەتێكدا گەر نەیتوانی لەرێگای
ئیئتیلافی نیشتیمانیەوە خۆی بۆ ئەو پۆستە
بپاڵێوێتەوە، ئەوا هاوپەیمانیەتی لەگەڵ
كوردەكان و چەند لایەنێكی نێو ئیئتیلافی
نیشتیمانی دەبەستێت، گەر لەگەڵ كوردەكانیشدا
شكستی هێنا، روو دەكاتە لیستی ئەلعێراقیە،
هەرچەندە چەند سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا
رایانگەیاندوە، كە دانیشتینەكانی مالیكی لەگەڵ
ئەلعێراقیەدا هەر لەچوارچێوەی ئەو
هاوپەیمانیەتیەدایە، كە لەگەڵ ئیئتیلافی
نیشتیمانی بەستراوە، نەوەك جێگرەوەیەك بێت بۆ
ئەو هاوپەیمانیەتیە. وەك حەیدەر ئەلعیبادی
سەركردەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت "لە
هاوپەیمانیەتی نیشتیمانیشدا وا رێككەوتووین كە
گفتوگۆ لەگەڵ لایەن و كوتلەكانی تریشدا
بكرێت".
سەرچاوەیەكی نزیك لەعەللاویشەوە ئاشكرای كرد،
كە لیستی ئەلعێراقیە لە رێگای تیمی
دانوستانكارییەوە لەهەوڵی ئەوەدایە پێشنیاری
پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بخاتە بەردەم
مالیكی، لەبەرامبەر پشتیگریكردنی عەللاوی بۆ
بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران، وەك
سەرچاوەكە دەڵێ "ئەمەش كاردانەوە و وەڵامی
ئێمە دەبێ بۆ مالیكی، كە پێشنیاری پێدانی
پۆستی سەرۆك كۆمارمان بۆ دەكات، تا لەمانەوەی
لەپۆستی سەرۆكی حكومەتدا پشتیگری بكەین". ئەو
سەرچاوەیە زیاتر وتی "ئەم جارەیان مالیكی
بەلاوازییەوە هاتە لای عەللاوی، چونكە هیچ
پاڵپشتیەكی لە لایەن هاوپەیمانە شیعەكانی
نەماوە، بۆ ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەت،
هەروەك سیناریۆی كرانەوەكەشی بەرووی
ئەلعێراقیەدا، بۆتە مایەی ناڕەزایی هەندێ
لەئەندامانی كوتلەی دەوڵەتی یاسا".
هەر لەو بارەوە "محەمەد سلێمان"ی ئەندامی
لیستی ئەلعێراقیە دەڵێ "ئەم دانیشتنە
دەرفەتێكە لەبەردەم هەردوولادا، بە تایبەت كە
مالیكی هەموو چانسەكانی تری لەگەڵ هاوپەیمانە
شیعەكانی تاقیكردەوە، لیستی ئەلعێراقیەش لە
دانوستانەكانی لەگەڵ كوردەكان و ئیئتیلافی
نیشتیمانیدا هیچ پێشكەوتنی بەدەست نەهێناوە،
بە تایبەت كوردەكان كە داوای پۆستی سەرۆك
كۆمار و زیادكردنی دەسەڵاتەكانی و هێشتنەوەی
مافی ڤیتۆی سەرۆكایەتی كۆمار دەكەن، كە
ئەمانەش داخوازی نادەستورین".
بەشێك لەچاودێرانیش پێیان وایە، ئەم
نزیكبوونەوەیەی مالیكی و عەللاوی ببێتە هۆی
لەبەریەكهەڵوەشانی كوتلەی دەوڵەتی یاسا و
كۆمەڵێك لەو ئەندامە براوانەی ریزەكانی، كە
بەو نزیكبوونەوەیە رازی نین، بچنە ریزی
ئیئتیلافی نیشتیمانیەوە. بەڵام "حەسەن سەنید"ی
ئەندامی سەر بە كوتلەی دەوڵەتی یاسا ئەم
بۆچوونەی رەتكردەوە و وتیشی "كوتلەی دەوڵەتی
یاسا تۆكەمەترین و یەكگرتووترین كوتلەی
پەرلەمانیە، هەركەسێكیش گرەو لەسەر ئەم ئەگەرە
بكات، دۆڕاندویەتی".
|