|
سڤیل:
رزگار رەزا چوچانی-سوید
بۆ بەشداریكردنی ئەو كوردانەی كە رەگەزنامەی
سوێدییان هەیە لە هەڵبژاردنە
پەرلەمانییەكەیان، سوێد دوو بنەكەی دەنگدان لە
كوردستان دەكاتەوە.
مەحمود فەهمی ئەندامی پەرلەمانی سوێد، بە
(سڤیل)ی راگەیاند، لەسەر داوای ئەو بنكەكانی
هەڵبژاردنی سوێد لە كوردستان، لە یەك بنكەوە
دەكرێت بە دوو بنكە، پێشوایە كردنەوەی ئەو دوو
بنكەیە، كار ئاسانی بۆ ئەو كوردانە دەكات، كە
رەگەزنامەی سوێدییان هەیە و لە كوردستان
دەژین، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری هەڵبژاردنە
پەرلەمانییەكەی سوێد بكەن.
مەحمود وتی "دوای سەردانی كوردستان و دانیشتن
لەگەڵ كونسوڵی سوێد لە هەولێر، كونسول باسی
ئەوەی كرد، كە لە هەولێر و بەغدا بنكەی
دەنگدان دەكرێتەوە، منیش داوام لێكرد
بنكەیەكیش لە سلێمانی بكرێتەوە، دواتر لەگەڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد و فەرمانگەی هەڵبژاردن
قسەم كرد و ئەوانیش رەزامەندییان نواند"، ئەو
ئەندام پەرلەمانەی سوێد كە بە رەگەز كوردە و
خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ئەو داوایەی خۆی بۆ
كردنەوەی بنكەی دەنگدان لە سلێمانی،
دەگێڕێتەوە بۆ مەبەستی تێكەڵبوونی زیاتری
هەردوو نەتەوەی كورد و سوێد.
لەلایەكی ترەوە، چاودێرێكی سیاسی لەسوید بە
(سڤیل)ی راگەیاند، ئەم هەنگاوەی حكومەتی سوید
بەنسبەت پەیوەندییەكانی كورد و سویدەوە
هەنگاوێكی گرنگە، گوتیشی "بەم هەنگاوە حكومەتی
سوید ناوی عێراقەكەی تر بۆ كوردستان دووبارە
دەكاتەوە، كە لەهەموو عێراق یەك بنكەی
دەنگدانی هەیەو لەكوردستان 2 بنكەی دەنگدانی
دەبێت، ئەو پەیوەندیانەش تاكو ئێستا لەلایەن
دەسەڵاتی كوردستانەوە زۆر مەنتقیانە هەنگاوی
بۆ نراوە و دەكرێ لەداهاتووش كاری زیاتری بۆ
بكرێت، چونكە ئەساسی پەیوەندی ئەوروپا بەگشتی
لەسەر ئەساسی بنەما ئابورییەكانە و كوردستانیش
مەودای باشی ئەو بنەمایەی هەیە لە ئێستادا".
|