|
 
سڤیل: مەریوان عومەر
دەرچوونی هەڵبژاردە پاڵەوانەكانی یەكەم و
دووەمی مۆندیالی پێشوو "ئیتاڵیا و فەرەنسا"،
تەنیا رووداوی چاوەڕواننەكراو و سەرنجڕاكێشی
مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقیا بوو، بەڵكو
ئەم مۆندیالەش وەك مۆندیالەكانی پێشوو كۆمەڵێك
ئەنجامی سەیر و ناچاوەڕوانكراوی لێكەوتەوە،
بەڵام گرنگترین رووداوێكی وەرزشی كە ئەم
مۆندیالە لەوانی پێشووی خۆی جیابكاتەوە،
گەیشتنی دوو هەڵبژاردەی "ئیسپانیا و هۆڵەندا"
بوو بە یاری كۆتایی، كە هیچ كامیان تا ئێستا
ئەم نازناوەیان بەدەست نەهێناوە، بەو شێوەیە
ئەنجامی یاریەكە بە هەرجۆرێك بێت،
هەڵبژرادەیەكی تازە دەچێتە نێو مێژووی
بەدەستهێنانی جامی جیهانیەوە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە یاریەكانی گروپی پێنجەم
و سەرەتای مۆندیالەوە بە ریتمێكی جێگیر و
ئەنجامی هاوشێوە، 6 بردنەوەی تۆمار كرد و
گەیشتە یاریی كۆتایی. بڕینی ئەم قۆناغانەش بۆ
ئەم هەڵبژاردەیە هەروا ئاسان نەبوو، بەڵكو
چەند هەڵبژاردەیەكی بەهێزی وەك "بەڕازیل و
ئۆرۆگوای" لە مۆندیال دوورخستەوە. هەرچەندە
رەخنەی زۆر لە شێوازی یاریكردنی هۆڵەندا
دەگیرێت، بە شێوەیەك، كە تەنیا لە پێناو
بەدەستهێنانی ئەنجام یاری دەكات و نمایشێكی
جوانی تۆپی پێ پێشكەش ناكات، بەڵام گەیشتنی
بەم قۆناغە بەڵگەی بەهێزی هەڵبژاردەكە و
تۆكمەیی ریزەكانیەتی.
هۆڵەندا یەكێكە لە هەڵبژاردە هەرە بەهێزەكانی
ئەوروپا، كە بەردەوام لە ریزی هەرە باشترین 10
هەڵبژاردەی جیهاندا بووە، 8 جار بەشداری
مۆندیالی كردوە، باشترین ئەنجامیش بەدەستی
هێنابێت، لە هەردوو ساڵەكانی 1974 و 1978
گەیشتۆتە یاری كۆتایی و بە هەردوو هەڵبژاردەی
ئەڵمانیا و ئەرجەنتین دۆڕا.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی
2008ی جامی وڵاتانی ئەوروپا، كە لە سەرەتای
مۆندیالەوە پاڵێوراو بوو بۆ گەیشتن بە یاری
كۆتایی و بەدەستهێنانی نازناوەكەش، بە
سەرەتایەكی خراپ لەو مۆندیالەدا دەستیپێكرد،
كاتێك بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بە "سویسرا"
دۆڕا. پاشان 5 بردنەوەی لەسەریەكی تۆماركرد و
هەرسێ هەڵبژاردەی بەهێزی "پورتوگال و پاراگوای
و ئەڵمانیا"ی دورخستەوە. "یۆ هاخم لۆف"ی
راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دوای
دۆڕانەكەیان لە بارەی ئیسپانیاوە وتی "ئێمە بە
باشترین هەڵبژاردەی جیهان لە كاتی ئێستادا
دۆڕاین، ماوەی 4 ساڵە ئیسپانیا بەهێزترین
هەڵبژادەی ئەوروپا و جیهانە، تیمێكە بە شێوەی
بەكۆمەڵ یاری دەكەن". كلۆزەی هێرشبەری
ئەڵمانیش وتی "ئیسپانەكان هیلاكیان كردین و
وایانلێكردن بە درێژایی یاریەكە تەنیا بەدوای
تۆپدا راكەین!".
هەڵبژاردەی ئیسپانیا 12 جار بەشداری مۆندیالی
كردوە و لە باشترین ئەنجامیشدا لە ساڵانی 1986
و 1994 و 2002 گەیشتۆتە خولی هەشت، لەم
مۆندیالەدا بۆ یەكەمجار لە مێژوودا گەیشتە
یاری كۆتایی مۆندیال.
چاوەڕوان دەكرێت یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی
یاریەكی زۆری بەهێز بێت، بە تایبەت كە هەردوو
هەڵبژاردە سێ هێڵی تۆكمەی بەرگری و ناوەند و
هێرشبەریان هەیە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا سێ لە هەرە باشترین
یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە ئاستی جیهاندا
لەخۆدەگرێت، كە ئەوانیش "خافی و ئینێستا و
فابریگاس"ن، لەگەڵ هێڵێكی هێرشبەری بەهێز
"داڤید ڤیا، تۆرێس، پێدرۆ"، كە لەهەر چركەیەدا
توانای تۆماركردنی گۆڵیان هەیە، هێڵێكی بەرگری
بەهێز لە "پیۆڵ و پیكی و كاپت ڤیا و سێرجیۆ
رامۆس" لەگەڵ باشترین گۆڵچی جیهان "كاسیان" لە
دواوەیان. ئیسپانیا نزیكەی 7 یاریزانی
بەشەلۆنە لە پێكهاتە سەرەكیەكەی یاری دەكەن،
شێوازی یاریكردنەكەشی لە بەرشەلۆنەوە نزیكە،
كە هەمیشە لە رێگای كۆنتڕۆڵكرنی ناوەڕاست و
زۆری گواستنەوەی تۆپ و پاساتی بەردەوامی نێوان
یاریزانان، هەڵبژاردەی بەرامبەر ماندوو دەكەن.
لە بەرامبەریشدا هەڵبژاردەی هۆڵەندا
پێكهاتەیەكی بەهێزی هەیە و چەند ئەستێرەیەكی
جیهانی تۆپی پێ لەخۆ دەگرێت، وەك "رۆبن" و
"شنایدەر" و "دیرك كاوت" و "ڤان پێرسی" و "ڤان
بۆمیل" و "ڤاندێرڤارت". یاریەكەی بەكۆمەڵ
دەكەن و لە هێرشی پێچەونەدا زۆر خێران، "رۆبن"
و "شنایدەر" بەهێزترین خاڵی هۆڵەندان، هەروەك
زۆربەی یاریزانەكانیش لە دەرەوەی ناوچەی سزا
توانای ئاڕاستەكردنی تۆپی بەهێزیان هەیە،
لێدانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانیش لێزانانە
دەقۆزنەوە.
بەڵام هەردوو هەڵبژاردەش چەند خاڵێكی لاوازیان
هەیە، كە رەنگە بۆ هەر لایەنێكیان هۆكاری
دۆڕانیان بێت. وەك "فابیۆ كاپیلۆ" لە بارەی
ئیسانیاوە دەڵێ "بردنەوە لە ئیسپانیا ئاسانترە
وەك لە بەرزایل بۆ نمونە، چونكە ئیسپانیا چەند
خاڵێكی لاوازی تەقلیدی هەیە، لە كاتی لێدانی
راستەوخۆ و تۆپی جێگیری تیمی بەرامبەریان، یا
لە كاتێكدا رووبەرووی تیمێكی بەهێز لە رووی
جەستەییەوە دەبنەوە، یا رووبەرووی تیمێك
دەبنەوە كە یارییەكی خاوێن ناكات، ئیسپانەكان
لەو كاتانەدا دەشڵەژێن و ناتوانن بە باشی یاری
بكەن. بە كورتی ئیسپانیا نازانێت كە چۆن یاری
دەدۆڕێنێت، هەروەك نەبردنەوەشیان توشی
داهێزرانیان دەكات و بەدەست شكستەكەیانەوە
دەناڵێنن".
هەرە زەقترین خاڵی لاوازی هەڵبژاردەی هۆڵەنداش
هێڵی هێرشبەریەتی، بە تایبەت كە "ڤان
نیستلڕۆی" گۆڵكاری بە ئەزموون بانگێشتی
هەڵبژاردەكە نەكرا و تا ئێستاش "ڤان پێرسی" و
"هانتلەر" نەیانتوانیوە ئاستێكی باش پێشكەش
بكەن، بە تایبەت "ڤان پێرسی" یاریزانێكە گۆڵ
زیاتر دروست دەكات، وەك لەوەی گۆڵ تۆمار بكات،
بۆیە پشت بەستن بە تەنیا ئەو یاریزانە لە هێڵی
هێرشبردندا جێگای متمانە نیە، بە تایبەت لە
بەرامبەر پیۆل و پیكێ و رامۆس.
|