|

پــــاڵێـــوراوی سێهـــەم یـــــــا
دووبـــــــــــارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان
چارەسەری قەیرانی عێراق دەكات؟
سڤیل: مەریوان عومەر
لەنێو گەرمەی رووداو و هەڵوێستە سیاسیە
نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان سەبارەت
بە عێراق، مالیكی و عەللاوی لەكاتی
زیادكراوكرا بە دوای دواین دەرفەتی پێكهێنانی
حكومەتدا دەگەڕێن، بەر لەوەی وادەی كێشانەوەی
هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا دەست پێ بكات.
چەند سەرچاوەیەكی لیستی ئەلعێراقیە بە
سەرۆكایەتی "ئەیاد عەللاوی"، سێیەم دانیشتنی
نێوان "عەللاوی و مالیكی"یان بە یەكلاكەرەوە
وەسف كرد، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر گفتوگۆیان
كرد بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك سەبارەت بە
پێكهێنانی حكومەت، یا جیابوونەوە و
بێئومێدبوونیان لە یەكتر. ئەم دانیشتنەشیان
تەواوكەری دوو كۆبوونەوەی پێشتریان بوو، بەڵام
ئەوەی بە لای چاودێرانەوە جێگای بایەخە،
دانیشتنەكەی نێوانیان رۆژێك دوای كۆبوونەوەكەی
نێوان "عەللاوی" و "موقتەدا سەدر"ی سەركردەی
رەوتی سەدر لە سوریا دێت، ئەو دیدارەی موقتەدا
بە "ئیجابی و بەرهەمدار" وەسفی كرد.
"جەمال بەتیخ"ی سەركردەی لیستی ئەلعێراقیە ئەم
دانیشتنەی نێوان مالیكی و عەللاوی بە "دوا
وێستگە بۆ پێكهێنانی حكومەت" وەسف كرد، بەر لە
تەواوبوونی ئەم دوو هەفتەیە و دەسپێكردنەوەی
دانیشتنی پەرلەمان لە كۆتایی ئەم مانگەدا.
دوای دیمانەكەی عەللاوی و سەدریش، چاودێران
پێیان وایە ئەلعێراقیە پێشكەوتنێكی باشی
بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت كە لەو ماوانەی
دواییدا گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای
ئیسلامی و هاوپەیمانی كوردستانی و دەوڵەتی
یاساشدا ئەنجام داوە. "حەیدەر مەلا" وتەبێژی
لیستی ئەلعێراقیەش دەڵێت "ئێستا هاوپەیمانیەتی
ئەلعێراقیە لەهەر كاتێكی تر زیاتر لە
پێكهێنانی حكومەت نزیكە، لەچەند رۆژی
داهاتووشدا بەرەوپێشچوونی گرنگ لەو لایەنەوە
بەخۆیەوە دەبینێت".
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێران فشارەكانی خۆی
زیاتر كردوە بۆ مانەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت
لە چوارچێوەی ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقیدا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی ئەم هەوڵانەی
ئێرانەوە دەڵێ "ئێران لەماوەی چەند رۆژی
رابردوودا هەنگاوی خێرای ناوە، بۆ یەكخستنی
شیعەكان، تا دەرفەتی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان
لەدەست نەچێت". سەرچاوەكە زیاتر لەبارەی ئەو
فشارەی ئێرانەوە باس لەوە دەكات، كە "ئێران
زیاتر فشاری بۆ چەند پەرلەمانتارێكی نێو
ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقی بە سەرۆكایەتی
عەممار ئەلحەكیم و چەند پەرلەمانتارێكی تری
نێو ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی
مالیكی هێناوە، تا بەهەر شێوەیەك بێت لەسەر
پاڵێوراوێكی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی رێك
بكەون و جیاوازیەكانیان وەلاوە بنێن".
"بەها جەمالەدین" پەرلەمانتاری سەر بە
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریدا لەوەی
نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە نێو كێشەكەوە و
بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان
بدات، لە حاڵەتێكدا گەر پێكهێنانی حكومەت لەمە
زیاتر دوابكەوێت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی
"عێراق هێشتا لەژێر چاودێری نەتەوە
یەكگرتووەكاندایە، یەكێكیش لەو چارەسەریانەی
خراونەتەڕوو، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانە،
ئەمەش بە دڵی ئەو سەركردە سیاسیانەیە كە لە
هەڵبژاردنەكان سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە و
تۆزقاڵێكیش لە داواكاریەكانیان دانابەزن".
بۆیە داوای لە پەرلەمانتارە هەڵبژێدراوەكان
كرد، فشار بخەنە سەر سەركردەكانیان، تا
دەسبەرداری بەشێك لە داواكاریەكانیان بن و
بگەنە رێكەوتنێك، ئەگەرنا نەتەوە یەكگرتووەكان
پێشنیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان
دەكات، سەرەڕای ئەمەش لە سەرەتای مانگی ئابی
داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەیەكی
تایبەت سەبارەت بە دۆسیەی عێراق و كێشانەوەی
هێزە بیانیەكان دەبەستێت.
لە لایەكی تریشەوە "زافر ئەلعانی" سەركردەی
كوتلەی ئەلعێراقیە ئاشكرای كرد، كە لیستی
ئەلعێراقیە بیر لەوە دەكاتەوە كۆمەڵگای
نێودەوڵەتی، كە لە رێكخراوی نەتەوە
یەكگرتووەكاندا خۆی دەبینێتەوە، بانگێشت بكات،
تا بەشدار بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی
مامناوەند و رزگاركردنی عێراق لەو قەیرانە
سیاسیەی تێی كەوتووە. ئەلعانی گوتی
"ئەلعێراقیە وەفادارە بەرامبەر بە بەڵێنی
شەراكەت لە پێكهێنانی حكومەتدا، بەڵام هەر
هەڵوێستێك بۆ لێسەندنەوەی مافی پێكهێنانی
حكومەت لێی بە هەڵوێستێكی دوژمنكارانە تەماشا
دەكات و لەدژیدا دەوەستێتەوە و لە رێگای
سیاسیانە بەرگری لە دیموكراتیەتی راستەقینە
دەكات".
ئەو سەركردەیەی لیستی ئەلعێراقیە ئێرانی بە
فشارخستنە سەر لایەنە عێراقیە هاوپەیمانەكانی
خۆی تۆمەتبار كرد، كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی
حكومەتی لە لایەن ئەلعێراقیەوە خستۆتە نێو
هێڵی سورەوە.
"ئەمیر ئەلكەنانی" ئەمینداری گشتی كوتلەی
"ئەلئەحرار" ئاشكرای كرد، لەحاڵەتی
نائومێدبوونی ئیئتیلافی نیشتیمانی لە
دانوستانەكانی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە
سەرۆكایەتی مالیكی، ئەوا ئیئتیلافی نیشتیمانی
پاڵێوراوی تری دەبێت، كە هەرە سەرەكیترینیان
"عادل عەبدولمەهدی" و "ئیبراهیم جەعفەری"ن.
ئەمیر وتیشی "هاوپەیمانی كوردستانی لە هەر
لیستێكی تر زیاتر لێمانەوە نزیكە بۆ بەستنی
هاوپەیمانیەتی، لە دوای ئەمیشەوە لیستی
ئەلعێراقیە". سەبارەت پێداگیری مالیكی بۆ
مانەوەی لە پۆستەكەی، ئەلكەنانی وتی "عێراق
پێویستی بە سەرۆك وەزیرانێكی عەبقەری نیە، كە
لە هەسارەیەكی ترەوە هاتبێت. چەندین كەسایەتی
سیاسی تر هەن، كە شایستەن و توانای
بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەیە".
هەر سەبارەت بە ئەگەری پێدانی پۆستی سەرۆك
وەزیران بە پاڵێوراوی سێیەم، بەدەر لە مالیكی
و عەللاوی، "باسم شەریف" پەرلەمانتاری حیزبی
فەزیلە لە ئیئتیلافی نیشتیمانیدا رایگەیاند،
كە ئەو پێشنیارە لەنێو ئیئتیلافی نیشتیمانیدا
خراوەتەڕوو، بەڵام بەربەستی گەورەی بەردەم ئەم
چارەسەرە، پێداگیری توندی كوتلە سیاسیە
براوەكانی هەڵبژاردنە لەسەر مافی پێكهێنانی
حكومەت، كە هەرلایەكیان خۆیان بە خاوەنی ئەو
مافە دەزانن و ئامادەش نین دەسبەرداری بن.
|